٢٣\٤\٢٠١٥
جیهانی شارستانیی
ئەو ھێزەیە
سنوورێک بۆ مەرگی
بەکۆمەڵی پەنابەران دابنێ.
ڕۆژی
دووشەمە ٢٠ی ئەپریل ھەواڵی مەرگی بەکۆمەڵی نزیک بە ٨٠٠ پەنابەر
لەجزیرەی ماڵتای دەریای سپی ناوەراست، جارێکی دیکە ویژدانی کۆمەڵگای
مرۆیی ڕاچڵەکاند. ئەم مەرگەساتە تەواوی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن
ومیدیاکانی جیھانی داگرت. بەپێ سەرچاوەی ھەواڵەکان ئەو کەشتیە لە
لیبیاوە، بەڕکەوتوە و سەرنشینەکانی کەنزیک بە ٨٠٠ پەنابەر بوون لە ژن و
مناڵ و پەکەوتەو لاوانی راکردوو لە دۆزەخی جەنگ و بێمافی، جگە لە ٢٨
کەس کە ڕزگار کراون، باقی سەرنشینەکانی تر بوونەتە قوربانی و تائیستاش
تەنھا توانراوە جەستەی ٢٤ لەوپەنابەرانە بدۆزرێتەوە، بەپێی سەرچاوەکانی
ھەواڵ، ھێزەکانی پۆلیسی ئیتالیاو ئیسپانیای سنور، لە پشکنین
بەردەوامن..
ئەمە یەکەمین و دوایین جار نیە پەنابەران لەپێناو گەیشتن بەژیانێکی
ئارام وپاریزراودا ڕووبەرووی کارەسات و مەرگی بۆکۆمەڵ دەبنەوە، تەنھا
لەماوەی یەک ساڵی ڕابردودا زیاتر لە ١٥٠٠ پەنابەر ھەر لەوڕێگایەدا
گیانیان سپاردوە بەبێئەوەی حکومەتەکانی ئەوروپا و رێکخراوە جیھانیەکان
بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە جگە لەڕشتنی فرمێسکی تیمساحیانە
کاردانەوەیەکی جدی بەرامبەر بەم جینوسایدە ڕووبەرووی ئەم ئۆردوە گەورە
مرۆییە دەبێتەوە لەخۆ نیشاندابێت. کۆمەڵگای جیھانی پێویستە سنورێک بۆ
دووبارە بوونەوەی ئەم تراژیدیایانە دابنیت.
سیاسەتی ھیپۆکراسی حکومەتەکانی ئەوروپا یەکێک لەھۆکارەکانی ئەم
تراژیدیا مرۆییانەن کەڕوودەدەن. لەلایەک دەرگا دادەخەن بەڕووی
ھەڵھاتوانی جەنگ، توندکردنەوەی سنورەکان، بەرتەسکردنەوەی مافەکانی
پەنابەران، زیندانیکردن، پێشیلکردنی مافەکانی کرێکارانی بیانی
وھێرشکردنە سەر مافە مەدەنیەکان ورێزنەگرتن لەکەسانێک کەقوربانیانی
رژێمە سەرکوتگەرو چینە دەسەڵاتدارو کۆنەپەرستەکانی خۆرھەڵات و باکوری
ئەفریقان کەیەکێک لەھۆکارەکانی روودانی ئەم تراژیدیایانەن. لەلایەکی
دیکە کارنامەی حکومەتەکانی ئەوروپا لەدەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی
و سیاسی وستراتیژی و پشتیوانی ئەوان لە دەسەڵاتە سەرکوتگەرو دژە
ئازادیەکانی ناوچەکە، خەڵکی ئەو کۆمەڵگایانە ناچار بەھەڵھاتن و
ھەڵبژاردنی ژیانی پەنابەری کردۆتە بەشی ھەرە زۆری سەدان مرۆڤ کەڕێگای
سەختو دەریاو کەشتیەکانی مەرگ ھەڵبژێرن تەنھا بۆ دەربازکردنی گیان و
گەڕان بەشۆێن ئارامی وخۆشبەختی وئاسودەیدا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەرباری دەربڕینی ھاوخەمی
ھاوچارەنووسی بەکەسوکاری قوربانیانیەکان، تەواوی ھەڵسوراوانی مەیدانی
پەنابەری رێکخراوە مرۆیی و داکۆیکار لەمافەکانی مرۆڤ و یەکێتییە
کرێکاری و ئازادیخوان بانگەوازدەکات، کە یەک دەست لە پێناو بەرگری لە
بەھا مرۆییەکان و گۆرێنی یاسا پەنابەریەکان بەئاڕاستەی بەرەسمیەت
ناسینی ئازادی نیشتەجێبون وھەڵبژاردنی شۆێنی ژیان تێبکۆشن. وە پێویستە
دەوڵەتانی ئەوروپا و غەرب ناچاربکرێن بەدەستھەڵگرن لەسیاسەتی دەخالەت و
پشتیوانی لەدەستەوتاقمە و حکومەتە سەرکوتگەرەکان کەخەڵکی ئەو
کۆمەڵگایانەیان لەگەڵ جەنگو پشێوی کۆمەڵایەتی و نائارامی و برسێتی
بەرەو رووکردۆتەوە.
ھاتنە مەیدانی دنیای شارستانی سەردەم و ئوردوی بێئەژماری مرۆڤدۆست و
ژیان دۆست، ڕێگایەکی کارسازە بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی ئەوروپاو و
غەرب بۆ کۆتایھێنان بە پشتیوانیان لەڕژێمە چنگ بەخوێنەکان و دەستەو
تاقمە کۆنەپەرستە، دەست پەروەردەکراوەکانیان. پشتیوانیکردن و تێکۆشان
بۆ دامەزراندی سیستەمێکی سکولار وئازایخوازانە لە وڵاتەکانی خۆرھەڵاتی
ناوەراستدا کەمافەکانی مرۆڤ و مافە فەردی و مەدەنیەکانی تیا پارێزراو
بێت، ھەنگاوێکە لەڕاستای دووبارە نەبوونەوەی تراژیدیای مەرگی دەریایی
بەکۆمەڵی پەنابەران.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٢\٤\٢٠١٥

________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk,
00447856032991, 07895976547
Fax: 08715288651,
www.federationifir.com
|