په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٦\٢٠٢٠

چەپکە هۆنراوەیەک.

- ١٩ -

فەرهاد ئەحمەد

رەزا ساڵح

عەلی حەمەڕەشید

    کەروێشکە سپی.

فەرهاد ئەحمەد

ئەو کەروێشکە سپییە
جوانە لە وێنەی نییە
هەتا بڵێی نیانە
خنجیلەیە و خەپانە
هەمیشە من حەزدەکەم
یاری لەگەڵدا بکەم
دێم و دەچم لەگەڵیا
دەیدەمێ گێزەر و گیا
ئازاری یەکتر نادەین
لەگەڵ یەکتر لێبووردەین
ئەویش زۆر ئاسوودەیە
هاوڕێی وەک منی هەیە.۰

 

farhad.ahmadbarznji@yahoo.com

 

 

 

  ژینەگەپارێزم.

ره‌زا ساڵح

جــــوانـە ســـروشـتی کوردســـتـانـم
تـاڤـــــگـە و چـــــەم و دارســــتـانـم
گـــوڵ و گــــوڵـزاری رەنـگــــــیــنـم
خــــاکی شــــیـریـن و زەنـگـــــیــنـم
بـە دڵســۆزی و ســـۆز و رێــــــــزم
ســـرۆشـتی جـــوانی دەپـارێــــــــزم
مـن هـەرگــیـز گــــوڵ نـاوەرێــــــنـم
پـەپـــوولە و هــــەنگ نـاتـۆرێــــنـم
گـوڵ لـەســەر لـق گـەش و جــوانـە
کـــەو و ئـاســکـەش لــەو کـێــوانـە
دۆسـتی ژیـنـــگـەم جـوانـیـخــــوازم
کـوردســــــتـانـە راز و نـیــــــــــازم.

 

٢٠٢٠ - نەرویـج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

    منی منداڵ.

عەلی حەمەڕه‌شید

دایە گــیان منی مــــــنداڵ
بابە گیان منی مـــــــنداڵ
مافی خۆمە سەربەســت بم
ئاســـــــوودە بژیم لە ماڵ
کاری قورســـم پێ مەکەن
لە خوێندنیش دوام مەخەن
بۆ مەبەستێکی خـــــۆتان
منداڵییم لێ تێک مـــەدەن
چـــــــونکە جیهانی منداڵیی
خۆشـــــترین کاتە لە ژین
با بە ئارەزووی خــــۆمان
ئەو خۆشییە بچــــێژین
کاتێک پرسیارێک دەکەم
بۆ ئەوەیە تێبگـــــــەم
بە رووما ھەڵمەشـــاخێن
وەڵامــەکـــــەم پێ بڵَێن
ئەگەر رۆژێک لــە رۆژان
داوای شتم کــــرد لێتان
تواناتان نەبوو بیکـەن
قەت بەڵێنم پێ مەدەن.

 

١٨\٧\٢٠٠٠

 

    نەشمیلە.
نەشمیلە و شیرین شێوەم
جێگـەی سەرنجی ئێوەم
کە دەمبینن بە جـــارێ
خەندە و خۆشیی دەبـارێ
بۆ بابـە و دایـە گیانم
ھیوای بــــەرزی ژیانم
بۆ بابـە و دایـە گەورەم
ھۆی ئاسوودەیی و خەندەم.

 

٢٠\٥\٢٠٢٠


    زمانی دایک.
زمانەکـــەم کـــوردییە و
شانازیی پێوە دەکــــــەم
ئەو باشترین بەڵگــــەیە
دەیسەلمێنێ کــە من ھەم

بۆ پێشخستنی زمــــان
ھەمیشە لــــە ھەوڵدام
وەک چــاوم خۆشمدەوێ
ھێندە شیرینە لــە لام

پارێزگـــــاریی کردنی
ئــــەرکی درشت و وردە
چونکە زمــــانی دایک
ناسنامەی ئێمەی کوردە.

 

٢٣\٢\٢٠١٩


    سێو.
سێوم خـۆش و بە تــــامم
بۆ ئێـوەی خۆشـــەویستم
ئاگـــــــاداربن منداڵان
میوەیـــــەکی پێـویستم

رەنگم سوور و سـەوز و زەرد
یان مزر یـــــان شیرینم
ئــــــاو و ریشاڵـم زۆرە
ســەرچـــاوەی ڤیتامینم

من ھـــــۆی بەھێزکردنی
مێشک و دڵ و نێو گــەدەم
لــــە دوای شتنەوە بمخۆن
وزەی باش بە لـەش دەدەم.

 

٦\٢\٢٠٢٠


    بۆ جوانیی ژینگە.
ئـــەم ژینگەیە نــازدارە
تـا خاوێن بێ جوان دیارە
گـــەورە و بچــووک پێکەوە
ھـەر ھەمووی بەرپرسیارە
با ھـەر کەسەو لە لای خۆی
دڵســــۆزیی بنوێنێ بـۆی
بە کـــــار و بە کــردەوە
وەک ئەرکێک بێ لە ئەستۆی
کە ھــــاوڕێیەک لە شوێنێ
دێ نــەمــــامێک دەڕوێنێ
ئێمەش وەکو ئـــەو دەکەین
خۆشیی بۆ دڵمــــــان دینێ
ھاوڕێکــــانی تریش دێن
بە دوامــــــاندا دەگەڕێن
سەرو نەمــــــام دەھێنن
لـــــەو ناوەدا دەیڕوێنن.
 

٢٤\١\٢٠٢٠

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک