په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٥

چینگۆڕکێ.

هۆشیار ئەوڕەحمان   

 

نازانم چ ساڵێک بوو لە سەرەتاکانی شۆرشی ئیسلامی ئێران، کاریکاتێرێکم بەر چاو کەوت لە ناو گۆڤارێکی ئێرانی.


لە ناو ئەو کاریکاتێرە دا، کەسێک ھەواڵی ھاشمی رەفسەنجانی لە دایکی دەپرسێ.‌ دایکی رەفسەنجانی لەوەڵامدا ‌ ئەڵێ:


(وللە چە بگم، من فرستادمش بە تھران آخوند بشە، مگن شاە شدە) واتە (بە خوا نازانم چی بڵێـم ، من ناردمە تاران تا ببێتە مەلا، کەچی دەڵێن بۆتە پاشا).
 

ئەم نوکتەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان بە سەر دۆخی ئێستای کوردستانیشدا ئەگونجێ. خەلکانێکی زۆر لە پڕا بوونە کوڕێ. ئەمەش یەکەم جار نیە کە لە مێژوودا دووبارە دەبێتەوە، کە کەسێک یان کۆمەلە کەسێک بازرەقەی زۆر زل بدەن لە رووی پلەوپایەی کۆمەڵایەتیەوە. واتە لە سواری کەرو تراکتۆری عەنتەرەوە بۆ دوابەرھەمەکانی تەکنۆلۆژیای گواستنەوە ئۆتۆمۆبیل و فرۆکەی ئەیەرباس!


ئایا چەند ئەگەری ئەوە ھەیە مناڵە ‌ جووتیارێک یان کرێکارێک ببێت بە دکتۆر یان بە پارێزەر یان ھەر پیشەیەک کە لەوەی باوکی باڵاتر بێت. واتە پیشەیەک کە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ‌ بەھادارتر و توێژێکی پایە بەرزتر لە ھی باوکی یان خێزانەکەی؟


ئایا ‌ مناڵی دکتۆرێک یان پارێزەرێک... چەندە ئەگەری ئەوەی ھەیە ببێتە کرێکارێکی دەستی یان جووتیار یان ‌ شوان و گاوان...ھتد واتەپیشەیەکی پایە نزمتر لە ھی باوکی یان خێزانەکەی؟


لە قۆناغی دەرەبەگیدا، مناڵی شێخ و ئاغا و دەولەمەندەکان وەکو باوکیان دەمانەوە. بە ھەمان شێوەش کورە جووتیار. ‌ گۆڕان نەبوو لە پیشەو پلەوپایەی کۆمەڵایەتی. چینەکان لە ناو خۆیان ژن و ژنخوازیان دەکردو بەم شێوە خۆیان بە بێ گۆران، نەوەکان لە سەر ڕیچکەی خانەوادەکانیان نوێ دەبوونەوە. ‌


لە قۆناغی سەرمایەداریشدا ئەم راستیە ھەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە ئەگەر چی کەمە ھیوایەک ھەیە کە گۆڕین لە پیشەو دوایش لە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی روو بدات.


فاکتەری سەرەکی ئەم کەمە ھیوای گۆڕینەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی قوتابخانەی دەوڵەتی و خۆڕایی.


قوتابخانە ی خۆڕایی و عیلمانی لە سایە ی سیستەمێکی دیمۆکراسیدا تاکە ڕیگەیە ‌لە گەیشتن بە پیشەیەکی پایە بەرزتر لە ھی باوک یان دایک.


باوکان و دایکانی چاوکراوە و بە پەرۆش بۆ دوارۆژی وەچەکانیان، دەتوانن مناڵەکانیان بگەیننە پلە بەرزەکانی خوێندن و دابین کردنی ژیانێکی ئاسانتر بۆ نەوەکانیان.


ئەمەش بێ گومان قوربانی زۆری دەوێ بەلام شانسی سەرکەوتنی تیایە. واتە چینگۆڕکێ زۆر بە ھێز نیە.


دەتوانین ئەم باسە زۆر درێژ بکەینەوە بەڵام ئەمە مەبەستی نووسینەکە نیە. ئامانجی ئەم نووسینە زیاتر پەیوەندی بە چینگۆرکێ ی کتوپڕ و نائاساییە، کەزیاتر لە حالەتی شەڕدا بە دەردەکەوێ.


لەکاتی شەڕدا، زیاتریش لە شەڕی نا نیزامیدا( کودەتا و شەڕی رزگاری خوازی و...ھتد) کە یەکێکە لە سیفەتە ناسراوەکانی گەلانی جیھانی سێیەم، چینگۆرکێ زۆر بە ھێزە.


بە واتایەکی تر،‌کوڕە ھەژارێکی کەم خوێندەوار یان نەخوێندەوار دەتوانێ بە ماوەیەکی کەم پۆستی باڵا بە دەست بێنێ، بە تایبەت لە رووی سەربازیەوە. ئەم پۆستە لە گەڵ رۆژگاردا دەبێتە سەرچاوەی بە دەست ھێنانی ئیمتیازاتی مەعنەوی و مادی گەورە بۆ ئەو کەسە چونکە خەڵک (جەماوەری لادێ و ھی شاریش) روو لەو پلەدارانە دەکەن بۆ مەبەستە جۆراوجۆرەکانیان. لەم پەیوەندیە بەرژەوەندیدارە شتێک پەیدا دەبێت کە دەتوانین ناوی بنێێن سەرەتاکانی گەندەڵی.


شاراوە نیە کە گوندان جێی کێشمەکێشی بەرژەوەندی دژ بە یەکەکانە لە لایەن جووتیارانی ھەژارو ئاغایان، لە نێوانی ئاغاو ئاغا، لە نێوانی جووتیارو جووتیار... لەم نەیاری و دوژمنایەتیە، ھێزە "رزگاریخوازەکان" " گەریلا "... ناتوانن دوور بوەستن چونکە " دەسەڵاتن". دەسەڵاتیش واتە ئەو پلەدارانەی کە بە حوکمی پیشەکەیان (جەنگاوەری) بوونە بە پلە دار (نەک بە قوتابخانەو دیپلۆم).


لێرەدا وەستاوەتە سەر( ویژدان) و باوەڕی ئەو پلەدارە لەلایەکەوە و رادەی دیسیپلینی سەرکردایەتی ئەو ھێزە لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی ئەو پلەدارە نەکەوێتە ناو تۆڕی گەندەڵیەوە. بێگومان ئەو پەیوندیە بەرژەوەندیدارە گەشە دەسێنێ لە گەڵ گەشە سەندنی دەسەڵات. تا ئەو ھێزە جەنگاوەرە بە دەسەڵات بێت بەرژەوەندیەکان بڵاو تر و گەورەترن. ئەگەر لە دەستپێکەکانی شەڕ، ئیمتیازەکان شتی سادە بچوک بوو بن ئەوا لە فراوان بوونی شەڕودەسەڵات بەرژەوەندیەکان زۆرگەورەتر دەبن.


ئەگەر بە قودرەتی قادریش ئەو ھێزە جەنگاوەرە لە حاڵەتی شەرەوە ‌ چووە دۆخی حوکمرانی( بۆ نمونە لە عێراق لە ٢٠٠٣ )، ئەوە بمانەو‌ێ و نەمانەوێ شەرعیەتی حوکمڕانی دەڕوا بۆ ئەو ھێزانەی کە لە بەرگری بوونە لە دژی رژێمی پێشوو.


ئەوەی لە کوردستان عێراق روویدا دەری دەخات کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا چینێکی دەولەمەند پەیدا بوون (بە گوێرەی ھەندێ رۆژنامەی کوردستان، ئێستە ٣٠ ملیاردێر و ١٠٠٠٠٠ ملیۆنێر لە کوردستان ھەن). بە داخەوە ناوی ئەو دەولەمەندانە نەناسراوە بەڵام ھەر کەسێ تۆزێ لە وەزعەکە بروانێ، دەتوانێ چەند خاڵێ ھاوبەش لەو دەولەمەندانە بدۆزێتەوە:


یەکەم: ئەو دەوڵەمەندانە لە سێ شاری ھەولێرو سلێمانی و دھۆکن.
دووەم: ئەو دەوڵەمەندانە زۆربەی لە ناو دوو حزبی یەکێتی و پارتین.
سێیەم: زۆرترینی ئەو دەوڵەمەندانە لە رێی بازاری زەویەوە دەولەمەند بوونە و دوایش چوونەتە ناو بازرگانی (بینا، تەلەفۆن، کۆمپانیای نا بەرھەمھێن قاچاغچێتی نەوتی ڕەش ، کۆمپانیای دەڵاڵی ، گەشت و گوزار تەنھا بۆ دەرەوەی کوردستان...).


ئەم ئامارە کەم و کورتە دەمانباتە سەر پرسیارێکی سادە:


چۆن بە ماوەی ١٠ یان پانزە ساڵ کەسێک دەبێتە ملیۆنێر؟‌


تەنیا وەڵامێکی سادە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ھیچ یاسایەک نیە کە جولانەوەی پارە رێک بخات.


کەس نازانێ کێ چەندی ھەیە و لە کوێی قایم کردووە بە بێ ئەوەی دەولەمەند لێپرسراو بێت لە بەرامبەر ھەژاری ھەژاران.


نەمانی پارە لەبانکەکاندا زۆر پەیوەندی بەم مەسەلەیەوە ھەیە، چونکە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین ئەوەی پێیدەگوترێت یاسا لە ئارادا نیە! ئەوەی کە ھاوڵاتیانی ولاتانی پێشکەوتوش لەگەڵی راھاتون وئاویزانی ھەست ونست وئاوەزیان بوە، لێرە ھێشتا زوە ئاستی گەشەی مێژویی کۆمەڵگای کوردەواری ھێشتا زیاتر لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی رۆژھەڵاتیدا تەباترە، وەک لە ژیان بەسەربردن لە کایەیەکی دێمۆکراتیدا.

چیبگۆڕکی* (Soziale mobilisierung) چەمکێکی گرنگە لە کۆمەڵناسی. لەو گۆرینانە دەکۆڵێتەوە کە پەیوەندی بە پایەی کۆمەڵایەتیەوە ھەیە. بێگومان ئەم چەمکە پەیوەندیەکی نادابڕاوی ھەیە بە چەمکێکی ترەوە کە ئەویش: چەمکی پیشەگۆڕکێ* (Profissionelle Mobilisierung).
سێ بنەما سەرەکیەکەی کۆمەڵگای مۆدێڕن.


تێبینیی: ئەم نووسینەم لە ھەڤاڵێکی خۆم وەرگرتوە بەناوی (شکور مەحمود بایز) ویستمان پتر نووسینەکە دەولەمەند بکەین بە نموونەی زیندووتر، بەڵام لە کورت بڕیمانەوە، چونکە جێگۆڕکێی ھەردوکمانی بەدوای خۆیدا دەھێنا.. ناشکرێ بۆ نووسینەوەی یاداشتێک یا وتارێک بە ئاراستەی خزمەتی راستەقینە بە نەتەوەکەی دیسانەوە ڕێگەی تاراوگە بگریتەوەبەر!
 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک