په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٥\٢٠٢٦

جەستەی غەزاڵ لە نێوان درۆنی جەنگ و دۆگمای ئایندا؛

کایەی پزیشکیی وەک سەنگەر.

کارزان عەزیز      

پێشەکی.


ئەگەر کەرتی تەندروستی لە جیهانی مۆدێرندا وەک پیرۆزترین کایەی مرۆیی سەیر بکرێت، ئەوا لە کوردستاندا ئەم کایەیە بووەتە یەکێک لە قێزەونترین مەیدانەکانی چەوساندنەوە و بازرگانی بە ژیانی خەڵکەوە. ئەو کارەساتەی دەرهەق بە غەزاڵی پێشمەرگە کرا، تەنها هەڵەیەکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمێک لادا کە تێیدا لایەنی مرۆیی لەنێوان دوو بەرداشی مەترسیداردا ورد دەکرێت: چەتەیی گیرفان‌بڕین و ڕقی ئایدۆلۆژی.


بایۆپۆلەتیک و "ژیانی ڕووت".


لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەمکی (Bare Life)یان "ژیانی ڕووت" بکەین کە فەیلەسوف (جۆرجیۆ ئەگامبێن) وەک تیۆرییەکی سیاسی باسی دەکات. غەزاڵ لە ساتەوەختی برینداربوونی و ڕەتکردنەوەی لە لایەن نەخۆشخانەوە، لە "هاووڵاتییەکی خاوەن ماف"ەوە گۆڕدرا بۆ جەستەیەک کە هیچ یاسایەک نایپارێزێت. کاتێک نەخۆشخانە دەبێتە بڕیاردەر لەسەر ئەوەی کێ بژیت و کێ بمرێت لەسەر بنەمای ئینتیما و ئایدۆلۆژیا، ئیتر ئێمە لەبەردەم دامەزراوەیەکی تەندروستیدا نین، بەڵکو لەبەردەم دادگایەکی سۆڤێرانەی سیاسی و ئایدۆلۆژیداین کە "سزای لەسێدارەدان" بەسەر بریندارەکاندا دەسەپێنێت.


هاوپەیمانیی سەرمایەداریی چەتە و ئیسلامی سیاسی.


نەخۆشخانە ئەهلییەکانی کوردستان، کە زۆربەیان لەژێر سێبەری حیزب و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئیتر لە ناوەندی چارەسەری دەرچوون و بوون بە مۆڵی بازرگانی. لێرەدا مرۆڤ وەک نەخۆش سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک "کڕیار" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەر لە ساتەوەختی چوونە ژوورەوە، لۆژیکی پزیشکی جێگەی خۆی بۆ لۆژیکی ژمێریاری چۆڵ دەکات.


ئەوەی لە نەخۆشخانەی (بەخشین) بەرامبەر بە غەزاڵ کرا، سەلماندی کە چەتەیی ئابوری تەنها لایەنێکی کێشەکە نییە، بەڵکو لایەنە مەترسیدارەکە ئەوەیە کە ئەم ناوەندانە خەریکن دەبنە "سەنگەری ئایدۆلۆژی". کاتێک نەخۆشخانەیەک لەسەر بنەمای ئایینی بڕیار لەسەر وەرگرتنی بریندارێک دەدات، سوێندی پزیشکی (Hippocratic Oath) دەگۆڕێت بۆ سوێندی تاوانکاری و تۆڵەکردنەوەی سیاسی.


تیرۆری دووفاقە: درۆن و دۆگما.


غەزاڵ دووجار بووە قوربانی؛ جارێک جەستەی بە ئاگر و ئاسنی درۆنەکان خوێناوی کرا، و جارێکی تریش بە بایکۆتی مرۆیی و پزیشکی لەناو شاردا تیرۆر کرا. وەرنەگرتنی کچە پێشمەرگەیەک تەنها لەبەر ناسنامە فکرییەکەی، جەریمەیەکی ڕێکخراوە. ئەمە ئەو پۆینتەیە کە تێیدا "ئیسلامی سیاسی" و "سەرمایەداریی چەتە" یەکدەگرن هەتا هەر دەنگێکی ئازاد کە لەدەرەوەی زۆنی پیرۆزییەکانی ئەوان بێت، ڕەوانەی گۆڕس.تانی بکەن. وەرنەگرتنی غەزاڵ، بەردەوامیی هەمان ئەو درۆنە بوو کە جەستەی پێکا؛ یەکەمیان بۆ تێکشکاندنی جەستە و دووەمیان بۆ کوشتنی ئومێدی ئازادی.


ئەنجامگیری.


ئەم فاجیعەیە دەبێت ببێتە زەنگێکی مەترسی بۆ ویژدانی گشتی. بێدەنگی لەسەر ئەم ڕەفتارە فاشیستییانەی کەرتی تەندروستی، ڕێگەخۆشکردنە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەر یەکێک لە ئێمە لەسەر بیروڕاکانمان لەبەردەم دەرگای نەخۆشخانەکاندا جێبهێڵرێین. پێویستە کایەی پزیشکی لە هەژموونی حیزب و ئایین دابماڵرێت، ئەگەرنا "مرۆڤ" لەم وڵاتەدا تەنها دەبێتە ژمارەیەکی بێبایەخ لە دەفتەری ژمێریاریی کۆمپانیاکان و گیرفانی دۆگماکاندا.

 

ماڵپەڕی کارزان عەزیز

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک