په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٠\٢٠١١

جەنگی داهاتووی بەغدا دەستپێکردووە؟!

سه‌لام عه‌بدوڵا  

پاش نزیکەی70ساڵی جەنگ دژ بە کوردستانیان، ئێستا دووبارە سیاسەتی تەعریبکردن بەزەقی لە ناوچەی خانەقین دەستیپێکردووە:

1- گواستنەوەی پۆلیسە کوردەکان لە دەروازەی مەنزەریە و هێنانی 42پۆلیسی عەرەب.
2- لە30/9/2011 فەرمانی گواستنەوەی فەوجێکی پۆلیس کە زۆربەی کوردن و فەرماندەکەیشی کوردە(عەقید بەکر)ە. ئەم فەوجە لە2003وە لە نەفتخانە جێگیرەو لە جەنگ دژ بە تیرۆریستە ئیسلامبەعسییەکان 31شەهیدو12برینداریان داوە.

ئەم فەوجە کە لە402پۆلیس پێکهاتووە، 250پۆلیسی کوردن و فەرمانی گواستنەوەکەیان بۆ(مەندەلی و کوت) دەرچووە. وەک بەرپسێکی ئەم فەوجە وتی: (سەرەتا بە گوێرەی فەرمانەکە دەبوو ئیمڕۆ رێککەوتی1/10/2011بگوێزرێنەوە، بەڵام بۆ رۆژی چوارشەمە رێککەوتی 5/10/2011دواخراوە.)

بارودۆخی ناوچەکە بەرەو گرژی پەرەدەستێنێ. لەبەرامبەر فەرمانە شوفێنیستەکانی بەغدا، بەرپرسێکی عەسکەری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، وتی: ئێمە فەرمانی مالکی جێبەجێ ناکەین.

ئەم بارودۆخە لەکاتێکدا بەو شێوەیە تەشەنەدەکات، ئەندازیار و فەرمانبەری کورد لە نەفتخانە دەردەکرێن یان قائیمقامی خانەقین لەلایەن بەرپرسێکی ئیداری نەفتخانەوە تۆمەتی تیرۆریستی دەخرێتە پاڵ و دادگای خانەقین فەرمانی دەستگیرکردنی دەدەکات، بەڵام دوایی رادەگرێت. هاوکات رێگا بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان نادرێت لە سەعدیە و جەلەولا و دێهاتەکانی حەوزی حەمرین جێگیر ببێ.

ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی بە خاوەنی ئەم ناوچەیە دەزانێت، ئەوا پێویستە لەم بارەیەوە بڕیار بدات بۆ پاراستنی خاک و ژیان و گوزەرانی کوردستانیانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەرزەوی و زاریان و راگرتنی هەر جۆرە فەرمانێک بۆ گواستنەوەی کوردان.

ئەو رەفتارانە لەلایەن حکومەتی بەغدا، وتەکانی مالکی لەبارەی کەرکوک یان ئایەتوڵڵا سەدر لەبارەی داخوازی کوردان ببن بەهۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکەو لەوانەیە بەهیچ هێزێک کۆنتڕۆڵ نەکرێ و سیاسەت و زمانی بۆمبا، زیندان، ئەنفالکردنی سەدامیانە جێگای دەستووری نوێ و زمانی ئاشتی و دیالۆگ بگرێتەوەو ببن بە درێژەپێدەری سیاسەتی تۆپبارانکردنی ئاواییەکانی کوردستان لەلایەن ئیرانی و تورکیا!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک