په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٩

چەپکێ لە وتە و پۆستەکانم لە گشتپرسییەوە و تا ساڵوەگەڕی گشتپرسیی.

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی دووەم -

بەشی ٣ - ٣


٣٠/٧/٢٠١٨
من مرۆڤم ھێندە لا پیرۆز و باڵایە،ڕەزامەندم بەھەر سزایەک"جگە لە کوشتن" بۆ تاوان و گوناھەکانی ،کەبەرامبەر ھاومرۆڤ و زیندەوەر و سروشت دەیکات!


٤/٨/٢٠١٨


ھەزاران جاری تریش ھەوڵ بدرێ عێراق دروست بکرێتەوە! لە تەشتە قوڕە تازەکەی ھەرگیز مەحاڵە! گەل و سیستەمی دیموکراسی و ئارامی ئاسایش و پێشکەوتن، دروست بکرێ بێتەکایەوە. دەبا چیدی خۆمان و جەماوەر و نەخەڵەتێنن.


٨/٨/٢٠١٨


ئەوەی دەیەوێ خۆیی و ئابڕووی میللی و کوردبوون رزگار بکات، لە گەڕەلاوژێ و گاڵتەجاڕیی حیزبی کوردیی، دەبێت بێ چەندوچوون باوەڕی بە سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەتی کورد ھەبێت، وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤیک.
ـ لە کوردستان لە لایەن حیزبەکانەوە، ساڵانێکە شانۆگەری نەزۆک نمایشت دەکرێت و جەماوەرە کۆمبارسەکەشیان، ھەر خەریکن بە نینۆک چەپڵە لێدەدەن . یاران چ کارەساتێکە!؟.
ـ کۆماری ئیسلامی ئێران ٤٠ ساڵە سەرگەرمی کوشتن و بڕین و کێشانی نەخشەی جەھەنەمی و پلانگێڕییە دژی دەوروبەرەکەی! بەتایبەت کورد. واخەریکە مارەکەی شێخ ھۆمەر لە ملی خۆی دەئاڵێ.
ـ بێ بوونی دەزگای دەوڵەت،لەژیان و جیھانی سیاسیدا بێبەشین لە ئاڵا و سروود و دراو و جەژن و ھونەر و ئەدەب و ھەڵپەرکێ و دیکۆمێنت و یونیفۆرم و خواردن و زۆر بەھای تری نەتەوەیی.
ـ ھەتا بازاڕی حیزبایەتی لە کوردستان دا لەدەرەوەی دەوڵەتی کوردستان گەرم و لەگەڕدا بێت، گەندەڵ و مشەخۆر و خۆفرۆشەکان ڕۆژە تاریک و ناشرین و ئازاراوییەکان درێژە پێدەدەن و داگیرکەرانیش پشتیوانیان لێ دەکەن.
ـ کورد ھەزار حکوومەتی وەک ئەوەی ئێستای باشووری ھەبێت،ھەر نەگەیشتۆتە ئامانجە نەتەوەییەکان، چونکە خەبات بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی ھەر بەردەوامە.
ـ کوردبوون ھەموو شتێکمان لێ دەخوازێ جگە لە کەمتەرخەمی و ناپاکی.
ـ چەند ڕقی پیرۆز و ئەستوورم بەرامبەر بە داگیرکەری تورک و فارس و عەرەبە، ھەزار ھێندە نەفرەتم ئاڕاستەی کۆلۆنیالیستی ئینگلیزی و فەرەنسییە، لەبەرامبەر ئەو دۆخەی کوردیان تێ ترنجاندووە.


١٠/٨/٢٠١٨


ـ لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا،بەردەوام خۆپیشاندانە، کەچی تا ئێستا کەسێکمان نەدی لەمسەری ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپ ئاڵای دەوڵەتەکەی خۆی بسووتێنێ. بەڵام ئێوەی زۆڵەکوردی نەگریسی پەروەردەی دەستی خۆفرۆش و شەیتان، سووکایەتی بە ئاڵای نەتەوە و خاک و شۆڕش و خەبات و قوربانییەکانی کورد و کوردستان دەکەن و بۆ ھیچ سووتانتان؟


١٤/٨/٢٠١٨


ـ ئیدی سەردەمی ئەوە ھاتووە کورد چاوی وەک سیزیف ھەر خەریکی سەرخستنەوەی بەردەی خلۆربووەوە نەبێت، بەڵکو بەردەکە بەیەکجاریی بگەیەنێتە سەر لووتکە.
ـ دەوڵەتانی عێراق و سوریا بەھەر جۆر و نرخێک بێت شەپگێڕ و ئیفلیج بوون و ناوەندیان نەماوە، گەر تورکیا و ئێرانیش ھەمان سیناریۆیان بەسەردا جێبەجێ بێت! ئەوە سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی کورد.


٢٥/٨/٢٠١٨


ـ ھەر کار و چالاکییەک بۆ کورد و کوردستان بێت، یاخود کۆمەڵایەتی بێت، ئەندامی پارتە کوردیی و کوردستانییەکان،گەر حیزبی خۆیان فەرمانیان پێ نەکات،ناتوانن بەشداربن و دژیشی دەوەستنەوە. تەنانەت گەر چالاکییەکە لە بواری ھونەر و ئەدەبیشدا بێت.
گەلۆ!! حیزبی کوردی، بۆتە کارخانەی دروستکردنی ڕۆبۆت و خوڵقاندنی ئەندامی بێ ھەست و گیان و ھەڵوێست! واتە تاکی کوردی زاتکوێر و خەسیو!


٢٧/٨/٢٠١٨


ـ ئێران بەم گەمارۆدانە ھێندە شپرزە بووە. بە پشتبەستن بە بڕگەیەکی ڕێکەوتننامەی ساڵی ١٩٥٥ی شاد لەگەڵ ئەمەریکادا،دەیەوێ لە دادگای نێو دەوڵەتی Den Haag گازندەیی لەسەر ئەمەریکا تۆمار بکات. واتە مێروولە, گەرەکێتی پاشقوول لە فیل بگرێ!.
ـ ستراتیژی حیزب لە باشووری کوردستان لەم چوارچێوە کلاسیکییە زڕە دەرناچێ:
بەغدا لاواز بێت،بەفریایەوە دەچن(انقاژی)دەکەن.
بەغدا بەھێز بێت،دەیرووخێنن(اسقاگ)ی دەکەن.
پەکووووووو لەو .....................!!!
ـ پێویستە کام وانە لە ناپاکییەکانی ٦٦ و ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە فێر بین؟ ئەی چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو ناپاکییانە،ھەرگیز دووبارە نەبنەوە؟


٥/٩/٢٠١٨


ـ ھەوڵەکانی حیزبی کوردی بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە لە بەغدا و ململانێی دابنانی سەرۆک کۆماری عێراق،لەڕوانگەی کوردبوونەوە دەچێتە خانەی درۆی گەورەی کوردایەتی حیزبەکان و ڕەنج بەخەسارچووی ساڵانی ساڵ خەبات و بەناو شۆڕشیان!.
ـ وەک ریاڵ پۆلەتیک بۆئەوەی ناوەند ھەر شپرزە و پڕ لە گرفت و کێشە بمێنێتەوە،دەتوانن سیاسەتی قوونەقوونە بکەن لەتەک بەغدادا و چ خاڵێکی لاوازیش نەدەن بەدەستەوە و کارت کوردیش لەدەستیان دا بەھێز تر بکەن.
ـ دان یاخود وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن حیزبێکی کوردییەوە، واتە قوفڵکردنی ڕێی سەربەخۆیی کوردستان، بەمیکانیزمی خۆماڵی کوردیی.
ـ کورد دەڵێ: یەکجار بەزستان دەووترێت سارد و داری زڕ نایەتە بەر. ئەزموونەکان ھەزاران جار پێیان وتووین، عێراقی ئاغای ئینگلیز ھەرگیزاو و ھەرگیز نابێت بە نیشتمانمان و چ جارێک تاکی کورد بە سەربڵندی و ڕومەتەوە ناتوانێ لەسایەیدا بحەسێتەوە و بە ئارامی بژی.
ـ عێراق کاڵاوێکی بابردووە و تاکوێ و تاکەیی و لەپێناوی چیدا؟حیزبی کوردی ھەر دوای دەکەون و ھیوای خۆیانی لەسەر ھەڵدەچنن!.
ـ ھەر تاکێکی ھۆشیار و کەسایەتیی ڕۆشنبیریێک لەسەر واقیعی تاڵی کوردستان قسەی نەبێ چاک وایە چەشنی مەیموونەکە لەشەرماندا، چاوی خۆی بگرێ و دەمی خۆی داخات و گوێی خۆی بئاخنێ و وەک مرۆڤیش ھزریی بسڕێتەوە و قەڵەمەکەی بشکێنێ و خۆی سڕ بکات.


٦/٩/٢٠١٨


ـ باشترین دەرمانی دەردی کورد یەکگرتن و خەباتی سەربەخۆیی و ئامانجی بوونە دەوڵەتە.
ـ ھیچ مافێکی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی و دیموکراسیت و تەنانەت ئابووری تاکی کورد بێ بونی دەوڵەتی نەتەوەیی فەراھەم نابێت.
ـ ئێستا باشتر لە جاران تێگەیشتووم مەخابن تەنھا نوسینێک رەواجی ھەیە سیخناخ بێت بە جنێودان و بوختان داتاشین و بریندارکردنی زاتی کەسەکان . من نەک ھەر خۆم لە پەرێزی ئەم شێوازە نادەم، بەڵکو ھەرگیز باوەڕم بەو ڕەفتار و چوونە ئەو ئاستە نییە.
ـ مادامێکی ھەموو سەرنشینی پاپۆڕێکین لەناوەڕاستی دەریادا،پێویستە ھاوکار و پشتی یەک بگرین و یەکترمان خۆش بوێ،ئاخر ھەموو لەبەردەم یەک چارەنووسداین،خنکان یاخود گەیشتنە کەنار.


ـ ٩/٩/٢٠١٨


ـ داگیرکەران و دوژمنانی کورد ھەمیشە بێدارن،کورد بە پێچەوانەوە بەردەوام خەوتووە. کارەساتی کۆیە وەک نموونە.
ـ یەکگرتنەوەی حیزبە لەتبووەکان و پێکھێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەڵامدانەوەیەکی بەجێی کارەساتەکەی کۆیەیە و بەجێگەیاندنی ئەرکێکی نەتەوەیی و سیاسی گرنگیشە.کورد بە یەکگرتوویی بەھێز و شاد دەبێت و دوژمن دەتۆقێ.


١٢/٩/٢٠١٨


ـ چەپکێ سڵاوی کوردانەی گەرم و خۆشەویستی بۆ مانگرتووانی ئەمڕۆی شاروشارۆچکەکانی ڕۆژھەڵاتی وڵاتم. جێی شانازیی و ھیوای دواڕۆژ و کەرەسەی خاوی خەباستێکی بەرھەق و ڕەوان. سڵاوی باکوور و باشوور و ڕۆژئاواتان پێشکەش بێت،ئەی ئەوانەی کۆماری پەت و سێدارەتان تۆقاندووە.
ـ ئەگەر بێت و پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان داوای ئەم ھەموو مەرگەسات و ھەڕەشانە یەک نەگرنەوە و بەرەیەکی کوردستانی پێک نەھێنن ئەوە خۆشیان موشەکبارانی خۆیان دەکەن و گۆڕ بۆ کورد ھەڵدەکەنن.
ـ خوێندنەوەی مێژووی کورد یەک پەند و وانەمان دەداتێ،یەکگرتن و یەکگرتن و یەکگرتن.واتە یەک بەرنامەیی یەک ئامانجی و یەک سەنگەریی و یەک بازوویی و یەک ڕێگایی و گرتنەبەری شاڕێی سەربەخۆیی.
ـ کوردبوون چەمک و ھزر و مانا و ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە.داگیرکەرچێتی ھەڵوێست و ڕێگایەکی ناپاکییە. قبووڵکردنی بندەستی واتە ھەڵبژاردن ی ژیانی نامرۆڤبوون و کۆیلەیەتی.
ـ ئەوانەی دوای مردنیش ھەر زیندوون،ئەوکەسانەن کە بۆ نەتەوە و خاکی خۆیان خزمەتیان کردووە و بە مەردی ژیاون.
ـ کوردسناسی/ خۆناسی و دوژمنناسی بابەتێکی گرنگی ھاوکێشەی سیاسی و بنەمایەکی سەرەکی پەروەردەی نەتەوایەتین. فەرامۆشکردنی ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویستە،خۆگێلکردن و ڕاکردنە لە ڕاستییە مێژوویەکان.


١٨/٩/٢٠١٨


ـ حیزبەکانی باشووری کوردستان بەھۆی دوورکەوتنەوەیان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد، نقووم بوون لە گەندەڵی و شەڕی بەرژەوەندی ی و بێبەھاکردنی دۆزی نەتەوایەتی و چەند بوونەتە داڕڕزاو و دۆڕاو ی مەیدان و ریسوای بەردەم مێژوو لە ڕۆژانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان دا ھاشووھووشی و ڕەشەبای درۆکانیان ھەزار ھێندەی تر خۆیان (ناشیرین و بێزراو) تر دەکەن.
ـ ھەرچی سەر دێنم و سەر دەبەم، ئەکتەرە ڕاستەقینەکانی ھەڵبژاردن بە پرۆژە و بەرنامەوە نابینم. تومەز ئەکتەرە سەرەکییەکان ھان لە پشت پەردەوەی شانۆکەوە. بەداخەوە زۆربەیان داگیرکەرانی کوردستان ئێران بە پلەی یەکەم.


١٨/٩/٢٠١٨


ـ ھەڵبژاردن بۆچی و لەپێناوی چێدا و بۆ چ ئامانجێک؟ دادۆشینی سامانی وڵات و گەرمکردنی کۆڕی لێکدژەکان و چەلەحانێی بێبڕانەوە و قوڵکردنەوەی جیاوازیی و ناکۆکی و دژەکان؟ یاخود یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی و سەرخستنی پرۆژەی سەربەخۆیی و ڕازیکردنی ڕەش و سپی کوردستان و بەکوردایەتیکردن!.
ـ نمایشتکردنی ھەڵبژاردن لە کوردستان ھەم نەزۆک و ھەم ھێڵجھێنەرە ئاخر حاڵ لێھاتنی دەروێش و ڕۆبۆت، ھەرگیز تامی گۆڤەندی سەربەخۆیی و مرۆ ڕاستگۆکان نادات.
ـ حیزبەکانی کوردستانی چونکە خاوەنی پرۆژە و ئامانجی سەربەخۆیی رزگاریی نەتەوەیی نین سەرگەرمی بەزاندنی ھەموو سنوور و بەھاکانن! لە زەمکردن و ھێڕش بردن و بریندارکردنی یەکتردا. مێژوو نیشانی داوە کارکردن بە میکانیزمی ئەم ئەقڵێتە کوشندە وای کردووە دەرئەنجام ھەمیشە ھەموو ھەوڵەکان بڕژێنە ناو ئەستێڵکی داگیرکەرانی کوردستانەوە.
ـ زۆرینەی ھەرە زۆری نەھامەتیی و کوێرەوەریی و تراژیدیانی کورد لە نەبوونی دەوڵەتەوە شین بوون. کەواتە بێ بوونە دەوڵەت چ گۆڕانکارییەککی راستەقینە ڕوو نادات.
ـ یاران کوردستان کراوە بە چ گاڵتەجاخانەیەک؟!


١٩/٩/٢٠١٨


ـ بە چەقەنەیەک حیزب دروست دەکرێ و ھەرچی قسەی جوانە دەیکاتە دروشمی خۆی لەسەرەوە بە عیوێک خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە و دەچێتەوە جێی جارانی خۆی.
ـ بەرھەم ساڵح، بەگەندەڵییەکەی خۆیەوە شەڕی گەندەڵکارە گەورەکانی لە کوردستان بکات،گەلێ ئابڕوومەنترە لەوەی خۆی بکاتە یەکەم سەربازی پاراستنی عەرشی عێراقی.
ـ کورد چەن سەنگی قورس بێت لە بەغدا، ھێندە فرسەخ لەسەربەخۆیی دوور دەکەوێتەوە.ئەم گەمە سیاسییەی ئێستا لە پێناوی کورسی سەرەک کۆماردا دەکرێت،ھەر بۆ بە شەکر خنکاندنی کوردە.
ـ مەحاڵە کەس بتوانێ لە بەغداوە خزمەتی ڕاستەوخۆی کوردستان کێشەکانی بکات.لە بەغدا دەبێتە گاڵتەجاڕیی کوردستان و عێراق و جیھانی عروبە. نموونە......!!.


٢٠/٩/٢٠١٨


لەمێژە پێم وایە چرکەساتی ئەوە ھاتووە،جەماوەر/ میللەت ھێڵێکی سووری تۆخ بکێشێ لە نێوان خۆیی دەسەڵاتی گەندەڵ و نیشتمانفرۆشان و گاڵتەجارەکانی سیاسەتی کوردی دا. ئەگەر نەڵێ نا و نابێ و ئیتر بەسە، ئەوا خراپتری بەسەردا دەھێنن و کارەساتی ترسناکتر ھا بەڕێوەوە.
ـ گەر کورد خاوەنی دەزگایەکی فەرمی بوایە. بۆ نموونە کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەنجوومەنی نەتەوایەتی یاخود پەرلەمان، وەک ناوەندی سەرەکی بڕیاڕی سیاسی و دیاریکردنی ستراتیژی خەبات و کێشانی سنووری ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێگری لە بەزاندنی بنەما و بەھاکانی کوردبوون،ئەوا لە ناوەوە تۆکمەتر و لە ڕووی دەرەوەش دا بەھێزتر دەبوو.


٢١/٩/٢٠١٨


ـ ھەر پلە و پایە و دەستکەوت و بیرکردنەوە و دروشم و سیاسەت و چالاکی...و ھتد،OKAY ،دوژمنان و داگیرکەرانی لەسەر بوو،ئەوە جێی گومان و ترسە.
ـ پۆستە باڵاکانی عێڕاق ھیچی پشکی کورد و حیزبەکان نییە، بەڵکو داشی دەستی ئەندازیارانی پاراستنی سنووری یەکێتی دەوڵەتە زۆڵەکەکەی عێراقە.
ـ حەسەن عەلەوی دەڵێ: کاتێ زانیم ئەمەریکا بەڕاستی لە عێراق دەدات و ڕژێمی سەددام دەڕوخێنێ،لەگەڵ سووریا و ئێران و سەرۆکانی عەرەب قسەم کرد، بۆپاراستنی عێراق داوام لێکردن، کوردێک بکرێتە سەرۆک کۆمار. مەسعوود بارزانی یان مام جەلال تاڵەبانی.


٢٢/٩/٢٠١٨


من وەک کورد و مرۆڤ و ئازادیخوازیش نەبم، ڕۆبۆتێکی ئاساییش بم و جۆش و خرۆشی کەرنەڤاڵی نەتەوەکەم بۆ سەربەخۆیی ھەر دەیبزوواندم.


٢٤/٩/٢٠١٨


لە نێو پانۆڕامای مێژووی ڕاپەڕین و شکستی کورد دا، ڕووخانی میدییەکان، کوشتاری دەرسیم و لەسێدارەدانی پیران و سەید ڕەزا و پێشەوا و شەھیدکردنی قاسملۆ و شەرەفکەندی سەڕی خوێناوی و کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کۆبانی و جەزیرە و عەفرین...ھتد گەشترین ڕۆژە پیرۆزەکان: ١٥.٥.١٩٤٥رۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و٢٥.٩.٢٠١٧. ڕۆژی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان.
ـ ھێندەی ھەموو ژمارەی شەھیدەکانی کوردستان، زیندانە سیاسییەکان ڕاگوێزراوەکان، بەناکوردکراوەکان، خەونەکانی ٦٠ ملیۆن مرۆڤی کوردو پانتایی ٥٠٠ھەزار کم٢ کوردستان و قوڵایی ھەزاران سەدەی تژی لە کوێرەوەریی لەژێر لێوەوە بەڵێ بۆ گشتپرسیی و بەدەنگی بەرز ھاوار بۆ سەربەخۆیی و ھەموو باوەێکەوە ئەرێ بۆ بوونە دەوڵەت،وەک تاکە چارەسەری ھەتاھەتایی.
ـ ئەوانەی دژی سەربەخۆیی کوردستانن، با بچن مەدالیای خەڵاتەکەیان لە بەغدا و ئەنقەرە و تاران و دیمەشق و لەندەن و شوێنگەلێکی تر وەرگرن.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک