٢٩\٥\٢٠١٥
چی لە(من)ی
بێ (خۆم)
کەم!؟

فەتاح
حەسەن
چاو بە مۆلەق
لە وێستگەی شەمەندەفەر، راوەستاوم
نە کەسێک چاوەڕوانم دەکا
نە چاوەڕوانی کەسێك دەکەم.
لە عەزرەتا،
چاودەبڕمە رێبواران و
چاوەڕوانی..
لە سیمایان، دەخوێنمەوە.
چەند دەگەڕێم.. بۆ دانسقەش
لە ناویاندا..
رێبواری وێڵی وەکو خۆم
بەدیناکەم.
زۆر دەترسم!!
ئەوەندە ئەستێرە بژمێرم
مانگ، لەبیرکەم.
هێند ئاشقی پەپوولە بم
پف لە چرا کەم.
زیاتر لە قاسپەی کەو
حەز بە جیکەجیکی نەورەس کەم.
زۆر دەترسم
بە هەڵدانی چەتر
باران لە خۆم زیزکەم.
زیاتر لە ئاوی رووبار
حەز لە دەریا کەم.
زۆر دەترسم
رۆژێك دابێ، لە خۆم ونبم.
گەر ئەو ترسانە بێنەدی!!
دەپێمبڵێ..؟
ئەدی.. ئیتر..
ئەمن.. چی لە (من) ی بێ (خۆم) کەم؟!
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|