٢١\٤\٢٠١٥
جیهانێک بە بێ سیاسییەکان.
- خوێندنەوەیەک بۆ
پەرتووکی (سیاسەت بە بێ سیاسییەکان) -

حەسەنی ئایشێ
ئایا رۆژگارێک دێتە پێشەوە کە کۆمەڵگە بۆ بەڕێوەبردن و رێکخستنی
کاروبارەکانی، پێویستی بە سیاسەتمەدارەکان یا توێژی سیاسییەکان
نەمێنێت، یا بەردەوام پێویستی بە بوونی ئیلیتێکی (دەستەبژێر)ی سیاسیی
لێبڕاو و خۆتەرخانکەر ھەیە بۆ فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنی وڵات؟ ئایا
بەشداریی سیاسییانەی ھاووڵاتییان بە تەنھا لە پرۆسەی دەنگداندا کورت
دەبێتەوە یاخود شێوازی کاراتر و کاریگەرتر ھەیە بۆ چالاکیی سیاسی؟ بۆچی
تا تەمەنی پرۆسەی ھەڵبژاردن و دەنگدان بچێتە سەرەوە، رێژەی
بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنەکاندا کەم دەکات؟… (عەکیفا
ئور)(١) بیرمەندی ئیسرائیلی لە
پەرتووکی (سیاسەت بە بێ سیاسییەکان)دا
وەڵامی ئەو پرسیارانە و گەلێک پرسیاری دیکە دەداتەوە کە سەبارەت بە
بەشداریی سیاسیی تاک دەکرێن.
لە بەشی ھەرە زۆری وڵاتانی جیھاندا بەشداریی سیاسیی تاک، لە دەنگداندا
کورت دەکرێتەوە، مەبەست لەمەیش پێکھێنانی وێنایەکە لە ئەندێشەی تاکدا
کە نەچوون بۆ دەنگدان وەک جۆرێک لە بێھەڵوێستی بگەیەنێت، ئایا ئەمە تا
چەند راستیی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە، واتە ئایا بەڕاست نەچوونی
ھاووڵاتییان بۆ بەردەم سندوقی دەنگدان، سەرکزکردن و خۆدزینەوەیە لە
بەرپرسیارێتی؟ لێرەدا ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی نیسانی ساڵی رابردوو بە
نموونە دەھێنینەوە کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا. لەو
ھەڵبژاردنانەدا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا نزیکەی ٧٦٪ بوو، بە
مانای رێژەی ئەوانەی بەشدارییان لە دەنگداندا نەکرد نزیکەی ٢٤٪ بوو.
(ئور) لە پێشەکیی
پەرتووکەکەیدا بەشدارینەکردنی ھاووڵاتیان لە دەنگداندا،
بە دەنگدان بە (بێ متمانەیی) ناو دەبات. رەنگە بگوترێت ٢٤٪ کەمینەیە و
زۆرینە لە دەنگداندا بەشدار بوون، وەک چۆن لە ھەڵبژاردنەکانی وڵاتانی
رۆژئاواییشدا ھەوڵێکی زۆر دەدرێت تا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران
سەقفی یاسایی تێپەڕێنێت و بگاتە سەروو ٥٠٪. ئەمەیش لەبەر خاتری دەنگدەر
نییە، بەڵکو بە خاتری شەرعییەت دانە بە حکوومەتی ھەڵبژێردراو؛ بەڵام
ئەمە یەکێکە لە ئیشکالییەت و کەموکوڕییەکانی دیموکراسییەتی پەرلەمانی
کە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە دامەزراوە و بەڕێوە دەچێت. لەبەرئەوەی
لە لایەکەوە لە مەسەلەی زۆرینە و کەمینەدا، رای کەمینە بە ھەند
وەرناگیرێت، بگرە پرسیار لە ھۆکاری بەشدارینەکردنی دەنگدەر لە پرۆسەی
دەنگداندا ناکرێت. لە لایەکی تریشەوە پرسی زۆرینە و کەمینە بەردەوام
ئەو وێنایە دروست دەکات کە زۆرینە لەسەر ھەقن. لە کاتێکدا دەشێت ئەمە
پێچەوانەکەی راست بێت و ئەو زۆرینەیە لەژێر کاریگەریی سەرکردەیەک یا
کەسێکی کاریزمیدا بن و شوێن ئەو کەوتبن، وەک ھەڵبژاردنی نازییەکان لە
ساڵی ١٩٣٣ لە لایەن ٤٤٪ دەنگدەرانەوە کە دواتر نەک ھەر دەنگدەران بەڵکو
تەواوی گەلی ئەڵمانیا و مرۆڤایەتیش باجەکەیان دا.
ئاڵڤین تۆفلەر(٢) لە پەرتووکی
(شەپۆلی سێیەم)دا دەڵێت: ”رێسای (بردنەوەی زۆرینە) لە ھەڵبژاردندا چیدی
بۆ ھاوسەنگیی شەرعیبوون پێوەر نییە، بێگومان سەرباری ئەوەیش لەو
کۆمەڵگایانەدا کە بەرەو شارستانییەتیی (شەپۆلی سێیەم(*)) دەچن مرۆیی و دیموکراسییانەیش نییە“.
لە کوردستانیش خەمی ھێزە سیاسییەکان بە گشتی و ھێزە باڵادەستەکان
بەتایبەتی بۆ بەدەستھێنانی زۆرینەی دەنگەکان، تەنیا بۆ ئەوە نییە کە
رەوایەتی بدەنە دەسەڵاتەکەیان بەڵکو لەپاڵ ئەوەیشدا بۆ ئەوەیە ئەو ھێزە
سیاسییانەی دیکە، کە خاوەنی دەنگی کەمن یا بە کەمینە ناوزەد دەکرێن،
بیکەنە پاشکۆی خۆیان یا بیانخەنە پەراوێزەوە.
ھەر لە پێشەکیی
پەرتووکەکەیدا (عەکیفا ئور) دەڵێت: ”ئەم
پەرتووکە ئەوە روون
دەکاتەوە کە چۆن ھاووڵاتییان بتوانن خۆیان بەبێ سیاسەتمەدارەکان
کاروباری کۆمەڵگە بەڕێوە بەرن“ ئەمە چۆن دەبێت و بۆچی وا بێت؟ (ئور)
روونی دەکاتەوە ئەگەر ھاووڵاتیان خۆیان بڕیار بدەن کە کۆمەڵگە پێویستی
بە چی ھەیە، ئەو دەمە پێویست بە ھەبوونی توێژی سیاسییەکان ناکات، چونکە
ئەوەی سیاسییەکان دەیکەن، جگە لە نوێنەرایەتیکردنی ھاووڵاتییان، ھیچی
تر نییە و ئەو دەسەڵاتەی نوێنەران ھەیانە، دەنگدەر پێی داون. خۆ ئەگەر
ھاووڵاتی لەجیاتی ئەوەی کەسێک دەستنیشان بکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی، خۆی
نوێنەرایەتیی خۆی بکات، ئەو کاتە نوێنەران دەسەڵاتی بڕیاردانیان
نامێنێت، تایبەتمەندییەک کە بە بڕوای (عەکیفا ئور) سەرچاوەیەکی سەرەکیی
گەندەڵیی سیاسییە. چونکە وەک ئور ئاماژەی پێ دەکات ئەوە سیاسەت نییە کە
گەندەڵی دروست دەکات، بەڵکو ئەو (ھێزە)ی کە لە دەسەڵاتی بڕیارداندایە
دەبێتە ھۆی گەندەڵیی سیاسی.
لێرەوە سیاسەت دوو جۆر بڕیاری تێدایە:
١- بڕیارێکی سیاسی کە پێمان دەڵێت چی بکەین.
٢- بڕیارێکی جێبەجێکاری کە پێمان دەڵێت چۆن کار بکەین.
بەڵام (ئور) بە بیرمان دەھێنێتەوە کە بڕیاردان جیاوازە لە
ئەنجامگیریکردن، دەشێت یەکێکیان ببنە سەرچاوە بۆ ئەوی تریان بەڵام نابن
بە یەک.
ئەوەی بڕیار بدەیت واتە ئەوەی (پێت باشترە)
To Decide is To Prefer
واتە لەنێو چەند شێمانەیەکی جیاوازدا یەکێکیان ھەڵبژێرین.
بەڵام ئەوەی ئەنجامگیریی دەکەیت واتە دەستنیشانی دەکەیت
To Conclude is
to Diagnose. بە مانایەکی دیکە بڕیارەکانمان پەیوەندییان بە
بەھاکانمانەوە ھەیە، بەڵام ئەنجامگیرییەکانمان پەیوەندییان بە لۆژیکەوە
ھەیە. بڕیارەکان دەشێت باش بن یا خراپ، بەڵام ئەنجامگیرییەکان دەشێت
راست بن یا ھەڵە.
(ئور) پرسیار دەکات: “ئایا سیاسەت بە گوێرەی بڕیارەکان دەستنیشان
دەکرێن یا بەگوێرەی ئەنجامگیرییەکان؟ پاشان ئایا سیاسییەکان بڕیار
دەدەن کە کۆمەڵگە چ شتێکی پێویستە یا ئەنجامگیریی دەکەن؟”. دەنگدان لە
سیاسەتدا مانای “ھەڵبژاردن” یاخود ئەوەی لەنێو شێمانە جیاوازەکاندا
یەکێکت لە ھەموان پێ باشتر بێت. پرۆسەی دیاریکردنی سیاسەت لە لایەن
پاشاوە بێت یا دیکتاتۆر، سەرۆک بێت یا سەرۆکی حکوومەت، یان لە لایەن
سیاسییەکەوە بێت یا ھاووڵاتییەکی ئاساییەوە، بریتییە لە بە باشتردانانی
شێمانەیەک لەنێوان کۆمەڵێک شێمانەدا. بەم مانایە “ناکرێت ئەنجامگیریی
بە باشتر دابنرێت لەبەر ئەوەی تەنھا یەک ئەنجامگیریی راست ھەیە. ھەر
بۆیە روونە کە “سیاسەت” بەگوێرەی بڕیار نەک ئەنجامگیریی دەستنیشان
دەکرێت.” .
وەک باس کرا بڕیارەکان پەیوەندیی بە بەھاکانەوە ھەیە، چونکە ئەوە
بەھایە کە باش و خراپمان بۆ دەستنیشان دەکات. بەھایش داھێنراوێکی
سرووشتی و فیترەت یا خواوەندیی نییە، بەڵکو بەدەستھێنراوە و لە رێی
کۆمەڵگەوە وەرمان گرتووە. جیاوازیی کۆمەڵگەکان (ھەروەھا تاکەکانیش) لە
بەھاکانیاندا زۆر جار ھۆکارێک بووە بۆ دروستبوونی ململانێ یا
بەریەککەوتن و جەنگ. سیاسییەکان لە ئەوروپای بەر لە ھەردوو جەنگە
جیھانییەکە “وڵات و نیشتمان”یان کردبووە بەرزترین بەھا لە لای خەڵک و
سەرنجامیش ئەڵمانەکان لەپێناو درووشمی” ئەڵمانیا لە سەروو ھەمووانەوە
(Deutschland uber Alles) و بەریتانییەکانیش بۆ سەرخستنی دروشمی
(بەریتانیا حوکم بکە) ملیۆنەھا مرۆڤ گیانی خۆیان کردە قوربانی. بەڵام
بە دوای ئەو شەڕەدا بەھاکان لای ئەورووپاییەکان و ئەمریکاییەکان وەک
خۆیان نەمانەوە و بۆ سەنتەریزمی تاک، گۆڕانیان بەسەردا ھات.
لێرەوە دەکرێت بڵێین بەھاکان پەیوەندییەکی زۆریان بە سیاسییەکان و
سیاسەتەکانەوە ھەیە و دەستنیشانکردن یا ھەڵبژاردنی سیاسەتیش کە بووەتە
وەزیفەی سیاسییەکان، پێویستی بە باشتردانانە (تفضیل)، بێگومان بە
باشتردانانیش بەبێ بەھا، بوونی نییە. بۆیە ھەموو جۆرە سیاسەتێک
بەھایەکی شاراوە یا ئاشکرای لە ناواخنی خۆیدا ھەڵگرتووە، کە پارتە
سیاسییەکان یا سەرکردەکان لە شێوەی پێشنیار، بڕیار و یاسادا گوزارشتی
لێ دەکەن و خەڵکیش بە ئاست و رادەی جیاواز پەیڕەوی لێ دەکەن. لێرەدا
دەکەوینە بەردەم جیاوازییەکی گرنگی نێوان سیاسەت لە ئەسینای کۆن و
سیاسەت لە دنیای ھاوچەرخدا.
لە ئەسینادا سەرجەم ھاووڵاتییە ئازادەکان بڕیاریان دەدا کە شارەکە چی
پێویستە و چی بکات(٣). بەڵام لە دیموکراسییەتی ئەمڕۆدا سیاسییەکان لەجیاتی
خەڵکی بڕیار دەدەن کە ھاووڵاتییان چی بکەن و چییان پێویستە. واتە لە
دیموکراسییەتی ھاوچەرخدا ھاووڵاتییان مافی دەنگدانیان ھەیە، بەڵام مافی
بڕیاردانیان نییە.
سەرھەڵدانی دیموکراسییەتی نوێنەرایەتی لە دوای شۆڕشی بۆرژوازییەوە
سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ نزیککردنەوەی ھاووڵاتییان لە ناوەندی بڕیاری
سیاسیی وڵات و کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی رەھای پاشاکان و بنەماڵە
دەستڕۆیشتووەکان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، بەوەی چەمکی
زۆرینە و کەمینە و مافی تاکی لەدەنگداندا ھێنایە ئارا، بەڵام بە ھۆی
مانەوەی سیستمی دەسەڵاتدارێتی لەسەر بنەمای دەستەبژێری، ئیدی ئومێدی
مرۆڤەکان بەوەی بتوانن لە بڕیارداندا بەشدار بن، کاڵ بووەوە تا ئەوەی
ئیتر بەشداریکردنی تاک لە سیاسەتدا بچووک کرایەوە بۆ پڕکردنەوەی
کارتێکی دەنگدان.
ئەم بچووککردنەوەیەی رۆڵی مرۆڤ بۆچی؟ ئایا لەبەرئەوەیە کە سیاسییەکان
توانای بڕیاردانیان ھەیە و ھاووڵاتییان توانایان نییە؟ ئەگەر وا بێت
ئایا ئەو نوێنەرانەی لە پەرلەمانەکاندا دەست بەرز دەکەنەوە بۆ
پەسەندکردنی بڕیارێک یا یاسایەک، ھەموویان پسپۆڕییان لە بڕیارداندا
ھەیە؟ ئەگەر وایە پسپۆڕییەکەیان چییە و چ جۆرێکی خوێندنە کە مرۆڤ
دەکاتە پسپۆڕِ لە بڕیارداندا؟ بێگومان ئەندامانی پەرلەمانەکان ھەر
یەکەیان ھەڵگری پسپۆڕی و بڕوانامەیەکە و ھەر ھەموویان مافناس و یاسایی
نین، ئەمە بۆ سەرۆکی حوکوومەت و سەرۆکی وڵاتیش ھەر وایە. بەم مانایە
سیاسییەکان ھەموویان پسپۆڕ نین لە بڕیارداندا. ئەوە بۆیە دەبینین ھەموو
سەرۆکێک راوێژکاری جۆراوجۆری ھەیە تا بتوانێت بە یارمەتیی ئەوان بڕیار
لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان بدات. لە راستیدا لە جیھاندا سەرکردەیەک یا
سەرۆکێکی حکوومەت نابینینەوە کە بەبێ پرس و راوێژکردن بە
راوێژکارەکانیان بڕیار بدەن. ئەمەیش پەردە لەسەر ئەو وەھمە لا دەبات کە
دەڵێت سیاسییەکان کەسانی پسپۆڕن بۆ فەرمانڕەواییکردن کە تەنھا بە ئەوان
دەکرێت. ئەگەر ھەر لە ژیانی رۆژانەوە سەیر بکەین دەبینین ھەموو کەسێک
رۆژانە بڕیاری تایبەتی لەسەر زۆر پرسی گرنگی ژیانی خۆی دەدات، ئەگەر
بڕیارە تایبەتییەکان پەیوەندییان بە تاکێکەوە ھەبێ، ئەوا بڕیارە
گشتییەکانیش پەیوەندییان بە کۆمەڵە تاکێکەوە ھەیە و بەم مانایەیش
پرۆسەی بڕیاردان ھێندە گران نییە وەک ئەوەی دەخرێتە بیر و ئەندێشەی
مرۆڤەکانەوە.
کەوابێ کێ بڕیار بدات و چۆن بڕیار بدرێت؟
نزیکەی ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر وەڵامی پرسیاری ئەوەی کێ بڕیار بدات، کۆمەڵگە
چی بکات، بریتی بوو لە پاشا و سەرۆکی خێڵەکان، پاشان لە دوای شۆڕشەکانی
سەدەکانی حەڤدە و ھەژدەی ئینگلتەرا و فەڕەنسا و سەرھەڵدانی سیستمی
پەرلەمانیی نوێنەرایەتی، وەڵامەکە گۆڕانی بەسەردا ھات و پرۆسەی
بڕیاردان درایە دەست نوێنەرانی ھاووڵاتیان لە پەرلەمانەکاندا. بەڵام
سیستمی پەرلەمانی و نوێنەرایەتی فێڵێکی مێژوویی لە خەون و ھیواکانی
مرۆڤ کرد، بەوەی خەڵکی ھێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە دەتوانن لە رێگەی
سندوقەکانی دەنگدانەوە فەرمانڕەواکانیان بگۆڕن، بەمەیش ئەسڵی چەمکی
وشەی دیموکراسی (کە بە مانا ئەسیناییەکەی دەسەڵاتی بڕیاردانی خەڵک
دەگەیەنێت) شێواند و گۆڕی بۆ دەسەڵاتی دیاریکردنی فەرمانڕەواکان.
لێرەوەیە کە دیموکراسییەتی نوێنەرایەتی، دەبێتە رێگر لەبەردەم
فراوانبوونەوەی ئاستی بەشداریی سیاسیی تاک لە کۆمەڵگەدا و چەمکی
بەشداریی سیاسی کورت دەکاتەوە بۆ لێدانی نیشانەیەک لە کارتی دەنگدان،
کە ئەمەیش ھەر چوار یا پێنج ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت و ئیدی لەو
ماوەیەدا ھەر بڕیار و یاسایەک لە لایەن پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی خەڵکەوە
دەربچێت زەحمەتە بگۆڕدرێت، تەنانەت گەر ئەو خەڵکەی کە دەنگیان بەو
پەرلەمانە داوە و پێیشی ناڕازی بن، بەم مانایە لە دیموکراسییەتی
نوێنەرایەتیدا ھیچ نیشانەیەک لە بەشداریی راستەقینەی ھاووڵاتییان لە
گۆڕیدا نییە.
ئەمڕۆ بەھۆی ئەو ئاڵوگۆڕییانەی کە بەسەر ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی،
ئابووریدا ھاتوون و بە پاڵ ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری تەکنەلۆژیادا
بەدی ھاتوون، ئیدی دیموکراسییەتی نوێنەراتیش، وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری
ئەوەی کێ بڕیار بدات و کۆمەڵگە چی بکات، دەستەوسانە لەبەردەم خەون و
ئاواتەکانی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و رێڕەوی ژیانی بە دەستی
خۆی. چونکە ناتوانێت دەربڕی پێشکەوتنەکانی دنیای ئەمڕۆ و خەون و
خەیاڵەکانی مرۆڤ بێت.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و شۆڕشی دیجتاڵی و ئەلکترۆنی، ئەو زەمینەیەیان
فەراھەم کردووە کە تاک لەرێگەی ھۆکاری پەیوەندیکردن، ماسمیدیا و
ئەنتەرنێتەوە، بەشداریی چالاکانە لە پرس و کێشە سیاسییەکاندا بکات،
پێشنیار بکات، دەنگ بدات و بڕیار دەربکات.
لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەیشدا کە دەگوترێت ئەو بڕیارانەی راستەوخۆ لە
ھاووڵاتییانەوە دەردەچن بڕیاری پۆپۆلیستین و کارەسات دروست دەکەن،
“عەکیفا ئور” دەڵێت: ”بە تەنھا ھاووڵاتییان نا، بەڵکو نوێنەرانیش
بڕیارگەلێک دەدەن کە دەبنە ھۆی دروستبوونی کارەسات“ لەم ڕووەوە ئەو
نموونەی نازییەکان دەھێنێتەوە کە بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکیی پارتە
سیاسییەکانیاندا، ھەروەھا زانیارییان لەبارەی بەرەکانی جەنگ و
کەمپەکانی جینۆسایدکردن لە ھاووڵاتییان دەشاردەوە. جگە لەوە ئور ئاماژە
بەو چەواشەکارییانەی جۆرج بوش و تۆنی بلێر دەکات کە بەرامبەر بە رای
گشتیی وڵاتەکانیان لەبارەی چەکی ئەتۆمیی عێراقەوە کردیان. بۆیە (بڕیاری
نوێنەران دەکرێت ترسناکتر بێت لە بڕیاری راستەوخۆی ھاووڵاتییان کە لە
ئەمەی دواییاندا کەس تۆمەتبار ناکرێت، چونکە زۆرینە بڕیاری داوە و ھەر
خۆیشی بەرپرسیارە لە ئەنجامەکەی) ئەو ھاووڵاتییانەیش لەم جۆرە
سیستەمەدا لە بڕیاردان دەترسن، ئازادن لەوەی بەشدار نەبن لە دەنگداندا.
لێرەدا ئەوە گرنگە کە ھەتا ژمارەی خاوەن بڕیار لە کۆمەڵگەدا زیاتر بێت،
ئەوەندە کاریگەریی ئارەزوو و بەرژەوەندییە تایبەت و کەسییەکان لە
بڕیارەکاندا کەمتر دەبنەوە.
بەشداریکردنی راستەوخۆی تاک لە سیاسەتدا، پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی
بەھێزتری پێ دەبەخشێت و وەک تاکێک ھەست بە گرنگیی را و بڕیارەکانی خۆی
دەکات، لە رووی سایکۆلۆژیشەوە لە بێزاربوون لە رۆتینی ژیانی رۆژانە و
ھەستکردن بە کێماسی رزگاری دەکات. لەوەیش گرنگتر لە رووی
کۆمەڵایەتییەوە دەسەڵاتی بڕیاردان لە دەستی توێژی سیاسییەکان، کە لە
بەرامبەر ئەو بڕیارانەی دەیدەن، مووچەیش وەردەگرن، دەردەھێنێت و
دەیداتەوە دەست کۆمەڵگە. کۆمەڵگەش خۆی باشتر دەزانێت کە پێویستە چی
بکات و پێویستی بە چی ھەیە، بۆیە ئەو بڕیارانەی کە راستەوخۆ لە لایەن
ھاووڵاتییانەوە و لە پرۆسەی دیموکراسییەتی راستەوخۆدا دەدرێن،
واقیعیتریشن بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی.
واتە دیموکراسییەتی راستەوخۆ شتێکی تیا نییە ناوی “فەرمانڕەوا” و ”
فەرمانپێکراو”، ” بڕیاردەر” و ” بڕیار جێبەجێکەر” بێت و تاکەکان دابەش
نابن بۆ ئەوانەی ھەموو شتێکیان بە دەستە و ئەوانەیش کە ھیچیان بە دەست
نییە. لەبەرئەوەی ھەموو تاکەکان بەشدارن لە داڕشتنی سەرجەم بڕیار و
یاساکاندا، کەس ناتوانێت لەجیاتی کەس دەنگ بۆ بڕیارێک بدات. بەم جۆرەیش
دەکرێت بڵێین لەم سیستمەدا نە حکوومەت ھەیە نە پەرلەمان و نە
ھەڵبژاردن، پەرلەمان بریتییە لە کۆی ھاووڵاتییان و ھەر ھاووڵاتییەکیش
ئەندام پەرلەمانێکە کە دەسەڵاتی پێشنیارکردن، گفتوگۆ و مشتومڕکردن و
دەنگدانی ھەیە لەسەر ھەر بڕیارێک کە پەیوەندیی بە کۆمەڵگە و ژیانی
کۆمەڵایەتییەوە ھەیە. بەمەیش تواناکانی تاک لە پرۆسەیەکی تەواو
ئۆتۆنۆمدا بەگەڕ دەخرێت و تاک لە پابەندێتی بۆ دەسەڵاتەکانی سەروو خۆی
رزگاری دەبێت، چونکە ھێزی سیاسی و مەعنەویی دەسەڵاتی بڕیاردان بەسەر
ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگەدا دابەش دەبێت، لەبەرئەوەی ئەوە دەسەڵاتی
بڕیاردانە کە ھێزی سیاسی دەداتە خاوەنی بڕیارەکان و ئەوەی
فەرمانڕەواکان لە سیستمی سیاسیی ئەمڕۆدا ھەیانە، ئەو ھێزە سیاسییەیە کە
لە دەسەڵاتی بڕیاردانەوە سەرچاوەی گرتووە، بەمەیش یەکێک لە گرنگترین
پرەنسیپەکانی دنیای ئەمڕۆ کە ھاووڵاتییانی پێ لەخشتە دەبرێت ئەویش
“مافی یەکسانیی سەرجەم ھاووڵاتییانە لەبەردەم یاسادا” دەگۆڕێت بۆ
پرەنسیپی “مافی یەکسان لە سیاسەت و بڕیارداندا”.
بەوەیشدا کە دەسەڵاتی بڕیاردان سەرچاوەی ھێزە، بۆیە ھەردوو رێگەکە بۆ
کۆتاییھێنان بە رۆڵی سیاسییەکان لە بڕیارداندا کراوەیە، واتە چ ئەوەی
بە سروشتی و وردە وردە لە چەسپاندنی مافی یەکسان لەبەردەم یاساوە بڕوات
بەرەو مافی یەکسان لە سیاسەتدا، یا ئەوەی ئاستی بەشداریی راستەوخۆی
سیاسیی ھاووڵاتییان فراوان بکرێتەوە تا ئەندازەی یەکسانیی سیاسی، ئەو
دەمەیش ھیچ فەرمانڕەوایەک ئەو ھێزەی نابێت لە سەروو یاساوە بێت، بۆ
ئەوەی ئەو بڕیارانە بدات کە پەیوەندییان بە ژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە
و بگرە پارتە سیاسییەکانیش زەرورەتێکی ئەوتۆیان نامێنێت.
_________________________
پەراوێز:
١. (عەکیفا ئور
- Akiva Orr): (١٩٣١
- ٢٠١٣) بیرمەندێکی سۆسیالیستییە و
دامەزرێنەری (رێکخراوی سۆسیالیستی لە ئیسرائیل)ە کە ناسراوە بە ماتسبین.
گەلێک پەرتووکی بە زمانەکانی ئینگلیزی و عیبری داناوە.
٢. (تۆفلەر، ئاڵڤین، الموجة الثالثة،
ص ٩١).
٣. لە دیموکراسییەتی ئەسینا ژنان و کۆیلەکان بە ھاووڵاتی ئازاد ئەژمار
نەدەکران بۆیە مافی دەنگدان و بڕیاردانیان نەبوو.
* ئاڵفن تۆفلەر لە
پەرتووکی ”شەپۆلی سێیەم”دا سێ جۆر کۆمەڵگە باس دەکات و
چەمکی شەپۆلیشیان بۆ بەکار دەھێنێت. شەپۆلی یەکەم کۆمەڵگەی پاش شۆڕشی
کشتوکاڵییە کە کەڵچەری کۆمەڵگەی راوچێتیی خستە لاوە. شەپۆلی دووەم
کۆمەڵگەی شۆڕشی پیشەسازییە کە لە کۆتایی سەدەی حەڤدەوە دەست پێدەکات و
تا ناوەڕاستی سەدەی بیست بەردەوام دەبێت. لە پێکھاتە سەرەکییەکانی ئەم
کۆمەڵگەیەیش خێزانی ئەتۆمی، سیستمی فێرکردنی دەستکرد و سیستمی
دامەزراوە بازرگانییەکان. بنەماکانی کۆمەڵگەی شەپۆلی سێیەم زۆرن لەوانە
بەرھەمھێنانی زۆرو زەبەند، فرەیی بەکاربردن، ماسمیدیا، بەربڵاوی
ھۆیەکانی سەرگەرمی و رابواردن و بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژ. ھەرچی شەپۆلی
سێیەمە تۆفلەر بە چاخی پاش پیشەسازی ناوی دەبات واتە چاخی سۆفت وێر،
چاخی پێشکەوتنی سەرسوڕھێنەری زانست و کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای
دیجیتاڵی.
سەرچاوە:
(عەکیفا ئور، سیاسة بدون سیاسیین، تل
ابیب، ٢٠٠٥).
www.abolish-power.org/pwp_arab.html
ماڵپهڕی
حەسەنی ئایشێ
|