په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 چى بکەین ؟!


هیوا ڕەش   


ئاکامە پێشبینى کراوەکان لە سایەى سیستمى سەرمایەداری لە کۆن و تازەدا لە هەمبەر زیاتر چەوساندنەوەى چینە نەدارەکان ئەگەر لە شێوەشدا گۆڕانیان بەسەردا هاتبێ لە ناوەڕۆکدا نەگۆڕ و چوون یەکە ، ئەویش ستەمى چینایەتى بەردەوامى تاقمێکى پارەدارە بەرامبەر زۆرینەى ڕەهاى خەڵکى بێبەش لە مافە سەرەتاییەکانى ژیان . ئەگەر چاوێک بە مێژوویەکى نزیکى سەرمایەداریى جیهانیدا بخشێنین ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە ئاستى دڕندەیى تاقمێکى خوێنمژ بەرامبەر بە تەواوى گەلانى دنیا لە کوێدایە ؟ ! ئەو پارە زۆر و زەوەندەى لە مستى ئەواندا کۆ بۆتەوە بە شێوەیەکى یەکسان و عادیلانە دابەش بکرێت نەک برسییەک لە جیهاندا نامێنێت بەڵکو تەواوى مرۆڤایەتى لە هەموو کون و کەلەبەرێکى حەوت کیشوەرەکەى گۆى زەوى لە خۆشگوزەرانی دا ژیان بەسەر ئەبەن .

لە ووڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا پارەداران دەستیان بەسەر گشت کایەکانى ژیاندا گرتووە و بە سەرمایەى لەبن نەهاتوویان دەسەڵاتى سیاسى و ئابورى جیهانیان خستۆتە ژێر ڕکێفى خۆیانەوە و لەو ڕێگەیەشەوە گەمە بە چارەنووسى گەلانى دنیاوە ئە کەن ، تەنها تاکە سەرمایەدارێک ڕێژەى ڕەهاى سەرجەم ئابورى ئەمریکاى لە ژێر دەستدا بوو ، لە ناوەڕاستى دەیەى دووەمى سەدەى ڕابردوودا بنەماڵەى ( ڕۆکفلەر ) سامانەکەیان 1،08 ملیار دۆلار ئەخەمڵێنرا و لە سەرەتاى شەستەکاندا سامانەکەیان هەڵکشانێکى بێوێنەى بە خۆیەوە بینى و بە لاى کەمەوە گەییشتە 4 ملیار دۆلار ، ئەمەو جگە لەوەى بنەماڵەکانى تر هەڵکشانێکى خەیاڵى سامانەکانیان بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر خۆى نواند ، بنەماڵەى ( فۆرد ) لە 660 ملیۆن دۆلارەوە زیادى کرد بۆ 3،8 ملیاردۆلار ، بنەماڵەى ( میلۆن ) لە 450 ملیۆنەوە گەییشتە 4،7 ملیار دۆلار ، بنەماڵەى ( دۆبۆن ) لە 239 ملیۆن دۆلار بەرز بووەوە بۆ 5 ملیار دۆلار ، و خەرجییەکانى جەنگ و پێداویستییەکانى بەڕێوەبردنى حکومەت لەو ووڵاتەدا بە هۆى گەندەڵى سیستمەکەوە زەمینەى ڕەخساند کۆمەڵێک ملیۆنێرى دیکە ئەستێرەى کەڵەکە بوونى پارەیان هەڵکشێ .

لە ئەڵمانیاى ڕۆژئاواى ئەو سەردەمەدا کۆى ئەو تاقمە پارەدارانە لە چەند بنەماڵەیەکدا قەتیس بووبوو ، لە پێشەنگى هەمووانیشدا بنەماڵەى ( تیسین – جانێَل – بێرجس – بۆرگدرۆف و ڤاڵدهاوزن ) کە دەسەڵاتى هەمەلایەنانەیان بەسەر ناوچەى ( رور ) ى کانگاى پیشەسازى گەورەى ئەڵمانیا دا کێشابوو .

هەتا بەرپا بوونى جەنگى جیهانى دووەم لە فەڕەنسادا نزیکەى دوو سەد خێزانى ناودارى دەوڵەمەند هەبوون ، بەڵام لە دواى ئەو جەنگە کاولکارییە بە دواوە تا ئەهات بازنەکە تەسکتر ئەبووەوە ، و لە چەند خێزانێکى کەمى خاوەن توانایەکى بێ سنوورى ئابورى لە پێشەوەى هەموویان بنەماڵەى ( ڕۆتشێڵد – دێڤید ڤیلى – ڤاندێل – مێشیلان و بیجۆ بۆساک ) چڕ بووەوە .

هەر لە دواى کۆتایى هاتنى جەنگى جیهانى دووەم لە ژاپۆندا گۆڕانکاری یەکى گەورە بە سەر تاقمى پارەدارى ووڵاتەکەدا هات ، جەنگ فاکتەرى سەرەکى کۆکردنەوەى توانا ئابورییەکان بوو لە دەستى بنەماڵە دێرینەکانى ( دزایباتسو ) دا کە لە بوارى پیشەسازى سەربازیدا ڕۆڵى باڵایان ئەگێڕا و ( 300 ) خێزانى فرە دەوڵەمەندى ژاپۆن باڵیان بە سەر تەواوى پێگە و سەنتەرى ئابورى ووڵاتەکەدا کێشا .

تاقمى دراو ، خاوەن دەسەڵاتێکى ڕەهاى ئابورى سەرمایەدارى هاوچەرخەو دیکتاتۆریەتیان لە نێو گشت بوارەکانى ژیاندا ڕەنگى داوەتەوە ، ڕۆژ لە دواى ڕۆژ کۆمپانیا ئیحتیکارییەکانى ووڵاتە سەرمایەدارەکان زیاتر دەست لە بیناقاقاى گەلانى جیهان گیر ئەکەن و لە ڕێگەى شاگردانى گوێ لە مستى خۆیانەوە دەسەڵاتى دژە مرۆیى خۆیان ئەسەپێنن و برسێتى بێکارى و بێداڵدەیى زیاتر بە دیارى لەو دیو سنورەکانەوە هەناردەى ووڵاتە دواکەوتووەکان ئەکەن ، لەو سەر و بەندەدا پێکڤە گرێدانێکى ڕیشەیى دێتە بەر لە نێوان تاقمە دراوە جیهانییەکانى ووڵاتە سەرمایەدارەکان و دەوڵەتى بۆرژواى حوکمڕان لە دیموکراسیەتێکى دەمامک دراوەوە بەرەو ئەوپەڕى کۆنەپەرستى تا لوتکەى ڕەفتارى فاشیستانە هەنگاو ئەنێت ، هەر لە پێناوى وەلانانى قەیرانە ناوخۆییەکانى ووڵاتەکانى خۆیان سنورەکان ئەسڕنەوە و بە بیانوو گەلێکى نا ئینسانى ئەخزێنە هەناوى گەلە ستەملێکراوەکانى ئەو دیو سنورەکانى خۆیان ، لینین ئەڵێت : ( یەکگرتنى نێودەوڵەتیى سەرمایەدارانى دراو ساڵانێکە تاکە ئاراستەیەکى گشتگیرى هەیە نەک سەبارەت بە دوو ووڵات بەڵکو بەرامبەر هەموو جیهان ) ، هەر ئەمەشە ئەخوازێت خەباتى نێونەتەوەیى و ئینسانى چینە بەشمەینەتەکان پێکەوە گرێ بدرێت بۆ بەڕەنگاریى کۆیلە بوونى زیاتریان.

سەرمایەداریى وەکو کالایەک لە نیشتمان ئەڕوانن و لە گۆشەى تەسکى بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە ئەیخەنە ناو هاوکێشەکانەوە و بە چەمکى داتاشراوى خۆیان لە نیشتمانپەروەریى ئەڕوانن و ئەیانەوێ لە ڕێگەى هەندێک دروشمى ڕەونەقدارى سواوەوە کە لە لایەن ئەڵقە لە گوێکانى خۆیانەوە برەوى پێ ئەدەن دەست بەسەر سامانى زەوى و ئاسمانى ووڵاتەکانى تردا بگرن و تەواوى ژیانى کۆمەڵایەتى – سیاسى – سەربازى – ئابورى و ڕۆشنبیرییان قۆرخ بکەن .

هەموو کایەکانى ژیانى سەرجەم مرۆڤایەتى لە خزمەتى چەند ملیاردێرێکى ووڵاتە زلهێزە سەرمایەدارەکانى جیهاندا جەم بووە و شەڕ و شۆڕ و نائارامى چاوگەى قازانجى زیاترى سەرمایەدارانە ، جا چ لە بوارى کردنەوەى بازاڕدا بێت بۆ ساغ کردنەوەى کەل و پەلى سەربازى و تاقى کردنەوەیان ، وە یان سەرقاڵ کردنى گەلان بۆ دوورخستنەوەیان لە تێکۆشانى ڕزکاریى خۆیان لە کۆت و پێوەندى ستەمى چینایەتى ، ئەمە و جگە لەوەى لەو ڕێگەیەوە بە هێزى سەربازى ، ئابورى و سامانى ووڵاتان بە تاڵان ئەبەن .

هەموو ئەمانە لێمان ئەخوازێت وەکو بەشێک لە بزووتنەوەى گەلانى ستەمدیدەى جیهان کە خۆمان بە داکۆکى کەر لە مافى چینى ڕەنجدەرى بیر و بازووى گەلى کورد ئەزانین تواناکانمان یەک بخەین و بەرژەوەندییە بچووکە ڕیکخراوەییەکانمان بخەینە پێناو بەرژەوەندى باڵاى چین و توێژە بە شمەینەتەکانەوە ، تێ بکۆشین لە پێناوى هاوپەیمانێتى تەواوى هێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان و لە ژێر چەترى هاوخەباتى بۆ بەر گرتن لە ستەمى چینایەتى و نەتەوایەتى و دانانى بەرنامەیەکى تۆکمەى یەکگرتوو تا ڕێگە لە پەرش و بڵاوى هێزەکانمان بگرین چونکە بەمە ئەتوانین متمانەى جەماوەر لە خۆمان کۆ بکەینەوە و بچینە ناو ململانێکانەوە و هەر ئەمەشە وامان لێ ئەکات بتوانین بە نوێنەرایەتى چینى بەشمەینەتان قسەى خۆمان هەبێت .

 


 07701309524
Hewarash1@yahoo.com