په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

چەند زانیارییەک دەربارەی P0PS.


ئا: خەرمان غەفور


بۆ یەکەم جار ئەگەر تەماشای ئەم وشەیە بکەین وا هەست دەکەین ئەم وشەیە تایبەتبێت بە جۆرێک لە شیرنەمەنی یان وا هەست دەکەین، کە یارییەکی دەستی منداڵان بێت یان شتێکی نایاب و جوان بێت بە مەبەستی رازاندنەوەی ناوماڵ بەکاربهێنرێت، بەڵام هەستکردنەکانمان تەواو پێچەوانەن، بەڵکو ئەم وشە لە بنچینەدا دەربڕی چەندین ماددەی پیسکەری کیمیاویی کاریگەرن کە نەک تەنها ژینگە پیس دەکەن، بەڵکو هەڕەشە لەسەربوونی مرۆڤیش دەکەن.


ئەم وشەیە لە کورتکراوەی(Persistent organic Pollutants)واتە(پیسکەری ئەندامی هەمیشەیی)وەرگیراوە، ئەو پیسکەرانەی، کە بەردوامن لە پیسکردنی ژینگە بەشێوەیەکی هەمیشەیی. ئەم پیسکەرانە بە مەترسیدارترین گرووپ دەژمێردرێن کە مەترسیان بۆ سەر ژینگە هەبێت. ئەم مادانە بە چەند تایبەتمەندییەک ناسراون، لەوانە بەردەوامیان لە پیسکردنی ژینگە و ماددەی ژەهراوین و بەردەوامیان هەیە و توانای بەگازبوونیشیان هەیە. ئەم مادانە وا ناسراون کە توانای ئەوەیان هەیە بچنە ناو لەشی بوونەوەر لە رێگای خواردن و ئەو ئاوەی کە بەکاری دەهێنێ و دواتر تەشەنە دەکەن. ئەم پیسکەرانە وەک رێگرێک دەبن لەبەردەم ژینگە و شانەکانی بوونەوەر بۆ ماوەی چەند ساڵانێکی دوورو درێژ.


جیا لەمەش ئەم پیسکەرانە وا دەناسرێن کە لە رێگای دەیان هەزار میلەوە لە چەندین گەشتی ئاڵۆز بەناو هەواو شەپۆڵەکانی ئاو لە رێگای تۆڕی خۆراکەوە دەگوازرێتەوە، بەجۆرێک کە ئەگەر وڵاتێک هەست بەبوونیان بکات، ئەوا سەرجەم وڵاتەکانی دی هەست بە مەترسییەکانی دەکەن، چونکە بەکارهێنانی ئەم ماددانە لەلایەن وڵاتێکەوە کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی دیکە دەبێت و دەبێتە گرفت بۆ هەموویان، لەلایەن زاناکانیشەوە رێژەیەکی زۆری ئەم مادانە دۆزراونەتەوە لەو شوێنانەی کە زۆر لە شوێنی بەکارهێنانەوە دوورن هەروەک چۆن لە ماسییەکانی نێو دەریاچەی جەمسەری باکووری کەنەدا سەریهەڵدا، ئەم پیسکەرانە نەک تەنها کار لە تەندروستی مرۆڤ و ژینگەکەی دەکات، بەڵکو کار دەکاتە سەر رێژەی زیرەکی تاکەکان و توانای مرۆڤیش کەم دەکاتەوە بۆ بەرگری کردن دژ بە نەخۆشییەکان، واتە بەرگری لەشی مرۆڤ بێ هێز دەکات. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە وڵاتی سوید ئەنجام دراوە سەلماندوویانە، کەوا پەیوەندی هەیە لە نێوان بڕەکانی PCBSو دایوکسینات و فیورانات لە خۆراکی مرۆڤ و دابەزینی بەرچاو لە ئامادەکردنی خانە سروشتییە کوشندەکان natural killer cells کە ئەم خانانە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان لەسەر بەرگریکردن و بەرهەڵستی کردن دژی شێرپەنجە هەیە .


هەروەها لە لێکۆلینەوەیەکی دیکەدا کە لە وڵاتی کەنەدا ئەنجام دراوە سەلمێندراوە، کە ئەو منداڵانەی رووبەڕووی پیسکەری ئەندامی هەمیشەیی بوونەتەوە ئەوا هەر ئەو منداڵانەش رووبەڕووی هەوکردن بوونەتەوە بە رێژەی 10_15 جار زیاتر ئەگەر بێتو بەراورد بکرێت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە رووبەڕووی ئەم پیسکەرە ئەندامیانە نەبوونەتەوە.


بۆیە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین، کە pops کۆمەڵە ماددەیەکی ترسناکدارن چ لەسەر ژینگە بەگشتی و چ لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەتایبەتی، بۆیە ئەگەر هەوڵی بنبڕکردنی نەدرێت، ئەوا دەبێتە کێشەیەکی بنچینەیی چارەسەرنەکراو بەجۆرێک کە ئاسەوارەکانی ئەم پیسکەرانە هەر لە ژینگە دەمێنێتەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر نەوە لە دوای نەوە، چونکە پاککردنەوەی ژینگە لەم پیسکەرانە و گەڕاندنەوەی بۆ بارە سروشتییەکەی خۆی کارێکی ئاسان نییە، لەوانەیە چەندەها ساڵی بووێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی 1996 IFCS(منتدی الحکومات للامان الکیمیاویی) راپۆرتێکی پێشکەش بە پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە UNEP کرد، کە بڕیاردرا کارکردنێکی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری 12 ماددەی پیسکەری ئەندامی هەمیشەیی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بکرێت، کە ئەم مادانەش ئەمانەن:


Chlordane، heptachlor، DOT، Aldrin، Dielrin، Endrin، Hexachlorobenzene، Mirex، Toxaphene، Dioxins، (Furans، Polychlorinated biphenyls(pcps 
 

بۆیە کێشەی پیسکەری ئەندامی هەمیشەیی کێشەیەکی جیهانییە، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر هەموو وڵاتان خۆیان بە خاوەنی ئەم کێشەیە بزانن، چونکە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە چارەسەرکردنی جیهانی دەوێ، بۆیە ئەرکە لەسەر هەموو وڵاتان و هەموو رێکخراوێکی خێرخواز و هەموو دەزگا و کارگەیەکی پیشەسازی هەوڵی ئەوە بدەن کە لەمەودوا ئەم مادانە بەکارنەهێنن و بنبڕی بکەن، بەڵکو هەوڵی ئەوە بدەن کە لەجیاتی ئەم پیسکەرانە ماددەی دیکە بدۆزنەوە، کە دووربن لە زیانگەیاندن و هەڕەشەکردن لەسەر ژینگە بە هەموو پێکهاتەکەیەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، کە ئیمڕۆ هەوڵی دامەزراندنی دەیان کارگەی پیشەسازی دەدرێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی واقیعیانە رەفتار لەگەڵ ئەم کارگانە و بواری ژینگەدا بکات بە جۆرێک هەر لە ئێستاوە و لە کاتی رەزامەندی دان لەسەر کردنەوەی هەر کارگەیەکی پیشەسازی زوو بەزوو هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لێک بدرێتەوە و هەتا چەند ئەم کارگانە کاریگەریان لەسەر ژینگە دەبێت، بۆیە نابێت رەزامەندییەکانی حکومەت بێ مەرج بێت بەڵکو رەزامەندی تەنها لەسەر ئەو کارگە پیشەسازییانە بدرێت، کە پاشماوەی بەرهەمیان زۆر کەم بێت لەسەر بواری ژینگەی کوردستان جیا لەوەی پێویستە ئەم کارگانە لەناو شارو دەوروبەرەکەی دووربێت تاوەکو ئەم ژینگەیەمان هەر خاوێن بێت و دووربێت لە کاریگەری کارگە پیشەسازییەکان.

سەرچاوە/ لە ئینتەرنێتەوە