په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠٢٦

جەنگی وەرزەکان.

 

   مەنار حەسەن موسا

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: فەرھاد ئەحمەد

لە شوێنێکی ئەم گەردوونە پان و بەرینەدا، لە وەرزی پایزی جواندا کە دارەکان بەرگی نوێ دەپۆشن و گەڵاکان هەڵدەوەرێن، چوار هاوڕێکە (زستان، بەهار، هاوین و پایز) خوویەکیان هەبوو: لە کۆتایی کاتی هەر وەرزێکدا یەکتریان دەبینی پێش ئەوەی یەکێکیان بڕوات و ئەوی تریان بێتە جێی.

​بەڵام ڕۆژێک هات، هاوین سەیری بوونەوەرە شاد و ئارامەکانی دەکرد کە خەریکی کارکردن و کۆکردنەوەی خواردەمەنی بوون بۆ زستانی درێژ. زانی کە هەندێک لەم بوونەوەرانە لەبەر سەرما و بەفر ناچار دەبن بچنە ناو خەوی زستانەی قوڵەوە. هاوین دەستیکرد بە بیرکردنەوە لەوەی چۆن ئەم کێشەیە چارەسەربکات.

​بیریکردەوە و بیریکردەوە تا بیرۆکەیەک بە مێشکیدا هات. هەرچەندە بیرۆکەکە گەورە و مەترسیداربوو، بەڵام لەبەر دڵسۆزیی بۆ زەوی و بوونەوەرەکانی، بڕیاریدا جێبەجێیبکات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شۆڕش و ناکۆکی لەگەڵ براکەیدا (زستان) و بگاتە ئاستی جەنگیش.

بڕیارەکە ئەمە بوو: هاوین دەمێنێتەوە و ناڕوات!

..​دیالۆگی نێوان پایز و هاوین..

​پایز دەبوو بێتە شوێنی هاوین، بەڵام هاوین ڕەتیکردەوە بڕوات.

پایز: "هاوڕێی ئازیزم هاوین، تۆ زۆر شتت بە زەوی بەخشی، هەمووان بە چاکە و خۆشەویستییەوە یادتدەکەن، بەڵام ئێستا شوێنێکیتر چاوەڕێتە و پێویستیان پێتە."

​هاوین: "تۆ ئەمە دەڵێیت تەنها بۆ ئەوەی گەورەکەت (زستان) بێت! ئەو ستەمکارەی کە بوونەوەرەکان دەخاتە خەوێکی درێژ و لەبەر سەرما ئاوارەیان دەکات."

پایز: "ئەگەر پێی بڵێم، لێت توڕە دەبێت و منیش هەروەها."

​هاوین: "من لە تۆ و نە لە زستانیش ناترسم، بڕۆ و پێی بڵێ ئەی پایزی بچووک."

​پایز بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت و لە ڕێگادا بەهاری بینی. بەهار کە زەردەخەنەی لەسەر لێو بوو، بینی هاوڕێکەی (پایز) زۆرخەمبارە.

​بەهار: "چی بووە پایز؟ وا دیارە خەمێکی گەورەت هەیە."

​پایز:کێشەیەکی گەورە هەیە... هاوین بڕیاریداوە بۆ هەمیشە لێرە بمێنێتەوە."

​بەهار (بە شۆکەوە): "چی؟ چۆن؟"

​پایز: "دەڵێت دەیەوێت لێرە بمێنێتەوە و زستان نەیەت."

​بەهار: "ئەی ئێمە و زستان بۆ کوێ بچین؟"


پایز: "هاوین کێشەی لەگەڵ ئێمە نییە، تەنها کێشەی لەگەڵ زستانە."

بەهار: "بۆچی؟"

پایز: "چونکە پێی وایە زستان ژیان تێکدەدات و بوونەوەرەکان دەچەوسێنێتەوە."

پایز: هاوین پێی وایە زستان وەرزێکی ترسناک و بێدەنگە، ئەو دوژمنی بونەوەرە لاوازەکانە، بەڵام هەموو بونەوەران و ژیان شایستەی وەرزێکی جوانترن.

بەهار: بەڵێ، هاوینیش پێیوایە ئەو جوانترین وەرزە.

پایز: بەڵێ.

بەهار: بەڵام هاوین گومانی تێدا نییە و ئەم قسەیە قبوڵناکات، ئەو تەنها جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی خۆی لەسەر زەوی دەوێت.

لەناکاو هاوین دەرکەوت: "بەڵێ پایز، من ئاوام و تێناگەم ئێوە چیتان دەوێت، من و پایز پێویستە لەسەر یەک ڕا بین". هاوین بە دەنگێکی بەرز هاواریکرد: "زستان لەکوێیت؟ ئەم ناوچەیە جێبهێڵە، نە خەوتن، نە سەرما، نە باران، چیدی دەست لەم زەوییە مەوەشێنە، بڕۆ و نیشتمانە جوانەکەم بە ئاشتی جێبهێڵە".

زستان بە هەورەبروسکە و گرمەی بەرز و بارانی بەخوڕ و باوبۆرانێکی توندەوە هات. پایز و بەهار خۆیان شاردەوە. بەهار وتی: "شەڕ لە نێوانیاندا هەڵگیرسا و هەردووکمان لاوازین، ئەی هاوڕێم پایز، ڕێگای دەربازبوون لەکوێیە؟".

بەهار: مەترسە هاوڕێم، لە تەنیشتم بوەستە من دەتپارێزم.

زستان هاواریکرد: "هاوین، چیت دەوێت؟ دەتەوێت بوونی من نەهێڵیت؟"

هاوین بە هێز و توندی وەڵامیدایەوە: "بەڵێ، نامەوێت چیتر لەسەر ئەم زەوییە بیت، تووڕەیی زستان و ئەم قسانە بەسە".

هاوین وتی: "مانەوە بۆ بەهێزترینی پیرە".


زستان بە تووڕەییەوە هاواریکرد: "کەواتە جەنگت دەوێت؟ بگرە ئەوەت بۆ هێناون".

​وەرزەکان کەوتنە جەنگێکی سەخت (بروسکە، با، باران، گەرما، بڵێسەی ئاگر، خۆرێک کە پێست دەسوتێنێت، شێیەکی بەرز). بونەوەرەکان بە ترسەوە ڕایاندەکرد، وشکەساڵی و بەفر هەموو شتێکیان دەخنکاند.

​بەهار بە بەرزترین دەنگی هاواریکرد: "بوەستن!"

هەموو شتێک لە شوێنی خۆی وەستا.

​بەهاروتی: "ئایا دەبێت ململانێ لە نێوانتاندا دروست بێت بۆ ئەوەی ژیان ڕاست بێتەوە؟"

پایز وتی: "هاوڕێکەم بەهار ڕاستدەکات، جەنگ لە نێوانماندا تەنها وێرانکاری بەجێدەهێڵێت، ئەمە خولی ئێمەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆچی جیاوازی هەبێت؟"

بەهار وتی: "بەڵێ، قسەکانت تەواو ڕاستن ئەی پایز".

​پاشان ڕوویکردە هاوین و وتی: "ئەی هاوین، تۆ لەسەر هەڵەیەکی گەورەیت، لەوانەیە زستان سەخت و باراناوی و پڕ لە هەورەبروسکە بێت، بەڵام بەبێ ئەو ئێمە نرخی بەهار و بەخشندەیی هاوین و جوانی پایز نازانین، و زنجیرەی چوار وەرزەکە تەواو نابێت".

​"وە تۆش ئەی زستان، پێویستە بزانیت هاوین بە خۆروگەرماکەی و پێگەیاندنی ڕزق و ڕۆزی لە ڕۆژەکانیدا، سەرچاوەی ژیانی ڕاستەقینەیە بۆ هەموو بونەوەران لە هەموو لایەکی زەویدا، بەبێ ئەو ژیان بۆ کەس نییە. ئێمە تەنها بە هەموومانەوە دەناسرێین. ئێمە بەهار و پایزین، بەبێ ئێمە نە تۆو، نە گوڵ، نە خۆشەویستی و نە جوانی هەیە. من بەهارم، ژیان دەبەخشم و ئێمە هەر سێمان تام و بوون و جیاوازی بە ژیان دەبەخشین بەبێ هاوڕێمان پایز کە هەمیشە لەبیریدەکەن".

پێویستە هەموومان تەواوکەری یەکتر بین لەسەر ئەم هەسارە جوانە و نابێت کەسمان ڕۆڵی ئەوی تر بسڕێتەوە.

هاوین و زستان لە کارەکەیان شەرمەزار بوون و داوای لێبوردنیان لە یەکتر کرد. پاشان ڕوویان کردە بەهار و پایز و وتیان: "سوپاس بۆ ئێوە، ئێوە بەڕاستی دانا و ژیر بوون".

لەو ڕۆژەوە، چوار وەرزەکە چیتر تووشی هیچ کێشەیەکی نوێ نەبوون.

 

 

rahanddrwd@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک