په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠٢٢

جەنگی ماڵوێرانکەری رووسیا و ئەمەریکا لە ئۆکراینا و

بۆگەنی رەگەزپەرستی بورژوازیی رۆژئاوایی.


کامیل ئەحمەد      


جەنگی ئەمەریکا و رووسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا پێ دەنێتە دەھەمین ڕۆژی خۆیەوە. جەنگێک کە بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە خەڵکی ئۆکرایناوە نییە و تەنھا وەک مەیدانێکی جەنگ ھەڵبژێردراوە بە ھۆی ھاوسنوری لەگەڵ رووسیادا. جەنگ یانی کاولکاری و ماڵوێرانبوون و ئاوارەبوون و برسێتی و نەبوونی و ھەڵئاوسان و گرانی و برسێتی. بە دڵنیاییەوە کە زیانلێکەوتووی یەکەم خەڵکی ئۆکراینان، بەڵام بە ڕۆشنی دەتوانین ئاسەوارەکانی ئەم جەنگە ماڵوێرانکەرەی سەرمایەداری و بورژوازی جیھانی بە ھەموو جیھانەوە ببینین. میدیای بورژوازی ھەموو ڕۆژێک گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک ڕادەگەیەنن و دەیانەوێت بیکەن بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان. ھاوکات دەیانەوێت بڵێن ئەوە چاوچنۆکی سیستەمەکەی ئەوان نییە کە ئێمەی لەم بارودۆخە ئابوری و کۆمەڵایەتییە سەختەدا ڕاگرتووە، بەڵکو ئەوە جەنگە و کە جەنگیش بوو دەبێت چاوەڕوانی پێشھاتەکانیشی بکەین.


ئەوان دەیانەوێت وا بە ئێمەی بقەبڵیین کە شەڕ دەکەن لەسەر گێڕانەوەی ئەو بەھاو پێداویستیانە کە ئێمە لەدەستمان چوون. ئەم جەنگە، جەنگێکە دژ بە بەرژەوەندییەکانی پڕۆلیتاریا و خەڵک. جەنگێکە لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی جیھان و بردنی پشکی زیاتر لە سەروەت و سامانی جیھان. کاتێک کە ئەمەیان بە ئابڵوقەی ئابوری و شەڕی پشکەکان و یەکگرتن و تەنانەت مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکانیان بۆ دەستەبەر نابێت ناچارن پەنا بۆ شەڕ ببەن. ئەوەی کە لەم ھاوکێشەیەدا ڕۆشنە ئەوەیە کە ھەمیشە ڕۆڵەی خەڵک و کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبنە قوربانی ئەم جەنگانە و دەیانکەن بە دوژمنی یەکتر و لە بەرامبەر یەکتردا ڕایاندەگرن و خۆشیان خەریکی مامەڵە و بازرگانیکردنی خۆیانن بەم جەنگەوە.


ئێمە لە ناو دڵی ئەوروپادا گەواھی چەندین خۆپیشاندنی جۆراوجۆربووین لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپادا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم خۆپیشاندانانە سەرانی بورژوازی و ئەحزابی دەسەڵاتداری ووڵاتە جۆراوجۆرەکان بەشداری تیدا دەکەن و قسەکەرە سەرەکییەکانین. سەرانێک کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا نەک تەنھا نووزەیەکیشیان لێوە نەھاتووە لە بەرامبەر ئەو ھەموو شەڕو ماڵویڕانییەی کە لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن سۆماڵیا و سودان و..... ھتد بەڕێوەدەچێت، بەڵکو خۆیان یاریزانی سەرەکی ئەم جەنگ و کوشتارگایانە بوون لەژێر ھەڵەوەڕی "دیموکراسی و مافی مرۆڤ" دا. ئەوان زۆر خوێنساردانە ژیان و گوزارەنی ملێۆنان ئینسانیان کردۆتە بەردەبازی سیاسەتە سەرمایەدارییە خوێنڕێژی و چاوچنۆکییەکانی خۆیان و ئینسانەکانیان لە کەمترین بەھای ئینسانی خۆیان داماڵیوە. ئێستاش کە گوێبیستی زوڕناژەن و کاسەلێسەکانیان دەبین، بێ شەرمانە دەکەونە پاساو ھێنانەوە بۆ ئەوەی ئەو شەڕانە لە جیھانی "سێھەم" یان ووڵاتانی بەناو گەشەسەندوودا ڕوویان داوە. کاتێک گوێبیستی ئەمە دەبیت مووچڕک بە گیانتدا دێت کە بورژوازی جیھانی لە ئامادەنەبوونی چینێکی پڕۆلێتاریای یەکگرتوو ئامادەباشدا بتوانێت ئاوھا بێ شەرمانە ئینسانەکان بۆ جیھانی جیاواز و پلەبەندی جیاواز دابەشبکات. ئەم فرمێسک ھەڵڕشتن و پڕوپاگەندانەیان بۆ مرۆڤە سپی پێست و چاوشین و مەسیحییەکان جگە لە درۆیەکی گەورە و داپۆشینی شکستیان بە گرتنەبەری ئەم جۆرە لە گووتاری ڕاسیستی ھیچی تر نییە، چونکە مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە بۆ زیاتر لە ٧٥ ساڵە ئاوھا ئەمەریکا و خۆرئاوا خۆریان ئاوا نەبووەو لە سیستەمی ڕابەرایەتییە جیھانییەکەیان نەدراوە. ئەوان ژیان و گوزەرانی ئینسانەکانیان پێ گرنگ نیە و تەنھا بەرژەوەندییەکانیان خاڵی یەکلاکەرەوەیە بۆیان و ئێستاش بەرژەوەندییەکانیان لە ناو دڵی خۆیان دەدات بۆیە ھاواریان لێھەستاوە و ھەر ئەمەشە نیگەرانییە ئەسڵییەکەیان.


ئەوەی کە دەبێت نەک دەرگای ھەموو ووڵاتانی ئەوروپا لەبەردەم خەڵکی ئۆکراینا و رووسیادا کراوە بێت بۆ بەھرەمەندبوون لە ژیانێکی ئارام و ئینسسانی، بەڵکو دەبێت ھانی خەڵکی ئەو ناوچانەش بدرێت کە بە ھانای ھاوچیەنەکانیانەوە بچن، بەڵام پارادۆکسێکیش کە لێرەدا پێویستی بە ڕوونکرندەوە ھەیە ئەوەیە، ھەموو ئەو ووڵاتە ئەوروپییانەی کە ئێستا بەیداخی وەرگرتنی پەنابەری ئۆکرانی و دابینکردنی سەرپانەیەکی ئامنیان بۆ دەکەن، کە بە دڵنیاییەوە دەبێت وابێت، ھەتا ئێستاش زۆر سەرسەختانە لەبەرامبەر ھاتنی پەنابەری ئەو ووڵاتانەی کە خۆیان ھۆکاری شەڕو ئاوارەبوونیانن دەوەستن و خەریکی داڕشتنی دەیان یاسای دژە ئینسانین بۆ ئەوەی کە مەودای ھاتنیان یان مانەوەیان لێ بەرتەسک بکەنەوە و تەنانەت بە زۆریش بیانگێڕنەوە بۆ ئەو جەھننەمەی کە لە ووڵاتەکانی خۆیاندا بۆیان داخستوون. یان بێباکانە و خوێنساردانە ھەزاران ئینسان لەسەر سنوورەکانیان ڕادەگرن کە دووچاری سەرما و ڕەقبوونەوە و برسێتی بوون تەنھا لەبەر ئەوەی لەوان ناچن. ئەمە شۆڤێنیزمێکی داڕێژراوە و برەودانە بە جیاوازی ئینسانەکان لەسەر بنەمای ئیتنیک و ڕەنگی پێست و ڕەچەڵەکیان. ئەمە سیاسەتێکە کە بورژوازی پیادەی دەکات بۆ زیادکرنی ئەو قڵشتە چینایەتییەی کە ھەیە و دەیەوێت ئینسانەکان بەم مەسایلانەوە سەرقاڵبکات تا نەیانپەرژێتە سەر خەباتە چینایەتیەکەیان و لە کۆتاییشدا ھەرخۆیان سوودمەند دەبن. پڕۆلیتاریا دەبێت بەمە ھۆشیار بێت و بوار نەدات کە سەرمایەداری و نوێنەرەکانیان ئەم قڵشتە بخەنە نێوانیان و ھەموو پێکەوە دژی جەنگ و ماڵوێرانی بن لە خەمی دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتردابن بۆ ئینسانەکان بە ھەموو جیاوازیەکانیانەوە.


ئەوەی کە جێگای خۆشحاڵی یە و تروسکەیەک لە ئومێد دەبەخشێت بە خەبات و کێبەرکێی سەرمایەداری و پڕۆلیتاریا، ئەو دەنگانەیە کە لە بەرامبەر ھەردوو بەرەی شەڕی سەرمایەداری جیھاندا ھاتوونەتە مەیدان و گوزارشت لە پەیامێکی تر دەکەن. پەیامێک کە سەرمایەداری و دارودەستەکانیان بە ھەموو ڕەنگ و تاقمەکانیانەوە لە سەرتاسەری جیھاندا وەک یەک چاولێدەکات و بانگەواز بۆ ھاتنە مەیدانی کرێکارانی رووسی و ئۆکرانی و تەنانەت پڕۆلیتاریای ھەموو جیھان دەکات کە لەبەرامبەر ئەم شەڕ و کوشتارگایانەدا بێنە مەیدان و بتوانن ھاوپشت و ھاوپەنای یەکتر بن. ھاوکات ھەر ئەمەش بە تەنھا ڕێگای وەستانەوە بەرامبەر جەنگ و فشارھێنان بۆ ڕاوەستانی جەنگ و دەرھێنانی دەسەڵات لە چنگی ئەم مشتە لە سەرمایەدار لە جیھاندا دەزانێت. ئەم ووشیارییە پێویستی بە ڕێکخراوبوون و ھاتنەمەیدانی زیاترە تا بتوانێت بەر بە ھەموو ئەو سیاسەتە ڕییاکارانەیەی بورژوازی بگرێت بەرامبەر جەنگ و ھاوکات بتوانێت لە یەکێک لەو ووڵاتانەدا تەرازووی ھێز قڵپبکاتەوە بە قازانجی پڕۆلیتاریا و بتوانێت لە ناوخۆدا پشتی بورژوازی و دەسەڵاتەکەیان لە خاک بدات و پێیان بلێت نا بۆ جەنگ و کوشتار و ئاوارەیی و برسیکردنی خەڵک و خاپورکردنی خانە و لانەی ھاووڵاتیان بەسەریەکتردا. ھەر ئەم ھاوپشتی و ھاوخەباتی یە و ئەم ئاگایی یە سۆشیالیستی یە دەتوانێت ڕێگای ڕزگاری پڕۆلیتاریا بێت و بۆ ئەمەش چۆن سەرمایەداران ھاوپشت و ھاوخەباتی یەکترن، بۆ ئەم بەھرەبەردارییە لە ھەموو جیھاندا، پڕۆلیتاریاش بێ ئەم ڕیکخراوبوونە چیانەیەتی یە و ئاگایی یە سۆشیالیستی یە ناتوانێت ئەم کێشمەکێشە بباتەوە و تیایدا سەرکەوتن بۆ خۆی و تەوای مرۆڤایەتی تۆماربکات.
 

 

٧\٣\٢٠٢٢
kamil.ahmed.f@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک