په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چەواشەكردنی موزیكی كوردی

لەلایەن ( هەڵكەوت زاهیر) ی- بەناو- ڕاوێژكاری هونەریی . 

 

 

خه‌بات لاوباخ   

 

لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا ، كە سیستەمی گلۆبالیزم باڵی كێشاوە بەسەر لایەنی  كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و هونەری   زۆربەی ووڵاتانی جیهان و ئیمەی كوردیش پڕشكی ئەو ئاگرەمان بەركەوتووە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە  زیانەكانی بۆ ئێمە زۆرترن لە سودەكانی . ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە باسی لێوە بكەم ، لایەنی هونەرییە ، كە گێژەلووكەیەكی ترسناك لە  ئاسمانی هونەری كوردی هەڵی كردووە وخەریكی هەڵتەكاندنی بناغەی بەهێزی فۆلكلۆر و هونەرەكەیەتی و   داوێتیە دەست  چارەنووس  تا لە شوێنێكی نادیار دەنیشێتەوە و بەلای نەوەی داهاتومان بە نامۆیی دەمێنێتەوە و بەرەو لە ناوچوونیش دەبرێت .

 ئیمڕۆ ، ئێـمەی كورد بێ ئەوەی هەستی پێ بكەین خۆمان ‌هەنگاو دەنێین بۆ  لەناو بردنی ئەو كەلتورە دەوڵەمەندەی كە باوباپیرانمان  بۆیان بنیاتناوین  ، ئەوەی جێی داخەو سەرسوڕمانە،هەر یەكێك لە تاكی كۆمەڵ بەشدارە و بەتایبەتی  هەندێ هونەرمەندی گۆرانیبێژ  لەگەڵ  موزیكژەن، كە لەو بوارەدا كاردەكەن.

 

لەڕاستیدا هەر كەسە ئازادە ، لەوەی حەز بەچی جۆرە موزیكێك یان گۆرانی هەر نەتەوەیەك یان زمانێك دەكات و گوێی لێ دەگرێت ، بەڵام ئەركی سەرشانی  هەر هونەرمەندێكی ڕەسەنی موزیكژەن یان گۆرانیبێژی  كوردە ،كە  پابەند بێت بەڕەسەنایەتی موزیكی كوردی و هەوڵ نەد‌ات بەئارەزووی كەسایەتی خۆی موزیكی كوردی چەواشە بكات ، چونكە ئەوانە موڵكی میللەتن و ئەركێكی نەتەوایەتی و نیشتیمانیان  لەسەرشانە و ناتوانن و نابێت  ڕێگاشیان پێ بدرێت ،كە  كەلتوری  كوردی لاواز بكەن یان بەرەو  هەڵدێرانی بەرن ، وەك ئەوەی نوسەرێكی ئازادی بێلایەن دەتوانێت بەئارەزووی خۆی شت بنوسن ،بەڵام بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتێك ناتوانێت بە سەربەستی و ئازادی  دوور لە سیاسەتی پارتەكە هەنگاو بنێت   و شت بنوسێت ،چونكە  دواتر توشی لێپرسینەوە دەبێت.

دەبوایە ئەو هونەرمەندانەی خۆیان بەهەستی نەتەوایەتیەوە  پابەند كردوە ، بڕیاری خزمەتكردنی كەلتوری كوردیان داوە و خۆیان لەڕیزی دڵسۆزانی گەلدا دەبیننەوە ،  دەبوو وەك ئەو بەرپرسی ڕاگەیاندنە ، ئەو ڕێڕەوەیان  بگرتایەتە بەر تا لە لایەن دڵسۆزانی كەلتوری كوردییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەكرایە .

 

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، بەڕێز كاك( هەڵكەوت زاهیر) ی بەناو ڕاوێژكاری هونەری لە كوردستاندا بەكارە و موزیكژەنێكی بەتوانا و چالاكە ، دەبوایە ئەو شوێنە و پلەوپاییەی بۆ سودی پێشخستنی هونەر و ئاواز و گۆرانی كوردی بەكاربهێنایە و هەوڵی بدایە ئاستی موزیكی كوردی بگەیاناتەتە ڕیزی موزیكی ناوچەیی و جیهانی ، كەچی وەك هەستی پێ دەكەین، لەسەر زۆربەی كارەكانی مۆركی موزیكی عەرەبی پێوەدیارە و تەنها هۆنراوەكەی كوردییە ، ئەمەش لە گۆرانیەكانی( باخان و لەیلا فەریقی و دڵنیا ڕەزازی) بەئاشكرا ڕەنگ دەداتەوە . بە زەقی  مەیل وئارەزووی موزیكی عەرەبی لا دەردەكەوێت و نیازی وایە بەرگی ئاواز و موزیكی عەرەبی  بكات بەباڵای كەلتوری كوردیدا ، بێ درك كردن بەم زیانە هەر بەردەوامە لەسەر كارەكانی ، هەوڵ دەدات ئاواز بۆ گورانیبێژانی عەرەب دابنێت و بیشیگوێزێتەوە بۆ هونەرمەندانی كورد بە كۆپیكراوی .

لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە لە ڕاوێژكار تێدەگەین لە هەموو بوارەكاندا، جا چی سیاسی و ئابوری و ئایینی یان  هونەری بێت ، ئەركێكی زۆر گرانە و بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و تەقەلادا بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ڕاست  ، كە كەسی ڕاوێژ پێدراو نەكەوێتە هەڵەوە و باشترین چارەسەریش  بدۆزێتەوە بۆ گیروگرفتەكان ، نەك چاڵ هەڵكەندن و قوڵ كردنەوەی  گرفتەكان ، بەتایبەتی لەم كاتەدا موزیكی كوردی بەرەو هەڵدێران و لەناوچوون دەڕوات ، ئەركی سەر شانی ڕاوێژكاری ڕەسەنی هونەری لەم ڕۆژگارەدا ، هەوڵدانە بۆ  ڕاستكردنەوەی هەڵەكان ، نەك خۆی بەڕێی چەوتدا هەنگاوبنێت .

كارێكی زۆرئاساییە ،ئەگەر كاك هەڵكەوت یان هەر هونەرمەندێكی تری كورد ، كە موزیكی عەرەبی ،فارسی یان توركی كاری تێكردبێت  و حەز بكات خزمەت  بەو كەلتورە بكات و  ئاوازییان بۆ دابنێت یان گۆرانییەك بەو زمانە بڵێت ، مافی تایبەتی خۆیەتی  ،بەڵام نەك بۆ كوردی كۆپی بكرێت و تەنها ووشەكان كوردی بن، ئەمە كارەساتە ....

 

لە زۆربەی ووڵاتانی پێشكەوتودا، لایەنە بەرپرسە كەلتورییەكان هەوڵ دەدەن بەهۆی سیستەمی گڵۆبالیزمەوە  برەو بەهونەرەكەیان بدەن و بەجیهانی بناسێنن و ناڕاستەوخۆ بیسەپێنن بەسەر نەتەوەكانی تردا ، بە پێچەوانەوە بەرپرسە هونەرییەكانی  ئێــمەوە هەوڵی چەواشەكردنی كەلتورەكەمان دەدەن بەناوی پێشخستنی گۆرانی كوردی  لە ناو كەلتوری بێیانیدا دەیتوێننەوە و بە موزیكی مۆدێرینیشی ناو دەبەن .

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە شانبەشانی ئەم چەواشەكردنە ، وەزارەتی ڕۆشنبیری هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە بۆ ڕێگرتن لەم پێشێلكارییە هونەرییەی كە ڕۆژانە بەرچاومان دەكەوێت.ئەگەر هەوڵ بدرایە  تۆمارگایەكی هاوچەرخ لە كوردستاندا بكرایەتەوە ، چیتر هونەرمەندان ڕوویان لە توركیا و میسر نەدەكرد و مۆركی موزیكی بێیانی بەسەر گۆرانیە كوردییەكاندا زاڵ نەدەبوو.

زۆر لە هونەرمەندان بۆ پەیداكردنی ناوبانگی یەكی كاتی و دەسكەوتێكی كەمی دارایی ،زیانێكی هێجگار گەورە دەدەن  لە كەلتورەكەمان ، هیوادارم بەخۆیاندا بچنەوە و چیتر زیان بە هونەری ئاواز و گۆرانی كوردی نەگەیەنن و وەزارەتی ڕۆشنبیریش بەدەنگ داواكەی هونەرمەندی بەڕێز( خالید ڕەشید)ەوە بچێت و سنورێك بۆ ئەم چەواشەكارییە دابنرێت و هونەرمەند ڕەسە‌ن و ناڕەسە‌ن جیا بكرێتەوە لە لایەن لیژنەیەكی شارەزاو و بەتوانای دڵسۆزی كەلتوری كوردی یەوە لە پێناوی ڕزگاركردنی  كەلتورەكەمان لە تیاچوون و چەواشەكردن.

 

                                                      kardo961@yahoo.de