٢٠\١٢\٢٠١٢
چەپکێک چیڕۆکی
فۆلکلۆریی بە بن زاراوەی سەقزیی
-
١ -.

کۆکردنەوەی: لوقمان
نادرپوور
قلیان ئاوی.
بێژەر: حەسەن شەریفزادە، تەمەن ٧٣ ساڵ، نەخوێندەوار، سەقز (ئاوایی
لەگزی).
دوو کوڕ باوکیان ئەمرێ، دایکیان ماوە. خەڵک ئەچن بۆ پرسە. ئیتر دستوور
ئەوان واسە ئەچن بۆ پرسە ئەشێ سۆرانی شین کەن، قوڕ بپێون. وختێکا
شێخێکیش تێ بۆ پرسە، شێخەکە قلیان ئاوی ئەکێشێ. بەڵێ دائەنیشن و
لەوەلابێتۆ، شێخیش فەڕاشەکەی ھەڵئەسێ قلیان ئاویێکی بۆ ساز ئەکا.
ئەیھێرێ بۆ شێخ بیکێشێ، دایک کوڕەکان رائەکا توند باڵی ئەگرێ : باوە
شێخ بۆ خاتر خوا فووی پیا مەکە، مردوو وارمان ھەیە، تازە باوک کوڕەکان
عەمرخوای کردیە.(لە خۆیا زوڕنایە).
سبحانە.
بێژەر: عومەر ساڵحی، تەمەن ٦٥ ساڵ، نەخوێندەوار، سەقز.
ئەڵێ: جەوانێک جەوانێکی تر دەعوەت ئەکا و سبحانە ئەیباتۆ بۆ ماڵ خۆیان؛
کە وەختێ ئەڕواتۆ دایکی بۆریاو١
دروست ئەکا سبحانە بخۆن، بۆیان دائەنێ و بڕێ ڕۆن ئەکا بەسەریا.
ڕۆنەکەیش کابرای مێھمان دوو کەوچکی لێ ئەدا ئەیخوا و خەلاسی ئەکا و
بانگ ئەکا: دایە ڕۆن بێنە. دایە بازەم ڕۆن دێنێ و ئەو ڕۆنەیش بە دوو سێ
تیکە خەلاس ئەکا، کوڕەکە بانگ ئەکا: دایە ڕۆن بێنە. ئەڵێ: ڕۆڵە چی
ئەکەن ئەو ھەموە ڕۆنە ئەیخۆن؟ ئەڵێ: دایە کەم ڕەوت٢
کەوتوەتە کۆڵی سوار٣،
تاوێ ئەیخاتە وێرغە و تاوێ ئەیخاتە غار.
___________________________
١-
بۆریاو : بۆدراو ، چێشتی قاوتی گەنمی برژاو
٢-
کەم ڕەوت : سوارکارێ کە ھێواش ئەڕوات ، پێچەوانەی "خۆشڕەو"
٣-
کۆڵی سوار : کۆڵە سوار ، سوارکاری ناشارەزا
دۆعای دەروێش.
بێژەر: ئەردەشیر - س، تەمەن ٤٣ ساڵ، فوق لیسانس، سنە.
دەروێشەکان قەدیم دێھات بە دێھات ئەگەڕان. بەم لاو بەو لادا ئەڕۆیشتن.
دەروێشێ ئەڕوا بۆ دێھاتێک، ئەبینێ خەڵک ناو دێھاتا نیە و ھەرچیێ ئەگەڕێ
کەس نیە و ئەو وەختێ لە مناڵان ئەپرسێ ئێژن: باوە خەڵک ھەموویان چوون
بۆ فڵان کێو بۆ نوێژی باران، وەزعمان زۆر شپرزە و ساڵھایە باران نەھاتە
و ئائواین و خەڵک خەریکن ئەپۆسن١
و مەجبوورن ئاوایی چۆڵ کەن چوون ئاخرین نوێژ بارانیان کەن. دەروێش
ئەپرسێ: کامەیە کێوەکە؟ مناڵان پێی نیشان ئەدەن و ئەڕوات و ئەبینێ خەڵک
دانیشتوون و ئەگیرن و دۆعا ئەکەن لای خواوە بارانیان بۆ بوارێنێ.
دەروێش ئەوێنن ئێژن: دەروێش تۆ پیاوی خوایت و مستجاب الدعوە٢،
بەشکەم تۆیش دۆعامان بۆ بکەی. ئێژێ: باشە بەسەر چاو بە شەرت ئەوە
ھەرچیێ ئێژم بە قەوڵم کەن. ئێژن: باشە. ئێژێ: دا تەشتێکم بۆ بێرن. ئێژن:
تەشتت بۆ چیە؟ ئێژێ: قەرار بە قەوڵم بکەن. ئەچن لە ئاوایی تەشتێکی بۆ
تێرن و ئێژێ: بۆم پڕ کەن لە ئاو. ئێژێ: ئاخر برا ئێمە قات و قڕە
وەڵڵاھی ئەڕۆین بۆ فڵان شوێن ئاو تێرین. ئێژێ: ئیتر برا گەرەکتانە
دۆعاتان بۆ بکەم ئەوەیە، گەرەکتان نیە خوا حافیز. ئێژن: بان چاو. پڕی
ئەکەن لە ئاو، ئەوینن٣
دەروێش لیباسەکانی دەر ھاورد و خستیە ناو تەشتەکە. ئێژن: باوکەرۆ
ئیمانمان بە کێ بوو، خوا غەزەب و لێ گرێ بۆ دۆعایێ بۆمان ئەکەی. ئەو
ئاوە خواردەمەنیەی خۆمانیشتە خەریکی خەلاس ئەکەی. ئەوە ئەبینن تازە
وێڵی ئەکەن. دەروێش دەس ئەکەتە شۆردنەی لیباس و لیباس شۆردنی تەواو
ئەبێ، بە قەو دارەکەوۆ لیباسەکان ھەڵ ئەخات کە وشکۆ بێتۆ بۆ بایێک
نایێت. بایێک دێت و ھەورێکی رەش دێرێ ئەونە باران ئەوارێت خەڵک بە زۆر
فریای ماڵۆ ئەکەون. وەڵڵاھی گشتیان دەوری دەروێش ئەدەن، ماچی ئەکەنۆ
ئاغە بوە بە ئیمامی جەماعەتمان و تۆ خاس خوایت و مستجاب الدعوە. ھەر
ئێژن مستجاب الدعوە ئەدات بە سەریا. ئێژێ: وەڵڵاھی مستجاب الدعوە نیم.
ئێژن: ئاخر تۆ ھاتی دۆعات کرد وەلێ حێکمەتەکەی چی بوو؟ وتی: برا من خۆم،
خۆم خاس ئەناسم بە وەڵڵا ھەرچی لیباسم شۆرد ھەڵم خست وشکۆ بێت شانسە
پیسەکەی من باران لێی دا، ئەوە کاری بە نوێژ و دۆعای ئێوە نەبوو زانی
من لیباسەکەم شۆرد ھەڵم خست باران باری.
_____________________
١-
ئەپۆسن: داڕزان، بۆگەن کردن.
٢-
مستجاب الدعوە: خاس خوا.
٣-
ئەوینن: ئەبینن.
رەعیەت.
بێژەر: عوسمان مەحموودزادە، تەمەن ٥٠ ساڵ، نەخوێندەوار، شیوەتووی سەقز
دانیشتووی بۆکان.
رۆژێ کەڵەشێرێک و سەگێ بوون بە رفێق. وتی وەڵڵا کەڵەشێرەکە چوە سەر
بەردێک خوێندی. مام رێوی گوێی تێوە بوو چوو بۆ لای کەڵەشێرەکە. وتی
ئەوە لێرە چی ئەکەی؟ وتی وەڵڵا ئەوە لە گەڵ کاکم لێرەین ئەم دێیەمان
ئاوەدان کردوەتەوە و ئاغای ئەم دێیەین. وتی: دەی باشە رەعیەتو ناوێ؟
وتی: وەڵڵا بچۆ بۆ لای کاکم ئەو ئەزانێ و ئیجازە بگرە. ئەیوت ئەگەر چوو
تاژیەکە چاوی کەوت بە رێویەکە سەرەوخوار دوای کەوت. رێوی ھەڵسووڕان
ھالێرە ھالەوێ، ئەیوت وەڵڵا رێوی ھاتۆ بۆلای کەڵەشێرەکە. وتی دەی چیت
کرد لەگەڵ کاکم؟ وتی: وەڵڵاھی ھەتا دەنگی تۆ ئاوا ناخۆش بێ و کاکت ئاوا
تووڕە بێ قەتو رەعیەت نابێ.
گوو بە پیاو ئەکەی.
بێژەر: فارووق نادرپوور، تەمەن ٤٥ ساڵ، خوێندەوار، سەقز.
پیاوێک زۆر دەوڵەمەند ئەبێ ھرچیێکی ھەیە لەڕێی خودا ئەیبەخشێ بەو
ھیوایەی کە خودا زیاتری پێ بات، بەڵام ھەرچی ئەبەخشێ خودا پێی نادا.
ئەونە ئەبەخشێ ھیچی نامێنێ ئیتر وا فەقیر ئەبێ ئەکەوێتە کێو و دەشت و
گژ وگیا خواردن. ھەتا رۆژێ لە برسیەتیا، نازانێ ئەچێ گیای شەرواڵ بەکۆڵ١
ئەخوا. بەو گیایە سکەشۆرە ئەگرێ و زۆر نەخۆش ئەکەوێ. وای لێ دێ بێحاڵ
ئەکەوێ بە لادا، لە تاو ژانە سک بە چیلکە لە عەرزەکە وەرئەدا لەپڕ شتێ
دەرئەکەوێ، وەختێ عەرزەکە ئەداتۆ کووپەیێک زێڕ و جەواھێر ئەدۆزێتۆ. سەر
بەرز ئەکاتۆ بۆ ئاسمان ئەڵێ: خوایە ئیمانم بەوە ھەیە کە ھەرچی ببەخشین
سەد بەرامبەرمان پێ ئەدەی، وەلێ ھەتا پێمان ئەدەی گوو بە پیاو ئەکەی.
_________________________________
١-
شەرواڵ بەکۆڵ: گیایێکە بنەکەی ئەخورێ و سکەشۆرەی سەختی پێوەیە.
گورگ و بزن.
بێژەر: فاتمەی قارەمانی، تەمەن ٧٥ ساڵ، نەخوێندەوار، سەقز.
شوانێ رانەکەی ئەلەوەڕێنێ ئەگەر ئەڕواتۆ بزنێکی لێ بەجێ ئەمێنێ و
نازانێ بزنەکە بەجێ ماوە. سەگەکەیش لەوێ بەجێ ئەمێنێ، سەگەکە ئاگاداری
ئەکا تا بەیانی. بەیابی سەگەکە ئەڕوا بۆ ئەلاوۆ، گورگێ یێ بۆی. یێ بۆی
ئەڵێ: ئای ئەمە مڵکی منە ئەمە لێرەیا چی ئەکەی؟ ئەویش ئەڵێ: کوڕە مڵکی
چی؟ بچۆ شاھێد بێنە. ئەچێ شاھێد بێنێ. سەگە یێت. ئەڵێ: خوا بت گرێ خۆ
خەریک بوو گورگەکە بم خوا، ئەوە چوە شاھێد بێنێ. وتی: باشە من ئەچمە
ژێر ئەو گەونە، ئەچمە ژێر ئەو بنە گەونە ئەگەر ھاتۆ بڵێ: دەس بدە بەو -
بنە گەونەدا - ئەوە قورعانی ئێمەیە. ئەویش ئەڕوا رێویێکی تووش ئەبێ
ئەڵێ: وەڵڵا شتێکی ئاوایە بێ شاھێدیم بۆبە. ئەویش ئەڵێ: بەسەر چاو. بە
ھەڵبەزھەڵبەز رائەکا. رێوی زۆرزانە ئەگەر یێ ئەڵێ: باشە ئا ئەوە
قورعانی منە دەس بە بەوەدا. ئەگەر تەماشا سەگەکە لە ژێریایەتی؛ ئەڵێ:
بەخوا سوێند دوو سەری ھەیە من سوێند ناخۆم. - ئەمگرێ - ئەمجارە گورگەکە
خۆی دەسی پیا ئەدا ئەڵێ: خۆم ئەی خۆم، بە خۆم باوەڕ ئەکەی؟ ئەڵێ: ئەرێ.
دەسی پیا ئەدا و ئەیگرێ. - رێوی ئەڵێ: ئا نەم وت سوێند دوو سەری ھەیە
ئەتگرێ؟-.
ھاڕدادی.
بێژەر: فاتیح
نادرپوور، تەمەن ٥٠ ساڵ، فوق دیپلم، سەقز.
کەری عەجەمێک ئەچێتە ناو بێستانی کوردێکۆ. کوردە خریک بوو ئاوی ئەداشت.
کەرە بە ئیشتیای دڵی خۆی ئەنووسا بە بڕکەدا و لە بنۆ ھەڵی ئەکەند و
ئەیشێلا و شپرزەی ئەکرد. کابرای کوردە ھەر ھاواری ئەکرد و ئەی وت: ئەو
گوێ درێژەت دەرکە. عەجەمیش حاڵی نائەبوو ئەی وت: ھاردادی؟ یانی لەکوێ؟.
ئەویش ھەر ئەی وت: ئەو کەرەت دەر کە، ئەو گوێ درێژەت دەر کە. ھیچ
عەجەمە ھەر حاڵی نائەبوو ئەی وت: ھاردادی. کابرایش قینی ھەڵسا و بە
بێڵاسنۆ چوو بۆلای عەجەمە و ویستی بە تورکی قسە بکا وتی: کوڕە ھاردادی
ھەی ھاردادی، دەرد و سندان بوغمادی، سەن کەرەکەت بەردادی، تا خوردادی
خوردادی، لەوەلا بە قوڕا بوردادی.
payam_graphic2005@yahoo.com
|