په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠٢١

چەپکە هۆنراوەیەک.

- ٢٣ -

 

عەلی حەمەڕەشید

محەمەد بەرزی

    سروودی ھەنگاوی گەشبینیی.

عەلی حەمەڕه‌شید

بە گەشبینیی ھەنگاو دەنێم
با ھەوراز و سەختیش بێ ڕێم
باکم نییە لە تاریکی
چونکە لەگەڵ خۆردا ھاوڕێم
    .    .    .
بەرەو ئاسۆی ھیوا دەڕۆم
کە خۆشترین خەونیشە بۆم
کۆڵنادەم و بەردەوامم
بڕوای زۆرم ھەیە بە خۆم
    .    .    .
بۆ گەیشتن بەو ھیوایە
خۆشەویستیم لە دڵدایە
بۆ خۆم،بۆ ژین،بۆ ھەرکەسێک
ھاوڕازمبێ لەو ڕێگایە
    .    .    .
دەڕۆم دەڕۆم دوا بڕیارە
لە ھەوڵدام بۆ ئەو کارە
گوێ بە قسەی ھیچ کەس نادەم
لووتکەی ھیوام لێوە دیارە.


٧\١٢\٢٠٢٠


   
چیڕۆکەکانی داپیرە.
کە داپیرەی ئازیز دێ
ھەندێکجار
دەچم بۆ لای دەستبەجێ
بۆ پرسیار

کەمێک بیردەکاتەوە
دێتەگۆ
وەڵامـــم دەداتەوە
لەسەرخۆ

بە چیرۆکی خۆش خۆشی
ئاسودەم
سەرم دەخاتە کۆشی
بەبێ خەم

فێری کردووم بپرسم
چالاک بم
بوێربم و نەترسم
بێباک بم

زانیاری باشی لایە
داپیرە
مرۆڤێکی وریایە
زۆر ژیرە.


٣١\٧\٢٠٢٠


  
 ژووری وێنەکێشان.
ئەمڕۆ ژووری وێنەکێشــان
پڕ پڕە لە منداڵی جوان
زۆر دڵخۆش و شادومانن
خــەریکی وێنەکێشانن
بەخۆشەویستیی و خولیاوە
پێویستییەکانیان ھێناوە
وا ڕەنگەکان تێکەڵ دەکەن
توانا و بەھرەیان دەردەخەن
تا ڕەنگی تر دروست بکەن
نیشانی مامۆستای بدەن
گیانی یارمەتی و ھاوکاری
ژوورەکەی کرد بەجێی یاری
ھێندەیان وێنە کێشاوە
لەلای خۆیان دایان ناوە
مامۆستاش دەم بە پێکەنین
دەڵێت گوڵەکان ئافەرین.


٤\٧\٢٠١٨


   
پێشانگەیەک بە خەیاڵ.
خۆش بوو وەکو سـنەوبەر
باڵام بەرز و ڕێک بــووایە
تــا بە کامێرای خــەیاڵ
ھـەر وێنەم بگـــــرتایە
وێنەی ئەو باخچە جوانەی
گوڵ و پەپــوولەی تیایە
یان نیشتمانی مــــاسی
کە ڕوبـار و دەریـــــایە
یان وێنەی شــــاری یاری
کە بە منداڵ ئـــــاوایە
وێنەی بەبە بچکــۆلەش
لە نێو بـــــاوەشی دایە
وێنەی بـابەی شیرینیش
کە خــەندەی لە لێودایە
 *   *   *
ئەوسا گشــت وێنەکانم
دەخســتە ناو چوارچێوە
دەمکرد بە پێشـانگایەک
ھەتــــــا بیبینن ئێوە.


٢٠\٦\٢٠١٢

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 

    جۆلانە.

محەمەد بەرزی

جۆلانەکەم جۆلانە
بم بە بۆ ئەو ئاسمانە

با وەکو با بۆی بفڕم
شێوەی ئەستێرە بگرم

تێر تەماشای دنیاکەم
لە خۆشیانا سەماکەم

ماڵی خۆمان ببینم
دیاربێ دایکی شیرینم

دادە و باجی باخچەکەم
سەرو ماچیان بۆ هەڵدەم

بابە گیان پاڵێ بنێ
با بفڕم بە دیلانێ.


٥\٦\٢٠٢١


   
شاخی گۆیژە.
وەرە بـڕۆیـن بـۆ گـۆیـژە
وەک مـن دارێ بـنـێـژە

دوێـنـێ دارێـکـم ڕووان
بـاوکـم هـات کـردی بـە دووان

بـە خـاک و خـۆر و بـاران
پــەل دەهـاوێ بـۆ ئــاسـمـان

هـەوای پـڕ ئـۆکـسـجـیـنـە
بـۆ ئـێـمە مـایـەی ژیـنـە

ژیـنـگـەمـان پـاک ڕادەگـرێ
بـەری ڕەشـەبـا دەگـرێ

مـنـیـش شـادم بـەو دارە
بۆ جـوانی شـاخ و شـارە.

___________________________________________________

تێبینی: ئەم هۆنراوەیە لە دوای سوتانی شاخی گۆیژەی شاری سلێمانییەوە نووسراوە.


١٢\١٢\٢٠٢٠
mkbarzy@hotmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک