١٢\٨\٢٠١٤
جگە لە پەرتووکە
رەشەکەی، عەبدوڵا ئاگرین،
فیداکارییەکانی
یەپەکە بەرامبەر داعش، بە پیلانگێڕیی دوژمنانە ناودەبا!!
ھاوبیر سەروەر
سەرەتا وشەیەک لەبارەی پەرتووکەکەیەوەو دواتر وتارەکەی سەبارەت یەپەکە
: با لەوە بگەڕێین ئەو پەرتووکە بە چ ئاستێکی نزم و نەخوێندەوارانە
نوسراوە کە لەوەئەچێ کۆلکە خوێندەوارێک نووسێبێتی لە حوجرەیەکدا
کوێرەخەتێکی پەیداکردبێت، نەک خاوەن دوکتۆرایەک !! ئنجا بە سەرنجدانێکی
سەرپێی لەو پەرتووکە (لاپەڕەیەکی گەش لە مێژووی کاژیک)نووسینی د.
عەبدوڵا ئاگرین- چاپی ٢٠١٣ ئەو راستییە دەرئەکەوێ ، نووسەر بەو
پەرتووکەی کە بریتییە لە خۆبەخاوەنکردنی کاژیک( دوور لەراستییەوە)و
لەلایەک پیاھەڵدان و لەلایەک سووکایەتیپێکردن بەکاژیک و دواجار
رووپاماڵی بۆ بنەماڵەی بارزانی ، ئەیەوێ باری کەوتووی خۆی لەناو پارتی
دیموکراتی کوردستاندا ھەستێنێتەوە! ساڵی ١٩٩٣کە پاسۆک و سۆشیالست و گەل
کران بەناو پارتیدا، فڕکان فڕکانی ئەوە دەستیپێکرد کە کێ ئازایەو جێپێی
خۆی لەناو سەرکردایەتیی پارتیدا بکاتەوە. ئاشکرایشە کە بوونە ئەندامی
سەرکردایەتیی ئەو پارتە، پێشەکی لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە بڕیاری
لەسەر ئەدرێ، ئەوسا ھەڵبژاردنێکی رووکەشی بۆئەکرێ. نووسەری ئەم
پەرتووکە، ئەوکاتەو بۆ ئەو مەبەستە، وا خۆیبردە پێشەوەو خۆی پیشاندا
کە کەسی یەکەمی پاسۆکەو ئەو ئەندازیاری ئەو یەکگرتنەیە ! تا جێگەی خۆی
لەناو سەرکردایەتیی پارتیدا کردەوە! ھەرچەندە کاتێ پارتی ئەوەی
بۆدەرکەوت ئەم دووڕوە، خۆڵەمێشە نەک ئاگر، لە سەرکردایەتی دووریخستەوە!
ئێستاش ئەمجارە لە رێی ئەم پەرتووکەو دیمانە تەلەفیزیۆنییەکەی ئێن
ئارتییەوە، ئەیەوێ خۆی واپیشانبدات کە کەسی یەکەمی کاژیکیش بووە و ئەو
کاژیکی کردوە بەقوربانی سەرۆک بارزانی، سابەشکم جارێکیتر بە
سەرکردایەتیی پارتی شادبێتەوە! ئەوەتا لەبەرگی پشتەوەی پەرتووکەکەیدا
ئەڵێ:(بەشبەحاڵی خۆم شانازی بەوەوە ئەکەم من لەساڵی ١٩٦٩وە تا ١٩٧٤بەرپرسی
ئەو تەنزیمەبووم) کە وانیەو ئەمە چەندین جار لەناوەرۆکی پەرتووکەکدا
دووپاتئەکاتەوە . ھەروەھا دەڵێ:(ھەموو توانای تەنزیممان خستە ژێر
سەرکردایەتیی شەخسی بارزانی مستەفاوە) ئەمەش چەندجارێک لەناو
پەرتووکەکەدا ئەڵێتەوەو لەچەند جێگەیەکی ناو پەرتووکەکەشدا ئەوە
دووبارە ئەکاتەوە کە ئەو ئەندام سەرکردایەتیی کاژیک بووە، کە ئەمانە
ھیچیان راستنین . ئەو، بۆ ماوەیەک، تەنیا بەرپرسی لقی سلێمانی کاژیک
بووە و کاژیکیش نەخراوەتە ژێر دەسەڵاتی بارزانی و ئەویش ھەرگیز ئەندامی
سەرکردایەتیی کاژیک نەبووە. بوونەکەشی بە لێپرسراوی لقی سلێمانیی کاژیک،
لە ئەنجامی ئەوەوە بووە: ئاوی کردۆتە ژێر شێرکۆ بێکەسەوە کە پێش ئەو
بەرپرسی لق بووە و بە جێگەکەی شادبووە . لەماوەی ئەو
بەرپرسیارێتییەیشیدا، وەک من بیزانم، گەلێ کاری گێرەشێوێنی و ھەوڵی
دووبەرەکی و ئاژاوەی لەناو ریزەکانی رێکخستندا داوە کە بەکورتی
ئاماژەیەکیان بۆئەکەین:
١- ساڵی ١٩٧٣ ئاگرین خۆی گەیاندۆتە ئەڵمانیاو کۆمەڵێ درۆی لای مامۆستا
جەمال نەبەز بۆسەرکردایەتی کاژیک ھەڵڕشتوە.
٢- خۆی لە لاپەڕە٦٩ی پەرتووکەکەیدا دان بەوەدا ئەنێ کە لەگەڵ شێرکۆی
ھەژاردا ھەوڵی دووبەرەکی و پیلانگێڕانی لەدژی سەرکردایەتی و لەناو
کاژیکدا داوە کە ئەمە ناپاکی ئەگەیەنێ بەرامبەر کاژیک. ئەمەش دەقی
نووسینەکەی خۆیەتی بە کوردییە پڕھەڵەکەی خۆی: (ئەو جووڵەو چالاکییەی
لەلایەن چەند گەنجێکی خوێنگەرم بەناوی ھاوبیری و کاژیکیەوە،
سەرکردایەتی نوێی کاژیکیان پێ دروستکردن، چاوەڕوانەکراوبوو!! چونکە
بیرۆکەو مەبەست و ئامانجی ئەو جموجوڵ و چالاکییە بیروڕاو بۆچوون و
پێشنیازی خودی خۆمبووم بۆیەکەمجار بەر لەساڵی ١٩٧٢ لای کاک شێرکۆی
ھەژار درکانم و تاوتوێمانکرد، ئەو، زۆر بەحەماسەت و شەوق و تینێکی
ئاگراوییەوە پشتگیری سەرجەم راوبۆچوونەکانی کردم و لەو رووەوە
ھەردوکمان جووڵەیەکی بزێوانەشمان بۆکرد!!!ئاکام وەک خۆمان ئەمانویست
کورتی ھێنا ) سەرنجبدەن پێنج ھەڵەی زمانەوانیی دوکتۆر! لە چوار دێڕدا!
٣- بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێکی لەوجۆرەی ھەبێ و بەبێ ھۆیەکی گونجاوو بەبێ
ئاگاداریی سەرکردایەتی، ئەمری لەناوبردنی بۆکادیرێکی دڵسۆزی کاژیک،
مامۆستا عوسمان رەشید دەرکردوە! لەکاردانەوەی ئەمەشداو تێکڕا
کردەوەکانی عەبدوڵادا، شێرکۆی ھەژارو عوسمان رەشیدو ئازاد مستەفاو
فەرەیدون عەبدولقادرو شێرزاد فاتیح و ئەحمەد سەلام کەوتنە دژایەتیی
سەرکردایەتیی کاژیک، چونکە وایانزانیبوو ئەو ئەمرە لەسەرکردایەتیی
کاژیکەوەبووەو واشتێگەیشتبوون عەبدوڵاش لە سەرکردایەتیدایە! ئەوەبوو
بەبەرواری ٢٥/١/١٩٧٥بەیانێکیان لەدژی سەرکردایەتیی کاژیک دەرکرد،
ھەرچەندە ئەو بەیانە بایەخێکی نەبوو و نەک ھەر کەسیان شوێننەکەوت،
بەڵکو ھەر زوو، خۆیان لێی کشانەوەو بڵاوەیان لێکرد.
٤- ئێستەش دوای پەنجا ساڵ ، لەدەرگای ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان کاژیک و
پارتەکەی شێخ محەمەدی ھەرسین (پارتی گەل ) ئەدات! وەک لە ناوەرۆکی ئەو
پەرتووکەیدا دەرئەکەوێ! ئەمەش لەوەئەچێ کە ئەم مرۆڤە گێرەشێوێنیی بە
شیرەوە خواردبێ! ئەگینا کای کۆنی پڕ لەدرۆی پەنجا ساڵ لەمەوپێش، چی
ئەگەیەنێ!؟
بۆ سەلماندنی ئاستی نزمی نووسینی ئەو پەرتووکە، ئاماژەیەک بۆ ھەندێ
دژیەکی (تناقچ) ئەکەین کەنابێ مامۆستاو دوکتۆرو پرۆفیسۆرێکی زانکۆ
تێیکەوێ : لەلاپەڕە٩دا دەڵێ(ئەمە بەو واتایەی لە ١٤/٤/١٩٥٩ تاکو ١٩٧٥
دەستەی دامەزرێنەری کاژیک : ئەحمەد ھەردی، کامیل ژیر،فائق عارف و جەمال
نەبەزبووە. ئەمە بێ ئەوەی وەک ماف و ھەق دوای یەکگرتنەکەی ساڵی ١٩٦٤
ھەردوو سەرکردە محەمەد عزیزو محەمەد ھەرسین ناویان بھێنرێن). ھەر پێش
ئەم قسانەی ئەڵێ(١٩٦١عەبدوڵا جەوھەرو ئیحسان فوئاد پاشەکشەیان لەکاژیک
کردو ١٩٧١ فەرەیدون عەلی ئەمین وازی لەکاژیک ھێنا) ئیتر چۆن دەستەی
دامەزرێنەر ھەر ئەو چوارکەسەی یەکەمبووە لەو ماوەیەدا؟ جگەلەوە،جیاوازی
لەنێوان دەستەی دامەزرێنەرو دەستەی سەرکردایەتیدا ناکا، بۆیە گلەیی
لەوە دەکا کە ناوی عەزیزو ھەرسین ناھێنرێ! ئەمەش یا نەزانینە یا
چەواشەکردنە یا گێرەشێوێنی، ئەگینا ناوی ئەو دوو بەڕێزەو ناوی
عەبدولکەریم عارفیش ھەمووکاتێک لەگەڵ دەستەی سەرکردایەتیدا ھێنراوە،
ھەرچەندە ، بەپێێ زانیارییەکانی من وەک خوێندکارێکی زانکۆ کە تێزی
دوکتۆراکەم لە بەریتانیا لەسەر کاژیکە، ئەو دوو بەڕێزە، ئەو چوونەی
چوون بۆلای بارزانی، ئیتر نەھاتنەوە بەلای کاژیکدا، رێک وەک ئەو
کابرایەی ناردیان بۆ خوازبێنیی کچێک ، وتی زۆر ماندووبووم تا بۆخۆمم
جێبەجێکرد!!
دژیەکییەکیتر: لەلاپەڕە ٧ دا وەک سووکایەتییەک بە کاژیک و گرنگیدانێک
بە پارتی گەل،ئەڵێ: لە ١٤/٤/١٩٥٩ تا ١٩٦٤ و یەکبوونی لەگەڵ پارتی گەلی
کورد، رێکخستنەکانی کاژیک نەئەگەیشتە پەنجەکانی دەست و تەنیا بریتیبوون
لە ئەحمەد ھەردی، کامیل ژیر، جەمال نەبەز، فەرەیدوون عەلی ئەمین، شێرکۆ
بێکەس، محەمەد مەجید، لەتیف عەلی ، حەمە عەلی فەرەج و فایەق عارف .
کەچی لەلاپەڕە ١٣٩ دا ئەو قسانەی خۆی بیرئەچێتەوەو لیستی ھەندێک
ھاوبیرانی لقی سلێمانی کاژیکی نووسیوە لەگەڵ بەرواری ھاتنە ریزیان بۆ
ناو کاژیک بەمجۆرە:
عەبدوڵا - ١٩٦٠ ، فتاح - ١٩٦٢، جلال قادر - ١٩٦٢ سەعید گەوھەر - ١٩٦١،
عزەت ١٩٦٢ ناوی ھاوبیران عەبدوڵا جەوھەرو ئیحسان فوئادیشی نەھێناوە بۆ
ئەوەی ژمارەکە لەپەنجەکانی دەست تێپەڕ نەکات!! ئنجا لەراستیشدا زوربەی
ئەندامە رۆشنبیرەکان بووەڕیان بە ئەدەبیاتەکانی کاژیک ھێنابوو نەک بە
پارتی گەل کە ھیچ فەلسەفەیەک و بیردۆزەیەکی نووسراوی نەبوو، لەگەڵ
رێزدا بۆ دڵسۆزی و خەباتیان.
ھەر وەک دژیەکییەکیتر - لەو پەرتووکەدا، ھەندێجار کاژیک زۆر گەورەو
بەرز ئەکاتەوە ، ھەندێ جاریکەش ئەوەندەبچووک و نزمی ئەکاتەوە کە کاژیک
تەنیا لە خودی خۆیدا دەبینێ !! ئەمەش سووکایەتییە بەکاژیک!
ئەوەتا لە لاپەڕە ١٠٠ دا بە راناوی(من) ئەدوێ و ئەڵێ:(من ١٩٦٩ تا ١٩٧٤
بەرپرسی ئەو تەنزیمەبووم، نەمھێشتوە رایەڵ و جومگەکانی رێکخستن، شل و
خاوبێت و ئەو دیسپلینە پتەوە وایکرد : ھاوبیران لە ھەڕەشەی نەیاران
بپارێزرێت و نەھێڵدرێت ، خوێن لەلووتی کەسێک بێ) ئەی ئەو ھەموو شەڕو
ئاژاوەیەی لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد چیبوو!؟ ئەوەبوو دیسپلینی پتەو!؟
ئەی نەک خوێن لەلووتی ھاوبیر عیزەت رەشیدو ھاوبیر حەمە ساڵح ھیتلەر ھات،
بەڵکو گوللەبارانیش نەکران !؟
لە شتە سەیرەکانی ئەم پەرتووکە، لەلاپەڕە ٩ دا ئەڵێ(ئەم نووسینە ویستی
تاکەکەسی و حەزی خۆدەرخستن و پۆزلێدان ھاندەری نییە) لەلاپەڕە ١٠ دا
دەڵێ(نیاز لەم نووسینە :خۆبادان نییەو موزایەدەش بەسەر ھاوبیران ناکەم
و سواڵی ناوبانگیش رەتئەکەمەوەو شەڕیش لەسەر وەرگرتنی میراتی مادی و
مەعنەوی کاژیک ناکەم) لەلاپەڕە ١٥ دا دەڵێ( بەھیج جۆرێ بەمەبەستی
مزایەدەکردن نییە بەسەر ھاوبیرە کانمداو شەڕی وەرگرتنی میراتی کاژیکیش
نییە) کە ئەم دووبارەو سێبارەکردنەوەیەی ئەو قسانە، بەڵگەی کێشمەکێشی
نێوان نەست(لا شعور) و ھەست (شعور)ی خۆیەتی و نەستی پێیئەڵێ تۆ مەبەستت
ئەوانەیەو بەھەستیش بەرگری لەخۆی ئەکات!! ئەگینا کێ بەرۆکی گرتبوو بۆ
ئەو تۆمەتانە تا بەوجۆرە بەرگری و پاکانە لەخۆی بکات؟ ھەروەھا وەک
نەستی پێی راگەیاندبێ: وەڵامی ئەو پەرتووکەو ئەو ناراستیانە ئەدرێیتەوە
، ھەستی ھانیداوە دەستبکات بە بەخشینەوەی بەرتیلی قسە بەسەر ژمارەیەک
لەو کەسانەی ناویھێناون و پێشگری ( دڵسۆزو پاک و براو بلیمەت و موقەدەس
و چی و جێ ) ئەخاتە پاڵیان سا بەشکم بەوە رووگیرببن و وەڵامی نەدەنەوە!
لە لاپەڕەکانی ٢٣ ، ٧١، ٧٢ ، ٧٣ ، ٧٤ ، ٧٥ ، ٧٦ ، ٧٧ ، ٧٨ ، ٩٨ دا،
واتا دە جار! باس لە کۆنگرەیەکی خەیاڵی ئەکات کە گوایە لە ٢٥/٥/١٩٧٢دا
لەلایەن ٧ کەسەوە لە ماڵی کامیل ژیر بەستراوەو لە ئەنجامدا ئەو ٧ کەسە
کراونەتە سەرکردایەتیی کاژیک کە یەککیان عەبدوڵا بووە و ھەر لەو
کۆنگرەیەدا بریاردراوە کامیل ژیر بنێردرێ بۆ ئەڵمانیا بۆئەوەی ئەو بڕگە
زیادانەی خراونەتە سەر کاژیکنامەی چاپی ئەڵمانیا ، لاببرێن!
ئەوھەموو پێداگرتن و دووبارەکردنەوەیەی لەسەر ئەو کۆنگرەو بریارە،
تەنیا مەبەستی لەوەیە بیسەپێنێ کە ئەو ئەندامی سەرکردایەتیی کاژیک بووە!
ئەوەش بۆ ئەوەیە خۆبەخاوەندبوونەکەی بۆ کاژیک زیاتر بسەپێنێ کە
لەراستیدا نە ئەو کۆنگرەیە بەستراوە، نە ئەو بریارەی تێدادراوە، نەئەو
کراوەتە ئەندامی سەرکردایەتی . لەمبارەیەوە مامۆستا کامیل ژیر،
بەبەڵگەی سەلمێنەرەوە، لە پەرتووکی (کامیل ژیر لە وەڵامی ٦٢ پرسیاری
ھەڵۆ بەرزنجیدا - وەڵامی ژمارە ٦٠) دەڵێ:
لە راستیدا ئەوانە ھیچیان نەبووەو راستنین بەم بەڵگانە:
١- ئەو دانیشتنە کە ئەو ناوی کۆنگرەی لێناوە، نە لە لەماڵی ئێمەو نە
لە ھیچ شوێنێک نەکراوە. کۆنگرەش بە ٧ کەس نابەسترێ. ھەموو کەس ئەوە
نەزانێ من وەک یاساناسێک ئەوە ئەزانم کە ئەبێ بەلایەنی کەمەوە ٥١% ی
ئەندامان خۆیان یا نوێنەریان لە کۆنگرەدا ئامادەبن . لە لاپەڕە٧٨دا خۆی
ئەڵێ(ئێمە رێکخستنی بەھێزو فراوانمان ھەبوو!!)پێشتریش ئێمە ئاماژەمان
بۆ ناوی بەشێک لە ھاوبیرانمانکرد لە وەڵامی پرسیاری ٦ دا کە ژمارەیان
زیاتر لە ٣٠٠ کەسبوو، ئیتر چۆن کۆنگرە بە ٧ کەس ئەبەسترێ!؟
٢- بە قسەیەکی من، سەرکردایەتییەک ناگۆڕدرێ.
٣- من ساڵی ١٩٧٠ بەبریاری سەرکردایەتی کاژیک چووم بۆ ئەڵمانیا بۆ
لابردنی زیادەکانی چاپی ١٩٦٨ی کاژیکنامە(نەک بەبریاری ئەو
سەرکردایەتییە خەیاڵییەی کاک عەبدوڵا) . بۆ دڵنیابوون ، گەڕامەوە بۆ
سەیری ئەو پەساپۆرتەی پێی رۆیشتم کە بەم جۆرەیە:
ژمارەی پەساپۆرتەکەم ب/ ٠٣٤٦٦٨ بە بەرواری ١٦/٩/١٩٧٠
رۆژی دەرچوونم لە فڕۆکەخانەی بەغداد بۆ بەرلین ٢٥/٩/١٩٧٠
رۆژی گەڕانەوەم لە بەرلینەوە بۆ بەغداد ٩/١٠/١٩٧٠
٤- لە ئەنجامی ئەو چوونەی مندا ، ساڵی ١٩٧١ لقی ئەوروپای کاژیک ،
کاژیکنامەیان بە عەرەبی چاپکرد بەبێ زیادەکان، واتا زیادەکان لابران.
ئەوەتا کاک عەبدوڵا خۆیشی لە لاپەڕە٣٩ی نامیلکەکەیدا وێنەی بەرگی ئەو
چاپی عەرەبییەی بڵاوکردۆتەوە کە نوسراوە ٢٥٨٣ ک ١٩٧١م و لەو چاپەدا
زیادەکان لابراون، ئیتر چۆن لە ١٩٧٢دا یەکێک ئەنێردرێ بۆ لابردنی ئەو
زیادانە!؟
٥- من لەدوای ١٩٧٠ وە تا ١٩٨٢ سەفەری دەرەوەی وڵاتم نەکردوە.
٦- لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ١/١٢/٢٠١٣ د. جەمال نەبەز جەختی
لەسەرئەوە کردەوە کە ئەو سەفەرەی من ١٩٧٠ بووە نەک ١٩٧٢.
دیارە کە ئەو کۆنگرەیە نەبەسترابێ، ھەموو ئەو قسەو بریارە وەھمیانەش
کەگوایە لەو کۆنگرە وەھمیەدا دراون و نامیلکەکەی پێپڕکردۆتەوە، راست
نین (ما یبنی علی الباگل فھو باگل ایچا). دەسخەتەکەی لاپەڕە ٧٥ ،٧٦ ،
٧٧ی نامیلکەکەش کە گوایە ئەوە وەقایعی ئەو کۆنگرەیەیە، بە بەڵگە
ناژمێردرێ چونکە بە خەتی خۆیەتی. لەگەڵ ئەم سەرنجانەدا : ا- مەرەکەبی
ئەو دەسخەتە، تازەیە! ب- ئەگەر ئەوە وەقایعی ئەو کۆنگرەیەیە، ج پێویست
ئەکا لەسەرەوە بنووسرێ(دەسخەتی عەبدوڵا ئاگرین)!؟ کە ئەوەش بە ھەمان
قەڵەم و مەرەکەب نووسراوە!! ت- ھەروەھا چ پێویست ئەکا لە کۆتاییدا
بنووسێ(تەنانەت ئەو شەوە سەعات ١٠ بوومەلەرزەبوو وە کاتی
ھاتنەدەرەوەمان نەبوو) ئەمەش بە ھەمان قەڵەم و مەرەکەب نووسراوە! کە
دیارە دەستەواژەی (تەنانەت ئەو شەوە) قسەی ئێستایە نەک ئەوسا. ئەگەر
قسەی ئەوسا بوایە، ئەنووسرا (تەنانەت ئەمشەو) ج- نووسیوێتی(ئەم
ھاوبیرانە ئامادە بوون : محمد،حسین،جوتیار،ھوشیار،سەردار) کە ئەکەنە
پێنج کەس ،کەچی پێشتر ئەڵێ کۆنگرەکە حەوت کەسبوو!! خۆ ناشکرێ بڵێ ئەوە
دەسخەتی ئێستامەو مەبەستم ئەوسایە !! چونکە ئەو بە خەتی سوور لەژێرەوە
ناوی دیکۆمێنت(دۆکۆمێنت)ی لێناوەو لەسەرەتاشدا ئەڵێ ئەمڕۆ رێکەوتی
٢٥/٥/٩٧٢ ئنجا ئەگەر ئەوە نووسینی ئێستەیبوایە، چ پێویستی ئەکرد بە
دەسخەتبوایە!
خاڵێکیتر: لە لاپەڕە١١٨و ١١٩دا ئەڵێ( کاک کامیلم بینی، عەرزیمکرد با
دانیشتنێک یا کۆبوونەوەیەک بکەین ...لەسەر پێشنیاری من بریاردرا..
کۆنفرانسێک.. ببەستین. ئەو کۆنفرانسە لە مانگی دووی ١٩٧٥لە ماڵی کاک
ھەردی لە نەغەدە سازکرا)، راستییەکەی ئەو کۆنفرانسە لە سەرەتای پایزی
١٩٧٤دابوو. ئەویشی تیانەبوو . ھاوبیران فەرھاد عەبدولحەمیدو نوری کەریم
و محەمەد مەجید ئەسڵانیش ئەڵێن ئەوی تیانەبوو. خۆیشی لەلاپەڕە١٢١ی
نامیلکەکەیدا ئەڵێ(ھاوبیرێکی بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا لێیپرسیم ئەرێ
کاک عەبدوڵا تۆ بۆچی بۆ کۆنفرانسەکەی نەغەدە نەھاتی و ئامادە نەبوویت
؟) دیارە ھەموو ئەو قسانەش لە نامیلکەکەیدا کە گوایە لەو کۆنفرانسەدا
کردوونی ، بوونیان نیەو راستنین. . لە چەند جێگەیەکیتری نامیلکەکەیدا
پەتی بۆ خەیاڵ بەرەڵا کردوەو ناراستەوخۆ منی کردوە بەشایەت و گوایە ئەو
وتوێتی با حەرەکەیەک بکەین یا فڵان شت بکەین و منیش ھەر وتوومە باشە!
وەک لە لاپەڕەکانی ٥٠،٥١،٥٢،٥٣،٦٧،٦٧،٧٠،٧١ بە کەیفی خۆی وشەی ریزکردوە!
کە ھەموو ئەوانە دوورن لە راستییەوە*.
نامیلکەکە ،ناڕاستی و ھەڵەیتری زۆری تێدایە، باسیانناکەم. ھەرکەس
ئازادە چۆن بیرەوەریی خۆی ئەنووسێتەوەو چۆن خۆی بەرز یا نزم ئەکاتەوە،
بەمەرجێ راستی و مێژوو نەشێوێنێ.
جگە لە توڕەھاتەکانی ئەو نامیلکەیە، بەینێکە ئەم قەڵەمە لاوازە
سەرلێشێواوە، خۆیکردۆتە وتارنووسی سیاسیی ئەوەڵباب و ھەر رۆژەی لە
رۆژنامەیەکدا بابەتێک ئەنووسێ کە بەشی زۆریان بەڕووکەش پیاھەڵدانە
بەبارزانیداو لەناوەرۆکدا ماستاوە بۆئەوەی باری کەوتووی لەناو پارتیدا
ھەستێنێتەوەو بگاتەوە بەسەرکردایەتیی پارتی! جا چونکە مەبەستەکەی
ناڕەوایە، ھەرجارەی بەجۆرێک ئەکەوێتە ھەڵەیەکەوەو زیان بەپارتی و
بەبارزانی و بەبزووتنەوەی رزگاریخوازی کوەردایەتیش ئەگەیەنێ! بۆنموونە،
لەم رۆژە دژوارو ترسناکەی کوردا کە پێویستیمان بە پشتگیری و ھاوکاریی
ھەموو لایەنێکە بۆ لێدانی داعش، لەژمارە ٤٦١٧ەی رۆژی ٧/٨/٢٠١٤ەی
رۆژنامەی خەباتدا لاپەڕە ٧ ئەڵێ: (دەستتێوەردانی گرووپی سیاسی و
چەکداری کوردی دەرەوەی باشووری کوردستان-یەپەکە- بەناوی ھاوکاری
پێشمەرگە نەک تەنیا گرفت بۆ باشوور دروست ئەکەن، بەڵکو لەخانەی ئەو
پیلانانەدا جێی خۆی ئەکاتەوە کەدوژمنان بەرانبەرمان ئەیکەن، بۆیە
ھیوادارین بەزوویی روو لەدەڤەرەکەی خۆیان بکەنەوەو وازمان لێ بھێنن،
بارزانی بۆ خۆی پەیامی نەتەوەیی بە مەنزڵی سەربەخۆیی دەگەیەنێت)
وابزانم ئەم ژەھر رشتنە پێویست بە شیکردنەوە ناکا!! یەپەکەو پەیدەو
پەکەکە، بێن سنگ بەگولەوە بنێن بۆ بەرگری لە باشوور، ئەم کە لە سای
سێبەردا پاڵیلێداوەتەوەو خۆی و کوڕە مقاویلەکەی، دۆلاری ناڕەوایان
لێئەڕژێ، بەوجۆرە ئەو فیداکاریانە بە پیلانی دوژمنان ناوببا!! ئەبێ
بێشەرمی، لەوەزیاتر چیبێ!! ئنجا ئەو نەسەلکی سیرەو نە قنچکی پیاز، بە چ
ھەقێک بەو فیداکارانە ئەڵێ: بڕۆن وازمازن لێبھێنن!؟ کەسێکیش نەزانێ
ئەڵێ ئاخۆ ئەم دوکتۆرە لەچیدا دوکتۆرای ھێنابێ!؟ بۆ زانیاری: لە چیرۆکی
کوردیدایە! ئەو چیرۆکەی کە تائێستا، بە واتا ھونەری و زانستییەکەی،
بوونی نیە. ئەو بروانامەیەشی بە خاترانەی ئەوە پێدرا کە ئەندامی
سەرکردایەتیی پارتیبوو بە بێئەوەی ھیچ زمانێکی پێشکەوتووی جیھانی بزانێ!!
لەدوا وتەمدا،منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی کاک کەمال موختارو دەڵێم:
تا زیندوەکان مابن ئێوە ناتوانن بەئارەزووی خۆتان مێژوو بنووسنەوە ،
ھەروەھا ھاوڕام لەگەڵ کاک کامیل ژیرو دەڵێم : کاژیک ئەو قوتابخانەیەیە
کە سەرچاوەی وزەیە بۆ رەوڕەوەی دەوڵەتی کوردی.
______________________________________
* بڕوانە
پەرتووکی: کامیل ژیر لە وەڵامی ٦٢ پرسیاری ھەڵۆ بەرزنجیدا کە لە سایتی
کۆنگرەو سایتی ئەمرۆدا بڵاوکراوەتەوە.
hawbeer@yahoo.com
|