

ناڵه حه‌سه‌ن
له‌نێو خه‌ونێکی
به‌هاریت
خه‌ونێکی پڕ له بارانی ته‌ڕ
به پێنووسه ماسۆشیه‌کانی ڕۆحی خۆت
وێنه‌یه‌کم بکێشه و
له‌ژێر ڕێژنه‌بارانی دوای نیوه‌ڕۆیه‌ک
جێم بهێڵه .
یان ، له‌نێو دڵۆپه فرمێسکه‌کانی
سه‌ر ڕووخساری پایزێک و
له‌نێونیگه‌رانیه هه‌ناریه‌که‌ی
نێو چاوه‌کانی خۆرئاوابوونێک
جێم بهێڵه
یان ، به‌ڕێنووسه ئیرۆسیه‌کانی خه‌یاڵ
بم نووسه‌وه و
له گۆشه‌یه‌کی تاریکی مه‌یخانه‌یه‌ک
له ته‌نیشت مه‌رگی کێڵگه‌یه‌کی گوڵه‌گه‌نم
له‌بن دیواری په‌رستگه‌یه‌ک
جێم بهێڵه .
بم نووسه‌وه و
بم ده‌ره‌ده‌م ڕه‌شه‌بایه‌ک
که پڕاوپڕه له مه‌رگی خاک
بم ده‌ره‌ده‌م ده‌ریاچه‌یه‌ک
که پڕاوپڕه له مه‌رگی زه‌مه‌ن
بم ده‌ره‌ده‌م بورکانێک
که پڕاوپڕه له مه‌رگی هه‌تاو
که به‌یانیش له خه‌و هه‌ڵسای
له ڕێژنه‌بارانه‌کانی
نێوخه‌ونه به‌هاریه‌که‌ت بڕوانه
له دڵۆپه فرمێسکه‌کانی
سه‌ر ڕووخساری پایز و
له نیگه‌رانیه هه‌ناریه‌که‌ی
نێو چاوه‌کانی خۆرئاوابوونت بڕوانه
له گۆشه تاریکه‌که‌ی مه‌یخانه و
له مه‌رگی کێڵگه‌کانی گوڵه‌گه‌نم و
له بندیواری په‌رستگه‌کانت بڕوانه
دوور دوور بڕوانه
له‌و ڕه‌شه‌بایه‌ی
که پڕاوپڕبوو له مه‌رگی خاک
له‌و ده‌ریاچه‌یه‌ی
که پڕاوپڕبوو له مه‌رگی زه‌مه‌ن
له‌و بورکانه‌ی
که پڕاوپڕبوو له مه‌رگی هه‌تاو
دوور دوور بڕوانه
هه‌ر هه‌مووشیان پڕاوپڕن
له خه‌ونه ته‌ڕه‌کانی تۆ
له خه‌مه ماسۆشیه‌کانی عه‌شقی تۆ
له کۆچ و هاوار و شه‌پۆڵ و
گۆرانیه کۆچه‌ریه ڕه‌شماڵیه‌کانی تۆ !
یان بۆ شه‌وی
دواتر
له‌نێو دیوانه شیعرێکم
بمێنه‌وه و له‌وێدا
له‌نێو یاده‌وه‌ریه‌کانی منیش
وێنه‌کانی خۆت و
ڕووتبوونه‌وه‌کانی خۆت و
نامه‌کانی خۆت بخوێنه‌وه
ئه‌و شیعره‌یشم بخوێنه‌وه
که ئاسمان
له بازنه‌ی سووڕانه‌وه‌کانی
مانگ و خۆر و ئه‌ستێره‌کان ،
بێزار ده‌بێ و
له حه‌ژمه‌ت دڵته‌نگیه‌کانی خۆی
ڕاده‌کات و دێت
له‌نێو چاوه‌کانی من ، ده‌مێنێته‌وه
یان ئه‌و شیعره‌م
که گه‌رده‌لوول
له حه‌ژمه‌ت مه‌راقه‌کانی خۆکوشتن
بیابان و پێده‌شته‌کان جێ ده‌هێڵێ
دێت و له نێو سییه‌کانی من ، ده‌مێنێته‌وه
یان ئه‌و شیعره‌ی
باسی کچۆڵه عاشقه‌کان ده‌کات
ئه‌وانه‌ی له ترسی مه‌رگ
ڕایان کردووه و هاتوون
له نێو ژووره‌کانی دڵی من
خۆیان شاردۆته‌وه و
له‌وێدا
چیرۆکی ژووانه‌کان و
یه‌که‌مین ماچ و
یه‌که‌مین ئاوێزانبوونه فه‌ریکه‌ییه‌کان و
چرکه‌ساته‌کانی یه‌که‌مین
توانه‌وه‌یان ده‌نووسنه‌وه
به‌نێو قووڵایی ناخ و ده‌روونم دا بڕۆ
گوڵه گیان
دوور دوور بڕۆ
ده‌مار به ده‌ماری عاتیفه‌م
هه‌موو غه‌ریزه و مه‌راق و نهێنیه‌کانم
بخوێنه‌وه
هه‌موو وێنه‌کانی ته‌مه‌نم ته‌ماشاکه
شه‌وه پڕ شه‌هوه‌تیه‌کان و
ترس و فۆبیا و نیگه‌رانیه‌کانم ببینه
یان ئه‌و وێنه‌یه‌ی
له‌دوا به‌رگی دیوانه‌که‌م دامناوه
چه‌ند خه‌مناکانه ده‌ڕوانم
بیرم نایه له‌وکاته‌دا
له‌ژێر که‌پری کام یه‌کێک
له بێستانه‌کانی خه‌یاڵ بووم
بڕوانه گوڵم دوور دوور بڕوانه
له‌نێو شه‌قامه هێمنه‌کانی نێو نیگام
له‌نێو ڕامانه ئه‌ندێشه‌ییه‌کانی خۆت
مه‌رگی باخچه و
مه‌رگی خۆره‌تاو و
مه‌رگی وه‌رزه‌کان ،
ببینه ..
که چۆن به‌یه‌که‌وه پیاسه ده‌کان
ڕامه‌چڵه‌کێ
ته‌نها سڵاوێکیان لێ بکه و
هیچی تر !
له کۆتاییش
له‌نێو یاده‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و شه‌وه‌ت
له‌نێو دیوانه شیعریه‌که‌م
به ڕێنووسه‌کانی زه‌رده‌خه‌نه‌ت
بم نووسه‌وه وه‌کو خۆم
وه‌ک هه‌میشه ،
خۆشت بوێم وه‌کو خۆم
هه‌ر له‌نێو دیوانه شیعریه‌که‌مدا
وه‌کو جاران
به دزیه‌وه ماچم بکه و
له نێو سێبه‌ری باڵای خۆت بم شاره‌وه
به‌وقه‌ڵه‌مه‌ش
که لێوه‌کانتی پێ سوور ده‌که‌ی
وێنه‌یه‌کم بکێشه
به‌ڕه‌نگه خۆڵه‌مێشیه‌کانی شیعریش
ڕه‌نگم بکه
خۆم و وێنه‌کانی نێو دیوانه شیعریه‌که‌م
له نێو ئه‌ڵبوومی ئاره‌زووه‌کانت
یان له‌نێو ده‌لاقه‌یه‌کی ته‌مه‌نی خۆت
هه‌ڵمان بگره و
خۆت و یاده‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و شه‌وه‌شت
له‌نێو دیوانه شیعریه‌که‌م و
له‌نێو ژیاننامه‌ی عه‌شقی من دا
وه‌ک تۆته‌مێکی خودایی
بۆ هه‌تاهه‌تایه بمێننه‌وه !
فێبریوه‌ری
2009
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

گه‌شبیر
ئه‌حمه‌د
ئیتر نامه‌م بۆ
مه‌نێره
به‌نیاز نیم بیخوێنمه‌وه
تۆ که له رۆحمدا نه‌مای
حه‌ز ئه‌که‌م بۆت بنێرمه‌وه؛
*
هه‌ر په‌یامێ تۆ بینێری
به‌ر له بینین ده‌یناسمه‌وه
نامه‌وێ هیچم پێ بڵێی
چونکه وه‌ڵام نا‌ده‌مه‌وه؛
**
ته‌مه‌نێ چاوه‌ڕێم کردی
ئاوڕت لێ نه‌دامه‌وه
چۆن بتوانم جارێکی تر
دڵم به تۆ بده‌مه‌وه
***
وه‌کو جاران ڕه‌نگی جوانی
له سیماتا به‌دی ناکرێ
ته‌نیا شیعرم وه‌ک خۆی ماوه
نامه‌وێ خه‌م یه‌خه‌ی بگرێ؛
****
ئه‌و سه‌رده‌مه خۆشم ویستی
که خه‌می سامانت نه‌بوو
سه‌روه‌تی من دێڕێ شیعره
له جاران لام پیرۆز تر بوو؛
*****
که ئه‌تزانی من هه‌ژارم
بۆ دڵی خۆت دایه ده‌ستم
تۆ له کۆشک و ته‌لاردای
منیش له مه‌یخانه مه‌ستم؛.
به کاتی شکانی ئاوێنه‌یه‌ک
کۆتای پاییزی 2006
gashbir@hotmail.com
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


ئومێد خۆشنووس
به هه‌ده‌ر چو ئه‌م ئه‌وینه لــــــێ‌گه‌ڕێ نـــــــــاگه‌ڕێته‌وه
له جــــــوانی ته‌مه‌نی بردم مه‌حــــــــــاڵه سه‌وز بێته‌وه
چ بکه‌م له‌و گوڵه‌ی تا ئێســــتا یادگارێکه له لام ماوه؟
له نێو په‌رتوکی ئه‌به‌دی،هه‌ناســـــه‌ی ژینی بـــــڕاوه!
بۆ فه‌نات کرد
بزه‌ی لێو و خه‌یــاڵی به‌هه‌شتی سبه‌ی؟
زه‌مـــانێ بو پێت ده‌وتم تۆ به‌هــاری جوانی وشه‌ی ؟
بۆ هه‌ر ده‌وارێ رێ ده‌که‌ی له‌مڕۆ به دواوه ئــازادی
ئیدی چیدی هه‌ور نـــــــــابم بۆ بارانی نــــــامورادی
دڵنیا به دڵـــــی نــــــــــابێ ئـــــــــامێزت بۆ بکاته‌وه
چون ره‌شه مێژوی ئه‌وینت،وه‌فاش پاکت نـــــاکاته‌وه
گه‌ر ئه‌مزانی ئه‌م خامه‌یه ئــــــــــاوا ده‌مان نوسێته‌وه
کوێرانه ئه‌ویش رێ ده‌کا،وا خۆی ده‌دا به ده‌ســـته‌وه
پێم ئه‌وت تۆ وێڵی چی بوی بڕۆ دور به له‌م بۆسـه‌یه
با تۆش وه‌کو من نه‌سوتێ‌ی دڵم کوشته‌ی ئه‌و زامه‌یه
به نیگای چــــــاوی جوانان دڵ کڵۆڵه ئه‌ســــیر ده‌بێ
شه‌ڕی چـــــاوه وا لێ ده‌کا،داخداره بێ ته‌کبیر ده‌بێ
سوید ـ ئێسکلستونه
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------

هه‌ژێن
ساڵه‌ها بوو،
سه‌رزه‌وی دڵم
سیاچاڵێ بوو،
نامۆ به‌تیشکی خۆر
هه‌موو ڕۆژێ،
ده‌یان خۆزگه‌ی کرچ و کاڵم
چون کۆرپه‌له‌ی له‌بارچوو،
له په‌ڕاوی یاداوه‌رییما
چه‌ند لاپه‌ڕه‌یێ کفنم،
به‌باڵایان ده‌بڕی
له‌ته‌ک یه‌که‌م نیگات
له کڵاوڕۆژنه‌ی چاوانته‌وه
پلووره‌وارانی ئه‌وینت
له قوڵایی دڵم ئه‌نگاوت
له‌و ڕۆژه‌وه، به‌ری به‌یان
به‌ر له هه‌ر شت،
دێمه جێ ژووان
تا له ئاوێنه‌ی چاوانتا
پڕ به تاسه‌م،
خۆزگه‌م، تیشکی خۆر ماچ کات.
hezhean@gmail.com
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


بێکه‌س
خه‌لیل
توخوا ئازیز
هەرگیز نەکەى
داواى دڵداریم لێبکەى
چونکە گیانە
جارێ لە دوور
گڕى عەشقێ لێمى داوە
هەر لەوساوە
دڵى منى پێ سوتاوە
گەر ئەمجارە گڕى عەشقێ
لە نزیکەوە لێم بدات
ئاخۆ دەبێ چیم لێبکات؟
دڵنیامە
دڵدارى نێوانمان چابێ
چەند ڕۆژێکى بەسەر دابێ
هاکا بینیت !
یەکێ هات و داى بەگوێتا
کوڕە گەنجە دڵدارەکەت
ئەمجارەیان تەواو سوتا
ئەمجارەیان تەواو سوتا.
2001ته‌مووزی

دێتە بیرم پێت دەگوتم
سەفەر بکە
هەمیشە هەر لەگەڵتدام
بۆ کوێ بچى
وەک سێبەرت بەدواى تۆدام
لەو کاتانە گومان دڵى بەرنەدەدام
دەمپرسى لێت
چۆن بەرگەى دوورى من دەگرى؟
چۆن دەتوانى کەکۆڵ نەدەى
ڕۆژانى دوورى و تەنیایی
تۆ چۆن دەبڕى؟
لەو کاتانە بێباکانە
وەڵامى پێدەدام
پێت دەگوتم
دەتوانم و بەرگە دەگرم
من دارێکم، دارى وەفام
وەفا دەگرم وەفا دەگرم!
هاوینى
2008
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


هێمن
بـابـان
لەهــەر شتێک
هاتۆتە ڕێم
پەشیمــان نیم
نە لە شەو نوێژى شەوانا..
نە لە پێکى سەر مێزى مەیخانەکانا..
پەشیمان نیم
لە ووجودم لە هەبوونم
لەشەکەتى و ماندووبوونم
پەشیمان نیم
نە لە شیعرا
نەلە خەباتى نووسینا..
تەنیا لە تۆ پەشیمانم
لە هەڵەى یەکتر ناسینا..
*
* *
گەر عەشقى تۆم نەناسیبا
نە پێکى خەمم دەنۆشى
نە عومریشم وا پیردەبوو..
نە دێرێ شیعرم دەنووسى
نە تاڵێ مووم سپى دەبوو..
نا دڵنیام وا نەدەبووم
نە شارەزاى
شەقامەکانى شار دەبووم..
نە شارەزاى
کونجى مەیخانەکان دەبووم..
لە وەتەى من تۆم ناسیووە
خۆ نازانم
دونیا ڕۆژە یاخود شەوە..
خۆ نازانم
بە ئاگامە؟
یا دێوەزمەى قوڵى خەوە..
hemnbaban@yahoo.com
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


به‌ندی
عه‌لی
دوێنێ به‌شێک بوو
له‌شه‌ره‌ف
شه‌ره‌فی مانه‌وه‌ی ژیان
له‌نێو جه‌هه‌نه‌می جه‌نگا
شه‌ره‌فی وون نه‌بوونی حه‌ق
له‌جه‌گه‌ڵی ناهه‌قییا
شه‌ره‌فی سه‌ربه‌رزیی جوانی
له‌مل که‌چیی قه‌باحه‌تا
شه‌ره‌فی لێو له‌پێکه‌نین
شه‌ره‌فی دیده له‌نیگا
شه‌ره‌فی گوێ له‌بیستنی
ئاوازه خۆماڵییه‌کانی
که‌وو سوێسکه
شه‌ره‌فی زار له‌چڕینی
قریشکه‌کانی نیشتیمان
زۆر ئه‌ترسم
ئه‌مڕۆ ، هه‌ر خۆی
جوانی خه‌ڵتانی تێزابی قه‌باحه‌ت و
شه‌ره‌ف شه‌ڵاڵی شه‌رابی
کۆنی داب و
ژیان بسپێرێ به‌عه‌ده‌م
جوجه‌ڵه‌کانی ئومێدیش بداته به‌ر
ڕه‌هێڵه بارانی گولله‌ی
وێڵی قه‌ده‌ر.

هاوڕێیه‌کی به‌ئه‌مه‌که‌و
هه‌موو وه‌رزه‌کانی ته‌مه‌ن
شانازیمان پێوه ئه‌کا
ئه‌و ده‌مانه‌ی زه‌ڕنه‌قوته‌ی هه‌ڵکوڕماوی
باخچه‌یه‌کی ساوایانین
له‌گه‌ڵمانا شیر ئه‌نۆشێ و
فێری به‌سته ساده‌کانی ژیان ئه‌بێ
من مناڵێکی ساوام
ئاشتی و ئه‌وینه داوام
که‌بووین به‌مێرد مناڵێکی
زیت و ووریاش
له‌گه‌ڵمانا
له‌یه‌که‌م ڕۆژه‌وه فێری
دارا دوو داری دی ئه‌بێ و
دانه‌دانه‌ش
پلیکانه‌کانی په‌یژه‌ی زه‌مه‌ن ئه‌بڕێ
تائه‌گینه دواترۆپکی بڵندی فام
هاوڕێیه‌کی به‌ئه‌مه‌که‌و
شانازیمان پێوه ئه‌کا
ته‌نیا له‌و کاته‌دا نه‌بێ
که‌وه‌ک مه‌ته‌ڵ
له‌سه‌ر سنگی هه‌ڵئه‌نیشێ
مۆته‌که‌ی میرێکی گه‌نده‌ڵ.
2009
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


زمکان
عەزیز
1. پڕم لە خاڵی.
ئەم شەو
ھەر من و ھەر شوشەیەک
ھەر ئەو و ھەر من
منی خاڵی و ئەوی پڕ
من نیوە ئەبم کە نیوەی ئەو ئەخۆمەوە
ئەو پڕ ئەبێ کە ڕووت و قوتی ئەکەمەوە
لەگەڵ خۆی ئەمخەوێنێ
ئەوی خاڵی و منی پڕ.
2.
دەرگایەکی تەزیو لەو دیو پیامائەکێشێ.
شوشەیە شەرابە
ئەم ئێوارەیە .. باڵی گرتووم و
لەسەر شەقامەکە ڕامئەکێشێ
فڕێم ئەداتە ناو کوچەی مەی و
سوچە چۆڵەکانی خەیاڵ
لەو شەقامە ھەموو دەرگاکان ئەمناسنەوە
ھەر من دەرگاکەی خۆم ناناسمەوە
شوشەیەک ئەمباتەوە
ئەم شەو ..
لەسەر سنگی خەیاڵ ئەمخەوێنێ.
3. دواھەمین سەرخۆشی ئەو مەیخانەیەم.
ئەم شەو
بەسەر شانی شوشەیەکەوە شۆڕ ئەبمەوە
ئەمباتەوە و
ڕامئەخات دڵۆپ دڵۆپ گازم لێئەگرێت
ڕامئەخا من نوستووم
ئەو ئەتکم ئەکات
نوستو بووم
بەیانی لەسەر لیباسە شەرابیەکەی
چڕنوقێکی بەجێھێشتبوو.
4. دوو
دەنک ترێم خستە ناو چاوەکانمەوە.
ئەم شەو
ملی ئەم شوشە ئەگرم و
قوڵپ قوڵپ ئەیڕژێنمە ناو خۆمەوە
خاڵیم ئەکا و خاڵی ئەکەمەوە
ئەم شەو .. تامی ئەو شوشە لێو تەڕە
تاڵ .. تاڵڵڵڵڵڵڵڵڵڵڵڵڵڵڵ ..
بە پەنجە شمشاڵیەکانی
تەلی گیتاری .. گریانم ئەژەنێت.
5. بە
تەنیشتمەوە شوشەیەک لەسەر شان کەوتووە.
ئەو شوشە
ئەم شەو
جگەرەیەک لە ناومدا ئەسوتێنێ و
دەست و پەنجە تەزیوەکانی
فڕێ ئەداتە ناویەوە
ئەم شوشە لێو خەنەییە
ئەو شوشە سەرخۆشە
ئەم شەو
دەم بە لێوەکانمەوە ئەنێ و
مژێک بۆ ئەو سیغارە سەر قەترانیەش ناھێڵێتەوە
داگیرسان لە دوای داگیرسان
مژ لە دوای مژ ..
دواھەمین کوژانەوەم و
تەپڵەکێکی پڕم لە سوتان
ژوورەکەشم پڕ دەبێ لە بۆنی گوڵە توتن
بە تەنیشتمەوە ھەنوکە شوشەیەک
لەسەر شان کەوتووە ..
5. گەورەم
بکە ئەی بچوک تا ھەمیشە بچوکت بم.
لەم شوشەدا
کە سەرخۆش ئەبین
ھەمومان بچوک ئەبینەوە
کە مەستیشین .. شوشەکان ئەشکێنین.
6. دوێنێ
بوو تەنیایی بەیانیشی لێبردمەوە.
ئەو شوشە لە ژوورەکەمدا
شکاوە و
منی بەسەر تەنیایدا ڕژاندووە
تەنیایش لە من مەسترە
ئەم شەو.
7. مەستانە
ئەو کچەی لە ناو شوشەیەک شەرابدا ئەتگرێ.
ئەم شەو
تامی تفتی مێوە پیرەکەی عەدەمە
تەرزی منداڵی لە پەنجەرەکەم
ھەڵپێچیوە ..
ئەو پەنجەرە دەمێکە
نوزەی ڕوناکی لێوە نایەت
مێوی عەدەم
شەو نیە دەنکە ترێیەکم تێنەگرێ و
مەستانەش بۆ سەما بەرزم نەکاتەوە
سەما لەناو شەو.
8. لە
قیژەی بێدەنگی دڵم کەڕ بوو.
ئەم شەو
پەرداخە شکاوەکەی بێدەنگی
تامی تفتی خۆمی گرتووە
یان ..
خۆمم لەسەر لێواری کەوتن
ئەم شەو
وەختە بکەوم و بڕژێمە ناو
شوشەکەوە.
9. گەڕام
لە ناو خۆڵەکەدا خۆمم نەدۆزیەوە.
ئەم شەو
ئەو شوشە شەرابە
دەمنۆشێت و دەمشکێنێت
بە خاکەنازی زبڵەکە کۆم ئەکاتەوە و
فڕێم ئەداتە ناو خۆڵەکەوە.
10.لە
حەرەم سەراکەی شەرابدام.
ئەم شەو
ئەو شوشە بەسەر خۆمدا ئەڕێژم
پرچی تەڕی خەیاڵ
بەسەر سنگە پیرەکەی تەنیاییدا دێنم
بەیانی تەنیاترین سەرخۆشم
بۆنی ترێم گرتووە.
11. من
ئەھلی شکانم ئەی موعتاد.
ئەم شەو
ئەو شوشە
لە من تەنکترە بۆ شکان
لەم کۆڵە پشتە موعتادەی مەست بوندا
قومێ ..
منی لە ناو شوشەیەکدا ھەڵگرتووە
سەرم ئەنێتەوە و ئەمگەیەنێت
لێوێکی بەرسیلەیی لەو مەیخانەدا
بە موچڕکێکەوە ئەمخواتەوە
ئەم شەو ..
لە ناو ئەم خەڵوەتە
شوشەیەک بە پێوە وەستاوە
لە پەنایەوە بە پێوە ئەنووم
بەیانی ئەو کەوتووە و
دڵۆپێکی تێدا ماوە بۆ موعتادێکی ئەم خەراباتە.
12. کە شەو
دێت بە تەنیشتمەوە چرایەکی دووگیان و شوشەیەکی لێو تەڕ ئەمێننەوە.
ئەم شەو
ئەو پیرە مێوە
چنگی لە پەنجەرەکەم ئەکەمەوە و
لە بنەوە ئەیبڕمەوە
بەیانی کە خۆر ھات
پەنجەرەکەم لەبەر پێیدا ڕائەخەم
ئەگەر ئەم شەو ئەو شوشە نەمشکێنێ.
13.ئەم شەو
ئەو شوشە ڕەدوم ئەخات.
ئەم شەو
ئەو شوشە .. لێو خەنەییە
ئاسکێکە ..
گۆی مەمکی کچە ڕەدو کەوتویەکە
لە ناو عارەقی تەنیاییمدا ..
ترسە نیگای ئامۆزاکانی نقوم ئەکات.
14. چەند
مەستم مەستانە ئەم شەو من لە ناو ژووری ساردا.
ئەو شوشە
ئەم شەو
بەر لە شکانی و دوای شکانم
ئەیخۆمەوە
ئەگەر چی لەسەر نوکی پێکانم
بەسەر لێواری تەنیاییەوە
ئەم شەو
من و مەستانە سەما ئەکەین.
15.لەو دیو
لە دەرگا ئەدەم و لەم دیو نایکەمەوە بۆ خۆم.
ئەم شەو
شکان ..
بە دەست و پەنجەی خۆم لە دەرگای ژوورەکەم ئەدا
شوشەکەشم
بە دەست و پەنجەی خۆی دەرگاکە دائەخاتەوە
لەو دیو دەرگاکەوەیە ..
لەم دیو دەرگاکەوەم ..
لەسەر ڕێگەی ھاتنە و
گەڕانەوەی لە کەنارێکدا بە دەریاوە بەستۆتەوە
لە مەیخانەکاندا ئێستا خۆی مەیگێڕە و
کوچە چۆڵەکانی پڕ لە خەیاڵ کردووە
شوشە خان ..
ئەگەر تۆ ئەو دەرگایە نەکەیتەوە
ناڕژێیت و منیش ناشکێم.
16.لەو
سەری کۆڵانەکە دەنگی پێیەک ماوە.
ئەو شوشە
ئەم شەو .. ئەسپێکی شەکەتە !!
حیلەیەکیشی تێدا نەماوە.
17. لەو
ڕێگایە کلیلێک کەوتووە لەو شارەش دەرگایەک ناکرێتەوە.
ئەم شەو
من و پیرە مێوەکەین
دوو گەڵای زەردی لە چاو کردووە و
لە پەنجەرەکەوە تەماشام ئەکات
لەودیو دەرگاکەمەوە .. شکان
ئەچپێنێ و پێم ئەڵێ .. پاشای گەورەم
بیکەوە .. ئیدی
سەرھەڵگرتن .. دەرگاکە لەگەڵ خۆی ئەبات و
کلیلەکەش ئەخاتە ناو دەستی پیاوێکی مەستەوە.
18.
مەمشکێنە با نەڕژێم.
ئەم شەو
لەو شوشە ئەچم
زوو ئەشکێ و زوو ئەڕژێ
شکان منم و ڕژانیش ئەو
ئەویش لە من ئەچێ
کە ئەشکێ زوو ئەڕژێ.
19. ئێستا
دەتبینم لەو دیو ئەی تەنھاترین خەم.
وەرە
ئەم شەو .. شوشەیەک شەرابم بەرێ
تا گڕی چراکەم سەمایەکی تێدا ماوە
وەرە
ئەم ژوورە .. کەم کەم .. ئەی شکان
بمخەرە سەر لێوت .. خۆم ئەتوێمەوە
وەرە
لەم ژوورە من و پیرە شەوێکین
بەختە ڕەشەکانمان سپی ئەکەینەوە
ئەگەر ھاتی لە درزەکانەوە
وەرە ..
دەرگای ژوورەکەم لەو دەمەوە
نە دائەخرێ و نە ئەکرێتەوە
ئەی خەمی شۆخ
ئەو شوشە بدە دەستم بە قومێ سەرخۆشمکە
تۆ لە مەستبوون سەرخۆشتری
تۆ لە من تەنیاترو لە ترێیەک شەرابتری
لە من خاڵیترو لە شوشەیەک پڕتری
شکان .. ئەوە منم
لەو دیو پەنجەرەکەتەوە .. تەماشاکە
کۆترێکی ھەڵنیشتووم.
20. من پڕم
.. پڕترین لە تۆ.
ئەم شەو .. مەستم
دڵیشم پڕە لە شوشە
پەنجەرەکەت دامەخە .. چاوەڕێی خۆمم
نەبا ئەم شەو لای تۆ مەست بێ
ئەی خەمی ماندوو
ئەگەر ھاتی ئەتبەمەوە ناو ژوورەکەم
ژوورەکەشم لەسەر ڕێی تۆیە
تۆ ...
21.
پیاوێکی پیر لەدوای جەنازەکەی خۆیەوە شمشاڵ ئەژەنێت.
ژوورەکەم
پڕبووە لە باڵی پەپولە
پڕ بووە لە خاڵ خاڵۆکە و
پڕە لە خاڵی کۆتایی ..
ھێلانەیەکە .. پڕە لە ھێلکەی شکاو
مەیخانەیەکە پڕە لە شوشە
شەقامێکی پڕ لە یاخی بوونە
لەم ژوورەدا .. کتێبێک ئەمخوێنێتەوە و
شوشەیەک ئەمنوسێتەوە
شمشاڵێک ئەمژەنێ و
چرایەک فووم لێئەکات
خەیاڵێک ئەمکوژێنێتەوە و
شکانیش کۆمئەکاتەوە
لەو ژوورەدا شوشەیەک ڕژاوە و
پیاوێکیش مەست.
Simkan97@hotmail.de
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


خالید
شه‌یدا
ئه‌ی شۆخ و شه‌نگ
ئه‌ی فریشته..
هه‌ر چه‌ند له سیمات ڕاده‌مێنم
سیمات پڕه له میهره‌بان
گوڵ حه‌دی چیه
له راسته تۆ بڵێ جوانم
جوانی هه‌ر قابیلی تۆیه باوانم
من هه‌ركه له یه‌كه‌م نیگا سه‌یرم كردی
یه‌كسه‌ر زانیم
تۆ عاشقی و له من شێت و شه‌یدا تری
دڵت پڕه له عه‌شق و
بێ ئارامی ،هه‌موو شه‌وان
وه‌كو مۆمێك گڕی ده‌گرێ
داده‌گیرسێ تا به‌یانی
وا شیعرێكت بۆ ده‌نووسم
تاكو ئێستا نه‌نووسرابێ
له چامه‌ی عاشقترین شاعیریشا
نه‌بیسترا بێ....
چه‌پكێ گوڵت بۆ ده‌نێرم
بۆنی هه‌رگیز كۆتایی نیێ
گه‌ر ده‌ته‌وێ ئه‌م جاره‌شیان
دڵی خۆشم ده‌نێرم بۆت
ئه‌ی خواوه‌ندی جوانترین هه‌ست
ئه‌ی پیرۆزتر له مه‌رگی خۆم
تا ئه‌و ساته‌ی بوونم مابێ
دڵم پڕه له عه‌شقی تۆ
من ناتوانم بژیم بێ تۆ.
06.05.09
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------


عمران خه‌مبار
هه‌ناسه‌که‌م که
ئه‌تزانی نابی به چرای شه‌وانم
ئه‌ی یه‌که‌م رۆژ بۆچی هاتی عه‌شقی خۆتت پێناسانم
که‌ئه‌زانی قه‌ت ناتوانی به‌خته‌وه‌رم که‌ی له ژیان
بۆچی وتت خۆشم ئه‌وێی ده‌ستی عه‌شقت به من گه‌یان
ئه‌ی بۆ وتت به‌ڵین ده‌ده‌م عاشقی تۆم تاهه‌تایی
ئه‌ی من ئێستا بۆ کوێ برۆم به جێت هێشتم به تنیایی
خۆت مانای عه‌شقت نه‌زانی هه‌رگیز مه‌یخه ئه‌ستۆی قه‌ده‌ر
چۆن دڵت هات به‌جێت هێشتم تارای بوکێنیت کرده سه‌ر
کاتێ ئه‌ڵقه‌ت کرده په‌نجه‌ت منت ده‌رهێنا له دڵتا
ئه‌ی په‌نجه‌ت چۆن نه‌بوو به مار خۆی بئاڵێنی به ملتا
خۆزگه ملوانکه‌و ئه‌ڵقه‌ی تۆ په‌تی گه‌ردنی من بووایه
یا تارا سپێکه‌ی سه‌رت کفنی به‌رگی من بووایه
باش بزانه خۆشه‌ویستیت تاکوو مردن له دڵمایه
ئێش و ژانی دابڕانت ئازارێکه‌و دوایی نایه.

که‌ده‌تبینم حه‌زم وایه
قوربانی بم له به‌ر پێتا
به‌هه‌ر لایه‌ک هه‌نگاو بنێی
ببم به خۆڵ له به‌ر پێتا
*
* *
به‌خیلی به‌و گواره‌ش ده‌بم
هه‌ڵتواسیوه به گوێتا
یا ئه‌و ملوانکه‌ی حوکمه‌کا
له پایته‌ختی سینه‌و ملتا
*
* *
هه‌رچی کچی ئه‌م شاره‌یه
له‌به‌ر تۆ خۆشم ویستووه
هێنده جوانی مانگی چوارده
له تۆ شه‌وقی وه‌رگرتووه
*
* *
نه‌ک ته‌نها خۆم ژووره‌که‌شم
بۆ هاتنت چاوه‌ڕوانه
جه‌سته‌ی گه‌رمت بێته ژوورێ
بم پاریزێ له‌م زستانه.
omran-xember@yahoo.se
|