په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠١٩

چەپکە هۆنراوەیەک.

- ١٣ -

عەلی حەمەرەشید

فەرهاد ئەحمەد

 

  ساڵی تازەی خوێندن.

عەلی حەمەڕه‌شید

ساڵی تـــازەی خوێندنە
خــۆشـــترین رۆژی منە
بـــۆ پۆلێکی نوێ دەچم
دڵ پــــڕ ھیوای مـەزنە

خاوەنی خولیا و بەھرەم
بۆ پێشوازی ئامــــادەم
ئەمساڵیش وەکو ساڵان
سەرکەوتن تۆمار دەکەم

بۆیە ھەر لــــە ئێستاوە
بـــە گشت ھێز و تواناوە
بە بەرنامە کــار دەکەم
چــــالاک و بە بڕواوە.

١\٩\٢٠١٩

 


   
نیشتیمانی ماسی.
لای رووبارێک وەسـتابووم
ماسییەک بوو بە ھاوڕێم
ئەو ســەمام بۆ دەکات و
من گــــۆرانی بۆ دەڵێم

ماندوو دەبێ جار جارێ
بە ھێواشی و لەســەرخۆ
بەرەو تەنکاوەکـان دێ و
دەکــــــەوینە گفتوگۆ

رۆژێکیــــان نزیک بۆوە
وتی ھـــاوڕێ گیان سڵاو
نیشــــتمانی من ئاوە و
خۆشــــم دەوێ وەکو چاو

بە بێ ئاو منی مـــــاسی
بێ لانە و نیشـــــتمانم
چونکە بێ ئەوان نـــاژیم
روناکین بۆ چــــــاوانم

منیش وتم وەک تـــۆ وام
ئەی ھاوڕێی بچــکۆلەکەم
نیشتمانم خۆشـــدەوێ و
شانازی پێوە دەکــــــەم.

٥\٥\٢٠١١
ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 

 

  دایکم.

فەرهاد ئەحمەد

کەسیکی زۆر دڵسۆزە
چاوانی پڕ گەشبینی
دڵخۆشم بە بینینی
شەو و ڕۆژ بە بەردەوام
بۆ گەیشتن بە هیوام
ڕێی ڕاستم پیشاندەدات
بۆ چاکە هانم دەدات
لە خۆم زیاتر پەرۆشە
کە دڵخۆشبم، دڵخۆشە
بۆیە بەڵێن بێت دایە
ڕەنجت نادەم بەزایە
گشت ئامۆژگاریەکانت
وتە و کردەوەکانت
دەکەم بە یاسای ژیان
ڕۆشن وەکو دەم بەیان
پاشەڕۆژ کە گەورەبوم
دەڵێم پەروەردەی تۆ بووم
هەوڵ و ماندوبونی تۆ
منی گەیاندە ئەمڕۆ
باشترین ژن لە جیهان
لە لای من، تۆی دایەگیان.

   
سەردان.
گوێم لێبگرن منداڵان
من کە دەچم بۆ ماڵان
لەگەڵ دایک و باوکی خۆم
زۆر هێمن و لەسەرخۆم
ڕێز لە خاوەن ماڵ دەگرم
بیانووی نابەجێ ناگرم
ئەگەر منداڵیان هەبوو
دەبمە هاوڕێی زووبەزوو
یاری لەگەڵدا دەکەم
وەک خۆم ئاسوودەی دەکەم
کەلوپەلی ناشکێنم
لە خۆمی ناڕەنجێنم
رەوشتی سەردان وایە
دوور لە شەڕ و هەرایە۰.


farhad.ahmadbarznji@yahoo.com
۲۰۱۹

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک