جنێوفرۆشتن
و دەمپیسی لاى تاکى کورد: بۆتە مۆدێل.
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*
هەر لەمنداڵییەوە ، باوانمان فێریان کردووین کە جنێو بەکەس نەدەین ،
بەتایبەتى ئەوانەى لەخۆمان گەورەترن ...!!خێزان و بنەماڵە و خێڵ و هۆزى
کوردستان لەسەر ئەوە کۆکن و بەتوندى پێداگیرى ئەوە دەکەن کەئینسان
نابێت دەمى پیس بێت ، ئایینى ئیسلامیش ، بەهەمان پێودانگ و لەزۆربەى
ئایەتەکانى نێو قورئاند و لە فەرموودەکانى پێغەمبەرى ئیسلام و
خەلیفەکاندا دەمپاکى و جنێونەدان بە ئەرکى سەرشانى موسڵمان دەزانن و
سوننەتە و خودا ئەوەى پێناخۆشە کە مرۆڤ و هەوادارەکانى خۆى ببینێ بە
وشەى قێزەون و بە نێوى ناشرین بانگ و ئاخاوتن بۆیە کدى هەڵدەدەن ...!
جنێودان و قسەى ناشرین وتن یەکێکە لە خەسڵەتە ناشرین و نابەجێکانى مرۆڤ
، حاڵەتێکە لە حاڵەتە تەنگاوەکان کە مرۆڤ دووچارى دەبێت ، لەگەڵ تووڕە
بوونى هەریەکێکماند و لە بێدەسەڵاتیماندا بەرامبەر بەو رەوش و
بارودۆخەى کە رەنگە بسەپێت و ناچارییەک لەگەڵ خۆیدا بیهێنێ ، رەنگە
هێزێکى لەبننەهاتوو دروستکەرى بێت و پێچەوانەى حەز و خواستمان بێت ..
کاتێک فەرمانێک یان بڕیارێک کە لە جێبەجێکردنیدا زۆر دژوار و سەخت
بکەوێتەوە بەسەر ژیانماند و ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نەبێت بێجگە لە
راپەڕاندن و جێبەجێکردن ئەو بێگارییە ناجۆرە بۆیە لە رقد و رەنگە لەژێر
زمانەوە و بەدزى بەرپرس و فەرمانڕەواکانەوە ، دەست بکەین بە جنێودان و
قسەى ناشرین ریزکردن بەو کەسەى ئەو بارودۆخە دژوارەى بۆ دروست کردووین
و ئێمەش لە ناچاریدا بۆ بژێوى ژیان و پارووە نانەکەمان ناچار بووین
کارەکەش بکەین و هەر بۆڵە و جنێودانیش کاروکردەوەمان بێت ...!
لەکۆمەڵگاى تەقلیدى و دواکەوتووى کوردیدا ، چونکە کار و کردار و شێوازى
ژیانمان زەحمەتە و لەسپیدەوە هەتا نیوەشەو دەبێت کاسبى بکەین و لەنێو
حەشامات و ئاپۆڕەدا هەڵسووڕ و داسووڕ بکەین ، یاخود کارێک بکەین کە
سیستماتیکى و بەرنامە بۆڕێژراو نەبێت ، ئاژاوە و پشێوى کارکردن
دیارترین خەسڵەتى بێت ، یان بەڕێوەبەرێکى حیزبى نەشارەزاى چەواشە و
بوغر و خۆبەزلزان دەزگایەک بەرێت بەڕێوە و راوێژ بە هیچ شارەز و خاوەن
ئەزموونێک نەکات و ئیشوکار بە هەڵە و نادەربەستى و گەندەڵى بڕوات
بەڕێوە ، ئیدى کارمەندان بێجگە لە جنێودان بەودۆخە ناخۆش و بێزارکەرە
هیچى دیکەیان بۆ نامێنێتەوە ...!
راستە کۆمەڵگاکەمان سوننەتییە و گرنگى لەرادەبەدەر بە ئەتەکێتى مۆراڵ و
ئاکارى مرۆڤ دەدات ، راستە بەردەوام سەرزەنشتى کەسانى لادەر و
سەرپێچیکار و ئاکارنزم دەکات .. بەڵام چەند ساڵێکە ئەم کۆمەڵگایە بە
قۆناغێکى سەخت و نائارامدا گوزەردەکات .. دەڵێى لەنێو مەنجەڵى
بوخاردایە .. تاکەکانى خۆیشى هەروەها دەژین و بەردەوام خەڵکى لەسەر
ئیشوکاربن یاخود بێکاربن .. پیادەبن یان سوارى ئۆتۆمبێل بن .. تووڕە و
بێزار و توندن لە ژیان و لە کاریان و .. ئەم دۆخەش کاردانەوەى سروشتى و
ئاسایى خۆى دەبێت .. کەسێک نییە لە جیهاندا کەتووڕە و بێزار بێت و فیکە
لێدات یان گۆرانى خۆش بڵێت یان نوکتەیەک بگێڕێتەوە . هەر دەبێت بۆڵە
بۆڵێک بکات ، یان ناڕەزاییەک بەوتن قسەیەکى ناشرین و نەفرەتکردنى
هۆکارى ئەو تووڕەبوون و بێزارکردنە دەرببڕدرێت !! بەڵام دیاردەى
جنێودان لەکۆمەڵگاکەماندا زۆر خراپ تەشەنەى کردووە و لەمنداڵەوە بیگرە
تا دەگات بە پیرەکان ، رێژەیەکى زۆر و بە رادەیەکى بەرز لاسایى
یەکتردەکەنەوە و جنێوى زۆر پیس گوێبیست دەبین ، لە کاتێکد و لە دۆخ و
هەڵوێستێکدا کە پێویست بەو رێژە و سنوورە بەرزەى جنێودانە نەکات ..!
لەنێوخێزاندا ژیان زۆر دژوار و سەخت دەگوزەرێت ، باوک فریاى هیچ کام لە
تێرکردنى پێداویستییە زۆرەکان ناکەوێت ، کارەبا بەپارە دەکڕێت و نییە و
بڕەکەى کەمە ، ناچار جنێودەدات ، تەلەفۆن بۆ کابراى موەلیدە دەکات ،
وەڵامى ناداتەوە ، بۆیە ئەم باوکە هەناسە ساردە کە رەنگە کۆرپەکەى
نەخۆش بێت یان بەرگەى گەرماى جەهەننەمى ئەم وڵاتە نەگرێت .. ئیدى ناچار
بەقسەى ناشرین و نەفرەت کردن لە باوک و دایک و خوشک و هاوسەرى ئەو
کابراى موەلیدەیە و بەرپرسەکان لە کارەباى حکومى گڕو کەف و کووڵى
دەروونى سیخناخ و کوڵاوى خۆى دابمرکێنێتەوە !! لە زۆر گەڕەکدا بە هەفتە
و دوو هەفتەش (کە خۆم یەکێکیانم ) چاوت بە ئاوى رەزا قورس ناکەوێت ،
جامێ ئاوت لێ زیاد نییە کە بیخەیتە نێو موبەڕیدەکەتەوە ، ئیدى ناچار
دەبیت گڵۆڵەیەک جنێوى قورس بە ئەژدادى ئاو و ئاوەدانیدا بهۆنیتەوە و دڵ
و خۆین و مێشکى جەنجاڵ و پڕدەرد و ئازارت ئاسوودە و هێمن بکەیتەوە !!
ئەو کەسانەى زۆرتر لە بازاڕن و کاسبى دەکەن ، زیاتر دووچارى جنێوفرۆشى
و دەمپیسى و شێوازى چەوت و ناشرین لە مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیاردا دەبنەوە
.! کڕیار و فرۆشیار ، پیادە و شۆفێر ، کارمەند و هاووڵاتى .. هاووڵاتى
و بەرپرس ، خەڵک و حکومەت ، خوێندکار و مامۆستا ، خەستە و دکتۆریان
پەرستیار ، شۆفێر و پۆلیسى هاتووچۆ ، زیندانى و پۆلیسى یان ئاسایش و
خۆپیشاندە و ، پۆلیسى نەخۆشخانە و سەرلێدەر و خزمانى نەخۆش ،
نەفەرەکانى نێو پاسى کۆستەر ( خۆبەخۆ ) ، باوک و کوڕ ، یان ژن و مێرد ،
دایک و کچ ، نوسەر و رەخنەگر ، کەسێکى پەڕگیر و عیلمانییەک ، کەسێکى
سەرخۆش و کەسێکى ئاسایى هۆشیار ، دوو دراوسێى یەکتر و ... تا . ئەمانە
لەڕاستیدا زۆرینەى ئەو دوو نەیار و بەرانبەر و دژ و ئاراستە پێچەوانەن
کە لە کۆمەڵگاکەماندا زۆرینەى کات و لە زۆربەى هەڵوێستەکاندا وەکو
کەڵەشێرى شامى بەرامبەرى یەکدى دەوەستنەوە و بەتاک و بەکۆ ، جنێوى
ناشرین بە یەکتر دەدەن و رەنگە بەردەوام بوونى جنێوى زۆرپیس کە بگاتە
نامووس و شەرەف ، چەقۆ وەشاندن و یان دەمانچە تەقاندنى بە دواوە بێت و
کوشتن و کوشتار و تاوانیشى لێ بکەوێتەوە ئەگەر ئامارێک لە بەردەستدا
بووایە کە نیشانى بدات چ دیاردەیەک ئەمڕۆ لە کوردستاندا زۆرترین
پانتایى داگیرکردووە زۆر دووبارە دەبێتەوە و بۆیە دابونەریت و خوویەکى
کۆمەڵایەتى بەدوخراپ ، ئەوا بێ سێ و دوو کردن دەمانزانى کە جنێودان و
کفرکردن و گووتنى قسەى ناشرین لەنێوان تاکەکانى ئەم کۆمەڵگا هەناسە
ساردەماندا بەرزترین و باڵاترین رێژەى رادەى هەیە .. لە راستیدا
پێویستە پاکانە و هەقبێژ بین و بڵێین زۆربەمان بووینەتە جنێو فرۆش و
ئاگامان لەخۆمان نییە و غەرقى ئەم ژیانە جەهەننەمییەن کە روخسارى لە
ئەهریمەن دەچێ !
_______________________________
حهمهی ئهحمهد رهسول:
توێژەرى کۆمەڵایەتى
*
|