په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٣

چیبکەین تا بەردەوامیی بدەین بە خۆشەویستیی.


یوسف خەلیل     


 

کاتێک ھەستت کرد ئەو کەسەی خۆشتدەوێت.. مەیلی لە یەکێکی دیکەیە، یا کەوتۆتە ژێر کاریگەری یەکێکی دیکەوە.. تۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشھاتەدا دەکەیت.. دەنگی لێدادەبڕیت یا بەدووی ئەو بۆشاییەدا دەگەڕێی کە دروستبووە و ئەمەی ھێناوەتە گۆڕێ؟

 

لە خۆمەوە دەست پێدەکەم.

لەمبارەیەوە ''نەورۆز مەولوود'' بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە: سەرەتا لە خۆمەوە دەست پێدەکەم و بەخۆمدا دەچمەوە.. پاشان لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسی بەرانبەر دەکەم بە مەبەستی تێگەیشتن لە بار و دۆخەکە و گەیشتن بە ئاکامێک و لێک نزیکبوونەوەی زیاتر بۆ زانینی ئاستی بیروڕای یەکدی و ھەوڵدان بۆ ئاشکراکردنی ئەو نھێنیانەی کە لە ناخیدایە و پێوانەکردنی ئاکاری کەسی بەرانبەر لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەو خێزانەی کە تێیدا پەروەردە بووە و قبوڵکردنی ئەو تەنگوچەڵەمانەی کە دێنە پێش و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی بە شێوەیەکی لە خۆبوردووانە..

ئەم ھەنگاوەی ''کاک نەورۆز'' کارێکی باشە بەڵام نەک کە روویدا پاشان بیر لەمە بکرێتەوە بەڵکو پێش ئەوەی رووبدا ئەم ھەنگاوانە بنرێ..

پێم سەیرە کەسانێک ھەن لە کەسێک زیاتریان خۆش دەوێ.

ھەروەھا ''ڤارۆ ھەردی''ش لەمبارەیەوە گوتی: مرۆڤ یەکجار خۆشەویستیی دەکات، ئەگەر ھاتوو ھەزار کەسیشت خۆشبووێ لە ئەنجامدا یەکێک ھەڵدەبژێریت، من وەک خۆم پێم سەیرە کەسانێک ھەن لە کەسێک زیاتریان خۆش دەوێ، راستە ھەڵسوکەگوتی مرۆڤ و بیرکردنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی کە جیاوازە بەڵام من ھەرگیز ئەو کەسانە بەسەرکەوتوو نازانم کە بەو شێوەیە زوو دڵدەگۆڕن، و کاتێک ئەو کەسەی خۆشم ئەوێ ئەگەر زانیم مەیلی لە یەکێکی کەیە یان کەوتۆتە ژێر کاریگەریی یەکێکی دیکەوە ، بێگومان زۆر زۆرم پێناخۆش دەبێت و بە ھەموو شێوەیەک بێ موناقەشە لێی جیادەبمەوە و زەربی سفری ئەکەم ، چونکە ئەو کەسە ئەمڕۆ جێگرەوەیەک بۆ من دانێ بێگومان بۆ کەسی دووەم و سێیەم بەھەمان شێوە دەبێت، لێرەدا شتێک ھەیە نابێت لەبیربچێت ئەو لە بیربردنەوە رەنگە بۆمن قورس بێت ئەبێت ھەوڵبدەم ھەرچۆنێک بێ لە بیری کەم چونکە من کچم بەسۆزم ناتوانم وەک کوڕێکی دڵڕەقبم کە بەلایەوە زۆر ئاسانە لەو جۆرە کارە بکات چونکە دروستبوونی نێر لە گۆشت و ئێسقانێکی رەق و توندرەو دروست بووە بەشێوەیەکی گشتی ناڵێم لەسەدا سەد ، وەبۆ پێشھاتی ئەم بابەتەش بێدەنگ نابم و پێی دەڵێم کە تۆ کەسێکی شایستەی ھیچ نیت، لێرەدا کە باسی کوڕ دەکەم چونکە خۆم کچم، ئەگەر کچێک وا بەرانبەر کوڕێک بکات.. بەڕای من کوڕەکەش ئەبێت ھەمان ھەڵوێستی ھەبێت لەبیر خۆی بەرێتەوە، خۆ ئەمە فیشەک نیە لە دەستیان دەرچوبێت لە کۆتاییدا ھەر ئەوەندە دەڵێم ئەو کەسانەی لە کەسێک زیاتریان خۆشدەوێ وەک نەخۆشی دەروونی وایە تازە فێری بوون و ناتوانن ئەو ھەڵسوکەوتەیان بگۆڕن چونکە ئەو جۆرە کەسانە تەواو پێچەوانەی ئەو پەندەن کە دەڵێت : مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان چۆن قازانج ئەکەی تا نەکەی زیان، لای ئەم جۆرە کەسانە ئەژین بۆ مردن و ناژین بۆ ژیان...

''ڤارۆ''ش تا رادەیەک لە مەبەستەکە نزیکدەبێتەوە بەڵام نایەوێت خۆی زامدار بکات، چونکە ئەم ھەڵانە بێ ھۆکار دروستنابن.. فەرامۆشکردنی پەیوەندی نێوان بۆشایی دێنێتەئارا و ساردبونەوە دروستدەکات ..

ژیان بریتیی نییە لە تەنھا عەشقێک.

ھەروەھا ''ھۆزان''یش کە تا ئێستا بێدەنگ بوو گوتی: دیارە مامەڵەکردن لەگەڵ وەھا حاڵتێکدا قورسە بەو پێیەی مرۆڤایەتی بەگشتی بەشێوەیەکی موتڵەق پابەندە بە سۆز و ھەستەوە، بەڵام وەک خۆم گەر باسی بکەم ئەوا لە ھەموو بارێکدا منیش ئەو کەسە وەلا دەنێم و گۆشەی چاو و دڵم فراوانتر ئەکەمە رووی عەشقێکی تر چونکە ژیان بریتیی نییە لە تەنھا عەشقێک و بەس بەڵکو دەبێت مرۆڤ بەردەوام توانای عاشق بوونی ھەبێت، بەو شێوەیە بێوەفایی کەسی بەرانبەر شەرمەزار ئەکەیت..

''ھۆزان'' ھاورێی بەرێز بەم کارەت ھەمان شتی ئەوت دوبارە کردەوە، ئەی بۆ تۆ نەتپرسی بۆ ئەو تۆی وەلانا؟

بەردەوام لەو حاڵەتە دەترسم!!

بە ھەمان شێوەش ''رێناس فایەق''یش گوتی: روودانی حاڵتێکی لەو جۆرە زۆر ناخۆشە.. نازانم چۆن باسی لێوە بکەم؟ لەو رۆژەوەی ھەستم بە عاشقبوونی خۆم کردووە لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشم دەوێ.. بەردەوام لەو حاڵەتە دەترسم !! جا ئەگەر بێت و کەسێکی دیکە جێگەی من لە دڵی ئەودا بگرێتەوە من چیبکەم ؟ بۆیە دەڵێم ھەر کەس بەڵێنی خۆشەویستیی بە یەکێک دابێت و مەیلی بەلای کەسێکی دیکەدا بێت ئەوا من بەخستنە پاڵی دوو کردار ناوی لێدەنێم (تاوانبار و کافر) تاوانبار بەوەی دڵێک دەکوژێ و کافرە بەوەی راستگۆ نەبووە لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەرانبەر بەو بەڵێن و پەیمانانەی پێیداوە..

''رێناس خان'' ئەگەر ئەوەندە دەترسی لەو کارەساتە مەھێڵە دروست ببێت ئەمەش بە تەواوکردنی یەکدی بۆ ھەمیشە دێتە ئارا..

ناوی نانێم خۆشەویستیی.

''ئارام عوسمان''یش زۆر وردکارانە بۆ بابەتەکە چوو: خۆشەویستیی گۆڕینەوەی ھەست و سۆزە بۆ یەکتری، ئەو دوو کەسەی دەچنە ناو ئەو دونیا تایبەتەوە پێویستە بە روونی قسە لەگەڵ یەکدا قسە بکەن و ئەوە ببڕێننەوە کە ھەردووکیان رازین بە ھەموو شتەکانی یەکتری ئەگینا ناوی نانرێ خۆشەویستیی، بەڵکو تەنھا حەز و ئارەزوویەکە دوو کەس دەیانەوێ بۆ ماوەیەکی کاتی بەیەکەوەبن و دواتر داببڕێن، خۆشەویستیی ھێندە گەورەیە بڕواناکەم ھیچ ھێزێک کاری لێبکات، ئەگەر بەراستی یەکدیان بوێت ھیچ ھێزێکی مادی یا مەعنەوی ناتوانێ کاریان لێبکات، ھەڵبەت ئەوەی لێرەدا باسی لێوە دەکرێ ناوی نانێم خۆشەویستیی تەنھا حەزە لە نێوان دووکەسدا دواتر کەسێکی دیکە دێت و ئێدی ئەو کەسە رەنگە بڕوانامەی زیاتری ھەبێت دەوڵەمەندتر بێت سەرنجراکێشتر بێت کاریگەری لەسەر دروستکات و عەقڵیەتی ئەم کەسە ھەڵدەگێڕێتەوە!! ئەم دوو کەسە کە حەزیان لە یەکبووە یاخوود ئارەزووی یەک دەکەن بۆ ماوەیەک پێکەوە دەبن کە کەلێن دەکەوێتە نێوانیان دوور دەکەونەوە لە یەکدی، کاتێک ئێمە باسی خۆشەویستیی دەکەین لەگەڵ حەزدا با جیای بکەینەوە کە حەز شتێکە و کاتییە و لە ھەموو کەسێکدا ھەیە بەڵام خۆشەویستیی ھەمیشەییە و لەگەڵ کەسەکاندا دەمێنێتەوە، ئەو کاتەی حەز لە نێواندایە ھەموو شتێک بۆی ھەیە رووبدات بەڵام کە ئەبێت بە خۆشەویستیی ھیچ ھێزێکی دەرەکی ناتوانێ کاری تێبکات.. بۆیە جیاوازن لە یەکدی، حەز لە دەرەوە کاریگەری لێدەکرێ بەڵام ئەو کاتەی دەبێت بە خۆشەویستیی ھیچ شتێک ناتوانێت کار لەم دوو کەسە بکەن..

''کاک ئارام'' بۆچوونت جوانە گەر بۆشایی دروست نەکرێت ئەگینا بەم شێوەیە نامێنێتەوە..

باشترین رێگاچارە گەڕانە بە دوای ھۆکاردا.

''تارا حەمە سەعید''یش بەدەم لەبەرکرنی نۆتەی مۆزیکەوە گوتی: ھەرکاتێک خۆشەویستییت کرد ئاگاداربە کەسێکت خۆشبووێ کە شایەنی ئەوە بێت، چونکە یەکێک لە بەھا جوانەکانی خۆشەویستیی قوربانیدانە و مەج نییە ھەموو کەسیش شایەنی ئەو قوربانیە بێت، بێگومان لە پەیوەندی خۆشەویستییدا وەک ھەموو پەیوەندییەکانی تر کێشە و گرفتی تێدایە بە تایبەتی لەسەرەتای پەیوەندییەکەدا تا ئەو کاتەی ھەردوولا بە تەواوی یەکتری ئەدۆزنەوە، بەبڕوای من مرۆڤ ھەرکاتێک بەراستی کەسێکی خۆشبوێت ناتوانێت وا بە ئاسانی لە دەستی بدات، لەبەر ئەوە باشترین رێگا چارە گەڕانەبە دوای ھۆکاری دروستبوونی ئەو گرفتەدا و چارەسەر و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، چونکە زۆر ئەستەمە بە ئاسانی داڕمانی خۆشەویستیی قبوڵ بکرێت....

''تارا خان'' بە حەزەرەوە لە بابەتەکە دەدوێت، راستە ھەموو پڕۆسەیەک پێویستی بە پلان و ئامادەکاری ھەیە تا ئەنجامەکەی بە باش بکەوێتەوە..

پڕکردنەوەی کۆمەڵێک بۆشاییە بۆ یەکتری.

لەگەڵ ھەڵمژینی ھەناسەیەکی قوڵدا ''ئازاد جەلال''یش گوتی: خۆشەویستیی لەسەر بنەمایەک دروست دەبێت ئەویش متمانەیە بەیەکدی و پڕکردنەوەی کۆمەڵێک بۆشاییە بۆ یەکتری لە نێوان ئەو دوو رەگەزەیدا، ھەمیشەش ئەوە ئەو حاڵەتە دروستدەکات کە ئەو کەسەی بەرانبەرت یەکێکی تر بۆ خۆی راکێشێ بە بڕوای من تەنھا بۆشاییە ئەوە دروستدەکات!! بۆیە پێش ئەوەی ئەو حاڵەتە رووبدات بەگرنگی دەزانم کارێکی وا نەکەین کە بەرانبەرەکەمان ھەست بە بۆشایی بکات وەک (گرنگی پێنەدەیت، بە لاوەکی قسەی لەگەڵ بکەیت، گرنگی بە قسەکانی نەدەیت) ئەمانەن ئەو حاڵەتانە دێننە ئارا، لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئەو حاڵەتانە قبوڵ ناکرێت خەڵک لە جیاتی ئەوەی بچێت بەدوای چارەسەردا بگەڕێت بە دوای ئەوەدا دەگەڕێ بچێت دەستی بچێتە خوێنی ئەو کەسەی کە خۆشەویستەکەی بردووە.. جارێ لە پێشدا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ بەڵام چارەسەریش ئەوەیە بەدوای ئەو خاڵە لاوازانەدا بگەڕێت کە بووەتە ھۆی دروستبونی ئەو حاڵەتە، بێگومان کۆمەڵێک خاڵی لاواز ھەیە ھەموو مرۆڤێکیش خۆی ئەزانێ ئەو خاڵە لاوازانە چیە لە خۆیا کە وایکردووە بەرانبەرەکەی دووربکەوێتەوە، چارەسەرکردنی ئەو خاڵە لاوازانە ئەبێتە ھۆی ئەوەی کە پەیوەندییەکە توندوتۆڵ بێت بەڵام بەشێوەیەکی تر حەزدەکەم زۆرێک لە کچ و کوڕ لە مڕۆدا ھەندێک جار کۆمەڵێک شتی مادی ئەیانگۆڕێت مەسەلەکە لێرەدا پەیوەندی بەبۆشاییەوە نابێت، پەیوەندی بەوەوە دەبێت ئەم کوڕە لە خۆشەویستەکەی جوانترە دەوڵەمەندترە پایەدارترە بڕوانامەی لەو بەرزترە، بۆ ھەردوولا ئەو حاڵەتە ھەیە، پێم وایە بەشێوەیەکی زۆریش تەنھا نەک لە کاتی خۆشەویستییدا بەڵکو دوای پڕۆسەی ھاوسەرگیریش ئەو حاڵەتانە بەشێوەیەکی بەرچاو روویانداوە ، ئامارەکانی دادگاش شایەتی بۆ ئەو حاڵەتە دەدەن..


''کاک ئازاد''
توانی مەبەست بپێکێت بۆیە کردمە دوا کەس ھیوای خۆشبەختیی بۆ دەخوازم..

 

ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک