په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٢

چی ماوە حیزب و تەوافوقی حیزبی، ناشیرینی نەکا؟!


رابەر رەشید     


بە سەرنجدانێکی خێرا لە سەرجەم کایە هەستیارو ژیارییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری لە باشووری کوردستان، دەمودەست مرۆڤ هەست بە نالۆژیکی و لە گرێژنە دەرچوونێکی سەرسووڕهێنەر دەکات، رەنگە پرسیارێک لە سەرەتاتکێدا بێت: کامە نالۆژیکی و کامە لە گرێژنە دەرچوون و لە چ بوارێکدا؟


مەبەست لەو نالۆژیکی و ئەو لە گرێژنەدەرچوونەی پێکهاتەی سەرەوەی هەرەمی فەرمانگەکانی میری و ئەو گردبوونەوانەی بەناوی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پیشەیی و سەندیکاییەوە کاردەکەن و راستییەکەی -زۆربەی هەرە زۆریان، ئەگەر نەڵێین هەموویان- جگە لە جێبەجێکردنی بڕیاری حیزب بەولاوە شتێکی دیکە نین، بە کورتی و بە کوردی: گوێڕایەڵ و ئاوێنەی رەنگدانەوەی حیزبەکانیانن لەو پێگانەی کە تیایدا دانراون، نەک بە شێوەیەکی دیموکراسییانەو بەبێ دەستێوەردانی حیزبایەتی هەڵبژاردرابێتن. هەر بۆیە دەبینین حیزب زۆر زیرەکانە خەڵکانێک دادەنێت کە شەڕی حیزبەکەی بۆ بکات، نەک بیخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەو چین و توێژەی کە ئەوی بۆ تەرخانکراوە!!. ئەمە لە زۆربەی سەندیکاو رێکخراو و ناوەندە رۆشنبیری و دەزگاکانی راگەیاندندا، نەک هەر رەنگیداوەتەوە، بەڵکو بە ئاشکرا دیارەو بۆتە دیاردەیەکی زۆر قێزەون و ریزەکانی ئەو ناوەندانەیشی وەکو خۆی ناشیرین کردووە. کەسی وا کراوەتە بەرپرس و سەرۆک و سکرتێری ئەو ناوەندە هەستیارانە، ئەگەر کوڕی، یان کچی حیزب نەبوایە، هەتا پشتی وەکو کەمەی کۆچان دەچەمایەوە، مەحاڵ بوو بە خەونیش بگاتە ئەو پلەو پایەیە، کەچی لە ئێستادا ئەوان گەورەو بڕیاربەدەست و کەسانی بەتواناو داهێنەریش، هەر دەبێ لە دووری دوورەوە وەکو ئەندام و میوان خۆیان بەو ناوەندو سەندیکاو رێکخراوانە بناسێنن. ئەوەش هەروەی!!، لێ ئەوەی زۆر مایەی نیگەرانی و قسە لەسەرکردن و هەڵوێستە لە ئاستکردنە، ئەوەیە کە زۆرێک لەو بەرپرسانەی کە کوڕو کچی حیزبن و حیزبیش دایناون، دەیانەوێ ئەو ناوەندانە بخەنە خزمەتی حیزبەکانیانەوەو هەوڵی رەنگاندنی ئەو ناوەندانەش دەدەن، کاتێکیش یەکێک بچووکترین تێبینی و سەرنجی لەسەر هەبێ و راشکاوانەو رووبەڕوو بەڕوویاندا بداتەوە، ئیدی ئەو کەسە بە ئاژاوەچی و دوور لە پرەنسیپی حیزبایەتی دادەنێن و لە دژی ئەو کەسە هاواریان لێ هەڵدەستێت و لای بەرپرسی سەرووتری دەکەونە سکاڵاکردن لێی!!


ئەم نالۆژیکێتییەی کە بە ئاشکرا بە پێکهاتەی ئەو ناوەندانەوە دیارە، دۆخەکەی بەجۆرێک ئاڵۆزو تەمومژاوی کردووە کە ئیدی پێویستی بە هەڵوێست وەرگرتن و بایکۆتکردن و لەقاودانی ئەو ناوەندانە هەیەو پێویستە هەرچی زووترە، خودی ئەندامانی ئەو ناوەندانەو هەتا بە خودی حیزبیشەوە -ئەگەر هەر دەسبەرداری ئەم دەستێوەردانانە نابێت- بگەڕێنەوە بۆ لۆژیک و لەکاتی گفتوگۆو سازشکردن لەسەر چۆنیەتی پێکهاتەی ئەو ناوەندانە، کەسانی شیاو و شایستە لەو شوێنانە دابنێن. هەروەها حیزبایەتییە سەقەتەکە وایکردووە کە زۆربەی بەهاکان لە گرێژنەی ئاسایی خۆیان دەربکرێن و هەوڵی بێ بەهاکردنیان بدرێت، تەنها بۆ بەهێزکردنێکی کاتی پێگەی حیزبەکە، بەبێ گوێدانە ئاییندەی ئەو نوێنەرایەتییەو ئەو دەسکەوت و بنکەوتانەی کە ئەو نوێنەرە لەو ناوەندەدا بەجێی دەهێڵێت. دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە بەهۆی ئەوەی ئەگەر سەرۆک، یان سکرتێری ناوەندێک لەو ناوەندانە لە حیزبی یەکەم بێت، ئەوا دەبێ جیگرەکەی لە حیزبی دووەم بێت و بە پێچەوانەیشەوە. زێدەباری ئەمەش دەزگاو ناوەندی وا هەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناوەندەکە جێگرو یاریدەدەر بۆ سەرۆک، یان سکرتێری ناوەندەکە نییە، کەچی حیزبی دووەم -بە کەڵەگایی- دەیەوێ وەکو جێگر خۆی بسەپێنێت کە ئەمەشیان پێشێلکردنێکی رەهای ئەو تەوافوق و سازشە حیزبییانەیە کە لەسەر پێکهاتەی ناوەندێک دەیدەن و دواتر بەزۆری زۆردارەکی دەیانەوێ بەسەر ئەوانیتریدا بسەپێنن، کاتێکیش بۆیان نەچووەسەر و رێگرییان لێکرا، ئیدی لێت دەکەونە تەقەیەکی ئەوەندە بێ مانا سەرت لێ دەشێوێنن!!


هەربۆیە دەبینین زۆربەی ئەو ناوەندو سەندیکاو رێکخراوەو یەکێتییە بەناو پیشەییانە، ئەگەر بە ئاشکرا دابەش دوو نەبووبێتن، ئەوا بەپێی کۆمەڵێک مەرج ء مەرجکاری ئەو ناوەندە بەڕێوەدەبەن و ئەمەش بۆتە هۆی ئیفلیج بوون و پەککەوتنی چەندین ناوەندی گرنگ. تەنها رێگاچارەیش بۆ ئەم نەخۆشییە حیزبییە، دانان و دەستنیشانکردنی کەسانێکە کە بەر لەوەی حیزب پیلیان بگرێت و تەنها بە پرسە خەسووانەیەک بیانهێنێتە نێو کایەیەکی یەکجار هەستیارو کاریگەرەوە کە لە باسکردن نەیەت، پێویستە ئەو کەسانە بخاتە خولی فێرکردنی بنەماکانی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانیترو رێزگرتن لە خودی خۆی وەکو مرۆڤێک و بە چاوی کەم تەماشا نەکردنی هاوپلەو هاوپیشەکانی، چونکە زۆرێک لەوانە هەتا لە ئەتەکێتی مامەڵەکردنیشدا هەر خورچاون!
 

پردێ

ماڵپەڕی رابەر رەشید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک