١٥\٨\٢٠٢٤
چەپکێک هۆنراوەی ''دینوس
خریستیانۆپولۆس''.
دینۆس خریستیانۆپولۆس |
وهرگێڕانی
لە
یۆنانییەوه:
ئومێد
قەرهنی
|
کۆتایی.
ئێستا کە باوەشێکی دیکەم دۆزیوەتەوە
گەرمتر لەوەی پەرۆشی بووم
ئێستا کە هەموو شتێ
وەک ئەوەی دەمویست وەدەستمکەوت
لە نێو خۆشییە شاراوەکانم
دەستم بە ئاسوودەیی ڕاگەیشتوە،
هەستدەکەم شتێک لە ناخمەوە دادەڕووخێ..
دارستان.
شەوەکان لە ناخمان دەرنەکێشراون
لق و پۆپ و گەڵا دەردەکەن
باڵندەکانی ئەوین دێن و دەجریوێنن.
شەوەکان لە ناخمان دەرنەکێشراون
دارستانێکی تاریک لە توخمەکانیان چێدەبێ
لە پەناوپەسیوە چڕەکانیان ترس بۆسە دەنێتەوە.
گیاندارە دڕندە و گچکەکانیشی تێدا دەژی
مارەکان دەخشن و لانەکانمان وێراندەکەن
شێرەکان خۆ مەلاس دەدەن تا لەتوپەتمانکەن.
شەوەکان لە ناخمان دەرنەکێشراون
بوونەتە دارستانێکی تاریک و تێکماندەشكێن.
کە چاوەڕێت دەکەم.
ئەو دەمانەی چاوەڕوانییت دامدەچێنێ
بیرم بەرەو
ئەو قوڕبەسەرە ناگزوورە بێچارانە هەڵدەفڕێ
١
کە گورزی ژیان و گوزەران دایچەماندوون
ئەوانەی وا داواکارییەک بە دەستەوە
لە نۆرەی چاوەڕوانییدا
لەبەر دەرکەیێ.. لەبەردەمی کاربەدەستێ
ئاوی پێیانیان دادێت و
بۆ واژۆیێ تکادەکەن خانەنشینێ ساختەکەن!
کە چاوەڕێتم و هەر نایێی
دەتوێمەوە و دەبمە یەکێک
لەو هەشوەسەرە هەژار و داماوانە!
چەمەرە.
٢
ئێستا کە تۆم لە دڵمدا دەرهانیوە
گەلێ لە جاران بەگوڕتر دەهێیتەوە
فرە ستەمکارانەیە..
هیچ بەزەییەک لە چاوانت وەدیناکەم..
پەیڤەکانت هیچ ناسکییان تێدا نییە
ئەمێستاکە پەنجەکانت کۆکتر و سازترن
بۆ ئەسکوردم خاراوترن.
٣
___________________________________________
١- ناگزوور: بێ بار، هەژار،
نەبوو.
٢- چەمەرە: قەف، بازنە، چەماوە، هەڵقە.
٣- ئەسکورد: مل، ئەستۆ، هووستوو.
ماڵپەڕی
ئومێد قەرەنی
|