په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٦

چەپ و کۆمۆنیست ئەوەندەی راستڕەوکان

زیانیان بە بزووتنەوەی سۆشیالیستی گەیاندوە.


زاھیر باھیر      

- بەشی شەشەم (کۆتایی) -

• مافی چارەنوسی و دروستکردنی دەوڵەت - نەتەوە:


سەردەمی ژیانی لاوێتی مارکس و ئینگلس و گەشەی فکرییان وقسەکردن لەسەر شتگەلێکی زۆر، نەیاندەتوانی خۆیان لە گەرمەی پرسی نەتەوایەتی و بزوتنەوە نەتەوەییەکانی ئەو سەردەمە، لابدەن . ئەو سەردەمە کێشەی پۆڵۆنیا کە بۆ ساڵانی ١٧٩٥ دەگەڕایەوە و ھەبوونی کێشەی ئیرلەندە کە چەند سەدەیەک کۆڵۆنیالی بریتانیابووە و ھەر لە ساڵی ١٨٠١ بەتەواوەتی بە بریتانیاوە بەستراوەتەوە . ھەروەھا جولەکە و چیک و ھەنگاری و بولگارییەکان و سلاڤەکان . کێشەیەکی گەرم بوون و دواتریش کە شۆڕشی فێبروەری ١٨٤٨ ی فەرەنسا ڕوویدا ، ئیدی ئەمە ھەم گوڕێکی گەورەی بە کێشەی ‌ ئەو نەتەوانە داو ھەم چینی بورجوازیشی لای مارکس و ئینگلس گرنگتر، کرد ، کە پێناسەی ئەوان بۆ ئەو شۆڕشە شۆڕشێکی بورجوازی دیمۆکراتیکە و خەبات بۆ ئازادی نەتەوە دەکات " لەو کاتەدا مارکس و ئینگلس باوەڕیان وابوو کە بورجوازی دەتوانێت ڕۆڵی مێژوویی پێشکەوتوو لە پاکۆدانی فیوداڵیزمدا ببینین ، وێڕای ئەوەی نیشانەی ڕوونی ئەوە دەرکەوەتبوو کە ئامادەیە ‌ سازش لەتەک کۆنە کۆماندەکاندا ، بکات چونکە ترسی ئەوەی ھەبوو کە ھێزی چینی کرێکارانی گەشەکرد‌وو ھاوپەیمانە بۆ خەباتی ئەنتی فیوداڵ" . مارکس و ئینگلس ھەر لێرەدا نەوەستاون، کاتێک کە ھاتنە سەر قسەکردن لەسەر ئەڵمانیا " ئا لەو کاتەدا مارکس و ئینگلس کە قسە لەسەر ئەڵماینا دەکەن ، شرۆڤەی ئەوەیان کرد کە ئەمەش مانای وایە کە چینی کرێکاران دەبێت لەگەڵ بورجوازیدا بەیەکەوە ھەرکاتێک کار لە ڕێگای شۆڕشگێڕانەوە، دەکات ‌ شەڕ دژی پادشایی ڕەھا و ھەموو فیوداڵ و ھاوشانەکانی و ھەروەھا پیتی بورجوازی، بکەن " لێرەدا پرسیارێک خۆی قوتدەکاتەوە :‌ بۆچی دەبێت ھاوپەیمانی بورجوازی بکات دژی پیتی بورجوا؟ ئەی بۆ ھاوکاری پیتی بورجوا نەکات دژی بورجوازی؟
http://links.org.au/node/164


بێگومان ئەم بۆچونانەی ئەوان لەو ڕوانگەیەوە سەریگرتووە کە یەکگرتن و پشتیوانیکردن لە بورجوازی لە بەرژەوەندی کرێکاران دەشکێتەوە ، بە تایبەت لەم قۆناخەدا گوایە لەبەر ئەوەی کە مەھامی سۆشیالیزم نزیکدەخەنەوە. ھەر ئەم ھەڵوێستەش بووە کە مارکس لە کێشەی ھندستاندا لەگەڵ بورجوازیدا بووە چونکە بە چینێکی زانیوە کە پێشکەوتن و گەشەکردنی سەرمایەداری بەخۆی لە ھیندستاندا ھەڵگرتووە ، ئیدی بێ گوێدانە پلیشاندنەوەی خەڵکەکەی.


لە کێشەی پۆڵۆنیادا مارکس و ئینگلس کە پەیگیرییان لە سەربەخۆیی و مافی چارەنوسی کردوە ئەو دوو فاکتەرەیان ناسییوە واتە زوڵمکەر و زوڵملێکراو، نەتەوەی زۆرلێکراویش دەبێت مافی چارەنوسی ھەبێت. لە مانگی نۆڤەمبەری ١٨٤٧ دا لە یادکردنەوەی ڕاپەڕینی پۆلۆنییەکاندا ، لە کۆبونەوەکەی لەندەندا، ئینگلس قسەی لەسەر ڕزگاری پۆلۆنیا کرد ، لەوێدا ئەوەی یادی بیسەران، ئامادەبووان خستەوە کە ئەمان وەکو ئەڵمانیا بەرژەوەندیان لە ڕزگاری پۆڵۆنیادایە جونکە ئەمان پۆڵۆنیا دەچەوسێننەوە و دوای ئەوەش ئەڵمانیا خۆی لەم خاڵی عارە پاکدەکاتەوە و ئەڵمانیا ناتوانێت ئازاد بێت بە چەوساندنەوەی پۆلۆنیا " نەتەوەیەک ناتوانێت ئازاد بێت ، ھاوکات بەردەوام بێت لە داپڵۆسینی نەتەوەکانی دیکەدا".


لەگەڵ ئەو خیتابە حەمەسییاشدا ئینگلس ئەو مافەی کە بۆ پۆلۆنییەکان و ئەڵمانییەکان و ئیتالییەکان و ھەنگارییەکان کە بە " نەتەوە مێژووییە مەزنەکان" ناسرابوون، ڕەوا بینیوە کەچی بۆ ھەندێک نەتەوەی دیکەی بە ڕەوا نەبینوە ، کە یەکێک لەوانە 'سلاڤییەکانە'، بیانوی ئینگلس بۆ ئەمەش " ئەو تێبینی ئەوەی کردووە کە مەیلی سەرمایەداری بەرەو ناوەندگەرایی دەڕوات و دروستبوونی دەوڵەتە گەورەکان، ئەو (ئینگلس) مەیلی خەباتی نەتەوە بچوکەکان لە دژی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی بۆ ھەبوونی دەوڵەتی خۆیان ، بەکەم دەگرت- گرتنەبەری رێگای لەنێوبردنی سنوورە قەومییەکان ڕەنگە یەکەمجار پێویست بکات بە زیادکردنی زاوزێ، ( واتە زیادکردنی ژمارە)- ئەم فاکتە دواتر لینین ڕەچاویکرد "‌ ھەمان لینکی سەرەوە.


سەبارەت بە ئیرلەندەش مارکس ھەڵوێستی جیا جیای ھەبووە کاتێک کە دەڵێت " بۆ ماوەیەکی درێژ بڕوام وابووە کە گریمانی ڕوخاندنی ڕژێمی ئیرلەندەییەکان لە ڕێگای چینی کرێکارانی ئینگلیزەوە پاوانەکراوە . دیراسەیەکی قوڵ ‌لە ئێستادا، قەناعەتی پێچەوانەکەی پێکردم. چینی کرێکارانی ئینگلیزی ھەرگیز شتێک بەدەستناھێنێت ، ھەتا خۆی لە ئیرلەندە ڕزگار نەکات" ھەمان لینکی سەرەوە.


لە نامەیەکیدا ، مارکس، کە لە ساڵی ١٨٦٧ دا بۆ ئینگلسی ناردوە، ئاوا دەست پێدەکات " وا ڕاھاتبووم کە لام جیابوونەوەی ئیرلەندە لە ئینگلەند مەحاڵبوو.....ئێستا وا بیردەکەمەوە کە ئەوە حەتمییە، گەرچی ڕەنگە فیدرەیشن بەدوای جیابوونەوەدا بێت" تێبینی ژمارە ١٢ ھەمان لینک.


ئەم پشکنینەی مارکس و ئینگلس-م بۆیە کرد تاکو ئەوە بسەلمێنم کە لینین مەسەلەی نەتەوایەتی و نیشتمانی لە باخەڵی خۆیەەو دەرنەھێناوە بەڵکو ئەم زیاتر و ڕوونتر لە سەر پرسی نەتەوایەتی قسەی کردووە و پراکتیزەشی کردوە.


مەسەلەی کۆڵۆنیکردن و دژایەتی کردنی ئیمپریالیییەت و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی بە تایبەت لە سەردەمی لینین و نوسیسینی پەرتوکی " بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی ڕۆژھەڵات " بوە بەڵگەنامە و ڕێپیشاندەر (گایدێک) بۆ ‌ پاشڕەوانی خۆی ھەر وەکو چۆن کتێبی " دەبێت چی بکرێت" بووە گایدێک بۆ بینای حیزبی کۆمۆنیستی . ئیدی ئەم کێشەیە زیاتر برایە پێشەوە و باوەڕ بە مافی چارەنوسی بە مافی دروستکردنی دەوڵەتیشەوە ، خرایە ناو پەیڕە و پڕۆگرامی زۆرینەی حیزبە کۆمۆنیستییەکانەوە ، گەرچی لە زۆر وەختدا ئەم پرنسپڵە دەکرایە قوربانی پەیوەندی نێوانی شورەوی جاران و حکومەتە " نیشتمانیەکان" یاخود پەیوەندی نێوانی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ناو خودی وڵات و " بورجوازی نیشتمانی".


بێگومان لەم حاڵەتەدا زیاتر ڕەچاوی پرۆسەی گونجاندن (تەوافوق) لە نێوانی پارتە بورجوازییەکان، "بورجوازی نیشتمانی" و حیزبە کۆمۆنیستەکاندا ، لە بەرژەوەندی شورەو‌ی جاران، کراوە و کەمتر باس لە ڕۆڵی کرێکاران و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا کراوە.


ئەوەی سەرەوە خۆی مەسەلەیەکەو چەندەھا وتاری دەوێ ، بەڵام ئەوەی کە من دەمەوێت سەرنجی خوێنەری بۆ ڕابکێشم ئەوەیە کە مەسەلەی نەتەوایەتی و ڕزگاری نیشتمانیش، وەکو پێشتر وتم، داھێنەری لینین نییە ، ڕاستە لینین گەشەی بەمە ‌داوە و تا ڕادەیەک گشتگیریی کردەوە بەڵام لە ھەقەتدا لینین ئەم تیورەی لەسەر بناخەی کێشەی پۆڵۆنیا و ئیرلەندە داناوە کە وەکو باسمکرد ،مارکس لە سەردەمی خۆیدا لەسەر ئەم دوو کێشەیەی نوسیوە و بایاخی زۆریشی پێداون.


ڕەنگە راستی تیادا بێت گەر بڵێن ئەگەر مارکس باسێکی لە ئیرلەندە و پۆڵۆنیا نەکردایە ، ئەوە لینینیش نەیدەتوانی وا پەیگیریی لە تیئورییە نەتەوەییەکەی بکات.


دەرئەنجام:


ئەوەی کە ' لینین' وتویەتی و کردونی شتێک نەبووە کە مارکس قسەی لەسەر نەکردبن. لێکدانەوە و توێژینەوەکانی مارکس، لای مارکسییەکان بە زانست لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام بەڵگەیەک نییە کە ئەوە بسەلمێنێت. ئەوانەی کە ئەو باسیکردون و پێشبینی ڕوودانی دەکردن، ڕویان نەدا و زەرەرێکی زۆریشی لە بزوتنەوەی سۆشیالیزم، دا. مارکسییەکان دەبوایە پیاداچونەوەیەکیان بە 'مارکس' دا بکردایەتەوە، چونکە زەمانی ئیستا و سەردەمی مارکس زۆر جیاوازن و چینی کرێکاران گۆڕاون و تەکنەلۆجیا زۆر پێشکەوتوە، دوای ئەوەش ھەندێک ھەڵەی مارکس ھەیە کە کاتی خۆشی و ئێستاش ھەر ھەڵە بوون وەکو : مارکس ھەمیشە لە مەترسی کەمی بەرھەمدا ژیاوە و لای ئەو نەبوونی یا کیفایەتنەدانی بەرھەم ھۆکارێکە لە بەرگرییکردنی ئەو لە تەکنەنۆجیا و خاڵی سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیزمیشە . دیسانەوە پەرستنی تەکنەلۆجیا و گەشەکردنی سەرمایەداری لای ئەو مەرجی ڕودان و سەرکەوتنی تەواوی سۆشیالیزمە،‌ بەڵام لە ھەقەتدا ئەوە وا نیییەو ژیانیش شکستی بەو لێکدانەوەیە ھێنا. پێناسەی ئەو ‌بۆ کرێکاران کە چینێکی شۆڕشگێڕن، گەر کاتی خۆشی تا ڕادەیەک ڕاست بوو بێت بە حوکمی ئەوەی کرێکاران بارودۆخییان لەو سەردەمەدا لە ئێستا، جوودا بووە. ڕەنگە کاتی خۆی کرێکاران شۆڕشگێڕبووبێتن بەڵام ئێستا تەنانەت لە شوێنێکی سەرکاریشدا ھەمویان ناتوانن بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک یەکبگرن تەنانەت لە تەنھا ڕۆژێکی مانگرتنیشدا. کرێکاران پارێزەریی تەواوی ئەم سیستەمەن، ئەوەی کە لای ئەوان گرنگە لەدەستنەدانی کارەکەیانە ھەتا ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی ملیۆن کەسانی وڵاتانی دیکە و وێرانکردنی خاکیشیان بێت. ئەمەش لەمڕۆدا زۆر بە ئاشکرا دەبینین . دیسانەوە کردنی کرێکاران بە چەقی لابەلاکردنەوەی ھەموو کێشەکان ھەڵەیەو ئێمە سۆڤێتاتی کرێکارانمان ناوێت و کۆمیتەکانی ئەوان دەبنەوە بە بەشێک لە دەسەڵات، لەمەشیاندا مارکس دەسەڵات و ناوەندگەرایی ویستووە ، کە بەڕای من ڕاستنەبووە . مارکس و مارکسییەکان باوەڕیان بە شۆڕشی سیاسی واتە دەسەڵاتگرتنە دەست ، ھەیە، بەڵام شۆڕش دەبێت ‌ شۆڕشی کۆمەڵایەتی بیت و لە بنی کۆمەڵەوە دەستپێبکات ھەمو لایەنەکانیش بگرێتەوە، ناشتوانرێت بە تەنھا قسە لەسەر کێشەی چینایەتی بکەیت بێ ئەوەی کە ھەدەفیش لە ھیراشییەتیش لە ھەموو بوارەکانی کۆمەڵدا بگریت. دەبێت ئەوەش بزانرێت کە بایاخنەدان بە پرسی ئیکۆلۆجی، قسەکردن لەسەر شۆڕش مەحاڵە . لە مەسەلەی دابەشکردنی قۆناغی سۆشیالیزم بە سۆشیالیزم و کۆمینیزم و کە دواتریش 'لینین و ستالین' باشتر و وردتر تیورەکەی ئەویان نەخشە کێشایەوە و کۆمەڵی بەشەرییەتیان بە ٥ قۆناغ دابەشکرد ‌ ، کە گوایە بۆ ئەوەی کۆمەڵی سۆشیالیزم بنیات بنرێت دەبێت ئەم قۆناغانە ببڕێت و کۆمەڵ بە سەرمایەد‌اریدا تێپەڕ بکات، بەمەش گەورەترین زەربەیان لە بزوتنەوەی سۆشیالیستی دا. ھەر ئەمەش بوە ھۆی دروستبون و گرتنەبەری ڕێگای گەشەکردنی ناسەرمایەداریانە ، حکومەتی شەعبی، گەلیی ، کرێکاریی نیشتمانی ھتد. سەبارەت بە ناوەندگەرێتی و بە پیشەسازیکردنیش بۆ گەیشتن بە سوشیالیزم، واقیع سەلماندی کە مارکس دیسانەوە ھەڵە بوو.

___________________________________

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/cepukomonist5.htm

بەشی سێیەم و چوارەم: www.emrro.com/cepukomonist3u4.htm

بەشی یەکەم و دووەم: www.emrro.com/cepukomonist1u2.htm

 

ئەیلوولی ٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک