په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٤

''جینگۆ'' لە دەرھێنانی توورەج ئەسڵانی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فەجر نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "جینگۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد توورەج ئەسڵانی لە بەشی "جۆرێک ئەزموون"ی ٣٢مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فەجر لە شارەکانی تاران و کرماشان نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "جینگۆ" (گێڕانەوەی ھەڵواسراو) یەکەمین بەرھەمی بڵندی سینەمایی ھونەرمەندی کرماشانی توورەج ئەسڵانی لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "نوعی تجربە" واتە "جۆرێک ئەزموون" لە میانەی سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە چەندین سانسی جیاوازدا لە ھۆڵەکانی ژمارە ٢ و ٣ی ناوەندی کۆبوونەوەکانی تاوەری میلادی شاری تاران نمایشکرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، سینەماکاران و ھۆگرانی ھونەری سینەما پێشوازی لێکرا.


توورەج ئەسڵانی کە بە وێنەگری سینەمای ئێران ناسراوە کە لە بەرھەمەکانیدا ئەزموونی نوێی دەکات، لە سازکردنی یەکەمین فیلمی سینەمایی خۆیدا ئەزموونێکی نوێی خوڵقاندووە و "جینگۆ" کۆلاژێکە لە ھەڵپەسێراوی ژیانی گەنجانی ئەمڕۆی تاران کە لە قەڕەباڵغی، ماندوویی، تەنیایی و خۆ بەدەستەوەدان بە لەبیرچوونەوە و ھاوکات چاوەڕێی کۆتایی ھاتنی دنیا لە ساڵی ٢٠١٢ بە پێی تیۆری نۆسترادامووسن.


ئەسڵانی پێش سازکردنی ئەم فیلمە سینەماییە، ١٠ کورتە فیلمی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن و دیکۆمێنتاری سازکردووە و زیاتر لە ٣٥ فیلمی سینەمایی ئێرانی، کوردی و بیانی وێنەگرتووە، کە وەکوو بەڕێوەبەری وێنەگرتن چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئوسکاری ئاسیایی" لە ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی "بۆقی برونزی" باشترین وێنەگری بیستەمین فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "پلووس کامێرائیمەیج" لە پۆڵەندا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی حەوتەمین خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە ھۆنگ کۆنگ، خەڵاتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بۆ باشترین وێنەگری بەشی سینەمای ئاسیا و ئەوروپا لە سێزدەیەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "شەوەکانی تالین" لە ئەستۆنیا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەغدا لە عێراق، تەندیسی باشترین وێنەگرتنی دووەمین فیستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەکانی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بیست و ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر لە ئێران، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی چواردەیەمین جەژنی ماڵی سینەمای ئێران، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی شەشەمین ئەنجومەنی ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی خۆشەویستی مرۆڤ بە ناونیشانی "ئاسا" لە ئێران و چەندین خەڵاتی دیکە.


لە پوختەی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "جینگۆ"دا ھاتووە: سیاوەش، ئەشکان و دکتۆر، چەند ڕۆژ پێش ئەوەی کە بە پێی تیۆری نۆسترادامووس کۆتایی بە دنیا بێت لە باکووری تاران لە یەکتری کۆدەبنەوە، ئەوان ھەر کامیان بیرەوەری ناخۆشیان لەگەڵ ئافرەتدا ھەیە. ئەو سێ پیاوە بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ چەند گەنجی دیکە بۆ ڕزگاربوون لە ئازارەکانیان لە چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی دنیادان، بەڵام ژیان بەردەوام درێژەی ھەیە.


فیلمی سینەمایی "جینگۆ" لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی جۆرێک ئەزموونی ٣٢مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی فەجر لە ھۆڵی ژمارە ٢ی ناوەندی کۆبوونەوەکانی تاوەری میلادی شاری تاران نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا بە شێوەیەک کە ژمارەیەکی زۆر لە بینەران نەیانتوانی فیلمەکە ببینن و لە پشت دەرگاکاندا مانەوە.


ئەم فیلمە ھەروەھا لە دووەمین نمایشی خۆیدا چەند لە ھۆڵەکانی ژمارە ١ و ٣ی ناوەندی کۆبوونەوەکانی تاوەری میلادی تاران نمایشکرا و دیسان لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و ژمارەیەکی زۆر لە ھۆگرانی سینەما نەیانتوانی فیلمەکە ببینن. ھەر بەم بۆنەیەوە بەرپرسانی فیستیڤاڵ ناچاربوون سانسێکی تایبەت لە ھۆڵی ژمارە ٢ی تاوەری میلاد بۆ نمایشی ئەم فیلمە تەرخان بکەن.


"جینگۆ" ھەروەھا لە ھۆڵی ئینتیزامی لە ماڵی ھونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران نمایشکرا و دیسانەوە لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەما و ڕۆژنامەنووسانەوە پێشوازی باشی لێکرا.


لە کاتی نمایشی یەکەمین فیلمی سینەمایی توورەج ئەسڵانی چەندین کەسایەتی ناوداری فەرھەنگ، ھونەر و سینەماکارانی ئێرانی ئامادەبوون، لەوانە: جەعفەر پەناھی، کامبووزیا پەرتەوی، عەبدوڵڵا ئەسکەندەری، ھێنگامە قازیانی، نیزامەین کیایی، کەماڵ تەبریزی، سیامەک شایقی، ھووشەنگ گوڵمەکانی، مەسعوود جەعفەری جەوزانی (ڕاوێژکاری بەرھەمھێنەری فیلمەکە)، فەرھاد مێھران فەر، سەعید ئیبراھیمی فەر، مانی پوتگەر، ساعێد نیکزاد، ستارە ئەسکەندەری، فەرھاد وەرئەھرام، مەھناز محەمەدی، مەجید بەرزگەر، کورووش سولەیمانی، ژمارەیەک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمەکانی سینەمای ئێران و ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران.


ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "جینگۆ" (گێڕانەوەی ھەڵواسراو) بریتین لە:


سیناریۆ، دیزاینی سەحنە، مونتاژ، بەڕێوەبەری وێنەگرتن، بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر: توورەج ئەسڵانی، دەنگھەڵگرەکان: نیزامەدین کیایی، محەمەد شاھوێردی و ئەمین میرشکاری، وێنەگر: مێھدی ئەسڵانی، بەرپرسی پلان: ئیرەج محەمەدی ڕەزینی بەرپرسی کۆمپانیای ئاوای کوچە خاترەھا، دەنگدانەر و میکس: ئەمین میرشکاری، موزیک: لە ھەڵبژاردنی فەرھاد مودیری و چەندین پارچە موزیکێک بە ئاوازدانەری بێھزاد عەبدی، دیزاینی جلووبەرگ: فریشتە جوغەتایی، دیزاینی میکیاژ: سارا ئەسکەندەری و سەید ڕەسووڵ عەڕەبی، بە ناساندنی چەندین ئەکتەری لاو، لەوانە: سیاوەش درەخشی، ئەشکان یەغمایی، ئەمیر حوسێن بێھزادئەفشار، مێھدی قووچانی، ئاڕش خۆش خوڵق، مەحموود و ڕەزا شەفیع خانی و داریا ئەسڵانی بە ڕۆڵ بینینی: سەعید ئیبراھیمی فەر، پانتەئا پەناھی ھا، ئێلاھە خادەمی و نیلووفەر خۆش خوڵق و بە ئامادەبوونی: ئەکتەر ناوداری سینەمای ئێران خاتوو ھێنگامە قازیانی بەرپرسی بەرھەم: حەسەن ئەسڵانی، ئەنیمەیشێن: جەلال نەعیمی، دیمەنە تایبەتە وێنەییەکان: ئاڕش کەریمی، چاککردنی ڕەنگ: پسپۆڕان و کارناسانی لابراتوواری بەدیع، بەرنامەداڕێژ: حوسێن ئەحمەدی نیا، یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: ڕەزا عەباسی، مونشی سەحنە و یاریدەدەری دەرھێنەر: لەیلی مورادی، یاریدەدەری یەکەمی وێنەگر: محەمەد خەمیس ئابادی و جەعفەر ئەسڵانی، فۆتۆگرافەر: عەلی رەفیع پوور و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی.


"جینگۆ" کە فیلمێکی سەرخۆشانە و ئەمڕۆییە ھەروەھا بە ئامادەبوونی ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی فیلمی ھەڵبژاردەکانی ٣٢مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە سینەما ئازادی شاری کرماشان نمایشکرا.
 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "جینگۆ"
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک