١٨\٥\٢٠١٣
جیهادی خواردنی دڵ
و جەرگی مرۆڤ!

محەمەد ئەحمەد
سوریا، ئەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی ناوراستە کە بۆ ئازادکردنی لە دەستی بەشار
و رژێمەکەی ماوەیەکی زۆرە خەڵکەکەی یەکتر "قەلەپارچە" دەکەن و دەیان
هەزار کەسیان لێکوژراوە و ملیۆنەها کەسیشی لێ دەربەدەر بوونە.
ناشارێتەوە کە دەسایسی وڵاتان وایان کردوە تاوەکو ئێستا ئەم شەڕە
ناوخۆییە درێژەی هەبێت و هەریەک بۆ بەرژەوەندی خۆی لایەنەکانی
بەکاردێنێت، بەڵام تاکە زەرەرمەند هەر هاوڵاتییانی سوریا خۆیەتی
بەتەنها.
بۆ لە ناوبردنی بەشار ئەسەد و دارودەستەکەی، بەرەی ئۆیۆزسیۆنی سوری
هەستا بە رێکخستنی هێزێک بەناوی "جیش السوری الحر " و لەو کاتەوە ئەو
هێزە و هێزیەکەی بەشار لە یەکتر دەکوژن و خەڵکانی تر دەربەدەر بوون،
ئەمە جگە لە وێران بوونی شار و شارۆچکەکان.
بەڵنیاییەوە زۆرینەی وڵاتانی دونیا و خەڵکی سوریا و ئێمەی کوردیش بە
هیوای لەناو چونی رژێمەکەی بەشار ئەدسەد دەکەین لەبەر رزگار بوونی
هاوڵاتییانی سوریا و بەتایبەتی بەهەرێمبوونی ناوچە کوردێکانی کوردستانی
رۆژئاوا.
ماوەی چەند رۆژێکە کەسێک بەناوی " خالد الحمد "، لەپاش کوشتی سەربازێکی
جەیشی سوری، هەستا بە هەڵدڕێنی سینگی بە چەقۆ و هەندێک لە دڵ و
جەرگەکەی خواردووە.
ئەگەر چی رژێمی سوریا چەندین کاری دڕندانەیان لە خەڵک کردووە، بەڵام
هیچ کەسێک پێشتر ئەم کارە دڕندەیە ئەنجام نەداوە کە ئەو سەربازەی "
سوپای ئازادی سوری " ئەنجامی داوە جگە لە "هندی کچی عەتەبە "ـی ژنی "
ئەبو سوفیا " کە لە پاش کوشتنی " حەمزەی کوڕی عەبدوڵموتەلیب " هەستا بە
هەڵدڕانی سینگی و هەڵمژینی خوێنی و خواردنی جگەری.
ئەم رووداوە هەرایەکی زۆری نایەوە و ئەویش لەبەر دڕندەیی و قێزەونی ئەم
کارەیە، " خالد الحمد " لە رێی سکایپەوە بە گۆڤاری " تایم "ـی ئەمەریکی
ووتوە: من ئەم کارەم کردوە تا مافی کۆمەڵانی خەڵکی سوریا بسێنم کە
رژێمە دڕندەکەی بەشار ئەسەد دەرهەقمان ئەنجامی داوە و لەپاش سەیرکردنی
موبایلی جوندێکە بینیم کە فیدیۆیەکی تێدایە و دەستدرێژی سێکسی دەکاتە
سەر ژنێک و کچەکەی، وە لە درێژەی قسەکانیشی ئاماژە بە بونی فیدیۆیەکی
بڵاونەکراوەی دیکەیش دەکات کە بە هەڕە چۆن کەسێکی دیکە پارچە پارچە
دەکات وە هەروەها دەڵێت: ئەوان دەستپێشخەربوون بۆیە ئێمە تەنها وڵامیان
ئەدەینەوە.
هەوەها هەریەک لە سوپای سوریای ئازاد و جەیشی بەشار خۆیەوە دەیانەوێت
کەسانی زیاتر بۆخۆیان بهێنن، رژێمەکەی بەشار لە رێگەی شەڕکردن دژی
مەزهەبەکەی کە "شیعەیە" لە عێراق و لوبنان و ئێرانەوە خەڵکی بۆ
دەنێردرا و سوپای سوریای ئازادیش هەمان شێوە بۆ هانی خەڵکی دەدا بۆ
جیهاد و ئەوەی سەیربێت بەلامەوە ماوەیەک پێش ئێستا لە یەکێک لە سایتەکە
ئەلکترۆنێکان بینیم چەند کوردێک لەلایەن pkkـەوە دەستگیرکراون کە خەڵکی
هەرێمی کوردستانن، گوایە ئەو گەنجە کوردانە بۆ جیهاد چونەتە سوریا و
دژی رژێمی بەشار شەڕبکەن، بەڵام ئەوان شەڕیان لەگەڵ هێزەچەکدارەکانی
pkk کردوە و لە ئەنجامدا ئەوان بە دیل دەستگیر کراون و گەڕینراونەتەوە
هەرێمی کوردستان، ئایا بەووتەی ئەم گەنجانە، شەڕکردن لەگەڵ pkk دا بە
جیهاد ناو دەبرێت؟ یاخود ئەمە کردارێکە دژی گەلی کوردە و خۆیان هەستی
پێناکەن، بەڵێ جیهادی ئێمە جیهادی رزگارکردنی وڵاتەکەی خۆمانە لە ژێر
دەستی زۆردار و لەپاش ئازادکردنی تاکە هەرێکە کوردێکەی کوردستان جیهادی
ئازادکردنی هەمو خاکی کورد دەکەین و نەک بەکارمان بهێنن و بە ناوی
دینەوە شەڕی براکوژیمان پێ بکەن.
ماڵپهڕی محهمهد ئهحمهد
|