په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠٠٩

چەقبه‌ستن و گێڕگۆڕینی بە پەلە.


سالار بابەشێخ

-: هاتووم دیمانەیەکم لەگەڵ بکەی، لە رۆژنامەکەتان بڵاوی بکەیتەوە.

-: بۆچی خێرە؟ خۆ تۆ هیچ کارێکی مەیدانیت بە بێ پێداچوونەوە و داڕشتنەوە، شیاوی بڵاوکردنەوە نین، هێشتا بە تەواوی خۆت فێری رێنوووسی زمانەکە نەکردووە!! نووسینێکت لە هیچ بوارێکدا نییە! ئینجا تۆ چ پەیامێکی گرنگت پێیە کە دەتەوێ لە دووتوێی دیمانەیەکی رۆژنامەییدا ئاراستەی خوێنەرانی بکەی؟!

-: کاکە ئەوە بۆ شتەکان وا قورس دەکەی؟ ئەدی برادەرایەتی مانای چییە؟ دەیان کەس هێڕ و بێڕ لە یەکتر جیا ناکەنەوە و دیمانەشیان لەگەڵ دەکرێ و ئیهتمامی تەواویشیان پێدەدرێ، تۆش بۆ منی بکە و تەواو، دەمهەوێ تەوەری پرسیارەکانت ئەوە بێت، کە من وەکو کۆمۆنیست و عەلمانییەک چۆن بوو تێکەڵ بە لایەنێکی ئیسلامی بووم؟!

-: کەواتە بابەتێک بنووسە و تێیدا باسی چۆنیەتی ئەم گۆڕانکارییە بکە، بەڵام بزانە نووسین وەک کاری مەیدانی و دیمانە و رێپۆرت نییە، کەس ئامادە نییە داڕشتنەوەی سەرلەبەری بکات...".

ئەمە گفتوگۆی من و هاوڕێیەکم بوو کە هەمووی دوومانگە تێکەڵ بە کاری رۆژنامەنووسی بووە و خۆی بە رۆژنامەوان دەزانێت و دژی "واسیتە"شە!!

ئەم هاوڕێیەمان نەیهێشت چلەی ئەو دیالۆگە بەسەر بچێت، دوێنێ وەدەرکەوتەوە و هات و گوتی "باش بوو دیمانەکەمان نەکرد، ئەوە چەند رۆژێکە وازم لە ئیسلامیش هێناوە و ئێستا مەسیحیمە و زۆریش مورتاحم". گوتم "کاکە دەزانی بیرمەند و تیۆریسیەنێکیی چەپ دەڵێت: (ئەو کۆمۆنیستانەی کە لە سەنگەری سوسیالیزم وازدێنن، لە بەردەم دەزگە سیخوڕرییەکان دەدۆزرێنەوە)...!! هۆکاری ئەم هەموو گێڕگۆڕینە بە پەلەیە چییە؟ تا کەی خۆت ساغ ناکەیتەوە؟!..."، پێکەنینەکەی کرد بە قاقا و لە پڕ لە قۆڕقۆڕاچکەیدا خنکاندنی و بە تووڕەییەوە پرسیاری کرد: "ئەدی تۆ تا کەی لە قسەی رەق واز ناهێنی؟".


ئەم هاوڕێیە بە درێژیی تەمەنی کورتی چەب بوونی، دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو، لە بادانەوەکەشیدا ئاڵای جیهانگەرایی ئیسلامی هەڵدەدا و کێبڕکێی سەلاحەدینی ئەیوبی دەکرد و بە خەستی مامەخەمەی جامعەی عەرەبی بوو! لە هەڵبژاردنی ئایینە نوێیەکەشیدا هەر ئەوەی بۆی گرنگ نەبوو، دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و ئینتیمای نیشتمانی بوو! کەواتە گێڕگۆڕینی بەپەلە (لە ئایدیا و ئایین) و چەق بەستنی نەگۆڕ (لە دژایەتی کردنی بە دەوڵەتبوونی کورد) و کوردایەتی پێفرۆشتنی هەندێک کەس و منیش وەک نموونە، وایکرد هەتا دەهات مەودای نێوانمان زیاتر دەبوو!! هەرچی زیاتر پێمداگرت لەسەر ئەوەی کە بوونی رای جیاواز کفر نییە و دەکرێ دۆستایەتی بە بۆچوونی جیاوازەوە بەردەوام بێت، ئەو زیاتر تووڕە بوو، بۆیە دوای دەمەتەقەیەکی زۆر گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە چیدی سوود لە گفتوگۆکانمان وەرناگرین و داوای کرد کۆتایی بە دۆستایەتیشمان بێنین! بەڵام ئەم بڕیارەشی هەر هەفتەیەک بڕ دەکات...
 


28/12/2009