په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

چل ملیۆن بەرق و غەزەب بەسەر حاجیان!


سەلام عەبدوڵا  


لەسونگەی رێز لە بیرو رەخنەی بەرامبەر و خوێندنی هەواڵێک لە سایتی هاوڵاتی(...خەرجی گشتی حاجیان دەگاتە چل ملیون دۆلار)، ئاگر لە روحم بەردرا و ئیدی کاتی ئەوەیە وەڵامی ئەو رەخنە و تێبینیانە بدەمەوە کە لەبارەی وتارەکەم (نەفرەت لە حەجەکەتان و جەژنیشتان پیرۆز نەبێت) لە سایتی دەنگی سەربەخۆ بڵاوکرانەوە.


1- هاوڕێ ئاسۆ بەبۆنەو بەبێ بۆنە، دەیەوێ هێرش بۆ حزب بهێنێ، بۆیە بەباشی دەزانم کاکە ئاسۆ سەری رمەکەی زیاتر ئاراستەی تاوانی سیستێمی سەرمایەو ئەو رەوتە فکری زەبەلاح وخاوەن چەکی بێئامان و زلهێزی راگەیاندن بکات، نەک لەبەر هەر هۆیەک بێت هێرش بۆ حزبەکەی بهێنێ کە لە بارودۆخێکی سەختدایە و هەزار و یەک پیلانی راستەوخۆ وناڕاستەخۆ دژ بە فکرو بیرو مێژوو و خەباتەکەی لەئارادایەو پێویستی بە دڵسۆزی رەخنەی بنیاتنەری بەڕێزی هەیە. هاوڕێ گیان: ئەندامانی حزبی شوعیش لە ئاسمانەوە نەهاتوون و بەدڵنیاییەوە کەسانی مشەخۆرو شێتی پلەوپایەو هیچ لەباری تێدایە، بەڵام نابێ هەوڵ و خەباتی هەزاران شوعی دڵسۆزو پەرۆش بۆ سەرخستنی شوعییەت لەبیر بکەن.


2- لە وەڵامی تێبینییەکەی برای بەڕێزم ئەحمەد تازەدێیی، دەڵێم: فەریزەی حەج بەگوێرەی بۆچوونی خودی ئیسلامییەکان، ئەو کاتە بەجێیە، ئەگەر: ئەو کەسە کە نیازی حەجی هەیە، کەسوکار یان دراوسێیەکی هەژار پێویستی بەو بڕە پارەیە نەبێت. منیش هەر ئەوەندەم بۆ زیادکردووە: ئەگەر لە شارو لادێ و وەڵاتەکەی هەژارێک مابێ، ئەوا نەفرەت لە حەجەکەی. هەروا من بە ئاشکرا نەفرەت لە هەر دەسەڵات و حکومەت و حزبێک دەکەم لەسایەیدا هەژاری هەبێت، جا ئەو دەسەڵاتە لە کوردستان بێت یان لە ئەڵمانیا و ئەمریگاو ژاپۆن و سعودیەو پۆلیڤیا یان ئیران و هیندستان.


3- کاک سەلام کەریم دڵنیابە کە بەسنگفرەوانییەوە رەخنەکەتم خوێندەوەو بەحومەتەوە دەڵێم: ڕ- بێلایەنی بوونی نییەو منیش هەرگیز بێلایەن نەبووم و نابم. وتارەکەم هەڵچوون نییەو زیاتر هەڵویستی روون و رەوانە دژ بەو دیاردە نادرووستانەیە کە خاوەنەکانیان خۆیان بە ئەستێرەی دادوەری کۆمەلایەتی دەزانن، کەچی پشتی لێدەکەن و لەسەر ئازارو نەگبەتی و لەشفرۆشی ولێقەوماوی و لانەوازی هەژارەکانی وەڵاتەکەیان دەیانەوێ دەرگای بەهەشتیان لێ بکرێتەوە. من بەهەردوو قاچەوە پێ لەسەر هەموو ئەو دیاردانە دەنێم کە پشت لە دادوەری کۆمەڵایەتی دەکەن و ئەو جۆرە ئازادیانە بە بەشێکی تەواوکەر بۆ ئازادی هێشتنەوەی ستەمکاری لەسەر مرۆڤ دەزانم. بەنووسینەکەم ئیعتبار بۆ نووسین دادەنێم و ئەرک وبەرپرسیارییەتیەکەی بۆ دەگەڕێنمەوەو پێموایە نابێ بەناوی"ئازادی"یەوە، لەئاستی ئازادی سەربڕینی بژێوی وهیوای ستەمدیدەکان بێدەنگ بین، واتە ئەگەر ئاینیش رۆڵێکی خراپی بینی، دەبێ ئاماژەی بۆ بکەین و ئەو دیوارانە بڕوخێنین کە وەهمەکان خۆیان لەپشتیدا حەشارداوە.


4- کاک ناڵی پێنجوێنی وتارێکی نوسیوە بەناوی(کاک سەلام حەجەکەی نەپێکاوە).
بەڕێز: ا - خەتا دەکەی ئەگەر پێتوابێت(من ستەم و نادادیی و نایەکسانی گەرمیان بە حەجی چەند حاجییەکی کوردستان بەستووە)، چونکە لە دەیان و سەددان وتار ملی سیستێم و فکری تاوانم گرتووە. ب - پڕ بە دڵ حەز دەکەم هاوڵاتیان بەشەمەندنەفەر لە هەولێر و شارەکان هاتوچوو بکەن، بەڵام ئایا سوودی شەمەندنەفەر چییە لەگەل بوونی هەژاری و داماوی خەڵک و گەوڕنشینەکان؟! هەروا ساکارترین زانیاری لەبارەی گەشەپێدانی ژێرخانی وەڵات ئەوەیە، ناکۆکی لەنێوان شارو لادێ لەناوببرێ نەک قووڵ بکرێ! گاڵتەجاڕییەکە ئەمەیە: لە هەولێر فرۆخانە، شەمەندنەفەرو شەقامی سەریع و دیهاتنشینەکان هێشتا لەناو گەوڕ نیشتەجێن.
برا: بە گوێرەی بۆچوونی وەزارەتی ئەوقاف، خەرجی گشتی حاجیانی کوردستان لە سعودیە دەگاتە نزیکەی چل ملیون دۆلار. ئایا بەم بڕە پارەیە چەند خانوو بۆ کرێنشینە هەژارەکان، درووستدەکرێ؟ چەند نەخۆشی دەستکورت کە ناتوانن نرخی نەشتەرگەری بدەن، لە مردن رزگار دەکرێن؟ قەرزاری چەند هاوڵاتی بێکارو درامەت دەدرێتەوە؟ چەند دایکوباوک لە رەنگزەردی لەبەردەم منداڵەکانیان قوتار دەکرێن؟ چەند ژن و کچ لە لەشفرۆشی رزگار دەکرێن؟


بەبڕوای من هاریکاری ئەو نەگبەت و لێقەومانە، گەورەترین و بەنرخترین حەجەو هەزار حەج و عومرە بۆ سعودیە ناگاتە جوانی و باڵابەرزی و گەورەیی گەڕاندنەوەی ئومیدی هاوپشتی و برایەتی مرۆڤ لەگەل مرۆڤ...یەکەم جار دەبێ ئێمەی مرۆڤ ئاگامان لەیەکتر ببێت، ئەمە ئەرک و مانای ژیانە و پاشان ئەرکەکانی تر... ئەمە مەسەلەیەکی عاتفی نییەو پڕە لە حیکمەت و گەورەترین وانەی دۆستایەتی و پێکەوە ژیانی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە لەبەردەم ماڵی خودی موسافرانی سعودیەو با حاجییەکان لە دنیای پڕ زوڵم وزۆرداری دوور نەکەونەوەو پشوونەدەن، بەڵکو هیچ نەبێت بە گوێرەی توانای خۆیان لە گەرەک و لادێ و شارو وەڵاتەکەیان بەشداری بکەن لە کەمکردنەوەیان!


تا دەرگای حەجکردن و عومەر بۆ ماڵی مام رەشیدو زەکیە و زیکراو موزەفەرو هاوشێوەکانیان کراوەبێت، چل ملیون بەرق و عەزەب بەسەر ماڵ و حاڵی ئەوەی بە هەر هۆیەکەوە بێت، سەردانی سعودیە دەکات.


یەکەم جار بەشداریکردن لە دابینکردنی بژێوی و خانوو و پاراستنی تەندرووستی و خوێندن وکار و بەگشتی دابینکردنی کەرامەت بۆ ئینسانی وەڵاتەکەمان پاشان ئەوانی تر.....هەموو ئەرک و بیرو هۆشمان لەپێناو دادوەری کۆمەڵایەتی بێت و ئەوانەی نیازی حەجیان هەیە دەبێ یەکەم جار پرسیار بکەن: ئایا لە دوورترین ئاوایی وەڵاتەکەی هەژارێک ماوە یان نەماوە پاشان هەنگاو بۆ حەجکردن بنێن.


من باش دەزانم کە دادوەری کۆمەلایەتی بیرو یاسا و خاوەنی خۆی هەیەو ئەمەی دەیڵێم تەنها جۆرێکە لە ریفۆرم. رەخنەگرتن لە بەفیرۆدانی داهاتێک کە هاووەتەنە ژێردەستەکانی"حاجیان"پێویستیان پێیەو لەبری ئەوەی ویژدانیان بە خۆشگوزەرانی هەژاران ئاسوودە بکەن، بۆ مەکە سەفەردەکەن، ئەرکی ئێمەیەو هیچ لێی پەشیمان نیم و هیوادارم هەموو شتێکمان بۆ دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی تەرخان بکەین و لەم پێناوەدا سڵ لە هیچ رەخنەو گازندەیەک نەکەین و تەنها نرخ بۆ تەواوی ئازادی ئینسان لەجەوروستەم بنێین!
رێزو برایەتیم قبووڵ بکەن...