په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٦

چەپ و کۆمۆنیست ئەوەندەی راستڕەوکان

زیانیان بە بزووتنەوەی سۆشیالیستی گەیاندوە.


زاھیر باھیر      

- بەشی سێیەم -

• دەوڵەت و ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازیی:


وەکو لە سەرەوە وتم ھەندێک لەو چەپ و کۆمۆنیستانە نوشستی بزوتنەوەی سۆشیالیستی و نەگەیشتن بە قۆناغی سۆشیالیزم دەگێڕنەوە بۆ 'لینین' بەوەی کە گوتویەتی و کردوویەتی. بە بۆچونی من ئەمەی کە 'لینین' کردویەتی لە خودی ' مارکس و ئینگلسەوە' وەریگرتوە کە ئەوانیش ھەردوکیان زۆر پێیان لەسەر ناوەندگەرایی و دەسەڵات، داگرتووە. لە نێونەتەوەیی یەکەم وەکو ڕێکخراوێکی جیھانی کرێکاران، ھاوکاتیش سێنتەرێک، ‌ لەوێوە فرمانەکان و پەیامەکان بۆ خوارەوە دەنێررا و دروشمە ئەمرییەکەی کە " ئەی کرێکارانی جیھان یەکگرن" بوو، کە لەوێدا مارکس لە سەری سەرەوەی ئەو ڕێکخراوەوە بوو . ھەر لەوێشدا بوو کە مارکس پەیگیریی لە ڕێکخراوێکی ناوەندگەرایی دەکرد ، ئەوەش لەلایەن باکۆنینەوە ڕەتکرایەوە. باکۆنین باوەڕی وابوو ڕێکخراوی ناوەندگەرایی حەماسی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و خۆڕسکییان خامۆش دەکات . ئەمەش یەکێک بوو لە ھۆکارەکانی وەدەرنانی باکۆنین و ھاوڕێکانی لە ڕیزەکانی نێونەتەوەیی.


مارکس باوەڕی وابووە پاش کۆنترۆڵکردنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان ، قۆناخێکی کاتیی، دەبێت، کە دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە و ئەم قۆناخەش بۆ تێپەڕکردنی کۆمەڵ لە سۆشیالیستییەوە بەرەو کۆمۆنیزم زەروورییە. گەرچی ئەم تیورە لای مارکس لە ساڵی ١٨٧٠ دا لە پەرتوکی بەرنامەی گۆتادا خرایە ڕوو ، بەڵام "لە ڕاستیدا لە ئایدۆلۆجیای ئەڵمانیدا، تیوری دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریای ( ھێشتا ئەو ناوەی نەداوەتێ) بە جۆرێک لە جۆرەکان، خراوەتەڕوو "......ھەموو چینێک ئامانجی پاوانەکردنە بە پڕۆلیتاریاشەوە کە بەرەو ھەڵوەشاندنەوەی فۆرمی کۆمەڵی کۆنی دەبات بە تەواوی و بەگشتی ، یەکەمجار دەبێت دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست تاکو نوێنەرایەتی بەرژەوەندی بە ھەقەت وەکو بەرژەوندی گشتی، بکات کە لە چرکەی یەکەمدا زۆری بۆدەھێنرێت کە بیکا" لا ٥٢ و ٥٣ ئایدۆلۆجی ئەڵمانی { لەو لینکەی خوارەوە وەرگیراوە} " قۆناخی گواستنەوە ، قۆناخی گۆڕانی شۆڕشگێڕانەیە " لە نێوانی کۆمەڵی کاپیتاڵیستی و کۆمۆنیستدا" مارکس نوسیوێتی " قۆناخی گواستنەەوی شۆڕشگێڕانە لەمیانەوە بە ئەویان دەگەیەنێت" بەرنامەی گۆتا، چاپی ١٨٧٠.


لێرەدا گرنگ نییە جۆری دەوڵەتەکە چۆنە و کێ بەڕێوەی دەبات ، چونکە ھەر دەوڵەتێک بچوک یا گەورە زۆر یان کەم پێویستی بە سوپا و پۆلیس و دادگاو یاسا و ئیدارەی بیرۆکراتی و دەزگەی سیخوڕی و ..ھتد ھەیە، کەواتە دەوڵەتی کرێکاران / پڕۆلیتاریاش ناتوانێت خۆی لەمە بپارێزێت.


لە ڕەدی ئەمەدا باکۆنین نوسوێتی " ئەگەر دەوڵەت ھەبێت ، ئەوە ھەیمەنەکردنیش دەبێت و سەرەنجامەکەش کۆیلایەتی. دەوڵەت بە بێ کۆیلایەتی ، بەکراوەیی بێت ‌ یاخود فێڵکردن ‌، ناسەلمێنرێت ، ئەمەیە کە ئێمە دووژمنی دەوڵەتین . مانای چییە ' پڕۆلیتاریا ھەڵدەکشێ بۆ چینی فرمانڕەوایی؟" لەم جەدەلەی نێوانی مارکس و باکۆنیندا ، باکۆنیین پرسیار لە مارکس دەکات " ئایا ھەموو ٤٠ ملێون ( کرێکارانی ئەڵمانیا) دەبنە ئەندامانی حکومەتەکە؟" باکۆنیین پەرتوکی دەوڵەت و ئەنارکی لا ١٧٨. مارکس لەوەڵامدا " بە دڵنیاییەوە! بۆ سیستەمەێک کە لە حوکمی خۆسەری کۆمۆنێتییەکانەوەیە" مارکس و تێبینییەکانی ٥١٩ . لە شوێنێکی دیکەدا کاتێک کە مارکس لەسەر دەسەڵاتی پڕۆلیتاریا و جوتیاران دەنوسێت، دەڵێت " پڕۆلیتاریا ... پێویستە وەکو حکومەت ئەو پێوەرانەی کە پێوستێتی وەریانگرێت...". بۆ زانیاریی زیاتر تکایە تەماشای ئەم لینکە بکە:
www.marxisthumanistinitiative.org/alternatives-to-capital/karl-marx-the-state.html


باکۆنیین لە بەرانبەر خواستی مارکس و ھاوڕێکانیدا بۆ دەوڵەت، دەوڵەتی پڕۆلیتاری و دەسەڵاتی سیاسی بۆچون و ڕای خۆی بە ئاشکر وتووە، تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێت " من بێز لە کۆمۆنیزم دەکەمەوە لەبەر نکوڵیکردنی لە ئازادیی ھەرەھا لەبەرئەوەی دەتوانم پێشبینی شتێک لە مرۆڤ نەکەم بە بێ ئازادیی. من کۆمۆنیست نیم لەبەرئەوەی کۆمۆنیزم پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت و ھەموو دەسەڵاتی کۆمەڵ وەردەگرێت و ‌دەیداتە دەست دەوڵەت، لەبەر ئەوەی بە زەروورەت ناوەندگەرایی لە موڵکیەت لە دەستی دەوڵەتدا کۆتایی دێنێت، لە کاتێکدا کە من ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتم دەوێت".

www.politicalsciencenotes.com/political-ideas/comparison-between-karl-marx-and


بەداخەوە پێشبینیەکەی باکۆنیین سەبارەت بە دەوڵەتەکەی مارکس و دەسەڵاتخوازی پارتی کۆمۆنیست "بەلشەفی" نزیکەی نیو سەدە دوای قسەکەی، ھاتە دی.


مارکس لە پەرتوکی ڕەخنەی بەرنامەی گۆتادا ، باشتر ئەم مەسەلەیەی ڕوونکردۆتەوە دەڵێت " لە نێوانی قۆناخی سۆشیالیستی و کۆمۆنیزمدا قۆناخی گواستنەوەی کۆمەڵ لە ڕێگای دەوڵەتی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریاوە دەبێت" گەرچی مارکسییەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە گوایە مارکس مەبەستی لە دەوڵەت نەبووە بەڵکو لە زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریانە بووە . بەڵام بە ئاشکرا دیارە کە مارکس مەبەستی دسەڵات و دەوڵەتی پڕۆلیتاریا بووە، چونکە مارکس لە شوێنی دیکەشدا پێداگریی لە سەر ھەبوونی دەسەڵات و ناوەندگەرایی دەکاتەوە. با لەوە گەڕێین کە مارکس و ئینجلس ھەردووکیان ڕازیبوون بە ونبوون و لەناوچوونی دەوڵەت لە ڕێگای دەسەڵاتی پڕۆلیتاریا و دەسەڵاتەکەیەوە ، کە ھیچ وەختێک نە ئاوەز و نە ئەزمونی دووروو و درێژی دروستبوونی دەوڵەتیش ، ‌ ئەوەیان نە پەسەند‌کردووە و نە سەلماندویانە . دەوڵەت ھەمیشە خۆی و ئامرازی بەھێزکردنەوەی خۆی نوێدەکاتەوە.


تەنانەت لەھەندێک شوێندا مارکس بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردن و پەڕلەماندا ڕەوا کردوە " ئایا لایەنگریی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی بورجوازیدا نەبوون، ھەروەھا ھەڵبژاردنی کاندیدەکانی کرێاکران بۆ پەڕلەمان؟ لە ڕاستیدا لە چەند وڵاتێکی دیاریکراودا ھەتا وا بیریان دەکردەوە کە زۆربەی پەڕلەمانتارەکانی چینی کرێکاران دەتوانرێت قۆناخی گواستنەوەی ئاشتیانە بێت، بۆ سۆشیالیزم " (تکایە بۆ زانیاری زیاتر تەماشای تێبینی ٦٢ لەو لینکەی سەرووتریانا بکە).


دوو مەسەلە لای ما رکس زۆر گر نگ بوون یەکەم ناوەندگەرایی دووھەم بە پیشەسازیکردنی وڵات . تا ئەو کاتەشی کە مرد ئەو پەیگیری لەسەر ئەو دوو مەسەلەیە دەکرد و بە دوو بناخەی گرنگی دادەنا لە بۆ بیناکردنی سوشیالیزم. ھەر لەبەر ئەوەش ھەردوکیان ( مارکس و ئەنگلس) نەک ھەر لایەنگر و شەیدای ناوەندگەرایی لە بواری سیاسیدا بوون بەڵکو لە بواری پیشەسازی و ئابوریشدا ھەر وابوون ، خۆشیان ھەرگیز نکوڵییان لەم ڕاستییە ‌ نەکردووە. من لە سەرەوە باسم لە ناوەندگەرایی لە بواری سیاسیدا کرد.


مارکس و ئینگلس تەماشای دەسەڵاتیان واکردووە کە بناغەییە بۆ دسپلینکردنی پڕۆلیتاریا و گوێڕایەڵی بوون . ئینگلس زۆر بە ڕاشکاوییەوە ئاوا وەسفی کارگە دەکات " قوتابخانەیەکی ھیراشی /قوچکەییە بۆ گوێڕایەڵێتی و ئەمرکردن" لا١٩٠ Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, By Janet Biehl.


لە کتێبێکی دیکەیدا، بووکچین دەڵێت " مارکس و ئینگلس نەک ھەر لە سیاسەت بەڵکو لە بواری کۆمەڵایەتی و پیشیسازیشەوە، سێنترالیست بوون. ھەرگیز ئەم ڕاستییەیان نکوڵی لێنەکردووە، نوسینەکانیان و دیراسەکانیان لەتەک وەسفە ڕاستەوخۆکانیان بۆ سیاسەت، ڕێکخراوێتی، نایشارنەوە. ھەر زوو لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی ١٨٥٠ دا بوو، لە پەیامەکەی لە کۆمیتەی ناوەندییەوە بۆ گروپی کۆمۆنیست) Central Council to the Communist League ، مارکس " با‌نگێشەی ئەوەی کرد کە کریکاران بە تەنھا تێنەکۆشن بۆ یەکتایی و تاکێتی کۆماری ئەڵمانی، بەڵکو دەبێت تێکۆشانیشیان بە زۆری و لێبڕاوانە بۆ ناوەندگەرایی دەسەڵاتیش لە دەستی ‌ دەسەڵاتی دەوڵەتتدا، بێت" .... ھەر لەو پەڕەگرافەدا بە بەردەوامی دووبارەبۆتەوە و ئەنجامگیری ئەوەی کردووە " ھەر وەک لە فەرەنسای ١٧٩٣ دا ئەڵمانیای ئەمڕۆش کە بە ڕێگای ناوەندگەرییەکی پتەو و مەزبوتدا تێدەپەڕێت کە ئەمەش ‌ لە حەقەتدا ‌ مەھامی پارتێکی شۆڕشگێڕە" لە ساڵانی دوای ئەوەش ھەمان شت بەردەوامبووە، کە جەنگی فرانکۆو بروسیا دەستی پێکرد ، بۆ نموونە ، مارکس بۆ ئینگلسی نوسی" فەرنسییەکان پێویستیان بە بەزاندن ھەیە. گەر برۆسیەکان بیبەنەوە، ناوەندگەرایی ( مەرکەزییەتی ) دەسەڵاتی دەوڵەت بەسسوود دەبێت بۆ سێنترەلایزکردنی چینی کرێکارانی ئەڵمانیا"‌ لا ١٤٠ The Murray Bookchin Reader Edited By Janet Biehl.


مارکس، وەکو خودی خۆشی ، کابرایەک بووە کە ڕۆحی خۆسەپێنەرێتی تیادابووە ، ھیچ وەختێک ئامادەی لێدوانی لەخۆبڕاوانە و یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەوانەشی کە ناکۆکی زۆر سەرەکی لە تەکیاندا نەبووە ، نەبووە . ھەر کەسێکیش پیداچونەوەیەکی پەیوەندی نێوانی مارکس و نەیارەکانی و نامەکانی نێوانیاندا بکات ، وەکو لەتەک جۆزیف پرۆدن و میخایل باکۆنین و ماکس شتێرنە ‌و ئەوانی دیکەدا، کردویەتی ‌ ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەکەوێت.

 

 

- به‌شی چواره‌م -


• چینی پڕۆلیتاریا و ته‌کنه‌لۆجیا:


ڕۆح و جه‌وهه‌ری هزری مارکس له‌ خۆئاماده‌کردندا بۆ شۆڕش و هێزه‌ بزوێنه‌ره‌که‌ی، له‌ چینی پڕؤلیتاریا و گه‌شه‌ و پێشه‌وه‌چوونی ته‌کنه‌لۆجیادا ، چڕبۆته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ سه‌رجه‌می لێکۆڵینه‌وه‌ مێژووییه‌کانی مارکس له‌سه‌ر ته‌کنه‌لۆجیا و پێشکه‌وتنی و سه‌رمایه‌داریی و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌و زێده‌بایی و ململانێی نێوانی پڕۆلیتاریا و بورجوازی ، بووه‌، تاکو بیسه‌لمێنێت که‌ کۆمه‌ڵی ئاینده‌ی سۆشیالیزم له‌سه‌ر ده‌ستی کرێکاراندا دروستده‌بێت، ئه‌مه‌ش یانی سۆشیالیزم نایه‌ته‌ دی هه‌تا کۆمه‌ڵ به‌سه‌رمایه‌دارییدا تێنه‌په‌ڕێت. له‌م دیده‌یه‌شه‌وه‌ ‌ مارکس نه‌ك هه‌ر به‌هایه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ کرێکاران له‌ کۆمه‌ڵ و ڕۆڵیاندا داناوه‌ به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتداریشیانده‌کات و ده‌یانخاته‌ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌‌وه‌ . مارکس هیوایه‌کی یه‌کجا گه‌وره‌ به‌ کرێکاران ده‌به‌ستێت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی وه‌کو بوكچین ده‌ڵێت " مارکس نوسوێتی و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌رکاتێك پڕۆلیتاریا کاپیتاڵیزمی به‌ سروشتی قه‌بوڵکرد ، ئه‌وه‌ هه‌موو هیواکان بۆ شۆڕش ، ونده‌بێت" لا ٢٨٥ Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, By Janet Biehl .


هاوکاتیش مارکس ئه‌وه‌ باشده‌زانێت که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا کرێکاران له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌کاندا زۆر که‌مایه‌تیبوون و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتا‌نه‌شدا یا هه‌ر نه‌بوون یاخوود یه‌کجار که‌مبوون . کاتێك که‌ مارکس گه‌شه‌ی کرێکاران به‌ گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌‌ ده‌به‌ستێت ، ئیدی ئه‌و هه‌سته‌ی خۆی ناشارێته‌وه‌ که‌ گه‌شه‌ی وڵاتان له‌ ڕوی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ که‌ به‌ر‌هه‌مهینه‌ری کرێکارانه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر وێرانی وڵاتێکیش و پلیشانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌شی بێت ، لای ئه‌و گرنگ نییه‌ . باشترین نمونه‌یه‌کیش ' کۆمپانیای ڕؤژهه‌ڵاتی هیندییه‌' له‌ چه‌رخی ١٩ ده‌دا که‌ مارکس یه‌کجار دڵی پێیخۆشبوو.


جانێت له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٦٠ی هه‌مان کتێبدا ده‌ڵێت، بووکچین ده‌ڵێت " مارکس وای بینیوه‌ که‌ کاپیتاڵیزم په‌یامێکی مێژویی پێیه‌ بۆ پێشخستنی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ ئاستێك که‌ ئیدی ده‌توانێت پێداویستییه‌کانی به‌شه‌رییه‌ت دابین بکات" دیسان هه‌ر له‌و په‌رتوکه‌دا له‌ لاپه‌ڕه‌ ١٩٠دا، نوسیوێتی "له‌وه‌ش زیاتر، مارکسیزم په‌یگیرانه‌‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بووه‌. مارکس و ئینگلس ته‌ماشای ده‌سه‌ڵاتیان واکردووه‌ که‌ بناغه‌ییه‌ بۆ دسپلینکردنی پڕۆلیتاریا و گوێڕایه‌ڵی بوون." هه‌تا مارکس کاپیتاڵیزمی واده‌بینی که‌ به‌ وێرانکردنی فۆرمه‌ ئابووییه‌کانی پێشینه‌ و گه‌شه‌پێدانی ته‌کنه‌لۆجیا، ڕۆڵێکی مێژویانه‌ی پێشکه‌وتنخوازیانه‌ی بینیوه‌. ئه‌و وا بیریکردۆته‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵی چینایه‌تی زه‌رووره‌ی مێژوییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بناغه‌ی ئازادی به‌شه‌رییه‌ت .... بوکچین‌ سه‌باره‌ت به‌م تێزه‌ و بۆچوونه‌ی مارکس ‌ده‌ڵێت مارکسیزم "پێشکه‌وتوترین ئایدۆلۆجییه‌ له‌ کاپیتاڵیزمی پێشکه‌وتوودا".


David Graeber له‌ په‌رتوکه‌ نوێیه‌که‌ی که‌ به‌ ناوی The Utopia of Rules له‌ لاپه‌ڕه‌ی ١٢١ و ١٢٢دا، ئه‌ویش له‌سه‌ر بۆچونه‌کانی مارکس سه‌باره‌ت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و سوود ، ده‌دوێت، به‌ به‌ڵگه‌وه ‌قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بۆچوونی ئه‌و‌ ده‌کات که‌ نه‌هاتنه‌ دی. یه‌کێك له‌وانه‌ شۆڕشکردنه‌ له‌ ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا ، ده‌یڤد ده‌ڵێت " ئه‌رگویمێنته تایبه‌تییه‌که‌ی مارکس ئه‌وه‌ بووه‌، به‌هۆی فاکته‌ری دیاریکراوی ته‌کنیکییه‌وه‌ به‌ها(قیمه‌) و هه‌روه‌ها قازانجیش ده‌بێت له‌ کاری مرۆڤ، دروستبکرێت . به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ کێبڕکێی خاوه‌نکارگه‌کان ناچار به‌ ماشێنایزکردنی به‌رهه‌م له‌ پێناوی هێنانه‌خواره‌وه‌ی تێچووندا (کولفه‌) ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ناو به‌ناو قازانجێکی وه‌ختی بۆ چه‌ند کارگه‌یه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ گشتی کارایی ئه‌م ماشنیزکردنه‌ له‌ ڕاستیدا بڕی ( معه‌ده‌ل) قازانج له‌ هه‌موو کارگه‌کاندا ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌ ئێستا نزیکه‌ی دوو چه‌رخه ئابورییناسه‌کان دیبه‌یتی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئایه‌ به‌ ڕاستی ئه‌مانه‌ هه‌موی ڕاسته‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاستبێت ، ئه‌ی بۆ بڕیارێکی وا‌ غه‌ریب‌ له‌ له‌یه‌ن پیشه‌سازیکه‌رانه‌وه، ناده‌ن،‌ بۆ‌ پاره‌ ناخه‌نه‌ توێژینه‌وه‌ بۆ داهێنانی کارگه‌کانی ڕۆبۆت، که‌ هه‌موو که‌سێك له‌ شه‌سته‌کاندا، پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، له‌بری ئه‌مه‌ ده‌ستپێکردنی گوستنه‌وه‌ی کارگه‌کانیان بۆ شوێنانی چڕی کار ، بۆ شوێنیێ ته‌کنه‌لۆجیای که‌متر، له‌ چین یاخود جیهانی باشوور، که‌ عه‌قڵ باشتر ده‌یگرێت، کرد".


ده‌یڤد هه‌ر له‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که‌یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ ١٤٣دا ده‌ڵێت " کاپیتاڵیزم له سروشتی ته‌کنه‌لۆجیدا پێشکه‌وتووه‌ وا‌ده‌رده‌که‌وێت مارکس و ئینگلس له‌ سه‌رده‌می حه‌ماسییه‌که‌یاندا بۆ شۆڕشی پیشه‌سازی له‌و ڕۆژانه‌دا سه‌باره‌ت به‌مه‌، به‌ ته‌واوی هه‌ڵه‌ بوون . یاخود زیاتر به‌ دیار‌یکراوی ئه‌وان ڕاستبوون که‌ په‌یگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ ماشێنا‌یزکردن له‌ پیشه‌سازی به‌رهه‌هێناندا، سه‌رئه‌نجام کاپیتاڵیزم وێرانده‌کات، به‌ڵام هه‌ڵه‌ بوون له‌ پێشبینیکردنی ئه‌وه‌ی که‌ مونافه‌سه‌ی مارکێته‌کان خاوه‌نکارگه‌کان ناچارده‌کات که‌ به‌ره‌و ماشێنایز، مل بنێن".


له‌ته‌ك ئه‌و ئه‌رکه‌ گه‌وره‌ی که‌ مارکس خستویه‌تیه‌ سه‌رشانی کرێکاران، بڕوایشی به‌وه‌ هه‌بووه‌ که کرێکاران ده‌بێت ‌ شوورا و کۆمیته‌ و ئه‌نجومه‌نه‌کانی خۆیانیان له‌ کارگه‌ و کارخانه‌کانیاندا هه‌روه‌ها له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌شدا هه‌بێت ، وه‌کو ئه‌نجومه‌نێك، لیژنه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات . ئه‌مه‌ش یانی ده‌سه‌ڵاتدانه‌ ده‌ستی کرێکاران و بێبه‌شکردنی باقییه‌که‌ی، دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتێك له‌ شێوه‌یه‌کی بچوك یا گه‌وره‌دا ڕێگاخۆشکردنه‌ بۆ نه‌بوونی یه‌کسانی و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی . بووكچین له‌و دیمانه‌یه‌ی که Janet Biehlی براده‌ری کردویه‌تی، سه‌باره‌ت به‌ کۆمیته‌ی کرێکارییه‌کان ده‌ڵێت "‌ گه‌ر کرێکاران له‌ پرۆژه‌که‌یاندا خۆیان وه‌کو هاووڵاتیان له‌بری کرێکاران نه‌بینن، که‌واته‌ ئێمه‌ ده‌رگه‌ بۆ گریمانێکی به‌هێز ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و‌ان بانگه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ شوێنه‌کانیاندا ، له‌سه‌ر حسابی ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان، ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش یانی کێشانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ و دانی به‌ شوێنی سه‌ر کار، ئا به‌و شێوه‌یه‌ تۆ درز له‌ یه‌کێتی ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ دروستده‌که‌یت و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری زیاتری شوێنی سه‌ر کار وه‌ک‌ توخمێکی سه‌رپه‌رشتیکار له‌ په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماه‌رییه‌که‌دا" درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌دات و ده‌ڵیت لێمگه‌ڕێ با ئاسانی بکه‌م : " که‌ ‌ شوێنی سه‌ر کار ده‌سه‌ڵاتی زۆری هه‌بوو ، ئه‌نجوومه‌نی جه‌ماوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی که‌مه‌- هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی که‌متر که‌ شوێنی سه‌ر کار هه‌یه‌تی ، ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که ده‌سه‌ڵاتی زۆرتری ‌ هه‌یه" لا 162 The Politics of Social Ecology, Libertarian Municipalism. By Janet Biehl.

سه‌باره‌ت به‌چینی کرێکاران، مارکسییه‌کانی ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت مارکسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌بێت ئه‌و‌ پێناسه‌یه‌ لای خۆیان ساغبکه‌نه‌وه‌. ‌ ئایه‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وان له‌چه‌مکی پڕۆلیتاریا، کرێکاران، هه‌ر هه‌مان شته‌ که‌ مارکس کاتی خۆی هه‌یبووه‌؟ گه‌ر ئه‌وان هه‌مان پێناسه‌ په‌سه‌ند ده‌که‌ن ،ئه‌وه‌ له‌ته‌ك واقیعی ئه‌مڕۆ و جیهانه‌که‌یدا ناگونجێت و گریمانی شؤڕشیش، نیییه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌موو خه‌ڵکانی دیکه‌ که‌ له‌ ئۆفیس و شۆپه‌کان و شوێنه‌کانی دیکه‌دا و به‌ بێکار که‌مئه‌ندامانه‌وه‌ و خانه‌نشینکراوانه‌وه‌ به‌ کرێکار بده‌نه‌ قه‌ڵه‌م ، یاخود وای ده‌بینن که‌ کێشه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێوانی له‌ سه‌دا یه‌ك و له‌ سه‌دا نه‌وه‌دونۆکه‌ی دیکه‌یه‌تی. ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وان ده‌بێت پیاداچونه‌وه‌یه‌ك به‌ بۆچونه‌ مارکسییه‌کانی خۆیاندا سه‌باره‌ت به‌ پڕۆلیتاریا، بکه‌ن.


ڕه‌نگه‌ گرنگیش نه‌بێت چ پێناسه‌یه‌ك بۆ کرێکاران ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ و من تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دڵنیام ئه‌وه‌یه‌ که‌ چینی کرێکاران زۆر له‌ سه‌رده‌می مارکس لاوازتره‌ و هیوای شۆڕشییش له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا زیاتر بوو تا ئێستا. دیاره‌ له‌مه‌دا پێشبینییه‌که‌ی مارکس نه‌هاته‌ دی که‌وای ده‌بینی که‌ کاپیتاڵیزم گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی ده‌بێت و به‌ پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا و زۆربوونی پڕۆلیتاریاو ڕوودانی قه‌یرانه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابوریی، ئیدی زه‌نگی لێدانی شؤڕشیش نزیکترده‌بێته‌وه.


گه‌ر ته‌ماشایه‌کی واقیعیانه‌ی دونیا بکه‌ین له‌م چه‌رر‌خه‌دا و تا ئێستاش بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی له‌ ئاستێکی یه‌کجار نزمدان جگه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و یۆنان . ته‌نانه‌ت هه‌وڵی سه‌ره‌کی ئه‌وانیش نه‌ك بردنه‌پێشه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه‌ و دابینکردنی داخوازی زیاتر ، به‌ڵکو ده‌ستبه‌سه‌راگرنتی ئه‌وانه‌ی که‌ پێشتر به‌ده‌ستهێنراون ، تاکو له‌ ده‌ست نه‌چن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش من ڕام وایه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ قه‌یرانێکی یه‌کجار گه‌وره‌داین نه‌ك سه‌رمایه‌داری. له‌م باره‌شه‌وه‌ من ‌ چه‌ند وتارێکم نوسیوه‌ و دواترینیان " ئایا‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، یاخود قه‌یرانی ئێمه‌یه‌؟".

 http://zaherbaher.com/2016/08/18/%d8%a6%d8%a7%db%8c%d8%a7%e2%80%8c-%d8%a6%d9%87%e2%80%8c%d9%85-%d9%82%d9%87%e2%80%8c%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86%d9%87%e2%80%8c-%d8%a6%d8%a7%d8%a8%d9%88%d9%88%d8%b1%db%8c%db%8c%d9%87%e2%80%8c-%d9%82%d9%87


سه‌باره‌ت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و ڕۆله‌که‌ی: هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد گرنگێتی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ مارکس و مارکسییه‌کان له‌ بنیاتنانی سۆشیالیزمدا زۆر گرنگ بووه‌ ، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ هاتنی ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتوو لای ئه‌وان پێداویستییه‌کی مێژوویی بووه‌ بۆ دروستکردنی هێزه‌ بزوێنه‌ره‌که‌ی شۆڕش، کرێکاران، هه‌م بۆ قورتاربوون له‌ کێشه‌ی که‌مبه‌رهه‌میی ، که‌ مارکس که‌مبه‌رهه‌میی به‌ نه‌بوونی ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتووه‌ گرێداوه‌ و ئه‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ به‌رهه‌م به‌شی دانیشتوان ناکات.


له‌ وردکردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌توانین دوو خاڵی گرنگ ڕه‌چاو بکه‌ین . یه‌که‌م : هاتنی ته‌کنه‌لۆجیا به‌ هاتنی چینی بورجوازی قۆناغی گه‌شه‌کردنی پیشه‌سازییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ . هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ مارکس ئه‌وه‌ی که‌ بورجوازی کردویه‌تی به‌ شۆڕشی زانیوه‌ و لاینگری کردوه‌ و تا ئێستاش له‌ناو مارکسییه‌کاندا واباوه‌ که‌ بورجوازی له‌و سه‌رده‌مه‌دا چینێکی شۆڕشگێر بووه‌. دووهه‌م: که‌ ته‌واوکه‌ری خاڵی یه‌که‌مه‌ بووه‌ته‌ دانانی به‌ردی بناخه‌ی به‌شکردنی قۆناخه‌کانی به‌شه‌رییه‌ت به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم لای ما‌رکسییه‌کان ، وه‌کو کۆمه‌ڵی کۆمیۆێنه‌ی سه‌ره‌تایی ، به‌ندایه‌تی ، فیود‌اڵیزم ، کاپیتاڵیزم ، سۆشیالیزم ئه‌مجا کۆمۆنیزم. ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ لای مارکسییه‌کان به‌ لینینیشه‌وه‌ زیاتر گرنگی ڕۆڵی پرۆلیتاریا و ته‌کنه‌لۆجیای دووپاتکرده‌وه‌، پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرد که‌ قسه‌کردن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بۆ وڵاتانێك که‌ له‌ قۆناخی سه‌رمایه‌داری زۆر گه‌شه‌کردودا، نه‌بن ، ئه‌وه‌ خه‌و و خه‌یاڵه،‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ واقیع و داخوازییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌م ، ئه‌مه‌ش کارێکی وایکرد که‌ ئه‌گه‌ر پارته‌ کۆمۆنیست و به‌لشه‌فییه‌کانی جیهان باوه‌ڕ و دروشمیشیان کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بووبێت، به‌ڵام به‌ کاری کرده‌ کارو تێکۆشانیان بۆ به‌ پیشه‌سازیکردنی وڵات، کۆمه‌ڵ، کردووه‌ ، بۆ زیاتر کۆیله‌ کردنی کرێکاران، ڕه‌نجده‌ران. به‌شخوراوان، بووه‌ ،هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا ده‌ستیان له‌ته‌ك چینی بورجوازی، خۆیان وته‌نی " نیشتمانی" تێکه‌ڵکردوه‌ و به‌ چینێکی شؤڕشگێڕیان داناوه‌ و پشتگیرییان لێکردووه‌ . ده‌رئه‌نجامی به‌ڕێکردنی ئه‌م سیاسه‌ت و پراکتیکه‌کردنشی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی ، دیمۆکراتی نیشتمانی ، فرمانڕه‌وایی گه‌لیی ، دیمۆکراتی گه‌لی و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی گه‌شه‌کردنی ناسه‌رمایه‌داری به‌ره‌و‌ سۆشیالیزم له‌ عێراق و هه‌ندێك شوێنی دیکه‌ به‌ ده‌ستتێکه‌ڵکردنی له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌ فاشییه‌کاندا له‌ به‌ره‌یه‌کدا.


که‌واته‌ وه‌کو کورد ده‌ڵێت ئه‌و ئاگره‌ بێ دووکه‌ڵ نییه‌. ئه‌مه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می 'لینین' و دوای ئه‌ویش په‌یڕه‌وده‌کرا ، هه‌ر هه‌مووی گه‌ر به‌ وردی بڕوانیت ‌ خودی مارکس سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی، ورده‌ ورده‌ قسه‌ و بۆچون و تیئوره‌کانی مارکس له‌سه‌ر ده‌ستی لینین و پاشڕه‌وانیدا، گه‌شه‌ی پێدراوه و خراوه‌ته‌ پراکتیکه‌وه‌.


به‌ بۆچونی من ئه‌و دوو خاله‌ی که ‌له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکردن پڕۆلیتایا و ته‌کنه‌لۆجیا له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنی پێشکه‌وتنی به‌شه‌رییه‌ت‌ به‌و قۆناغانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم، گه‌وه‌ره‌ترین زه‌ربه‌یان له‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی داوه‌ و به‌ربه‌ستێکی یه‌کجار گه‌وره‌ بوون له‌به‌رده‌میا. ئاشکراشه‌ که‌ ده‌ردی ئایدۆلۆجیا هیچ ده‌رفه‌تێکی بۆ مارکسییه‌کانی پاش مارکس نه‌هێلاوه‌ته‌وه‌ تاکو سه‌ر له‌ دووتوێی کتێبه‌کان به‌رزبکه‌نه‌وه به‌ ‌ مێشکی خۆیان تۆزێك بیر بکه‌نه‌وه‌ و بزانن ئایا ڕاستی ئه‌مه‌ له‌ که‌تواردا ده‌بینرێت یا نا؟ پرسیارێك له‌ خۆیان بکه‌ن خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاستی تیادا بێت ئه‌وه‌ شؤڕشی سۆشیالیستی له‌ وڵاتانی پیشه‌سازی دواکه‌وتودا هه‌رگیز ڕوونادات ؟ ئه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ چۆن ڕووده‌دات؟ هه‌نگاوه‌ عه‌مه‌لییه‌کان بۆ ئه‌م پرۆسسه‌یه‌ چین؟ له‌ هه‌قه‌تیشدا واقیعیش و ئه‌زموونه‌کانیش ئه‌وه‌یان نیشاندا نه‌ حیزب ده‌توانێت ئه‌مه‌ بکات و نه‌ ‌ پڕۆلیتاریاش ده‌توانن یه‌کبگرن و دیکتاتۆری پڕۆلیاتاریاش بنیات بنێن؟! خۆئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕوویدا ئه‌ی چۆن ئه‌م قۆناخی چینایه‌تییه‌ له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ قۆناخی بێ ده‌سه‌ڵاتیی، بێ چینایه‌تی؟ ئه‌مانه‌ و کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێکی دیکه‌ هه‌ن که‌ بۆ مارکسییه‌کان گرانه‌ له‌ واقیعدا وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه، مه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی ته‌نها له‌ بڕگه‌ی کتێبه‌کاندا بدۆزنه‌وه‌‌ .

___________________________________

بەشی یەکەم و دووەم: www.emrro.com/cepukomonist1u2.htm

 

ئەیلوولی ٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک