١١\١٢\٢٠١٤
جەنگی باوەڕەکان و
هۆکاری بەزینەکان.
هەژێن
لەو کاتەوەی کە هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام وعیراق/ دەوڵەتی
خەلافەتی ئیسلامی (موسڵ)یان داگیرکرد و دواتر پەلاماری شارەکانی
دیکەیان دا و دواتر کەوتنەوە هێرش بۆ سەر ئامانجە سەرەکییەکە
[کانتۆنەکانی ڕۆژاوا]، سەراپای میدیای دەسەڵاتداران و ئەوانەی کە
سەرچاوەیان ئەو کاناڵانەن، هەوڵی ئەوە دەدەن، بڵێن ئەوە قورسی و تازەیی
چەکە کە هێزەکانی "داعش"ی ئاوا دڕکرەووە و سەرکەوتنیان بۆ مسۆگەردەکات.
هەڵبەتە ئەو پاگەندەیە پلان و ئامانجی دیکەی لەپشتەوە بوو، وەك دەرکەوت
فرۆشتنی چەك بە فەرمانداریی عیراق و هەرێم، ساخکردنەوەی چەکە
بەسەرچووەکان و خاڵیکردنی هەنبارەکانی چەکسازیی ئەوروپا و
ئەمەریکا...تد.
بەڵام ڕاستییەکەی شتێکی دیکە هەیە، کە جەنگی باوەڕە، چەکداری "داعش"
مەبەستم چەکدارانی ڕیزی خوارەوەیە نەك خەلیفە و یارانی، بەوپەڕی باوەڕ
بە گەییشتن بە بەهەشت دەجەنگن و تا دوا هەناسە کۆڵنادەن. هەڵبەتە بۆ
میدیای پارتیییەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامانج لە گەورەکردنەوەی
"داعش" لە ڕووی چەکەوە بۆ شاردنەوەی بێباوەڕیی هێزەکانی خۆیان بوو، کە
ئەوەش زۆر ئاساییە، ئەو هێزەی ئێستا هەیانە لەشکرێکی دەسەڵاتداریییە و
مووچەخۆرە و وەك هەر مرۆڤێکی دیکەی کۆمەڵەکە کۆشکی فیرعەونەکان و
کەلاوەی خۆی، ژیانی پاشایانەی لێپرسراوان و دەسەڵاتداران و ژیانی
هەژارانەی خۆی دەبینێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بێباوەڕیی و
بەرەنگاریینەرکدنی ئەو هێزە.
وەك دیتمان و دەبینین، هەرچەندە سەرانی (پدک) و (ینک) نکۆڵی لەو
ڕاستییە دەکەن، کە لە هیچ قۆڵێکی جەنگی سنوورەکانی هەرێمدا، هێزی
فەرمانداریی و پارتییەکانی هەرێم بەبێ بەشداریی گەریلا و شەرڤانانی
"ڕۆژاوا" نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمەش هۆکاری ناهاوسەنگی
جەنگی نێوان باوەڕداران "داعش" و بێباوەڕان "لەشکری هەرێم"ە و هەوڵدان
بۆ هەر پاساو و شاردنەوەیەك، سەرەنجامەکەی پووچییە. چونکە ئەوەتا چەکی
بەهێزیشیان بۆ هات و کەچی گرتنەوەی (شەنگال) کە بەگوێرەی بەڵێنی
سەرۆکەکەی هەرێم بڕیار بوو ٤٨ سات نەخاێنێت، ئەوا خەریکە دەبێتە پێنج
مانگ و ئاوارەکانی شەنگال لە ڕەقبوونەوەدان و هەڵم و هاڵاوی (سەری ڕەش)
و (قەڵاچوالان) و کۆشکی فێرعەونەکانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و
کەرکووك بەفری سەر کێوان دەتوێنێتەوە!
بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، کاتێك کە هێزی باوەڕداری "داعش" پەلاماری هێزێکی
دیکەی باوەڕدار دەدات و ئاوا دەزانێت کە کوردبوونی هەر دوو هێزەکەی
"هەرێم" و "ڕۆژاوا"، وەك لە زومار و شەنگال و مەخموور دەتوانێت زەمینەی
سەرکەوتنیان بێت لە (کۆبانێ)ش. ئەوان نەیانزانی باوەڕی جەنگاوەرانی
(یەپەژە) و (یەپەگە) زۆر لە باوەڕی خۆیان بەهێزترە و دەبێتە هۆی
پووچکردنەوەی خەیاڵی بەهەشتی ئەو دونیا، چونکە پێداگریی و پاریزگاریی
لە بەهەشتی ئەم دونیا زۆر بەهێزتر و بەڵگەدارترە. ئەوان نەیانزانی ئەو
گومانەی کە لە باوەڕی خۆیاندا هەیە [نەبوونی بەڵگە بۆ بوونی بەهەشت]،
لە باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە)دا نییە و دوناییەك کە
پارێزەرانی (کۆبانێ) لەپێناویدا دەجەنگن، بەڵگەی هەبوونی، بوونی خۆیانە
و لەژێر پێیاندایە و هیچ بوارێك بۆ گومان و دڕدۆنگی لە باوەڕی
جەنگاوەرانی (ڕۆژاوا)دا نییە، تەواو پێچەوانەی باوەڕی "داعش"یان، کە
بەڵگەی بوون و گەییشتن بە بەهشت نییە و هەروا پێچەوانەی بێباوەڕیی
چەکدارانی (هەرێم)یشە، کە جیاوازی ئاستی ژیان و دارایی و بڕیار و مافی
خۆیان لەتەك سەرانیاندا ئاسمان و ڕێسمانە!
بەکورتی ئەوەی ناوچەکانی "هەرێم"ی خستە ژێر دەستی چەکدارانی "داعش"
بێجگە لە هەبوونی پلان و ڕێکەوتنی پەنانەکی دەسەڵاتدارانی هەرێم و
دەوڵەتی پشت دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی [دەوڵەتی تورکیە]، بێباوەڕیی
چەکدارانی (پدک) و (ینک) بوو و هەروەها ئەوەی کە بەزاندنی چەکدارانی
"داعش"ی لە بەرانبەر بەرەنگاریی (ڕۆژاوا)دا مسۆگەرکردووە، نەبوونی
گومانە لە باوەڕی جەنگاوەرانی (یەپەژە) و (یەپەگە)دا و هاندەرانی ئەو
بەرەنگارییە بێوێنەیەش ئەمانەن:
یەکەم، هێزێکی باوەڕدارن.
دووەم، هێزێكی خۆبەخشن.
سێیەم، بەزۆری جەنگاوەران خەڵکی (کۆبانێ)ن.
چوارەم، لەنێوان هەڵهاتن و خۆبەدەستەوەداندا بەرەنگاریی و مردن
هەڵدەبژێرن.
پێنجەم، لە سەرووی هەموو ئەو هۆکارانەوە، بوونی ژنانە وەك جەنگاوەر و
بەرەنگارییکار، شتێك کە لە مێژووی خەباتی چەکداریی (هەرێمی کوردستان)دا
بوونی نەبووە و نییە، چونکە لەم (هەرێم)ەدا چ داگیرکەر و چ
بەرەنگاریکەر لەسەر لاوازکردنی ژن و کەنارخستنی لە پرسە
چارەنووسسازەکاندا، هاودەنگ و هاوبیر و هاوئامانج بوون و کاردەکەن!
١٠\١٢\٢٠١٤
ماڵپهڕی ههژێن
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|