٣\٢\٢٠١١
جیهانی عەرەب و دەستپێکردنی مێژوویەکی نوێ!

موحسین کەریم
لەماوەی مانگو نیوێکدا زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕی سیاسی لە جیهانی عەرەبدا
روویان داوە کە لەماوەی چەندین دەیەدا روونادەن. دوو رژێمی سەرکوتگەری
دەیانساڵەی بۆرژوازی لەلایەن خەڵکەوە یەخەیان گیرا. سەرۆکی یەکێکیان
هەڵهاتو ئەوی دیکەیان هەرچەندە هەوڵی خۆراپسکان دەدات، بەڵام پێناچێ
لەدەستی جەماوەری راپەریو رزگاربێت! رژێمەکانی دیکەش ترسی بڵاوبونەوەی
ڤایرۆسی راپەرینی خەڵک تووشی لەرزوتای کردون. یەکێک حکومەت
هەڵدەوەشێننەوە، یەکێکی دیکە پارە بەسەر خەڵکدا دەبەخشێتەوەو یەکێکی
دیکەش بەوە دڵی خۆی دەداتەوە کە ڤاکسنی دژی خرۆشانی خەڵک لەخۆداوەو
پەتاکە ناگاتە ئەوان! بەڵام روداوەکان دەستپێکردنی مێژوویەکی تازە لە
جیهانی عەرەبدا رادەگەیەنن کە سەرجەم سیمای سیاسی-کۆمەڵایەتی ناوچەکە
دەگۆڕێوهیچ رژێمێکی ناوچەکەش ناتوانێ خۆی لە پریشکەکەی بپارێزێو
کاریگەری خۆشی لەسەر ئاستی جیهانیدا دادەنێت.
راپەڕینی تونس، کۆتایی دەورەیەکی راگەیاند کە لەسەربنەمای وەهمی
نەتەوەییو چاوەڕوانکردنی سەرابی یەکسانیی کۆمەڵایەتی وەکو ئاکامی
گەشەی سەرمایەداریی خۆماڵی لە جیهانی عەرەبدا دەستیپێکرد. دەورەیەک کە
سەرەنجام هەژاریو بێکاریو بێمافیو کاری هەرزانو سەرکوتی سیاسی چینی
بۆرژوازی خۆماڵی کردبووە دیاری بۆ جەماوەری کرێکارو توێژە
کەمدەرامەتەکانی خەڵک. کرێکارانی تونس لەدژی بێکاری، گرانی و سەرکوتی
سیاسی؛ واتە لەدژی نایەکسانی ئابوری و بۆ ئازادی سیاسی هاتنە مەیدانو
سەرجەم کۆمەڵگایان بەدوای خۆیاندا خرۆشاند. بەڵام کاریگەری ئەم
جموجوڵەیان لە ماوەی چەند رۆژێکدا سەرتاپای جیهانی عەرەبی گرتەوە.
جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو لاوان و سەرجەم خەڵکی نارازی لە میسر
لەسەر هەمان زەمینەی سیاسی- کۆمەڵایەتی کە راپەڕینی تونسی خوڵقاندو
بەوەرگرتنی ئیلهام لەئیرادەی جەماوەری راپەریوی تونس، سیمای سیاسی
ناوچەکەیان گۆڕی.
بێگومان خرۆشانی جەماوەری لەمیسر کاریگەری یەجگار گەورەتری لەسەر
سەرجەم شانۆی سیاسی کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەبێ بەبەراورد لەگەڵ راپەڕینی
تونسدا. نەک هەرئەوە بەڵکو لەسەرئاستی جیهانیشدا دەتوانێ گرفت بۆ
بۆرژوازی دروست بکاتو ئیلهامیش بەچینی کرێکارو بێبەشان ببەخشێت.
جێگاورێگای جوگرافیای سیاسی، ئابوری و بازرگانی میسر لەئاستی ناوچەکەو
دنیادا، جێگاورێگای سیاسی-کۆمەڵایەتی لەناو جیهانی عەرەبدا، چەند بۆ
سەرمایەی جیهانیو ناوچەکە جێی بایەخە، ئەوەندەش بۆکاریگەریدانان لەسەر
بزوتنەوەی هەقخوازانەی کرێکارو زەحمەتکێشی ناوچەکەو جیهانیش پڕبایەخە.
دەنگدانەوەی راپەڕینی تونسو میسرو پێشوازی کرێکارانو جەماوەری تینوی
ئازادیو یەکسانی لە ئاستی سەراسەری دنیادا لەخۆوە نیە. ئومێد بە رۆڵی
ئینسانی کرێکارو چەوساوەی ژێردەسەڵاتی سەرمایەو سەرمایەداری لە
دیاریکردنی ژیانو چارەنوسی خۆیدا جارێکی دیکە گەشاوەتەوە.
میسروتونسو ووڵاتانی دیکەی جیهانی عەرەب بەشێکن لە ناوچەی وەبەرهێنانی
سەرمایەی جیهانی کەلەسەر هێزی کاری هەرزان دامەزراوە. دابینکردنی
قازانجی زۆروزەوەند بۆ بۆرژوازی خۆماڵیو جیهانی لەسەر بنەمای
چەوسانەوەی وەحشیانەی چینی کرێکار بنچینەی وەبەرهێنانی سەرمایەداری لەم
ووڵاتانەدا پێکدەهێنێ. چینی کرێکار لەم ووڵاتانەدا لە بێمافیەکی رەهادا
ژیان بەسەر دەبەن. یاسای کارێکی سەرتاپا دژی کرێکاری، رێگانەدان بەهیچ
جۆرە رێکخراوێکی کرێکاری، نایاسایی بوونی هەرجۆرە جموجۆڵێکی کرێکاری بۆ
بەرگری لە خواستەکانی، بەکورتی کرێکاری خامۆشکراو سەرکوتکراو، تەنها
ئۆپشنێکە کە بۆرژوازی لەم ووڵاتانەدا بۆ چینی کرێکاری هێشتۆتەوە. وەکو
ئاکامی سەرکوتی چینی کرێکار، هەرجۆرە تروسکاییەکی ئازادیش لە کۆمەڵگادا
ئاوابوەو سەرکوتو کۆنەپەرستی سیاسی باڵی رەشی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە.
کەسێک نەماوە، هەر لە حوسنی موبارەک خۆیەوە تا ئۆباماو باقی سەرانی
بۆرژوازی جیهانی، ئینکاری ئەوە بکات کە ئەم راپەرینو خرۆشانە
جەماوەریانەی جیهانی عەرەب ئاکامی نایەکسانیی ئابوریو نەبوونی ئازادی
سیاسیە. سەربەخۆ لەوەی چ پێشنیارێکو چ سیاسەتو هەنگاوێک دەگرنەپێس
بۆخەفەکردنو لەباربردنی، بەڵام ئەمە خۆی دانپێدانانێکی راستەوخۆی
ئەوانە بەو راستیەدا کە زیانمەندی یەکەم لە دەسەڵاتی ئابوریو سیاسیی
رژێمەکانیان چینی کرێکارو جەماوەری کەمدەرامەتی کۆمەڵگان. ئەم
نارەزایەتی وخرۆشانانەش، بیانەوێ هەر ناویکی لێبنێنو بەرەو هەر
ئاقارێکی بەرن، لەبنەڕەتدا خرۆشانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشە
لەپێناو یەکسانی ئابوریو ئازادی سیاسی، کە سەرکوتو کۆنەپەرستی سیاسی
بۆرژوازی توێژگەلی دیکەشی روبەری بێمافی کردۆتەوەو ئێستا لەپاڵ چینی
کرێکاردا لە بزوتنەوەیەکی هەمەگیردا خۆیان دەبیننەوە. تەنانەت بەشێکی
بۆرژوازیش لەسۆنگەی ئەوەی کە پێیوایە ئەو شێوازە لە حکومەتکردن
سەرەنجام سەری بۆرژوازی دەخوات، بۆیە کەوتۆتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوەو خۆی
لەگەڵ شەپۆلی خرۆشانی کرێکارانو جەماوەری زەحمەتکێشو ئازادیخوازدا
تێکەڵ دەکاتو هەوڵی ئەوەش دەدات کە سەرکرادیەتی راپەڕین بخاتەژێر
دەستی خۆیەوە!
سەرانی دەوڵەتانی رۆژاوا بە حەساسیەتەوە مامەڵەی بارودۆخی سیاسی
تونسیان کرد. بۆکپکردنەوەی بارودۆخەکەو پێشگرتن بە تەشەنەکردنی راپەڕینو
خرۆشانی خەڵک بۆ ووڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەر زوو دەرگای هەڵاتنیان بۆ
زەین العابدین بن عەلی خستە سەرپشتو کردیانە قوربانی پاراستنی
دەسەڵاتی سەرمایە، بەڵام ئەم تاکتیکەیان سەری نەگرتو ئەوەی لێی
دەترسان رویدا. پریشکی راپەڕینی تونس بووە کڵپەی خرۆشانو راپەڕینی
خەڵکی میسر! ئێستا سەرانی دەوڵەتانی بۆرژوازی رۆژاوا بە حەساسیەتێکی
بێوێنەوە مامەڵەی بارودۆخی سیاسیو روداوەکانی میسر دەکەن، شان بەشانی
بۆرژوازیو فەرمانڕەوایانی ناوچەکە سەرگێژی ئەوەن کەچۆن ئەم گڕکانی
شۆڕشە لە میسرو تەشەسەندنیشی بۆ ووڵاتانی ناوچەکە دابمرکێننەوە!
بۆرژوازی رۆژاوا لەپەیامی سەرکردەکانیدا ئامۆژگاری دەسەلاتبەدەستانی
میسرو ناوچەکە دەکەن بۆئەوەی ریفۆرمی ئابوریو سیاسی بکەن. تەنانەت دوا
ئەرکێکیش کەدەوڵەتی ئەمریکاو ئۆباما بۆ حوسنی موبارەکیان داناوە
دەستبەجێ ئەنجامدانی چەند ریفۆرمێکی ئابوریو بەپلەی یەکەمیش چەند
ریفۆرمێکی سیاسیە کە زەمانەتی"گواستنەوەی هێمنانەو کۆنترۆڵکراوی
دەسەڵات" بکات لەدەستی حوسنی موبارەکەوە بۆ دەستی نوێنەرانی سیاسی
دیکەی بۆرژوازی. بۆرژوازی رۆژاواو لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا بەو
قەناعەتە گەیشتوە کە ئیتر سەرکوتی ئاشکرای سیاسی ناتوانێ پایەی
دەسەڵاتی سیاسیو ئابوری بۆرژوازی لە میسرو ناوچەکەدا رابگرێ. گوایە "دیموکراسی"
دەتوانێت پایەی دەسەلاتی دەوڵەت لە میسرو جیهانی عەرەبدا جێگیربکات.
بێگومان هەرجۆرە کرانەوەیەک لە کەشوهەوای سیاسی جیهانی عەرەبدا،
بەرادەیەک تواناییەکانی چینی کرێکار بۆ بەرگریکردن لەژیانو باشکردنی
باری گوزەرانو فراوانکردنەوەی مافەکانی لەبەرامبەر بۆرژوازیدا
دەباتەسەر. ئەمەش راستەوخۆ مانای کەمکردنەوەی قازانجی سەرمایەیە لەو
ناوچەیەدا کە بەشێک لە بازاری کاری هەرزانی سەرمایەی جیهانی پێکدەهێنێ.
سەرمایەی رۆژاواش بەشی شێری لە وەبەرهێنانی هێزی کاری هەرزانی چینی
کرێکاری ئەم ناوچەیەی پێدەبڕێ. ئاکامی ئەمەش کەمبونەوەی رادەی قازانجی
سەرمایەی رۆژاوایی دەبێت کە خۆشی گرفتاری قەیرانێکی کەمەرشکێنی ئابوری
بۆتەوەو دوای زیاتر لە ٣ ساڵ هیچ تروسکاییەک شک نابەن بۆ دەرچون لێی.
سەرەنجام ئەم بارودۆخە کێشەکە بۆ بۆرژوازی رۆژاوا دووبەرابەر دەکات؛
ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێ کە شەپۆلی نارەزایەتیەکانی کرێکارانو جەماوەری
کەمدەرامەتی ئەوروپا کە پێش لە گڕکانی خرۆشانو راپەرینەکانی جیهانی
عەرەب دەستیپێکرد، دیسانەوە، ئەمجارەیان بەوەرگرتنی ئیلهامی ئەم
راپەڕینانەوە، بە گوڕوتینێکی زیاترەوە دەست پێبکاتەوە.
سەرانی بۆرژوازی رۆژاوا بە دروست جێگاورێگای میسر لە نەخشەی سیاسی-
ئابوری ناوچەکەو جیهاندا دەرک دەکەن، بۆیە بە حەسایەتێکی زۆرەوە
مامەڵەی دەکەنو بە چرکەو سەعات چاودێری بارودۆخەکە دەکەنو نایانەوێ
ریسکی پێبکەن! کۆبونەوە سازدەدەنو نەخشەو پلاتفۆرم دەخەنەروو، بگرە
فەرمان بۆ حوسنی موبارەک و کاربەدەستانی دەوڵەتو سەرکردەکانی سوپا
دەردەکەن. دەیانەوێ بۆرژوازی جیهانیو ناوچەکە بە کەمترین زیان
لەبەرامبەر چینی کرێکاری ئەو وڵاتەو ناوچەکەدا دەرچن. دەوڵەتی بۆرژوایی
میسرو حوسنی موبارەکی سەرۆکی دەوڵەتیش دەرکی جێگاورێگای میسر دەکەن
بۆیە ناتوانن بەسادەیی سیناریۆی بن عەلی قبوڵ بکەن. لەکاتێکدا سوپا
لەتونس بن عەلی ناچارکرد کە زوو وڵات جێبێڵێ، کەچی لە میسر وەکو
ناوبژیوانی نێوان خەڵکو دەسەڵات خۆی دەردەخاتو چاوەڕێی تەواوکردنی
ئەرکەکانی حوسنی موبارەکی سەرۆکی دەوڵەتی بۆرژوایی میسر دەکات کە
لەدوەم پەیامیدا ئەمڕۆ١/٢/٢٠١١، سەرخەتەکانی راگەیاندو بڕیارە تا
کۆتایی دەورەی سەرۆکایەتی خۆی لەمانگی سیپتێمبەری داهاتودا
بەسەرەنجامیان بگەیەنێ!
بێگومان جێگاورێگای سیاسی-سەربازیی میسر لەناوچەکەدا فاکتەرێکی گرنگی
دیکەیە کە سەرانی دەوڵەتانی رۆژاواو بەتایبەتی ئەمریکا بە حەساسیەتێکی
لەرادەبەدەرەوە مامەڵەی دەکەن. راگرتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلو
زەمانەتی کرانەوەی کەناڵی سویس بەرووی کەشتیە جەنگیەکانی ئەمریکاو
رۆژوادا، سەرباری بایەخە ئابوریو بازرگانیەکەی، شوشەی دڵی ئەمریکایە و
بە توندیو زۆر بەوریاییەوە دەستی پێوەگرتوە. لەبەرئەو هۆکارانەی کە
پێشتر باسکرانو ئەم هۆکارە تایبەتانەی پەیوەست بە بەرژەوەندی
سیاسی-سەربازیی ئەمریکاوە، ئەمریکاو ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ
لە دۆسیەی میسردا دەرگیرە. ئەمریکا لەوە نیگەرانە کە ئیتر رەمزێکی
سەرکوتو زوڵمی وەکو حوسنی موبارەک بتوانێ ئارامی سیاسی میسر رابگرێ،
بۆیە هەربەدوای پەیامەکەی حوسنی موبارەکدا ئۆباما ئەوەی راگەیاند کە
دەبێ هەر لەئێستاوە پرۆسەی "گواستنەوەی هێمنانەو ئاشتیخوازانە!"و
کۆنترۆڵکراو لەلایەن سوپاوە دەست پێبکات! واتە یەکەم ئەرکی سیاسی حوسنی
موبارەک دەبێ خۆئامادەکردن بۆ جێهێشتنی پۆستەکەی بێت!
تێکدانی ئەو نەخشەو پیلانەی سەرانی بۆرژوازی جیهانیو بۆرژوازی میسری
بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسۆنەوە کە خۆیان خزاندۆتە ناو راپەرینی خەڵکی
میسرەوە تا لەناوەوە لەباری بەرن، بەستراوەتەوە بەهەڵوێستی سیاسی چینی
کرێکارو رابەرانی ئەو چینەوە. ئەگەر چینی کرێکار تائێستا توانیویەتی
لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری دەیانساڵەدا تەزمینی جۆرێک لەئازادیو
کرانەوە بکات، بەڵام ئەگەربێتو لەناو شەپۆلی خرۆشانی جەماوەریدا
سنورەکانی بەرژەوەندی سیاسی-چینایەتی خۆی کاڵبکاتەوەو بەشوێن
جیاکردنەوەی ریزی سەربەخۆی سیاسی خۆیەوە نەبێ لە باقی بزوتنەوە
سیاسیەکانی بۆرژوازیو وردەبۆرژوازی، ئەوا بێگومان نەک هەر ئاڵوگۆڕێکی
بەرچاو بەقازانجی خۆیو سەرجەم جەماوەری بەشمەینەتی میسر بەدی ناهێنێ،
بەڵکو هەموو فیداکاریەکانو دەسکەوتەکانی تائێستاشی دەخاتە گیرفانی ئەو
بزوتنەوانەوە.
مەرجی وەرچەرخاندنی بارودۆخی سیاسی بەقازانجی چینی کرێکارو
بەدەستهێنانی ریفۆرمی ئابوری، بوونی ریزی سەربەخۆی رێکخراوی کرێکارانو
زەحمەتکێشان، حیزبی سیاسی بەرچاورۆشنو مارکسیستو پلاتفۆرم و بەرنامەی
سیاسی-ئابوری رۆشنە. دەبێ چینی کرێکاری میسرو یەکێتیو رێکخراوە
کرێکاریەکانو هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی چینی کرێکار لەئێستاوە لەهەوڵی
ئەوەدابن کە سەرکرادیەتی بزوتنەوەی جەماوەری بۆ روخاندنی رژێم
بگرنەدەست و رێگا بۆ هێزو سەرکردە بۆرژواییە ئیسلامیو ناسیۆنالیستو
ناسیۆنالیست-لیبراڵەکان چۆڵ نەکەن. تەنگەبەرکردنەوەی خواستەکانی
جەماوەری راپەڕیو بە شیعاری رۆشتنی حوسنی موبارەک، پیلانی سەرانی
بۆرژوازی جیهانیو بۆرژوازی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسۆنی میسرە بۆ کڵاو
لەسەرنانی کرێکارانو لاوانو ژنانی ئازادیخوازی میسر! نابێ چینی
کرێکار رێگابدات ئەو پیلانە سەربگرێ! تەجروبەی چەندساڵی رابردوی
بزوتنەوەی کرێکاریو ئاستی هوشیاری سیاسی رابەرانو هەڵسوڕاوانی
کریکاری هەرلەم بزوتنەوە جەماوەریەدا ئەوەی نیشانداوە کە چینی کرێکاری
میسر پۆتێنشیاڵی بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە مێژوییەی هەیە.
١\٢\٢٠١١
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|