په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٩\٢٠١٦

چەپ و کۆمۆنیست ئەوەندەی راستڕەوکان

زیانیان بە بزووتنەوەی سۆشیالیستی گەیاندوە.


زاھیر باھیر      

- بەشی پێنجەم -

• تەکنەلۆجیا و سروشت و ژینگە و ئیکۆلۆجی: ‌


‌لایەنێکی دیکەی خراپیی لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا بە تێزی مارکس و مارکسیییەکان کە بە مەرجێکی سەرەکی بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی، دادەنێن ، لە ڕاستیدا خاڵێکیشە ‌ لە دژایەتیکردنی ژینگە و ئاژەڵ و تەواوی گیانلەبەرانی سەر ئەم گەردوونە . ھاوکاتیش ئەو بایاخ و بەھا گەورەیە کە خودی مارکس بۆ مرۆڤی دڕندەی داناوە کە " بەنرخترین سەرمایەیە لە دوونیادا"!!


ئەوەندەی من بزانم 'لینین' شتێکی وای لەسەر ژینگە و سروشت و بوونەوەرەکانی دیکەی سروشت ، نەنوسیوە ، ئەوانەشی کە نوسیوێتی، ئەویش وەکو مامۆستا‌کەی ، مارکس، لە ڕوانگەی پاوانەکردنییەوە بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤەکان ، یا ڕاستتر بۆ کرێکارەکان، قسە و باسی لەسەر کراوە.


مارکس لەسەر پاراستنی ژینگە و سروشت شتی نوسیوە ، بەڵام ھزر و ئایدیای بە کردەوە دژایەتی سروشت و بوونەوەرانی دیکەی جگە لە مرۆڤ، کردوە. ئەو خواستویەتی کە مرۆڤ سروشت پاوانە بکا و سەری پێدانەوێنێ بۆ خواست و خۆشی مرۆڤ ، کە ئەمەش لای مارکس تەنھا و تەنھا لە ڕێگای تەکنەلۆجیاوە دەبێت، ئیدی لەم بارەدا لای ئەو گرنگ نەبووە کە تەکنەلۆجیا سروشت و ژینگەکەی وێراندەکات و بونەوەرەکانی لەناودەبات یا لانی کەم کەمیاندەکاتە وە و ڕەویان پێدەکات. ھاوسەنگی لە نێوان سروشت و مرۆڤدا ، مرۆڤ و تەکنەلۆجیادا ، لای مارکس ونبووە . ئەو ھاوسەنگییەی کە چەندێک سروشت خزمەت بە مرۆڤ دەکات و بەرەو پێشەوەی دەبات ، ئەوەندەش مرۆڤ دەبێت خزمەت بەو بکات و وەکو سەرچاوەی سامانێکی بەھادار کە دەتوانرێت تەواو یپێداویستیەکانی ژیان لە ھەموو بوارەکاندا بۆ مرۆڤ دەستەبەر بکات.


ئەوەی کە ئەمڕۆ بەسەر مرۆڤدا بە ھۆی کارەساتە سروشتییەکانی وەکو لافاو و ھەریکان و زیادبوونی پلەی گەرما و ڕودانی کارەساتی دیکە، دێت، ‌ دەرئەنجامی دژایەتیکردنی سروشتە لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە ، کە ئەمەش مرۆڤکردە ، واتە کاری مرۆڤە نەک شێتبوونی سروشت.


تەکنەلۆجیاو چڕبونەوەی چینی پڕۆلیاتاریا و گەیشتن بە قۆناخی سەرمایەداری ھیچ وەختێک و ھەرگیزیش تەنانەت مەرجی لاوەکیش نین بۆ بیناکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ ئەنارکیستی . ئەوەی کە بنەما زەروور‌ییەکانی بنیاتنانی ئەو کۆمەڵە، دەسەپێنێت، کۆ‌مەڵێکی پڕ لە کەمایەتییەکی دەستەبژێر، لە ھیراشییەت، لە باڵادەستی و دەسەڵات و پاوانەکردنی کۆمەڵ و خێر و خۆشییەکانی سروشت و ناو کۆمەڵ، لەگەڵ ھەبوونی زۆرینەیەکی بندەست و فرمانپێکرا و ڕەنجدەر و چەوساوە و بەشخوراو لە کۆمەڵدا ‌. ئەمانەش لە ھەموو قۆناخەکانی کە لەسەرەوە باسمکردن ، جگە لە قۆناخی کۆمەڵی سەرەتایی کۆمۆنوێڵی، بوونیان ھەبووە، ئیدی ئەوە گرنگ نییە لە سەردەمێکدا کۆیلە، جوتیار یاخود کرێکار بووە . ڕاستە شێوەی چەوساندنەوەکان ، کۆمەڵەکان گۆڕاون بەڵام جەوھەری چەوساسندنەوەکان ، کە لە ڕێی ھەبوونی کۆمەڵە چینایەتییەکە و کۆمەڵی ھیراشییەوە ، بووە،‌ ھەر ماوەتەوە زیاتر وچڕتریش بووەتەوە.‌ ‌

___________________________________

بەشی سێیەم و چوارەم: www.emrro.com/cepukomonist3u4.htm

بەشی یەکەم و دووەم: www.emrro.com/cepukomonist1u2.htm

 

ئەیلوولی ٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک