٢٦\١٠\٢٠١٢
چەپکێک گوڵی شین.

ئۆکتاڤیۆ پاز
لە فارسییەوە: ئیسماعیل ئیسماعیل زادە
کە لە خەو ھەستام بە ئارەقە خوسا بووم. ھەڵمێکی گەرم لە سەر پێیانەڕێ و
بەردچنی پەمەیی کە تازە ئاوپڕژێن کرابوو ھەڵدەستا. پەپوولەیەکی باڵ
خۆڵەمێشی، گێژ بە تیشکی زەرد، بە دەوری چراکە دەسووڕایەوە. لە جێخەوەکەم
ھاتمەخوارێ و بە پێخاوسیی چوومە ئەو سەری ژوورەکەوە. دەترسام نەکا پێ
لەو دووپشکە بنێم کە رەنگە بۆ پشوو لە حەشارگەکەی ھاتبێتە دەرێ. بەرەو
لای دەلاقە بچووکەکە چووم و ھەوای دێم ھەڵمژی. دەنگی ھەناسەی شەو دەھات.
ژنانە و بەھێز. ھاتمەوە نێوەڕاستی ھۆدەکە. سوراحی ئاوەکەم لە تەشتی
ئاسنی کرد و ھەولەکەم تێدا خوساند. ھەولەی تەڕم بە سنگ و لاقم داھێنا.
کەمێک خۆم فێنک کردەوە. دوای ئەوەی دڵنیا بووم ھیچ حەشەرەیەک لە نێو
جلەکانم دا خۆی حەشار نەداوە، لەبەرم کردن. بە خێرایی لە پلیکانە رەنگ
سەوزەکە ھاتمەخوارێ. لە بەر دەرکێ تووشی خاوەنی موسافیرخانەکە بووم.
پیاوێکی تاک چاو و کەم دوو. لە سەر کورسی حەسیری دانیشتبوو و جگەرەی
دەکێشا. چاوی نیوەکراوە بوو. بە دەنگێکی نووساوەوە گوتی:
- دەچی بۆ کوێ؟
- دەڕۆم پیاسە بکەم. ھەوا زۆر گەرمە.
- ھەموو شوێنێ داخراوە. شەقامەکانی ئەم
دەوروبەرە بێ گڵۆپن. وا باشترە نەچی بۆ ھیچ کوێ.
- شانم ھەڵتەکاند و لەبەر خۆمەوە گوتم: زوو
دەگەڕێمەوە.
لە تاریکاییدا نوقم بووم. سەرەتا چاوم ھیچ شوێنێکی نەدەدیت.
ئەنگوستەچاو بە کەنار شەقامدا دەڕۆیشتم. جگەرەیەکم داگیرساند. لە پڕ
مانگ لە پشت ھەورێکی رەشەوە ھاتە دەرێ و تیشکەکەی دیوارێکی سپی
لاڕووخاوی دەرخست. راوەستام، تیشک چاومی ئازار دەدا. فیکەی شنەبا دەھات.
ھەوای درەختەکانم ھەڵدەمژی. شەوی لێوڕێژ لە دەنگی گەڵا و حەشەرەکان،
زمزمەی دەکرد. جیک جیکەکان لە نێو گژوگیادا دەنگیان دەھات. سەرم ھەڵێنا.
ئەستێرەکانیش لەو سەرە پشوویان دەدا. بیرم کردەوە کە دنیا سیستمێکی
بەرینە لە نیشانەکان. ھەڤپەیڤینی بوونەوەرە گەورەکان، جووڵەی من، دەنگی
جیک جیکە، جریوەی ئەستێرە، ھەر ھەموویان بێجگەلە تێڕامان و تۆنی
دەنگەدەنگ شتێکی دیکە نەبوون. من تۆنی کام وشە بووم؟ کێ ئەو وشەیە
دەدرکێنێ؟ بە کێ دەگوترێ؟ جگەرەکەم فڕێدایە سەر پێیانەڕێ. کاتێ دەکەوت
کەوانێکی گرشەداری دەکێشاوە و وەکوو نێزەکیەکی بیچکۆلانە پڕیشکەی بچوکی
لێ بۆوە.
بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بە ھێوری بە رێدا دەڕۆیشتم. لە پەنای ئەو
لێوانەی کە لەو کاتەدا منی بە خۆشحاڵیەوە دەدرکاند ھەستم بە رزگار بوون
دەکرد. شەو باخی چاوان بوو. کاتێ پەڕیمەوە ئەوبەری شەقام دەنگی
ھاتنەدەرێی کەسێکم لە ماڵێکەوە بیست. ئاوڕم داوە. بەڵام نەمتوانی شتێک
ببینم. ھەنگاوەکانم خێرا کرد. دوای چەند ساتی تر، دەنگی نزمی سەندەلم
لە سەر بەردچنی گەرم دەھاتە گوێ. ئەگەرچی ھەستم بەوە کرد کە نسێیەک
ھەنگاو بە ھەنگاو لێم نزیک دەبێتەوە. نەمویست سەیری بکەم. ویستم رابکەم،
نەمتوانی. لە پڕ راوەستام. پێش ئەوەی بتوانم دەستبکەمەوە، ھەستم بە
چەقۆیەک کرد لە سەر پشتم. دەنگێکی خۆش ھات:
نەجوڵێی بەڕێز. دەنا لێتدەدەم.
بێ ئەوەی ئاوڕ بدەمەوە: چیت دەوێ؟
بەدەنگێکی ھێدی و تاڕادەیەک بەژانەوە وەڵامی داوە:
چاوت بەڕێز.
ــ چاوم؟ چاوی منت بۆ چییە؟ راوەستە، من کەمێکم پوڵ پێیە، زۆر نییە
بەڵام شتێک دەکا. ھەموویت پێ دەدەم، بەو مەرجەی بھێڵی بڕۆم. مەم کوژە.
مەترسە بەڕێز، ناتکوژم، من تەنیا چاوەکانتم دەوێ.
دیسان پرسیارم کرد: بەڵام چاوەکانی منت بۆ چییە؟
خۆشەویستەکەی من حەزی لێیە. حەزی لە چەپکە گوڵێکە لە چاوی شین و لەم
دەوروبەرە چاوشین زۆر بە دەگمەن دەست دەکەوێ.
ــ چاوی من بە کەڵکی تۆ نایە. چاوی من سەوزەیە نەک شین.
ھەوڵ مەدە فریوم بدەی بەڕێز. دەزانم کە چاوەکانت شینە.
ــ چاوی ھاورەگەزی خۆت دەرمەھێنە. بە جێی ئەو شتێکی دیکەت پێدەدەم.
بە تووڕەییەوە گوتی:
نامەوێ چەنەدرێژی بکەی، وەرسووڕی بزانم.
وەرسووڕام. لە پیاوێکی وریا و وردیلانە دەچوو. کڵاوە میکزیکیە شەپکە
پانکەی نیوەی دەم و چاوی شاردبۆوە و چەقۆیەک بە دەستی راستیەوە بوو و
دمی چەقۆکە لە ژێر تیشکی مانگ دا تروسکەی دەھات.
دادەی با سەیری دەم و چاوت بکەم.
شەمچەیەکم ھەڵکرد و لە دەم و چاومم نزیک کردەوە. چاوم بە گڕەکە وێک
دەھات. بە ھێزی دەستی چاومی کردەوە. نەیدەتوانی بە باشی ببینێ. لە سەر
نوکی لاقی راوەستا و بە وردی سەیری دەم و چاومی کرد. گڕی شەمچەکە
قامکەکانمی سوتاند. شەمچەکەم فڕێ دا، ماوەیەک بێدەنگی.
ــ ئێستا بڕوات کرد؟ شین نیە.
وەڵامی داوە: زۆر زیرەکی، وا نیە؟ راوەستە شەمچەیەکی دیکە ھەڵکە.
ھەڵم کرد، لە چاوم نزیک کردەوە. قۆڵمی راکێشا، بە ئەمرەوە گوتی:
چۆک دابدە.
چۆکم دادا. بە دەستێکی قژی گرتم و سەرمی بەرەو دواوە کێشا. بە وردی و
نیگەرانیەوە سەیری دەم و چاومی کرد. چەقۆکەی بە ئارامی داھێناوە. پێلوی
چاومی بریندار کرد. چاوم نوقاند. بە ئەمرەوە گوتی:
چاوت مەنوقێنە.
چاوم کردەوە. گڕی شەمچەکە برژۆڵەکانمی سوتاند. لە پڕ دەستی لێ بەردام.
زۆر چاکە. شین نیە. بڕۆ بزانم.
پیاوەکە بزر بوو. پاڵم بە دیوارەوە دا. بە دەست سەرمم گرت. خۆم
کۆکردەوە. بە ھەستان و کەوتنەوە ھەوڵم دا ھەستمە سەر پێ. بۆ ماوەیەک
لەو شارە چۆڵەدا رامکرد. کاتێ گەیشتمە گۆڕەپانەکە خاوەنی موسافیرخانە
ھێشتا لە بەر دەرکە دانیشتبوو. بێ ئەوەی شتێک بڵێم چوومە ژوورێ. رۆژی
دواتر لەو شارە رۆیشتم.
________________________________________________
ئۆکتاڤیۆ پاز،
شاعیر و رەخنەگری میکزیکی، ساڵی ١٩١٤ لە میکزیکۆسیتی لە دایک بووە. لە
تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە گەڵ چەند شاعیرێکی گەنج گۆڤارێکی بڵاو کردەوە و
ھەر لەوێدا شیعرەکانیشی چاپ کردووە. دوو ساڵ دواتر یەکەم کۆمەڵە شیعری
بڵاو کردۆتەوە. ئەو زیاتر بە شیعر و وتارەکانیەوە ناسراوە. لەماوەی نیو
سەدە کارکردن دا ٢١ کۆمەڵە شیعری بڵاو کردەوە و ٢٥ کتێبیشی ھەیە: لە
بوارە جۆراوجۆرەکانی جوانیناسی، سیاسەت، ھونەری سورریالیستی، عادەتی
میکزیکی، جیۆلۆژیی کولتووری و فەلسەفەی رۆژھەڵات. ئەو لە ساڵی ١٩٩٠ دا
خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل ی وەرگرت. گەوھەری تیۆری پاز سەبارەت بە شیعر لە
قاڵبی ریزێک واتای پارادۆکس دا کورت دەبێتەوە:
ــ شاعیر بۆ دڵی خۆی شیعر دەڵێ، بەڵام دەبێ لەگەڵ بەردەنگەکەی پەیوەندی
ساز بکا.
ــ شیعر سڕێکە کە ھیچ کات بە تەواوی ئافراندنەکەی وەسف ناکرێ بەڵام لە
ھەمان حاڵ دا مەحاڵە بە بێ بیرکردنەوە لە ئافراندنی درک بکرێ.
ــ زمان ئامرازێکی ناتەواوە بەڵام بۆ گەیاندنی نەگوترانەکان
حاشای لێناکرێ.
ــ شیعر ھەوڵێکە کە راستەقینە رەت دەکاتەوە یان دەیگۆڕێت.
ــ پاز ھەرچەشنە لێکدانەوە و راڤەی شیعری ھاوچەرخ بۆ تێگەییشتن بە بێ
ئاکام دەزانێ.
سەرچاوە:
www.dibache.com
ismayl_zade@yahoo.com
|