| 
			١٩\٩\٢٠١٠ 
			چەواشەکارییهکانی 
			''لێژنهی لێکۆڵینەوە'' لە تیرۆری سەردەشت 
			عوسمان. 
			  
			  
			بەرواری 15-9-2010 ئەو لێژنه تایبەتەی کە "سەرۆکی هەرێم" پێکی هێنابوو، 
			بەناو بۆ لێکۆڵینەوە لە ترۆری ڕۆژنامەنوس "سەردەشت عوسمان"، 
			ڕاگەیاندنێکی خستۆتەڕوو کە گوایە باندی ترۆریستی "ئەنسار ئەلئیسلام" 
			فڕاندویانە و ترۆریان کردوە. ئەوەش چونکە "سەردەشت" گوایە "بەلێنی بەم 
			گروپە دابوو کە هەندێک کاریان بۆ بکات بەڵام کارەکانی بۆیان ئەنجام 
			نەدابوو"!
 
			چۆنیەتی پێکهێنانی ئەم "لێژنه"یە و شێوازی کارکردنەکەی و دەرکردنی 
			یەکەمین ڕاگەیاندنی، زۆر بەئاشکرا ناوەڕۆکی ئەم لێژنهیە و ئەرکێک کە 
			پێشوەخت بۆی دیاریکرابوو دەردەخات لە چەواشەکردنی ڕاستیەکان بۆ پاکانەی 
			"ترۆری دەوڵەتی" دژی هاوڵاتیانی ناڕازی بەتایبەت رۆژنامەنوسان و 
			نوسەرانی ئازادیخواز.
 
			نەک هەرئەوەش بەڵکو هەوڵدان بۆ پەیوەست کردنەوەی سەردەشت عوسمان بە 
			گروپێکی ترۆریستیەوە، پەیامێکە "پارتی" و "پاراستن" و "بنەماڵە"کەیان 
			لەڕێگەی ئەم لێژنهیەوە ڕایدەگەێنن کە مامەڵەکردنی ناڕەزایەتیە 
			کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان و هەموو دەنگێکی ئازادیخوازی دژی گەندەڵی و 
			سەرکوتی فکری و سیاسی، وەک کارێکی ترۆریستی مامەڵە دەکەن.
 
			لێرەوە ئەم ڕاگەیاندنە نەک ئاکامێکە لە هەوڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ترۆری 
			سەردەشت عوسمان بەڵکو هەڵمەتێکە بۆ سەر ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە 
			بەرینە جەماوەریە ئازادیخوازەی کوردستان و لەکەدارکردنی کە بەدوای ئەم 
			ترۆرە سیاسیەدا هاتە ئاراوە، چونکە دەسەڵاتدارەتی "پارتی" و دەزگای "پاراستن" 
			و "بنەماڵەی سەرۆکی هەرێمی" خستە ژێر پرسیارەوە.
 
			چەواشەکاریەک کە لێرەدا بۆ چاوبەستەگی خەڵکی کوردستان "بەناوی 
			لێکۆڵینەوە لەم دۆسیە" خراوەتەڕوو، ئەو بەشە لە ڕۆشنبیران و نوسەرانی 
			لیبراڵی کوردستانی توشی شۆک و بێ ئومێدی کرد کە چاوەڕوانیەکیان هەبوو 
			لە "سەرۆکی هەرێم"ەکەیان و شەرعیەتێکیشیان بە "لێژنهکەی"دەدا. ئەم 
			هەوڵە لیبراڵانەیە، ئەمڕۆ لەشکڵ و شێوازێکی تردا بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی 
			جەماوەری ناڕازی و ئازادیخواز لە چاوەڕوانیدا و "داواکاری بڵاوکردنەوەی 
			بەڵگەنامەکانی ئەو لێژنەیە" و "بهڕێوهچوونی لێکۆڵینهوهیهکی شهفاف 
			و تهندروست" دەکەن.
 
			هەرجۆرە پێشڕەویەک لە لێکۆڵینەوەی ئەو تاوانە و ئەم ترۆرە سیاسیەدا 
			پەیوەستە بە ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە چونە ژێرباری لێژنهیەکی 
			جەماوەری سەربەخۆ لە "حکومەتی هەرێم" و حیزب و دامودەزگا جاسوسیەکانیان. 
			ئەمەش ئەستەمە بەبێ هاتنەمەیدانی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان. لەو 
			پێناوەدا هێنانەدی بەرەیەکی ڕادیکاڵ لەدەرونی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە 
			دیموکراتیکەدا بە دەوری پلاتفۆڕمێکی چەپەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئاسۆی زاڵی 
			ناسیوناڵ-لیبرال بایەخێکی مانونەمانی هەیە بۆ ئەو بزوتنەوەیە. "ڕەوەند" 
			لە بڕیارنامەی خۆیدا لە چلەی ترۆری سەردەشت عوسمان کە لە 15-6-2010 دا 
			خستویەتیەڕوو، ئەرکی خۆی بە هەوڵوکۆشش لەو ڕاستایەدا پێناسە کردوە. 
			ئێمە جارێکی تر لێرەدا بانگەوازی ئازادیخوازانی کوردستان، هەڵسوڕاوانی 
			چەپ، ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست دەکەین کە بۆ بردنە پێشەوەی وەها ئەرکێک 
			هاوئاهەنگی کاروچالاکیەکانیان بکەن و لەدیالۆگدابن بۆ هێنانەدی 
			پلاتفۆڕمێکی هاوبەش.
 
			  
			رەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی
 16\9\2010
 rewend.info@googlemail.com
 
			  
			  
			  |