٢٠\٥\٢٠١٣
چەتری ئازادیی
لەسەر تێرۆری رۆژنامەنووسان و کەیسی سەردەشت عوسمان،
دەنگی نارەزایەتی
گەیاندە پەرلەمانتارانی سکۆتلەندا.

ئامادەکردنی: ئاکۆ خەلیل
دوێنی
١٧/٠٥/٢٠١٣ لە کۆبونەوەیەکدا لەشاری گلاسگۆکە لەلایەن" گروپی کوردستان
لە پەرلەمانی سکۆتلەندا "تاییبەت بە ڕەوەندی کوردی سازدرا، چەتری
ئازادیی لەسەر کەیسی تێرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان راپۆرتێکی
تێروتەسەلەی ئاڕاستەی پەرلەمانی سکۆتلەنداکرد. ئەم کۆبوونەوەیە بە
ئامادەبوونی ئەندام پەرلەمان هەنزەلە مالیک و بە سەرپەرشتی د.گۆران
عەبدولا سکرتیری گروپی کوردستان لە پەرلەمانی سکوتلەندا و ژمارەیەکی
بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی بەرێوە چوو.
ھەنزەڵە مالک پەرلەمانتار لە پارتی لەیبەری سکۆتلەندا وێرای خۆشحالی لە
گەیاندانی زانیارییەکان لای خۆیەوە بەلێنی بەدواداچونی وردیدا لەبارەی
دواین گۆرانکاری لەسەر تێرۆری سەردەشت عوسمان و دیزە بەدەرخۆنەکردنی
کەیسەکەی لەدادگا و پێشێلکاری ئازادیی رۆژنامەنووسی و ڕادەربرین
لەکوردستان.
شایانی باسە، ئەمە یەکەمین کۆبونەوەی ئەم گروپەیە کە لەلایەن گروپی
کاری ھاوبەشی پارتەکانی سکۆتلەندا بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی
کەمەنەتەوەکانی رۆژھەلاتی ناوەراست-لەلایەن پەرلەمانی
سکۆتلەنداپێکھێراوە بەئامانجی کۆمەک و ھاوکاریکردنی پەنابەران و
ڕەوەندی کوردی.
کۆبونەوەکە کە نزیکەی ٣ کاتژمێری خایاند.وە سەرەتا ئامانجی کۆبونەوەکە
سەرپەرشتیاری کۆبونەوەکە وپەرلەمانتار ھەنزەڵەمالکەوە باسکراو پاشان
لەلایەن ئاکۆ خەلیلزادە بە نوێنەرایەتی چەتری ئازادیی راپۆرتێکی
تێروتەسەل لەسەر تێرۆری ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و پێشێلکاری ئازادیی
ڕادەربرین و ھەڕەشەی بەردەوامی سەر ڕۆژنامەنوسان خوێندرایەوە.
لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر پیشێلکاری مافی مرۆڤ و
قۆرغکردنی دەسەلات لەلاین ھەردوو پارتی فەرمانرەواوە قسەی لەسەرکرا.
رێکەوتنی ژێربەژیری دەسەلاتدارانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا
سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران یەکێکی تربوو لەتەوەرەکانی
کۆبونەوەکە،وە داواکرا کە پەرلەمانی سکۆتلەندا لای خۆیەوە رێگە لە
دەستگیرکردن و دیپۆرتی پەنابەران لەژێر ھەر رێکەوتنی دژە مرۆڤایەتیدا
راگرێت.
خۆشبەختانە پەرلەمانتار ھەنزەڵە مالک، پاش پشتراستکردنەوەی ھەبوونی
پەیوەندی و رێکەوتنی ژێربەژێر لەنێوان کوردستان و بەریتانیادا،
ناڕەزایەتی توندی خۆی لەورێکەوتنە دەربری .وە پشتیوانی خۆی بۆ راگرتنی
دیپۆرت و پێدانی مافی پەنابەرێتی بە پەناخوازانی کورد دەربری.بۆ ئەم
بەمەبەستەش گوێبیستی ژمارەیەک داواو چیرۆکی خەمھینەری پەنابەرانی
کوردبوو وە بەلێنی چارەسەر و تێکۆشانی بە ئامادەبواندا.
ھەنزەلە مالک ، یەکێک لەو ئەندام پەرلەمانتارانەی کە بەجلی کوردیەوە
دوومانگ لەمەوبەر لەرێگای پەرلەمان سکۆتلەنداوە لەشاری ئەدنبرە لە
گفتۆگۆیەکی پەرلەمانیدا پشتیوانی خۆی و چەندین پەرلەمانتاری تری
سەبارەت بە دۆسێی جێنۆساید ناساندنی کورد دەربری.وە لەو کۆبوونەوەیەدا
ئاماژەی بەوەدابوو کە کوردستان ناوچەو ولاتێکی ئارامە.
ھەربەم بۆنەشەوە ئەمرۆ ئەو ئەندام پەرلەمانە لەسەرناوھێنانی کوردستان
بە ناوچەیەکی ئارام لەلایەن ئامادەبوانەوە روبەروی رەخنەی
توندبویەوە.لەبەرامبەریشدا ھەنزەڵە پەشیامانی خۆیدەربری و لەبەرامبەر
ئامادەبواندا روونکردنەوەیدا کە بەھۆی بەراورد کردنی کوردستان بە
ھەریەکە لەولاتانی ناوچەکە ،ئاماژەی بە ئارامی کوردستان کردوە ،دەنا
لەوە دڵنیایە کە کوردستان بۆ کەسانی سیاسی و ڕۆژانامەنوس و زۆر کەس و
لایەنی دیکە جێگایەکی نائارامە و وە ھیوای خواست کە ئەو دۆخە گۆڕانکاری
گەورە و پۆزەتیف بەخۆیەوە ببینێت.
_______________________________________
دەقی وتارەکەی چەتری ئازادیی بۆ کۆبوونەوەی
پەرلەمانی سکۆتلەندە کە لە لایەن ئاکۆ خەلیل (رۆژنامەنووس و چالاکەوانی
مافی مرۆڤ) پێشکەشکرا.
بەڕێزان سڵاو.. بەناوی چەتری ئازادییەوە
سوپاستان دەکەین بۆ ئەم دەرفەتە.
چەتری ئازادیی لەندەن گروپێکی کارکردنە لە مەیدانی ئازادییەکان لە
کوردستاندا، کە لە ھەڵسوراوانی ئازادییخوازو چالاکەوانی مافی مرۆڤ پێک
دێت. ئەم گروپە ئاکشنە بۆ داکۆیکردن لە ئازادیی سیاسی و ڕۆژنامەگەری
وڕادەربرین و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دروست بووە. ئێمە لەڕێگای
چالاکی و کارەکانمانەوە ئاگادارکردنی ڕای گشتی و فەرمی وڵاتی بەریتانیا
و جیھان لە بارودۆخی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ لەکوردستان دەکەین، وە
ھەوڵدەدەین بۆ دابینکردنی پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی بۆ خواستەکانی خەڵک
وە بەرگریکردن لێیان لە بەرامبەر دەستدرێژیەکانی دەسەڵات بۆ سەر ماف و
ئازادییەکانیان.
ئەم گروپەی ئێمە لەئەنجامی تاوانی کوشتنی ڕۆژنامەنوسێکەوە لەکوردستان
دروست کرا کە بە "سەردەشت عوسمان" ناسراوە .ئەو گەنجێکی ڕۆژنامەنوس و
خوێندکاری زانکۆی ھەولێر بوو کە لەڕێگای ووتارەکانیەوە باسی لە کێشەی
گەنجانی کوردستان دەکرد کە چۆن ژیانیان ھەژاری یە و نەبونی ئازادیی
توشی بێ ئومێدی کردون لە دەسەڵات. ئەو لەووتارێکی ڕەخنەی تەنزئامێزدا
کە ئاراستەی سەرۆکی ھەرێم و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی بارزانی کردبوو
باسی لە جیاوازی ژیانی پاشا ئاسای بنەماڵەی بارزانی کردبوو وە بەراوردی
کردبوو بەژیانی خێزانە ھەژارەکەی خۆی و داوای کردبوو کە ڕێگەی بدەن
کچێکی بارزانی بخوازێ تا ژیانی ئەویش وەک ژیانی کەسانی بنەماڵەی
دەسەڵاتداری بارزانی لێ بێت. بەڵێ لەسەر ئەم خەونەی کە تەنیا لەسەر
کاغەز بەدیھێنا کوشتیان. ئێستاش دوای سێ ساڵ لە کوشتنەکەی لەم
ھەفتەیەدا کەسێک کەلەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەک بکوژی
"سەردەشت " ڕاگەیەنرا پەشیمان بوەوە و لیژنە و دادگاکەی پارتی بۆ ئەم
کەیسەی دانابوو جگە لەم سیناریۆ دەستکردە ھیچی تری نەکردوە بۆ ناساندنی
تاوانباری کوشتنی سەردەشت و دادگایی کردنی. ئەمە نمونەیەکە لە دەیان
نمونەی تری سەرکوت و بێ مافیەک کە ڕۆژنامەنوسان و کەسانی ناڕازی
بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە لەکوردستان حکومەت و پەرلەمانیان بەدەستە
دەیکەن. لیستێک لە کوشتن و گرتنی تر ھەیە کە دیارترینیان "کوشتنی
ڕۆژنامەنوس سورانی مامە حەمە" و " عەبدولستار شەریف" و "٩ شەھیدی
خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١" یە ،کە ھەرکام لەم نیشانی دەدا کە
کوشتن و لێدان و گرتن و دەرکردن لەکاری کەسانی ئازادییخواز و
ڕۆژنامەنوس و سیاسیەکان بوەتە دیاردەیەک لە کوردستان کە ڕۆژانە
ڕوودەدەن و ھەمیشە دەزگا جیھانیەکانی وەک ئەمنستی ئەنتەرناشنال و
ھیومان ڕایت وەچ ڕاپۆرتی لەسەردەدەن.ھاوکات نمونەی کەیسی سەردەشت و
کەیسەکانی تر نیشانی دەدا کە دادگا و حکومەت و پەرلەمان ھەمووی لەلایەن
پارتی و یەکێتیەوە کۆنترۆلکراون کە ھیچ سەربەخۆییەکیان نیە کە لەم
پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین بکۆڵنەوە. بەپێچەوانەوە
ھەمیشە لەھەوڵدان یاسای دژی ئازادییەکان زیاتر بکەن وەک یاسای دژی
خۆپیشاندانیان داناوە و ھەوڵیشیاندا لەژێرناوی "یاسای پیرۆزیە
ئاینیەکان" و پاراستنی پیرۆزی سیمبولە نەتەوایەتیەکان بەسزای گرتن بۆ
١٠ ساڵ و غەرامەی مالی زۆر ھەرچی زیاترە ئازادیی ڕادەربڕن بخەنە ژێر
فشارەوە.
ئێمە لە چەتری ئازادیی بێگومان ھەمیشە بۆ پشتیوانی لە داوا و
ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەم پێشیلکاریانەی دەسەڵات
لەبەردەم نوسینگەی حکومەتی ھەرێم و شوێنەگشتیەکان لە لەندەن و لە
پەرلەمانی بەریتانیا کۆبونەوە و خۆپیشاندانمان کردوە و داوای
پشتیوانیمان کردوە بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ
ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریانە و وەڵامدانەوەی داواکانی خەڵکی ئازادییخواز و
ستەملێکراو.
لێرەش پەیامی ئێمە لەم کۆبونەوەدا ئەوەیە کە سەرنجتان بۆ پێویستی خەڵکی
کوردستان بە پشتیوانی پەرلەمانی سکۆتلەند ڕاکێشین بۆ داوا ڕەواکانیان.
لەمانگی داھاتوو لەپەرلەمانی بەریتانیا کۆبونەوەیەک دەکەین و داوا
دەکەین کە ئێوەش بتوانن بەشداری بکەن وداواتان لێدەکەین کە ھاوکاریمان
بکەن لە پێناو پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکوڵینەوەی بێ لایەن کە بتوانێ
بەدوای کەیسی کوشتنی سەردەشت و کەیسەکانی تردا بچێ وھەروەھا داواش
دەکەین نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ
ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین لە
کوردستاندا درێژەی ھەیەو وەلام بەخواستەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە
کەلە١٧شوباتدا بەرامبەر دەسەلات بەرزیانکردەوە.
سوپاسی ھەموو ھاوکاریەکتان دەکەین لەپێشەوە .
چەتری ئازادیی لەندەن
١٧\٥\٢٠١٣
ماڵپهڕی ئاکۆ خهلیل
|