٢\٨\٢٠١٨
چەپی ئەمەریکای
لاتین و ھەڵبژاردنەکانی مەکسیک.

عەلی مەحمود محەمەد
لە سێ ساڵی رابردوودا, چەپەکانی دوای ١٢ ساڵ لە فەرمانڕەوایی لە بەشی
زۆری وڵاتانی ئەمەریکای لاتین, توشی شکستی یەک لە دوای یەک بوونەوە,
ئەگەر کودەتاکانی ھندۆراس و پاراگوای لێدەربکەین, لە شیلی و ئەرجەنتین
و گیانا و پیرۆ لە دەسەڵات دور خرانەوە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە,
لە ئیکوادۆر کودەتایەکی ناوخۆیی ئەنجامدرا لە ناو خێزانی چەپەکانەوە,
لە بەرازیل بە کودەتا راستگەراکان پارتی کرێکارانیان لە دەسەڵات دەرکرد
و سەرۆکی پێشووی وڵاتیشیان خستە زیندانەوە, لە نیکاراگوا و پۆلیڤیا و
فەنزوێلا راستگەراکان بە شێوازی جۆراوجۆر لە ھەوڵی نانەوەی پشێوین ....
.
بە پێچەوانەی ئەوروپای رۆژھەڵاتەوە کە پارتە کۆمۆنیستەکان لە دەسەڵات
دور خرانەوە, لە راست خۆیان وەک مۆز توانەوە, کەچی لە ئەمەریکای لاتین
پاش شکستە ھەڵبژاردنیەکان پارتە چەپگەراکان بە گوڕو ھێزو وزەی زیاترەوە
دێنەوە مەیدان, لە ئەرجەنتین یەک چرکە سات گۆڕەپانی پلازا دی مایۆیان
بەجێ نەھێشت, لە شیلی بەردەوام بوون لە حەراکی شەقام, لە ھندۆراس وێڕای
فرت و فێڵ و ساختەکارییەکانی ھەڵبژاردن و ئەنجامدانی کودەتا چەپەکان بە
پشو درێژییەوە بەردەوامن, لە بەرازیل وێڕای ئەوەی لۆلا لە زیندانە
ھێشتا لە راپرسییەکان دەری دەخات بە فرسەخ لە پێش دووەم کاندیدەوەیە,
لە ھەمووی دڵخۆشتر دواین ھەڵبژاردنی کۆڵۆمبیاو مەکسیکە, لە کۆڵۆمبیا
کاندیدی چەپ غۆستاف بیدرۆ لە بزوتنەوەی کۆڵۆمبیای مرۆڤایەتی لە خولی
دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات, توانی ٤١,٨%ی دەنگەکانی بێنێتەوە,
ئەمەش یەکەمجار بوو چەپ لە کۆڵۆمبیا ئەنجامی وا لە ھەڵبژاردنەکان
بەدەست بھێنێت, مەکسیکیش کە بابەتی ئەمجارەمانە, لە ھەڵبژاردنی ١ ی
یۆلی دا , سەرتاپای ھەرێمەکانیان بە سور نەخشاند, بەشێوەی گشتی لە
تەواوی وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و کاریبی چەپ ئەگەر لە دەسەڵاتدا نەبێت
ئەوا ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییە, ئەگەر ھێزی یەکەمی وڵاتەکانیان نەبن, ئەوا
دووەمن.
لە ئەمەریکای لاتین راستگەراکان بە ئەندازەیەک لە ھێزی چەپ دەترسن,
کەوتونەتە چەوساندنەوەی سیاسی سەرکردە چەپگەراکان لەوانە خاتوو
کریستینا فرناندیز لە ئەرجەنتین, لۆلا دا سلیڤا لە بەرازیل, رۆفائیل
کۆریا لە ئیکوادۆر, چەپ ھەر بەوەندەوە نەوەستاو لەو وڵاتانە قەتیس نەما,
پەڕیەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەلەکسەندریا ئۆکسایۆ کۆرتیز
تەمەن ٢٨ ساڵە بووە کاندیدی دیموکراتەکان لە شاری مەزنی نیویۆرک بۆ
پەرلەمانی ئەمەریکا,دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموکراتەکان
سەرکەوت بەسەر جۆزیف کرۆلی پەرلەمانتاری دیموکرتەکان, کە بۆ ماوەی ١٠
خول پەرلەمانتاری بازنەی ھەڵبژاردنە, خاتوو کۆرتیز خۆی بە سۆسیالست و
لایەنگری بیرنی سادەرز کاندیدی پێشووی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دەزانێت,
ئەو ئەندامی پارتی سۆسیالست دیموکراتی ئەمەریکایە کە خاوەند ٤٧٠٠٠
ئەندامە, تەنھا لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٦ی یۆلی ھەزار ئەندامی زیادیکردووە,
ئەمەش دەربڕی پەیوەست بوونی خەڵکە بە بیری سۆسیالزمەوە.
مەکسیک بەرەی شەڕ.
مەکسیک دووەم ھێزی ئابوورییە لە ئەمەریکای لاتین دوای بەرازیل و ژمارەی
دانیشتووانی ١٢٣٦٧٥٣٢٥ کەسە,داھاتی تاکی ٩٣٠٤ دۆلارە لە ساڵێکدا,بەمەش
مەکسیک لە ریزی ٦٩یەمینی جیھاندایە لە روی داھاتی تاکەوە,ئابوورییەکەشی
لە ریزی پانزەھەمینی پلەبەندی جیھاندایە, کۆی گشتی داھاتی نەتەوەیەکەی
١,١٤٩,٢٣٩ ترلیۆن دۆلارە, لە نایەکسانی لە دابەشکردنی سەروەت و سامان
لە ریزی ٦٨یەمینی جیھاندایە, لە گەشەی مرۆیی لە ریز بەندی ٧٧ەمینی
جیھاندایە,لە گەندەڵیدا لە پلە بەندی ١٢٣مینی جیھانیدایە لە کۆی ١٧٦
وڵاتی جیھان.لێ لە ٣ دەیەی رابردوودا ھێزی کڕینی مەکسیکیەکان بەرێژەی
٨٠% دابەزی, وێڕای گەشەی ئابوری وڵات, بەشی زۆری دەستکەوتی گەشەی
ئابووری وڵات بۆ ١%ی کۆمەڵگا رۆیی, ٩٩%یش رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی
ژیانیان لە دابەزیندایە.
پانتایی خاکی مەکسیک وەک بەرەیەکی بەرفراوانی جەنگی بەردەوامە, پارساڵ
٢٦ ھەزار کەس تیایدا کوژرا, لە ١٠ ساڵی رابردوودا کۆی گشتی ٢٠٠ ھەزار
کەس کوژراوە, تەنانەت مەکسیک بۆ رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی چەپ وەک
بەرەی پێشەوەی جەنگ وایە, تەنھا لە بانگەشەی ئەمجارەی ھەڵبژاردندا ٥٢٣
کەسایەتی سیاسی و کاندید کوژران.
سستەمی سیاسی وڵات تەواو گەندەڵە, ھاووڵاتیان متمانەیان بە سستەمی
سیاسی وڵات نەماوە, تەنھا ٢%ی ھاووڵاتیان متمانەیان بە دیموکراسی بوونی
سستەمی سیاسی مەکسیک ھەیە, تەزویر و دەنگ کڕین و تەمویلی کارتلەکانی
مادە ھۆشبەرەکان رەوتی ھەڵبژاردنەکان دیاریدەکەن.
سەرکەوتنی چەپ.
لۆبێز ئۆبرادۆر ناسراو بە ئەمیلۆ کاندیدی چەپی براوەی ئەمجارەی سەرۆک
کۆماری مەکسیک, دووجاری پێشوتر شانسی خۆی لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری
تاقیکردەوە, لە ھەڵبژاردنی ساڵی٢٠٠٦ دا رێژەی ٣٥,٣%ی دەنگەکانی
ھێنایەوە لە بەرامبەردا فلیپ کالدیرۆنی سەرۆکی پێشوو کە ٣٥,٩%ی
دەنگەکانی بەدەستھێنا, لە رێگای تەزویرەوە توانرا کالدیرۆن سەربخەن بۆ
ئەوەی رێگا بگرن لە ئەمیلۆ ببێتە سەرۆککۆمار, بەھۆی ئەو سکاڵایانەی
ئەمیلۆ تۆماریکرد,بڕیاردرا ١١,٨٣٩ سندوق بژمێردرێنەوە, کە دەیکردە کۆی
٩,٢%ی کۆی سندوقەکانی دەنگدان, زۆربەشیان ئەوانە بوون گومانیان لەسەر
نەبوو,لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠١٢ دا لۆبێز ١٥٨٩٦٩٩٩ دەنگی
ھێنایەوە کە دەیکردە ٣١,٦%ی دەنگەکان, لە بەرامبەردا ئینریک پینە نیتۆ
١٩٢٢٦٢٨٤ دەنگ و ٣٨,٢%ی دەنگەکانی ھێنایەوەو بووە براوەی ھەڵبژاردنەکە.
لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا کە رێژەی دەنگدان ٦٣,٤٣% بوو , ٠,٣٥% زیاتر لە
ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٢ , ئەمیلۆ ٣٠١١٣٤٨٣ دەنگی ھێنایەوە کە دەکاتە
٥٣,١٩%ی دەنگەکان, بەمەش بووە سەرۆکێک زۆرترین دەنگی لە مێژووی
مەکسیکدا ھێناوەتەوە , کە دووجاری دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پێشووە,
ھەرچەندە ھاوپەیمانەکانی لاوازترن لەوکاتە, کاندیدی دووەم ریکاردۆ
ئەنایە " بە داوای موچەی بنەڕەتی بۆ ھەمووان ھاتە مەیدان" ١٢٦١٠١٢٠
دەنگ کە دەکاتە ٢٢,٢٨%ی دەنگەکانی ھێنایەوە.
بە ھەمان شێوەی ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٢ , پێشتر لە مەکسیک لە ھەڵبژاردنی
١٩٨٨یش کواتیمۆک کاردیناس سەرۆکی چەپگەرای پارتی شۆرشی دیموکراتی
بردیەوە , وەلێ بە ساختە کارلۆس سالیناس بە براوە درایە قەڵەم و
دەنگەکانی بۆ ٥٠,٧% زیادکرا.
لە ساڵی ١٩٨٢ ەوە کە میگۆل دی لا مەدرید بردییەوە بە ھێنانی ٧٤,٣%ی
دەنگەکان , کەس بەم رێژەیە براوە نەبووە لە مەکسیک وەک ئەمجارەی
ئەمیلۆ.
ئەمیلۆ کە سەرۆکایەتی ھاوپەیمانی پێکەوە مێژوو تۆمار دەکەین لە ژێر
دروشمی " دەستکەوت بۆ ھەمووان, یەکەم بۆ ھەژاران " ھاتە مەیدان, لە
نێوان ٣ ھێز " مۆرینا" لە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن لۆبزەوە دامەزراوە " و
پارتی کرێکاران و پارتی یەکبونی کریستانی ئینجیلی" پێکھێنرا,مۆرینا ٥٠%
و پارتی کرێکاران ٢٥% و پارتی ئینجیلی ٢٥% کاندیدەکانیان بۆ پەرلەمان و
ئەنجومەنی پیران دیاریکرد, ھەرسێ لایەنیش لۆبێز ئۆبرادۆریان وەک
کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ھەڵبژارد.
ھەرچەندە مەکسیک لە ساڵی ١٩١٧ەوە کە پارتی کۆمۆنیست تیایدا دامەزراوە,
ھاوکات ناوەندی ھەڵسوڕاوانی چالاکانەی سەرجەم گرایشەکانی چەپە, دەیان
پارت و گروپی چەپ لە ترۆتسکیستەوە بۆ ماوی و ئانارشیزم و ستالینستی و
سۆسیالزمی سەدەی ٢١ و گیفارایی و ..... لەم وڵاتە چالاکن, زانکۆکانی
ئەم وڵاتە شوێنی ھەڵسوڕانی مارکسیستەکانە, باڵادەستی سیاسیان پێوە
دیارە وەک ھەیمەنەی فکر, ھاوکات بەردەوام ئەم وڵاتە دەستەوگروپی
چەکداری چەپگەرای لێ نەبڕاوە, بەھۆی پێگە جوگرافیاکەیەوە, ئەمەریکا وەک
باخچەی پشتەوەی ماڵی خۆی لێی روانیوە, بە حەرامی زانیوە چەپەکان لەم
وڵاتە دەسەڵات بگرنە دەست, بەردەوام ھەوڵی سەرکوتکردن و لاواز کردن و
دابەشکردنیانی داوە, وەلێ ئەمجارە ھەوڵەکانی بەری نەبوو.
کاتێک راپرسیەکان دەریانخست ئەمیلۆ لە پێشەوەیە, پەیتا پەیتا
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و سەرمایەدارانی ناوخۆ لێدوانیان دژی دەداو
ھەڕەشەیان دەکرد, ترسی سور و گۆڕینی مەکسیک بە فەنزویلا حەژمانی لێ
ھەڵستاندبوون, تەنانەت سەرۆکی پێشوی وڵات فلیپ کالدیرۆنیش ھاتە سەر خەت
دژ بە ئەمیلۆ, ئەو سەرۆکەی لە ٢٠٠٦ بە تەزویر بە جیاوازیەکی کەم
کورسیەکەی لێ داگیر کرد, وەزیری ئاسایشی ناوخۆیی ئەمەریکا جۆن کیلی
رایگەیاند ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی چەپ بۆ مەکسیک باش نییە, ھاوکات
راوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکی و تیلرسۆن وەزیری دەرەوە رایانگەیاند روسیا
ھەڵمەتی پشتیوانی لە لۆبێز دەست پێکردووە.
لە ١ی یۆلی شەپۆڵی بەھێزی تسۆنامی سیاسی چەپ لە مەکسیکەوە لە رێگای
سندوقەکانی دەنگدانەوە ھەڵیکرد, ئەو رۆژە کۆی گشتی ٣٤٠٠ پۆست
ھەڵبژاردنی بۆ کرا, چەپ پارتە کۆنە گەندەڵەکانی مەکسیکی راماڵی , لە
ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە کۆی ٥٠٠ کورسی, پارتی چەپگەرای مۆرینا ١٩١
کورسی, پارتی کرێکاران"ماوی" ٦١ کورسی, پارتی شۆرشی دیموکراتی ٢١ کورسی"
بزوتنەوەی ھاووڵاتیان ٢٧ کورسی "دەرەوەی ئیتلافی براوە",پارتی بەیەک
گەیشتنی کۆمەڵایەتی راستگەرای ئینجیلی ٥٥ کورسی "لە ناو ئیتلافی
دەسەڵات" یان بەدەست ھێنا, چەپ بە شێوەی گشتی ٣٠٠ کورسی, لێ ئیتلافی
دەسەڵات ٣٠٧ کورسی لە کۆی ٥٠٠ کورسی پەرلەمانیان بردەوە.
ھەرچی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیرانە, لە کۆی ١٢٨ کورسی ئەنجومەنەکە,
مۆرینا ٥٥ کورسی , پارتی کرێکاران ٦ کورسی, پارتی شۆرشی دیموکراتی ٨
کورسی" پارتی شۆرشی دیموکراتی کواوتیمۆک کاردیناس دایمەزراند کوری
سەرۆک کاردیناس", پارتی بزوتنەوەی ھاووڵاتی ٧ کورسی و پارتی بەیەک
گەیشتنی کۆمەڵایەتی ئینجیلی ٧ کورسیان ھێنایەوە, واتا کۆی گشتی چەپ ٧٦
کورسی, ئیتلافی دەسەڵات ٦٨ کورسیان بەدەست ھێنا لە کۆی ١٢٨ کورسی
ئەنجومەنی پیران, ھاوکات ھاوپەیمانییەتیەکە شاری مەزنی مەکسیکۆی
پایتەخت و ٥ لەو ٩ ھەرێمەی ھەڵبژاردنی تێدا کرا بردەوە.
ھەرچەندە سەرەتا ھەوڵدرا بەرەی چەپ لە نێوان ٤ لایەندا" مۆرینا,
کرێکاران" پارتی کرێکاران, پارتێکی ماوییە و لە ٨ی دیسەمبەری ١٩٩٠
دامەزراوە ", شۆڕشی دیموکراتی, پارتی بزووتنەوەی ھاووڵاتی" پێک بھێنرێت,
وەلێ بەھۆی ململانێی ئەمیلۆ لە گەڵ سەرکردەکانی دوو لایەنەکەی دی ئەم
ھاوپەیمانییە پێک نەھێنرا, پێشتر ھاوپەیمانی و لە یەک پارتیشدا بوون,
مۆرینا لە گەڵ پارتی یەکبونی کریستانی ئینجیلی راستگەرا ھاوپەیمانی کرد,
کە بە پارتی پاراستنی خێزان بەناو بانگە لە مەکسیک, ھەڵوێستی
پارێزگارانەی لە ھەمبەر لەباربردن و زەواجی ھاوِەگەزەکان ھەیە,
ھەرچەندە بڕیار وایە حکومەتی داھاتوو حکومەتی ٨ ژن و ٨ پیاو بێت, وە
ئەمیلۆ سیاسییەکی کراوەیە لە بەرامبەر زەواجی ھاوڕەگەزەکان و لەباربردن.
ئەمیلۆ لە کۆی ٣١ ھەرێمی وڵات, لە ٢٠ی زۆرینە بوو, ئەو دەنگەکانی
زیاترە لە دەنگی ھەر سەرۆکێکی پێشوی مەکسیک, ھیچ سەرکردەیەک بە
ئەندازەی ئەمیلۆ جەماوەری نەبووە لە مێژووی مەکسیکدا, کە بە دروشمی "
ھەژاران یەکەمن" ھاتە پێشەوە, جگە لە لازارۆ کاردیناس لە سیەکان" لارزۆ
کاردیناس ١٩٣٤ بوو بە سەرۆکی مەکسیک , بە ھێنانی ٩٨,٢% ی دەنگەکان و
٢,٢٢٥,٠٠٠ دەنگ " بوو بە سەرۆک کۆماری وڵات, کە زۆر ھەنگاوی گرنگی نا
لەوانە" خوێندن بە خۆڕایی, دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران,
خۆماڵیکردنی کەرتی نەوت, دانی بەڕێوەبەرایەتی ھێڵی شەمەندەفەر بە
کرێکاران".
ھەرچەندە راگەیاندنەکان وا ئیدعا دەکەن کە یەکەمجارە چەپ لە مکسیک
سەردەکەوێت, لێ لە رابردوودا ٣ خول پارتی کرێکاران" ١٩١٩-١٩٤٠ , چەپ"
کورسی سەرۆک کۆماریان بە دەستھێناوە" ١٩٢٨ ئەلیڤارۆ ئۆربیگۆن , ١٩٢٥
پلۆتۆرکۆ ئیلاس کالیاس, ١٩٢٠ ئەلیڤارۆ ئۆبریگۆن " و لارزۆ کاردیناسیش
لە ساڵی ١٩٣٤, کە ھەموو لەسەر چەپ دێنە ھەژمارکردن.
زاباتێستەکان چیان وت و کرد.
زاباتێستەکان چیابایس نەیان ھێیشت سندوقەکانی دەنگدان بچێتە
ناوچەکانیانەوە و بایکۆتی دەنگدانیان کرد, ھەرچەندە لۆبێز یەکێکە لە
داکۆکیکەرانی مافی ھاوڵاتیانی رەسەن , وەلێ مارکۆس سەرۆکی زاباتێستەکان
وتی: لۆبێز کاندیدی چەپی ساختەیە , بۆیە پشتیوانی ناکەین, ئەوان
لایەنگیری چەپی رادیکاڵی ریشەیین.
بزووتنەوەی زاباتێست لە ١٧-١١-١٩٨٣ دامەزراوە ,پێک ھاتووە لە
ھاووڵاتیانی رەسەن و لاھوتی رزگاریبەخشی چەپگەرا . زۆرینەیان لادێین ,
کەمایەتیەکی شاری , باوەڕی سیاسییان بە سۆشیالستی رزگاریبەخشە,لە گەڵ
کۆکتێلێکی ئانارشیزم و دژ بە نیولیبرالیزم و باوەڕ بە ئابووری ھەرەوەزی
کۆمەڵایەتی, بڕیار بە دیموکراسی راستەوخۆ لە رێگای دەنگدانی بە کۆمەڵی
راستەوخۆوە دەدەن,زیاتر لە بۆچونەکانی پۆکچین خاوەند تیۆری کۆمەڵگای
دیموکراتیکەوە نزیکن, چیاباس و رۆژئاوا دوو دورگەن لە جیھاندا پەیڕەو
لەم تیۆرییە سیاسییە دەکەن.
ئەو رۆژەی پەیمانامەی بازرگانی ئازادی ئەمەریکای باکور"ئەمەریکا,
کەنەدا, مەکسیک" ناسراو بە نافتا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە , واتا
١-١-١٩٩٤ ئەوان یاخی بوونی خۆیان راگەیاند,زیاتر لە ٣٠٠٠ گەریلای
زاباتیست پەلاماری شارەکانی تشابایسیان داو زۆربەی شارەکانیان گرت و
زیندانیانی سیاسیان ئازاد کرد, ٢ی مانگ حکومەت پەرچە کرداری نواند و
شەڕ گەرم بوو, دواجار ئاگربەست راگەیەنراو بوونە خاوەند
بەڕێوەبەرایەتیەکی ئەمری واقع لە ھەرێمەکەیان.
ھەرچەندە لۆبێز مێژووی نوێی مەکسیکی گۆڕی, وەلێ بەشی زۆری ھێزە
کۆمۆنیست و مارکسیستەکان پشتیوانی کەمپینی ھەڵبژاردنەکەیان نەکرد.
ئەمیلۆ چی دەوێت؟
ئەمیلۆ لە بەرواری ١٣-١١-١٩٥٣لە دایک بووە,ساڵی ١٩٧٦ تێکەڵاو سیاسەت
بووەو پەیوەندیکردووە بە پارتی شۆڕشی دەستورییەوە, لۆبێز لە حکومەتی
ھەرێمی تاباسکۆ دەستی کێشایەوە و ساڵی ١٩٨٨ پەیوەست بوو بە حیزبی شۆڕشی
دیموکراتییەوە*, ئەمیلۆ لەو چەپانەیە دوای روخانی دیواری بەرلین لە
بازنەی دەسەڵاتەوە پەیوەندی بە چەپەوە کرد.
لە ٢ی یۆلی ٢٠٠٠ ھەڵبژێردرا بە سەرۆکی حکومەتی پایتەختی
نیشتمانی"مەکسیکۆ" بە ھێنانی ٣٨,٣%ی دەنگەکان, لە میانی سەرۆکایەتی
حکومەتی شاری مەزنی مەکسیکۆدا بووە یەکێک لە گەورە سیاسەتمەدارانی وڵات,
کە پۆستەکەی جێ ھێشت ٨٤%ی ھاووڵاتیانی پایتەخت پشتیوانیان لێی
دەکرد,٨٠%ی بەڵێنەکانی ھەڵبژاردنی جێبەجێکرد, دووەم پارێزگاری جیھان
بوو لە روی جەماوەرییەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا"تەنھا پارێزگاری تیرانا ئیدی
راما لە پێش ئەوەوە بوو".
ئەمیلۆ لە ١٢-١٢-٢٠١٧ ئیستقالەی لە مۆرینا دا و وەک سەربەخۆیەک خۆی
کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری مەکسیک.
لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا بڕیاری دا کاربکات بۆ " زیاتر کردن و باشتر
کردنی پشتیوانیە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزاری گشتی و ھاوکاری ھەژاران
و گەشەدان بە کشتوکال و دابینکردنی ئاایشی خۆراک, دژایەتی گەندەڵی,
ھاوکاری قوتابیان و پیرەکان, لێبووردن لە ھەندێک تاوانباران,
ھەڵوەشاندنەوەی پارەی خوێندن لە کولێجەکان, پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەت لە
کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا, گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ھەرێمەکان.
دوای دەرچوونی بڕیاری دا یەکەم ھەنگاوی موچەی خۆی و ستافی حکومەتی
دابەزێنێ و لانی کەمی کرێ زیاد بکات, بۆ ئەوەی بودجە بۆ ھەمووان بێت,
خانەنشینی سەرۆک کۆماری رەت بکاتەوە.
لۆبێز لە ھەڵبژارنی پەرلەماندا دەنگی بە رۆزاریۆ ئیبارا دی بیدرا لە
پارتی کرێکارانی ماوی دا نەک کاندیدانی پارتەکەی خۆی مۆرینا.
بردنەوەی چەپ لە مەکسیک, ورەیەکی بەرزو توانایەکی گەورە بە چەپی
ئەمەریکای لاتین دەبەخشێتەوە بۆ ھەڵسانەوەیەکی دیکە, ئەو چەپەی رەگی لە
خوێنی جیفاراوە بەر دەگرێت, چۆن مەکسیک بووە جێ ژوانی بەیەک گەیشتنی
شۆرٍشگێڕان و دەروازەی پەروەردە کردنی جیفارا, لەم قۆناغەشدا چاوەڕوانی
ھەڵسانەوەیەکی کەین.
*کواوتیمۆک لە ١ی مایۆی ١٩٣٤ لە شاری مەکسیکۆ سیتی لە دایک بووەو
لەوکاتەی لازارۆ کاردیناس سولورزانۆی باوکی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی
سەرۆک کۆماریدا بوو, شانازی دەکرد کورەکەی لە یەکی ئایار لە دایک بووە,
بە سەرۆکی ئەخلاقی بەناو بانگە بەھۆی ئاکار و رەوشتییەوە, نەیاری
لیبرالیزمی نوێیە, پشتیوانی دەکات لە سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی
ھەژاران, ٢٥ ساڵ لە ریزی پارتی پی ئاڕ ئای دەسەڵاتدار بوو, ٢٥یش سەرۆکی
پارتی شۆڕشی دیموکراتی بوو تا لە ٢٠١٤ دەستی کێشایەوە لە سەرۆکایەتی
پارتەکەی.
تەنانەت کواوتیمۆک کاردیناس بەشداری ھیچ ھەڵمەتێکی پارتەکەی نەکرد لە
بەرامبەر لۆبێزی کۆنە قوتابی خۆی, بەھۆی ئەوەی تیپی بانگەشەکەی زۆر
کەسایەتی راستگەرای سەربەدەسەڵاتی تێدا بوو, تەنھا دەنگی بە پارتەکەی
شۆڕشی دیموکراتی دا.
alimahmud2001@yahoo.com
|
       |