١٢\٩\٢٠١٦
چەپ و کۆمۆنیست
ئەوەندەی راستڕەوکان
زیانیان بە
بزووتنەوەی سۆشیالیستی گەیاندوە.

زاھیر باھیر
-
بەشی یەکەم -
چەرخی ڕابوردوو دوو کارەساتی گەورەی مێژویی
بە خۆوە دیت کە تا ئێستاش لانی کەم بەشێکی زۆری جیھان بە دەست
یەکێکیانەوە ھەر دەناڵێنێت. ئەو دوو کارەساتە مێژوییەش یەکەمیان "شۆڕشی
بەلشەفی" و بەڵشەفیزم بوو ئەوی دیکەشیان "شۆڕشی ئێران" بوو ، کە لە
ڕاستیدا ھیچیان شۆڕش نەبوون، بگرە دژ بە شۆڕشەکە بوون.
کارەساتی یەکەم گەر تەواوی دونیای بە خۆیەوە سەرقاڵنەکردبێت ئەوە
بەشێکی زۆری لە جیھان گرتەوە و نزیکەی ٨٠ ساڵی خایاند، گەرچی ھێشتا
سێبەرەکەی ھەر بەسەرمانەوەیە. کارەساتی دووھەمیشیان کە لە ئێستادا لە
جەنگی مەزھەبی نێوانی شیعە و سونە و سونە و سونە و " کافراندا"
درێژکراوەتەوە تا ئێستا کۆتایی ئەم شەوەزەنگە ، ئەم سەردەمە ڕەشە، لە
ھیچ شوێنێکەوە دیار نییە . ئەوەی کە لە ئێراندا ڕوویدا کە ناوی بە
شۆڕش دەرکردووە بەردی بناخەی جەنگی عێراق و ئێران، ڕۆڵ و کارایی لەسەر
ناوجەکە بە دروستکردنی حیزبی سیاسی و میلیشیاکانیانەوە ، دروستکردنی
دوو سێنتەری سەرەکی لەگەڵ سعودییەدا لە ناوچەکەدا و پێشبڕکێی نێوانیان
لە نانەوەی جەنگی وێرانکاریدا و لە دایکبوونی تالیبان و قاعیدە و
ئێستاش داعش ، دانا.
ئەگەر چی ھەر یەک لەم دووکارەساتە لەلای زۆرینەی خەڵکی بە خودی چەپ و
کۆمۆنیستەکانیشەوە بە دوو دیارەدەی جیا، پێناسە کراوە و ناوھێنراوە ،
یەکەمیان بە چەپ و دووھەمیان بە ڕاست ، بەڵام لە ڕاستیدا ھەردوکیان
دووژمنی سەرەکی بیرۆکەی سۆشیالیزم/ ئەنارکیزم بوون و ڕێگر و دژ بە
دروستکردنی ئەو کۆمەڵە بوون ، بەڵام ھەر یەک لە پێگە و دیدی خۆیەوە
دووژمنایەتی کردوە. کاتێکیش کە ئەم دوو بزووتنەوەیە ھەردوکیان کەم تا
زۆر وەک یەک لە داھاتوی سۆشیالیزم کاریان کردبێت ، ئیدی ناوزدەکردنیان
بە چەپ و ڕاست ، مانایەکی نامێنێت!! ئەمە لە کاتێکیشدا کە ھێڵی
ناوکۆیی ئەم دوو بزووتنەوەیە و بزوێنەری سەرەکییان " ئایدۆلۆژیا" بووە.
لەم وتارەمدا، من تەنھا زیاتر پێداگریی لەسەر کومۆنیستەکان و
ئایدۆلۆژییەکەیان کە بنەماکەی مارکیزمە، دەکەم . دەمەوێت گەر بە کورتیش
بێت ئەو بنەمایانە بۆ خوێنەر بخەمەڕوو تاکو ئەوە ڕونبکەمەوە کە چۆن چەپ
و کۆمۆنیستەکان بەکردەوە دووژمنی سەرسەختی سۆشیالیزم بوون و سەرچاوەی
ئەو دووژمنکارییە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو بوارانەشی کە
گرتونیەتەوە.
• چەپەکان لە ڕابووردو و لە ئێستادا:
چەپ بە ھەموو لقەکانیەوە ھەر لە سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە سۆشیالیستەکان
و ژینگە و سەوز و حیزبە کرێکارییەکانەوە لە سەرانسەری جیھاندا ،
نەیانتوانیوە ببنە ھیزێکی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵ بەرەو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی
ببەن. ئەو دروشمانەی کە ھەڵیانگرتبوو وەکو ئازادی و یەکسانی و دادوەری
کۆمەڵایەتی، بە گەیشتنە دەسەڵاتیان ، کاڵبوونەتەوە. چەقی تێکۆشانی
ئەمان لە وڵاتانی دواکەوتووی پیشەسازیدا جەنگی لادێ/ گەریلە بووە و لە
وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوی پیشەسازیشدا ، ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی بووە.
ئەوانەی لە ڕێگای جەنگی گەریلاییەوە تێکۆشاون، نەگەیشتونەتە ھیچ شوێنێک،
یا گەر گەیشتبێتیشن فرمانڕەواییەکی باشتریان لەوانەی پێش خۆیان
دروستنەکردووە. ئەوانەشیان کەلە ڕێگەی ھەڵبژاردنی " دیمۆکراسیانەوە"
دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست، نەیانتوانیوە دروشمەکانیان و تەواوی
داخوازییەکانی ئەوانەی کە دەنگ و متمانەیان پێداون ، بەجێبگەیەنن.
گومانیشی تیانییە کە ڕەنگە نێتی گەلێکی ناو ئەم پارتانە پاکبووبێت و
بەڕاستیش بۆ ئەو مەبەستە لە سیاسەت و پارتایەتییەوە ئاڵابن، بە تایبەت
کە گەلێک لە پارتە سۆشیالدیمۆکرات و کرێکارییەکان، کەسانی مارکسی و
لینینی دڵسۆزی تیادا بووە ، کە زۆربەی کات بەرنامەی ڕادیکالتریان لە
مانیفێستی حیزبەکەیان پێبووە.
ئەزموونە یەکبەدوایەکەکانی فرمانڕەواییان لە شوێنە جیاجیاکانی ئەم
دونیایەدا، کە تازەترینیان یۆنانە، سەلماندیان کە ئەمان نەک ھەر لە
گۆڕانکاری بنەڕەتی بەڵکو لە بەجێگەیاندنی ئەو بەرنامەیەشی کە
کەمپەینیان بۆ دەکرد، دەستەپاچە بوون . ئەمان لەبری ئەوەی کە ببنە
خزمەتکار و پارێزەری بەرژەوەندی ئەوانەی کە ھەڵیانبژاردوون بۆ ئەو
شوێنە، کەچی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوانەن کە ھەموو شتێکیان
لەوانەی کە دەنگیان پێداون ، زەوتکردوە . بەواتایەکی دیکە ئەمان تەنھا
فرمانبەرێکن داکۆکی لە یاسا و بەرژەوەندی بانقەکان و کۆمپانیا
گەوەرەکان و دەوڵەمەندەکان و خاوەنزەوی و موڵکە گەورەکان و کۆمەڵی
دەستەبژێر دەکەن. ئەمان تەنھا بورغویەکی بچوکن لە ماشێنە گەورەکەی
سیستەمەکەدا ، گەر لە کاریش بکەون ، ماشێنەکە کاری خۆی دەکات و
ڕاناوەستێ. ئەوەی کە فرمانڕەوایی دەکات ئەوانەن کە ناوزەدەم کردن بە
یارمەتی یاسا و پۆلیس و سوپا و دادگا و دەزگە سیخوڕییەکانیان تاکو
یاساکانیان بۆ بخەنە کار.
لە ھەموو حاڵەتێکدا ئەمان لە فرمانڕەواییاندا تەنھا دەتوانن جەند
ڕیفۆرمـێکی بچوک بکەن و چەند کێشەیەکی بچوک لابەلابکەنەوە و بە ئاستەم
ژیانی زۆرینەکەی لە چاو حوکمی حیزبە ڕاستڕەوە کاندا ، ببەنە پێشەوە.
سەرەنجامیش وەھمدانێکی گەورەیە بە خەڵکی بەوەی کە بەڵێنێکی گەوەرەیان
پێدەدەن و ناتوانن بیبەنەسەر و لەو بارەشدا بێ ئومێدیان دەکەن.
بەم کردارانەیان، گومانی تیادانییە ئەمان باشترین خزمەتی سیستەمەکە
دەکەن بە درێژکردنەوەی تەمەنی و ھەڵخەڵەتاندنی خەڵکی و باوەڕھێنانیان
بە ھەرە درۆ گەورەکەی مێژوو کە پرۆسەی ھەڵبژاردنە، چونکە ئەمان لە
حیزبگەلێکی ئاوادا کاردەکەن کە پەیامیان بۆ ئێمە ئەوەیە کە تاکە
ڕێگایەک کە لە پێشمانە گرتنەبەری ڕێگای رێفۆرم و چاککردنی ھێدی ھێدی
بارودۆخەکەیە، نە ڕێگایەکی دیکە، ڕێگای سێھەم.
بەبۆچونی من ئەم کەسە سۆشیالیست و مارکسییانە کە لە ناو ئەم حیزبە
کرێکاری و چەپانەدا لێبڕوانە و دڵسۆزانە کاردەکەن ، باشترین خزمەت و
کار لە سەر درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم سیستەمە دەکەن ، زیاتر لە ھاوەڵە
کەمتر ڕادیکالەکانیان ، ئەویش بەھۆی ئەو پێگە کۆمەڵایەتییەی کە ھەیانە
و ھەبوونی متمامانەی زۆر لە لایەن خەڵکە ئاساییەکەوە.
ئامارەکان و واقیعیش ئەوەیان پێکاوە کە ئەمان کاتێک لە حوکمدان نەک ھەر
گیانی شۆڕشگێڕییان لە ناو خەڵکدا مراندووە بەڵکو گیانی بەرھەڵستاکاریی
ئاسایشیان ، مراندووە . لە شوێنێکی وەکو ئەوروپا بە تایبەت بریتانیادا
سەردەمانێک کە حیزبی کرێکاران لەسەر حوکمن ، ژمارەی ناڕەزاییەکان و
مانگرتنەکانی کرێکاران کەمترن لە سەردەمانی حوکمڕانی حیزبی تۆری (
موحافیزین) ، ئەمە جگە لەوەی کە مانگرتن و ناڕەزاییەکان لە ناوەڕاستی
ساڵەکانی حەفتاوە لە کەمبوونەوە و نوشوستیدان ( تەنھا ساڵێک کە تۆزێک
لەوان نەچێت ساڵی ٢٠١١ بوو).
ڕیکۆردی فەرمی مانگرتنەکان لە بریتانیادا لە ساڵی ١٨٩٠ وە ھەیە ، ئەوە
دەردەخات کە مانگرتنەکان لە ساڵانی حەفتاکانەوە بەرەو کەمبوونەوەو بێ
کارایی ڕۆیشتون جگە لە ھەندێک کات نەبێت . بەڵام لە ساڵی ١٩٩٠ وە
ژمارەو کارایی مانگرتنەکان لە ساڵانی پێشخۆی کەمتر بووە . ئەم لینکەی
خوارەوە زانیارییەکی زۆری تیادایە لەسەر ئەو کێشەیە و ھۆکارەکانیشی
روندەکاتەوە گەرچی من ئەو ھۆکارانە بە فاکتەری سەرەکی لەم گرفتەدا،
نازانم.
www.isj.org.uk/why-are-there-so-few-strikes
- بەشی دووەم -
لای زۆرینەیەک لە چەپ بە تایبەت کۆمۆنیستەکان، شێواندنی بزووتنەوەی
سۆشیالیسستی و ھۆکاری نەگەیشتن بە سۆشیالیزم، لە ‘ستالین’ و سەردەمی
فرمانڕەوایی ئەوەوە، دەستپێدەکات . کەمینەیەکیش وای دەبینن کە ستالین
چشتێکی نەکردەوە جگە لە بەجێگەیاندنی پرۆسەی ‘لیننیەت’ و پراکتیزەکردنی
بیرۆکە و تیوری خودی ‘لینین’ خۆی نەبێت.
بەڵام گەر بە وردی تاو و توێیەکی مێژوو بکەین و بە بیرێکی فراوانەوە
ئاوڕێکیش لە واقیعی ڕابوردوو و ئێستاش بدەینەوە ، ڕەنگە تا ڕادەیەک
بتوانین گەلێک لەوانەی کە ڕویداوە و لۆمەی ستالین و لینین-مان لەسەریان
کردوە، لە مارکسەوە سەر دەربھێنێت ، یا لانی کەم ئەشکالێکمان سەبارەت
بە مارکس لا دروستبکات.
با سەرنجێکی بیانوو و پاساوەکانی کۆمۆنیستەکان بدەین و دوای ئەوە
ئاوبەرێکی سەرچاوەکەی بکەین ، بزانین لە کوێدا دەگیرسێتەوە.
• ڕێکخستن و پارتی کرێکاران:
ئەوەی کە پاڵی بە ‘لینینە’ وە ناوە بۆ دروستکردنی پارتی شۆڕشگێڕ و
کارکردنی کۆمۆنیسیتەکان، گواستنەوەی ھۆشیاری چیانیەتی بووە بۆ ناو
ڕیزەکانی کرێکاران . ئەو لە کرداردا باوەڕی بەوە نەبووە کە ھۆشـیاری
چینایەتی لە زەمینەی کارکردن و ململانێی چینایەتی نێوان خودی کرێکاران
و بورجوازی سەرھەڵدەدات. ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەشەوە ‘ لینین’
باوەڕی بە کۆنترۆڵکردنی چینی کرێکاران ھەبووە لەلایەن کۆمۆنیست و
پارتەکەیانەوە. ئەو باوەڕی بە بزوتنەەی خۆڕسکی نەبووە ، ھەمیشەش ئەو
بزووتنەوە خۆڕسکیانەی بە حوکمی نەبوونی پارتی شۆڕشگێڕی خاوەن زەبت و
ڕەبت و ھەبوونی ناوەندی دیمۆکراسی لەو پارتەدا, بە بێ سەروبەرە و
ئاژاوە، داوەتە قەڵەم.
‘لینین’ باوەڕی وابووە بۆ ڕودانی شۆڕش بارودۆخی زاتی و بابەتی گرنگن .
لە بارودۆخی زاتیدا بۆ شۆڕش ھۆشیاری چینایەتی لای گرنگ بووە و ھەنگاوی
گەورە بووە چونکە ئەو ھۆشیارییە لەناو کرێکاراندا، بەڕای ئەو، ونە.
بۆ ئەمەش ئەو کاری لەسەر دروستکردنی ئەو پارتە کردووە و باوەڕی وابووە
کە کۆمۆنیستەکانی ناوەوە و دەرەوەی کرێکاران ھۆشمەندترین کەسانێکن،
دەکرێت پارتی پێشڕەو بەو کەسانە دروستبکرێت و پێشڕەوایەتی چینی
پڕۆلیتاریا، کرێکاران، بکات بەرەو مەنزڵی کۆتایی کە گرتنەدەستی
دەسەڵاتی دەوڵەتی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریایە، دواتریش بەرەو کۆمۆنیزم.
لینین، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا ” دەبێت چی بکرێت؟” بناخەی تەواوی
پلان و پڕۆگرامی حیزبی بەلشەفی دانا و ھەر لەوێدا پەنجە بۆ زەبتوڕەبتی
حیزبیانە ڕادەکێشێت و دەیەوێت بیکاتە ڕێنمایی “دەلیلی ” کارکردنی
ئەندامانی حیزب.
من لەم خاڵەدا نامەوێت بە درێژی لەسەر ئەو کتێبە و پلان و پڕۆگرامەکەی
‘لینین’ بڕۆم چونکە پێموایە ئەوەمان کە ڕۆژێک لینینی یا مارکسی-لینینی
بووبێتین ئەو کتێبەمان نەک ھەر خوێندۆتەوە بەڵکو دەرخیشمان کردبوو.
ئەوەی کە لای من گرنگە لیرەدا، ئەوەیە کە بلێم لینین ئەمەی لە خودی
مارکسەوە ھێناوە . مارکس لە بەیانی شیوعی-دا لە بەشی دووھەمدا، لە
پەیوەندی کرێکاران و کۆمۆنیستەکاندا، دەڵێت ” کۆمۆنیستەکان پارتێکی جیا
دژ بە پارتەکانی دیکەی چینی کرێکاران دروست ناکەن”:
www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm
لەم دێڕە کورتە دا ، مارکس دوو شتمان بۆ دەخاتەڕوو ، یەکەم:
کۆمۆنیستەکان و کرێکاران جیاوازن . دووھەم: ھەبوون و ڕەوابوونی پارتی
کرێکارانەیە. ئەو ئایدیایەی کە ‘لینین’ سەبارەت بە دروستکردنی حیزب
ھەیبوو ، لە مارکس -ەوە وەری گرتوە.
John Molyneux کە ئەکادیمی و نوسەرە و
زیاترلە ١٢ پەرتوکی لەسەر کێشەی جیاواز جیاواز ھەیە یەکێک بوو لە
ڕابەرەکانی ” سۆشیالیست وەرکەر پارتی ” برتانیا و ئێستاش لەگەڵ ھەمان
حیزب بەڵام لە ئیرلەندە کاردەکات ، یەکێکە لەنێو کەسە دیارەکان کە
لە مارکس بەباشی گەیشتبێت و توانیوێتی لینین بە مارکسەوە
پەیوەستبکاتەوە . سەبارەت بە زۆر مەسەلە لەوانە ‘ حیزب’ ‘پڕۆلیتاریا/کرێکاران’
و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا’ و ‘ شۆڕش’ یەکجار زۆری نوسیوە . لێرەدا من
وەکو بەڵگەنامەیەک پەنجە بۆ ھەندێک لە نوسینەکانی سەبارەت بە پارتی
پێشڕەو، ڕادەکێشم . ئەو دەڵێت ” بەڵام کاتێک کە یەکێک لەسەر تئیورەکانی
مارکس سەبارەت بە پارت دەدوێت، بابەتەکە باسی پارتییە سیاسییەکان
بەگشتی نییە، بەڵکو پارتە شۆڕشگێرەکەیە کە ئامانجی ئەو، ھەڵگێڕانەوەی
کاپیتاڵیزمە- بەتایبەت کەسێک کە قسە لەسەر تێزی مارکسی سەبارەت بە
پارتێکی سیاسی پڕۆلیتاریانە، دەکات، چونکە ، بە دڵنیاییەوە ، ئەوە دیدی
ئەوە کە ” بە تەنھا پڕۆلیتاریا، بە ھەقەت چینێکی شۆڕشگێڕن” مۆلێنوکس
ھەر لە درێژەی ئەو نوسینەیدا لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت ” ….لە ڕاستیدا
مارکس زۆرجار پێشنیاری ئەوەی کردووە لە تەواوی مانای وشەدا، بە ھەستێکی
تەواوە، ناتوانرێت کرێکاران بەچین وەرگیرێن ھەتا پارتی جیاوازی خۆیان
بینانەکەن… دەتوانین لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئەوە بدۆزینەوە کە ‘
ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا لە چینێکدا، دواتریش لە پارتێکی سیاسیدا ،
بەبەردەوامی غەمگینی/دڵەڕاوکێیە لە کێبڕکێی نێوان کرێکاران خۆیاندا’.
ھەرەوھا لە بڕیاری کۆنفرانسەکەی نێونەتەوەیی یەکەم، لەندەنی ١٨٧١ واھات
‘ پڕۆلیتاریا دەتوانێت تەنھا بە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی جیاواز
بۆخۆی، وەک چین، کار بکات ‘. ” لە درێژەی ئەو نوسینەدا لە شوێنێکی
دیکەدا، بە ئاماژەکردن بە مارکس دەڵێت ” ئەم خۆڕێکخستنەی پڕۆلیتاریا لە
پارتێکی سیساسیدا زەروورییە/ جەوھەرییە بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی
کە لە ھەدەفی کۆتاییدا : ھەڵوەشاندنەوەی ( ئتلغاکردنەوە) چینەکان.”:
www.marxists.org/history/etol/writers/molyneux/1978/party/ch01.htm
ڕەنگە لە ڕوی تیورییەوە پێشڕەوی شۆڕشگێڕ نێتی نەبووبێت کە ڕێکخراوێکی
جیا لە چینی کرێکاران دروستبکات و لە چەقی بزووتنەوەکەیاندا خۆی بە
ھەموو شتێک بزانێت. لینین و ئەوانی دیکەیان نێتیان وابووە کە ئەمان
تێکەڵ بە بەشێک لە چینی کرێکاران بن بە مەبەستی کردنی جەدەلی ململانێی
چینایەتی و گواستنەوەی ھۆشیاری سۆشیالیستیییانە بۆ ناویان. بەڵام لەو
ماوە درێژەی سەردەمی مارکسەوە تا ئێستا مامەڵەی پارتە سۆشیالیست و
کۆمۆنیستەکانمان لەتەک کرێکاراندا بۆ دەرکەوتووە، کە ھەمیشە خۆیان بە
دەستەی پێشڕەو ھۆشمەند و ڕۆشنبیر زانیوە و لە حەقیقەتیشدا لە دەرەوەی
دەسەڵات و لە دەسەڵاتیشدا توانیویانە یاخود ھەوڵی جددیان بۆ
کۆنترۆڵکردنی کرێکاران داوە.
ئەیلوولی ٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|