٢٢\١١\٢٠١٢
چەواشەکردن بەسە!
- یاداشتێکی
تایبەت بە نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی -
بەداخەوە
هەر جارێک وەزارەتی تەندروستی یا دەزگایەکی تایبەت بە نەخۆشخانەی ٤٠٠
قەڕوێڵەیی سلێمانی لێدوان دەدات، ڕەشبینی و دڵەڕاوکێ و مەترسیەکانی
ئێمە زۆرتر دەبن نەک کەمتر. لە تازەترین لێدوانی بەرپرسان لەسەر
پرۆژەکە هەموو لایەکمان تووشی شۆک بووین و بڕوامان وایە ئەم یاداشتە
کەمترین کاردانەوەیەکە کە دەڕبڕی ئەو دڵەڕاوکێ و گومانانە بێت.
رۆژی ١٩/١١/٢٠١٢، لهکۆنگرهیهکی رۆژنامهوانیدا، که بۆ ههریهک له
د. میران محهمهد، بهڕێوهبهری بهڕێوهبهرایهتی گشتی تهندرووستی
سلێمانی و مهحمود عوسمان سهرۆکی لیژنهی باڵای دامهزراندن لهسلێمانی
و هێمن خالید سهرپهرشتیاری پڕۆژهی درووستکردنی نهخۆشخانهی
چوارسهد قهرهوێڵهیی رێکخرابوو، کۆمەڵێک زانیاری دژ بە یەک و
سەرسوڕهێنەر خرانە ڕوو.
سەرەتا دەبێت ئەوە بووترێت کە دوای فشارەکانی گرووپەکەی ئێمە لەڕێگای
پێشکەشکردنی یاداشتی بەڵگەدار بۆ هەر یەک لە نووسینگەی سلێمانی
پەرلەمانی کوردستان و داواکاری گشتی کەیسی تەواونەکردنی نەخۆشخانەکە بە
فەرمی ناسێنرا. دوابەدوای ئەو فشارانە، کارەکانی پرۆژەکە خرایە سەر
وەزارەتی ئاوادانکردنەوە و لە رۆژی ٣/٥/٢٠١٢ وەزیری ئاوادانکردنەوە و
وەزیری تەندروستی و جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی پرۆژەکەیان کرد و
بەڵێنیان دا لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواوبکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی زۆرترین لێدوان لەسەر پرۆژەکە دەدەن و وا
پیشان دەدەن کە هێشتا خاوەنی پرۆژەکەن. ئەمە بۆ خۆی نیشانەی پرسیار
لەسەر ڕاستگۆیی وەزارەتی تەندروستی دروستدەکات و گومانەکان زیاد دەکات
لەوەی کە وەزارەتی تەندروستی هەواڵی گواستنەوەی کارەکانی پرۆژەکە بۆ
سەر وەزارەتی ئاوادانکردنەوە تەنها بۆ کپکردنەوە و کەمکردنەوەی
فشارەکانی سەری بڵاوکردبێتەوە.
لە لێدوانێکی سەرسوڕهێنەردا، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە کۆنگرەی
ڕۆژنامەوانی ناوبراودا دەڵێت کە:
"ئێستا سهدا 75ی کارهکانی درووستکردنی نهخۆشخانهکه تهواوبووه،
ههموو کهلوپهلێکی پێویستیشی بۆ دابینکراوه، بهڵام تائێستا سهدا60ی
ئامێره پزیشکیهکان گهیشتۆته پرۆژهکه، پڕۆژهکهش لهکۆتایی
مانگی دووی ساڵی ئایندهدا رهنگه تهواوبێت".
ئەم دوو ڕستەیەی بەڕێز سەرپەرشتیاری پرۆژەکە پڕە لە ناکۆکی و دەیان
پرسیار و گومان دروست دەکات. سەرەتا دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە ئاخۆ
دوای نزیکەی دە ساڵ کارکردن لە پرۆژەکە بۆچی تاوەکو ئێستا تەنها ٧٥٪ی
تەواو بووە.؟ سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە ماتماتیکە
سادەیەی پێ بێت کە ئەگەر لە دە ساڵی رابووردوودا جەنابیان توانیبیتیان
تەنها ٧٥٪ی پرۆژەکە تەواو بکەن، پێمان ناڵێت چۆن دەتوانێت لە چەند
مانگی داهاتوودا ١٥٪کەی تر تەواو بکەن؟؟ لە لایەکی ترەوە بەڕێز
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت کە "هەموو کەلوپەلێکی پێویستیشی بۆ
دابینکراوە" کەچی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت کە تەنها "سەدا ٦٠ی
ئامێرە پزیشکیەکان گەیشتۆتە پرۆژەکە". ئێمە دەپرسین مەگەر ئامیری
پزیشکی کەلوپەل نیە و چۆن سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت کە هەموو
کەلوپەلەکان دابینکراوە لە کاتێکدا کە تەنها ٦٠٪ی ئامیرە پزیشکیەکان
گەیشتوون. دەبێت ئەوەش بپرسین کە ئایا ئەو ئامێرانەی کە جەنابی
سەرپەرشتیار باسیان دەکات ئەوانە دەگرێتەوە کە پێشتر و بە بڕی
١٥،١٠١،١٩٧ (پازدە ملێون و سەدو یەک هەزار و سەد و نەوەدوحەوت دۆلار)
پێشینەیان بۆ سەرف کراوە بە پێی فەرمانەکانی ١٠٥٠٢ رۆژی ٢٤/٩/٢٠٠٤ و
٤٣٣١/٥ی رۆژی ٤/٦/٢٠٠٦دا دەررچوون؟
ئێمە لە گرووپی ٤٠٠، زۆرمان پێ سەیرە کە سەرپەرشتیاری پرۆژەی ٤٠٠
قەڕوێڵەیی سلێمانی ئاوەها بە سادەیی دەڵێت "ڕەنگە" لە کۆتایی مانگی
دووی ساڵی داهاتوو تەواو بێت. ئەمە تەنها لوتکەی بێ کارامایی و
ڕێزنەگرتن لە پیشەیەکی گەورەی وەکو ئەندیازاری نیە بەڵکو بەڕای ئێمە
گاڵتەکردنێکی ڕووتە بە هەست و سۆزی خەڵکی پارێزگای سلێمانی. دەبێت ئەوە
بڵێین کە ئەو بێباکی و ناکارامەیی و گەندەڵییانەی کە لە پرۆژەکە کراون
شایانی ئەوەن کە وەزیرێک لەسەریان دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە کە دە ساڵە لە هەمان پۆستە ئەوەندە متمانەی بە
خۆیەتی کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەو جۆرە نابەرپرسە لێدوان بدات. بۆیە
دەپرسین ئەگەر ئەو "ڕەنگە"یەی ئەوان ڕاست دەرنەچوو چی بیانوویەکی تری
ئامادەکراومان پێشکەش دەکەن؟
لە لایەکی ترەوە و بۆ شاردنەوە و پەرەدەپۆشکردنی ئەو کارەساتانەی لە
پرۆسەی دروستکردنی پرۆژەکەدا ڕوویان داوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی
تەندروستی سلێمانی (کە ئەگەر ڕاست بێت پرۆژەکە خراوەتە سەر وەزارەتی
ئاوادانکردنەوە، ئەوا بۆی نیە لێدوان لەسەر پرۆژەکە بدات) کۆمەڵێک
زانیاری کەموکورت دەخاتە ڕوو.
سەرەتا ئەو دەڵێت کە "ئهنجومهنی وهزیران داوای لهزانکۆیهکی
جیهانی کردووه بۆ ماوهی چهند ساڵێک نهخۆشخانهکهمان بۆ بهڕێوهبهرن
و کارمهندانی نهخۆشخانهکهش رابهێنن لهسهر پێشکهشکردنی خزمهتگوزاریهکان
بهباشترین شێواز". وەکو ئەوەی جەنابیان لە یادی کردبێت کە دەستی خەڵکی
پارێزگای سلێمانی بە گەندەڵییەکانی کۆمپانیا کۆری و هاوبەشەکانیان
داخکراوە، دیسان دێنەوە باسی زانکۆ و کۆمپانیای جیهانی دەکەن، بەبێ
ئەوەی ناوی ئەو زانکۆیە بهێنێت و بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بکات کە ئاخۆ
چۆن چۆنی گرێبەست لەگەڵ ئەو زانکۆیە دەبەستن و ئایا ئەمەش وەکو
کۆمپانیا کۆرییەکە نابێت بە هەلێکی زێڕین بۆ گەندەڵی؟؟
دەبێت ئەوەش بپرسین کە ئەمە چی زانکۆیەکە کە خەریکی بەڕێوەبەردنی
نەخۆشخانەیە؟ مەگەر زانکۆ ئیشی خوێندن و توێژینەوە نیە؟ گریمان
وەزارەتی تەندروستی ئەو تاقە زانکۆیەی کە لە جیهاندا ئیشی بەڕێوەبردنی
نەخۆشخانە دەکات هێنا بۆ کوردستان، باشە ئەمە دانپێنانێکی سادە نیە کە
وەزارەتی تەندروستی شکستی هێناوە لە بەڕێوەبەردنی نەخۆشخانەکان و
نازانن نەخۆشخانەیەک بەڕێوەبەرن؟ ئەگەر ئەمە توانا و بارودۆخی لۆجیستی
و زانستی ئێمەیە بۆچی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەڵێنی نەخۆشخانەی ٢٠٠
قەڕوێڵەیی ڕانیە و گەرمیان ...هتد دەبیستین.
ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ ڕایدەگەینین کە ئەم لێدوانە تازانەی سەرپەرشتیارانی
پرۆژەکە گومانەکانمان لەسەر ڕاستگۆیی وەزارەتی تەندروستی زیادەکات و
پێمان وایە ئیتر هیچێک لە لێدوانەکانیان جێگای متمانە و بڕوا پێکردن
نین. ئەمە بە تایبەتی ڕاستە دوای ئەوەی خودی جێگری سەرۆکی حکومەت
بەڵێنی دا کە پێش کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەکە کۆتایی بهێنرێت کەچی
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەڵێت کە "ڕەنگە" بۆ مانگی دووی ساڵی داهاتوو
تەواو بێت.
بۆیە ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ داوا دەکەین:
• پێویستە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان و داواکاری گشتی کە لە
٨/٢/٢٠١١ یاداشت و دۆکۆمێنتی گەندەڵیەکانی پرۆژەکە ئاراستە کراوە
بەدواداچوونی جیددی بکەن بۆ کارەکانی نەخۆشخانەکە و دەرئەنجامی
لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیەکانی ڕابوردوش ڕابگەینن.
• ناوی سیانی ئەو بۆردە ٢٥ کەسیە ئاشکرا بکرێت کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەکەن و هەموو سەروەت و سامانیان پێش
دەستبەکاربوون لە بوردەکە و پاش ئەوە ئاشکرا بکرێت.
• دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە و ئەندامانی
بۆردەکە چونکە ئەو هەنگاوە کەمترین سزایەکە بۆ ئەو هەموو شکست و
کەموکورتیانەی لە پرۆژەکەدا روویانداوە و ڕوودەدەن.
• ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە
پرۆژەکەدا.
• ئاشکرا کردنی ناوی ئەو "زانکۆ"یەی کە بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی
سلێمانی ئاماژەی پێدەدات و ئاشکرا کردنی پرۆسەی ئەنجامدانی گرێبەست
لەگەڵیدا. هەروەها پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنیەتی ئیمزاکردنی
گرێبەست لەگەڵ زانکۆیەک بۆ بەڕیوەبەردنی نەخۆشخانەیەک؟
• ئاشکرا کردنی چۆنیەتی خەرجکردنی فلس بە فلس و دینار بە دیناری ئەو
١٣٢ ملێون دۆلاری تاوەکو ئێستا لە پرۆژەکە مەسرەف کراوە.
• ئاشکراکردنی پرۆسەی دامەزراندنی ئەو ١٠٧٥ کەسەی بۆ نەخۆشخانەکە
دادەمەزرێن.
ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە دڵنیا دەکەینەوە کە کۆتایی
بە چالاکییەکانمان ناهێنین تاوەکو پرۆژەکە تەواو نەبێت و ئەوانەی کە
کەمترخەمی و گەندەڵییان کردووە تێیادا نەدرێن بە دادگا و سزای خۆیان
وەرنەگرن. چیتر بوار نادەین تەندروستی و ژیانی هاولاتیان بکرێتە
قوربانی گەندەڵیەکانتان.
__________________________________________________________
سەرنج:
ھاوپێچ یاداشتێکی تایبەت لە گرووپی ٤٠٠ سەبارەت بە نەخۆشخانەی ٤٠٠
قەرەوێڵەیی سلێمانی لژێر ناوی " چەواشەکردن بەسە " و لە داھاتودا
چالاکی زانیاری زیاتر بلاچو ئەکەینەوە، بۆ لێدوان و زانیاری زیاتر
لەبارەی چالاکیەکانی گرووپی ٤٠٠، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ئەندامی
گرووپ ژمارە تەلەفۆنی ٠٧٧٠١٥٨٨١٧٣.
گرووپی ٤٠٠
٢١\١١\٢٠١٢
- سلێمانی
|