په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

(چنار) لە هەموو تەمەنیدا

تەنها جارێکیش نەیتوانى بەرووى ژیاندا پێبکەنێت؟؟


بەهرەوەر مەرزانى


لەنێو تەم و مژى ئەم رۆژگارە جەنجاڵ و پڕ حەسرەتەدا دەیان سپێدەى پڕ بەرائەت بەخوێنى ئاڵى مرۆڤە بێگوناهەکان دەنووسرێتەوەو لەبەردەم حەزو ئومێدەکانى مرۆڤایەتیدا ژیان ئەو مانایەى نامێنێت کەهەموومان هەوڵى بۆ دەدەین ، لەنێو خەنەبەندانى هیواکان بەتفى نەعلەت و چەقۆى رق و کینە گوڵێک دەژاکێ، هەناسەیەک دەمرێ، خەوێک یاخى دەبێ، ژیانێک دەبێت بەسەراب و بۆ هەتا هەتایە ون دەبێت، لەنێو کۆمەڵگاکەى ئێمەدا تا بەئەمڕۆش دەگات قێزەونترین داب و نەریتە ژەنگ گرتووەکانى سەردەمى جەهالەت پەیڕەو دەکرێت و نەک تەنها هەوڵیش بۆ بنبڕکردنى نادرێت بەڵکو رۆژ لەدواى رۆژیش ئەو دیاردە پڕ لەشەرمەزارى و قێزەونانە زێدەترو زێدەتر دەبن.


(چنار) سەرگوزشتەو خەمى ژیانى ئەو کچە دڵ پڕلە ئاوات و خۆزگەیەیە کە لەهەموو تەمەنیدا تەنها جارێکیش نەیتوانى بەرووى ژیاندا پێبکەنێت و چێژ لەساتێکى تەمەنى پڕ نەهامەتى خۆى وەربگرێت، سەرەڕاى هەموو ئەو نەهامەتى و مەرگە سەریانەش بەردەوام هەوڵى دروستکردنى بڕوابوونێکى بەهێزى لەخۆیدا دروست دەکرد بۆ ئەوەى بتوانێ بەرگەى تاڵى ژیان و چەوساندنەوەى لەلایەن مریەمى باوەژنى بگرێت ، بەڵام هەموو ئەمانە هیچیان نەیانتوانى تۆزقاڵێک لەخەم و پەژارەکانى رۆژانى سەختى تەمەنى کەم بکەنەوەو ببنە پەناگەیەک بۆ کۆکردنەوەى حەزو ئومێدە خەزان گرتووەکانى تیایداو هەڵڕشتنى ئەو هەموو پەیڤە مەنگەى ساڵانێک بوو لەنێو سینەى تاریکیدا حەشارى دابون.


(چنار) تەمەنى هێشتا نەگەیشتبووە پێنج بەهار کاتێک دایکى لەسەر منداڵى دووەمى گیانى لەدەستداو دواى کەمتر لەچوار مانگیش باوکى ژنێکى ترى هێنایەوە، ئەمە بووە سەرەتاى دەستپێکردنى نەگبەتیەکانى ژیانى ، چونکە بەهۆى نەبوونى سەرپەرشتیارێکى دڵسۆزەوە لەهەموو خەونەکانى منداڵیى بێبەشکراو ژیانى پڕبوو لەئازارو ئەشکەنجەو بێئومێدى بەدەست ئەو باوەژنەى کە بەهۆیەوە زۆربەى خزم و کەسەکانى باوکى لێیان دوور کەوتنەوەو هەندێکیشیان بەیەکجارى وازیان لێهێنان و هاتووچۆیان نەکردن چونکە رەفتارەکانى مریەم نەشیاوو نا مرۆڤانەبوو بەجۆرێک جگە لەخزم و کەسەکانى خۆى ئەوانى ترى هەموو رەتدەکردەوەو رووى بەکەس نەدەدا .


(چنار) لەگەڵ گەورەبوونى تەمەنى خەم و ناسۆرەکانیشى بەباڵایدا هەڵدەگەڕان و لەگەڵیدا گەورە دەبوون بەرادەیەک کەسەیرت دەکرد فرمێسکە قەتیس ماوەکانى لەچاوانیدا بەدیدەکراو لەروخساریدا خەم و پەژارە دەخوێندرایەوە بەهۆى ئەو گوشارە دەروونیەى لەلایەن باوەژنەکەیەوە خرابووە سەرى چونکە زۆرجاران بەراشکاوى و لەبەردەم باوکى پێى دەگوت ( رسق بڕ ، سەربەهەش ، هتد ...) هەتا تۆ لەو ماڵەدا بیت خێر نایەتە ئەو ماڵە ، کاتێکیش تەمەنى گەیشتە شانزە ساڵان بەبێ گەڕانەوە بۆ راى تایبەتى (چنار) و تەنانەت پرس نەکردن بەباوکیشى باوەژنەکەى رەزامەندى دەربڕى کەبیدات بە ( سمکۆى ) برازاى کە پانزە ساڵ لەو گەورەتر بوو جگە لەوەى بەهۆى نەخۆشى خوریکەوە هەموو روخسارى شێوابوو کە لەنێو خەڵکیدا بە سمە گڕوو ناودەبرا، ئەو کارەش بەقەد هەموو تاڵى و سوێریەکانى رۆژانى تەمەنى پڕ لەناسۆرى خەم و پەژارەى خستە دڵیەوەو هەموو ئەو هیواو ئومێدانەى ساڵانێک بوو لەنێو تاڵترین ژیانى پڕحەسرەتیدا بەدوایاندا دەگەڕا کەوتنە بەر رەشەباى خەزانى حەزو دڵ رەقى (مریەم)ى زڕ دایکى کە بێ گوێدانە نزاو پاڕانەوەى ( چنار ) ى خستە نێو دۆزەخى مەرگى هەتا هەتایى.


ئەو شەوەى مەلا جومعە هاتبوو بۆ مارە کردنى چنار شەوێکى سارد و باراناوى بوو روخسارەکان لە بێً دەنگیدا دەتلانەوە ، ئەستێرەکان لە شەرما خۆیان خستبوە پەناى پەلە هەورە رەشەکانەوەو رویان نەدەهات خۆیان دەربخەن، ناڵەى هەور لە نزاى دایکێکى جگەر سوتاو دەچوو بۆیە بەگوڕ ئەسرینەکانى دائەبارندە سەر زەوى، بێ دەنگى بالى بە سەر ژوورەکەدا کێشا بوو جار نا جارێک بەلا چاوێکەوە سەیرى یەکتریان دەکرد، مەلا جومعە بە ئحمێک ئەو بێ دەنگییەى شکاند، رووى لە باوکى چنار کردو گوتى: کاک قادر ئەگەر ئێوە رێککەوتون با ناوى خواى لێبینین؟ چونکە !! مریەم قسەکانى پێ بڕى و گوتى: مامۆستا ئێمە لە سەر هەموو شتێک رێککەوتوین باوکى چناریش گوتى ئیشى خێر چەند بە نهێنى بێت باشترە نەکو لە خوا نەترسێک کارەکە تێک بدات.


ئەو قسانەى مریەم کۆتایى بە بێدەنگیەکانى قادر هێنا، بۆیە هەڵسایە سەر چۆکەکانى و دەستى بۆ مەلا جومعە درێژ کرد و گوتى: مامۆستا ئەوە نزیکەى یانزە ساڵە من ئەو ژنەم هێناوە جگە لە خەم و خەفەت هیچى ترم لێنەبینیوە ئەم رۆش بە بەرچاوى ئێوە و هەموو خەلکەوە دەیەوێت لە پیاوەتیم بخات و ئابروم بەرێت بۆیە بە شایەدى تۆو ئەم جەماعەتە لەم رۆوە مریەم ژنى من نیە ئەوا سێ بە سێ تەڵاقم دا ئێوەش بەخێربێن و هەر کەسەو لەماڵى خۆمان.


گریان و قیژەى مریەم ژوورەکەى بەمیوانەکان چۆڵکرد، دواى کەمێکیش قادر دەستى گرت و لەدەرگاى حەوشەکەیانەوە فرێى دایە دەرەوە، ئەو شەوە تا بەرەبەیان هیچ کام لە قادرو منداڵەکانى خەو نەچووە چاویان هەر یەکەو بەسەیر کردنێک چەندین پرسیارى لەوى تر دەکرد بەڵام هەموویان بێ وەڵام بوون.


قادر لەگەڵ دەرکەوتنى خۆردا لەنێو کەرنەڤاڵى خەم و ناسۆرەکانى ژیاندا بەرەو سەر کارەکەى بەرێکەوت، مریەمى دڵرەق دەیزانى هەموو رۆژێک قادر لەچ کاتێک دەچێتە سەر کار بۆیە ئەو بەیانییە وەک گورگێکى هار کە چاوەکانى بۆ رشتنى خوێنى کەسێک سور هەڵگەرابوو خۆى کرد بەماڵەکەداو شاڵاوى بۆ چنار بردوو دەستى نایە قوڕگى ، هەرچەندە چنار زۆر هەوڵیدا خۆى لەدەستى رزگار بکات بەڵام بێهێزى جەستەى لەبەرامبەر مریەم دا ئەو رێگەیەى پێنەدا چونکە لەکاتى خۆ پچڕینەوەیدا پشتاو پشت بەر بۆوەو سەرى بە بەردێک کەوت و لەهۆش خۆى چوو مریەمیش بێبەزییانە تر رەفتارى لەگەڵدا کردو دەستى نایە سەر دەم و لوتى تا گیانى دەرچوو، دواتر دەستى هەردوو منداڵەکەى گرت و بەرەو شوێنێکى نادیار هەڵاتن، شەش مانگ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕى ئێوارەیەک کاتێک مریەم بەنهێنى دەیویست بچێتەوە ماڵى باوکى لەلایەن قارەمانى مامى چنار درایە بەر دەسڕێژى گوللەو گوژرا.