جەننەت و چەپکە
گوڵەکەی دایک!

سهلام عهبدوڵا
ئەو جەننەتە کە لە ژێرپێی دایکانە، وەک ئەو نەوتە وایە کە لە ژێرپێی
کوردستانیانە: هیچ یەکێکیان سوودیان لێ وەرنەگرتووەو بوون بە بەڵاو
نەگبەتی بۆ ژیانیان؛ هەردوولایان لەسەر ئاستی واقیع، هەژارو داگیرکراو:
یەکەمیان دوا کوێلەی موستەعمەرەی پیاوەو دووهەمەکەشیان دوا گەورە
کۆلۆنی لە جیهان؛ هەردووکیان بە خۆشی یان ناخۆشی بێ ماف کراون، کەچی
لەوانەیە ساڵی جارێک چەپکە گوڵێک بە یەکەمەکەیان ببەخشن و
کوردستانیانیش بەبێ راپرسی و ئیرادەی خۆیان، بۆ بۆ ئەبەد"برای
خۆشەویستی" نەتەوەی عەرەبە!
مرۆڤ چەندە بە وردی بیر لە ژیانی رۆژانەی دایکان و کچانی ماڵ بکاتەوە،
بەهۆی زاڵی ئەقڵی پیاوانە، هێشتا ناتوانین لەهێزو توانای بەرگەگرتنی
بەبێ بەرامبەری ئەم کائینەو بەرپانەکردنی شۆڕش، تێبگات.
راستە نوێنەرانی یەکێتی و سەنتەرو رێکخراو و میدیای ئافرەتان و ژنان و
نووسەرو رۆژنامەنووسان و حزبەکان کە پشتیوانی کەمپینی(موچە بۆ
دایکان)یان کردووە دەگاتە سەددان هەزار کەس، بەڵام لە چاو لایەنگرانی
مافی یەکسانی ژن و پیاو، هێشتا زۆر کەمەو پێدەچێ ئەگەر کەمپینەکە
بۆ"مۆچ"ی دایکان بوایە، ئێستا بە ملیونان خۆیان دەکرد بە قوربانی!
چی دەبێ ئەگەر دایکان و کچانی ماڵ بە شاعیرو نووسەرە پایەبەرزەکان بڵێن:
چی تر شیعر بە باڵامان هەڵمەدەن و وتار بۆ ئازادیمان مەنووسن، چونکە
هیچیان ئێمەیان لە کارە قیزەوەنەکانی ناو ماڵ رزگار نەکردووە، زەحمەت
نەبێ ئیمزایەکمان بۆ بکەن تا هیچ نەبێت کرێی کاری ناوماڵمان بۆ دابین
بکرێ... ئیدی بەسەو چەپکە گوڵەکانیش بۆ خۆتان!
لە رۆژی دایک دووبارە بانگەوازی هەموو کەسێک دەکەین بۆ ئەوەی لە شوێنی
نیشتەجێبوونەکەیەوە پشتیوانی لە کەمپینی(موچە بۆ دایکان) بکات!
خانەقین
dwaroj@yahoo.de
07701929872
11/5/2009
|