په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١٦

جینۆسایدی سایکۆلۆژیی و کلتووریی ئێزدییەکان.


کازیوە ساڵح        

- بەشی پازدەم -

پشکی کورد لە باخچە هەڵواسراوەکاندا.

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی شارستانیەتی بابل باخچە هەڵواسراوەکانە کە بۆ ئەمەتسی کچی پاشای 'ەەد'ی کورد دروستکراوە، هەر بە هۆی ئەو شەڕە زۆانەی لەو کاتەدا لە گەڵ شانشینی ئاسوری/ بابلی و کورد و کۆپتیەکانی میسری کۆن و فارسدا هەبووە، پاشای مەد دوو هاوسەرگیری سیاسی لە گەڵ فەرمانڕەوایی بابلیەکان و ئیمپراتۆریەتی ئەو کاتەی میسر کردووە بۆ هیوربوونەوە دۆخی ناجێگیری نێوانیان و نزیک بوونەوە و متمانەکردن بە یەک.


ئەگەر سەبارەت بە هەر یەک لەو شارستانیەت و پشکو بەشداریکردنانەی کورد سەرچاوەی زانکۆکانی دنیا بپشکنیت کە سەدان کتێبی ئەکادیمی و نائەکادیمی لە سەر بەرهەم هاتووە چوار سەرچاوەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی نادۆزیتەوە ئەو مافەی کوردی نەخواردبێت وەکو سەرچاوەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردی داگیرکردووە. بۆ نموونە لە گەڵ ئەوەی هەتائێستا پەیکەری خوداوەندی دایک میدرا کە کرماشان بوونی هەیە و ئاشکرایە کرماشان ناوچەیەکی کوردستانیە بەڵام فارس دەیان سەرچاوەی لە سەر ڕەفەکانی خوێندنەوە داناوە و بە دەیان زمانی زیندوو فارساندوویەتی. بەڵام لە هەمان کاتدا کورد خۆشی کتێبێکی باشی مێژووی خۆی کە لەم سەرەتاییەوە دەستی پێکردبێت نەخستوەتە سەر ڕەفەی کتێبخانەکانی دنیا .


گەر لە چیرۆکی مادەکان و ئەمەتس بڕوانین بە هەمان شیوە شێوێنراوە،کەیخەسرەوە هەندێ جار بە باوک و هەندێ جار بە باپیری ناسێنراوە،کەیخەسرەویش بە فارس، لە هەمان کاتدا نکولی لەوە ناکەن کە کەیخەسرەو کوڕی فەرەوێرتەیەزە و ئەمیش کوڕی دیاکۆی دووەم فەرمانڕوایی میدەکانە. دیاکۆ کوردبووە تا ئێتساش یەکێکە لە ناوە کوردێ ڕەسەنەکان . هەر فارس لە هەندێ سەرچاوەدا فەرەوێرتەیەز بە پادشایەکی خوێنڕێژی کورد کە زۆرترین ژمارەی ئاسوری کوشتووە ناوزەد ئەکەن، بەو وتراوە بە هۆی نەزانی و دیکتاتۆرییەوە سێ ساڵ لە نێوان ٦٦٣-٦٦٥ی پ . ز زیاتر فەرمانڕەوایی پێ نەکراوە ، بەڵام کەیخەسرەو کە کوڕی ئەم کوردەیە لە بە ئەوەی کەسیەکی بە توانابووە لە مەسەلە سیاسی و دبلۆماسیەکاندا و شەڕەکان بنبڕ ئەکات و پەیوەندی لە گەڵ لایەنە شەڕەکەرەکاندا دروست ئەکات، لەو کاتەدا تەنها سێ ئیمپراتۆریەت ئەبێت ئەوانیش سۆمەری و فەرعەونی وپارس ئەبن سێ هاوسەرگیری سیاسیان لە گەڵ دروست ئەکات بۆ دڵنەوایی سەرهەڵنەدانەوەی شەڕی نیوان مید و ئەو سێ لاینە ناو هاتووە. لێرەدا لە بەر ئەوەی خاوەنی ئەم تایبتمەندییە ئەکرێت بە فارس، واتە فارسی کوڕی کورد. لە کاتێکدا، ئەمە دوورە لە راستیەوە، میدیا ، یان" ماد، مادای کە دوای بە کوردستان ناسراوە ، فارس پارسا بووە ، ئەم پارسا بووە بە فارس و دەوڵەتی ئێران و میدیاش بە کورد و کوردستان . (الخلیل ، ٢٠١٣، ل٤٤ ) و میدیاش شانشینی کورد و شاکانی کوردبوون . لە سەروو ئەم شێواندنە مێأوویانەوە کورد لە سرودەکانیا هاوار ئەکات ئێمە ڕٶلکەی میدیا و کەیخسرەوین. پێم وابێت تۆ پیویستە خۆت یەکلایی بکەیتەوە یان تەنها ڕٶڵەی میدیا بیت یان ڕۆڵەی کەیخسرەو بێت .ناکرێت تۆ ڕۆڵەی کورد وفارسیش بیت لە هەمان کاتدا.هەلی سێهەمیش ئەوەی کوردبوونی کەیخەسرەو بسەلمێنێت و دۆکۆمێنتی بکەیت.
 

ئەمێتسیش بە هەمان شیوە بە فارس باسکراوە، ڕاستە سەرچاوەکان باسیان لە جوانی ئامیتای هاوسەری نبوخود نەسەر کردووە، بەڵام بۆ ئیمپراتۆریەکی وەکو بابل سەدانی لەو جوانتری لە دەوربوون، ناکرێت تەنها جوانی بووبێت بە هۆی ئەوەی نبوخودنەسر سەڕسوڕهێنترین سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی بۆ دابهێنێت.، یان ئەگەر ئەو باخچەیە پێش هەزار ساڵ لە فەرمانڕەوایی نبوخود نەسر لە کۆشکی باپیرانیدا بوونی هەبووە وەکو دالی کە لە چەند دێری داهاتوودا ئاماژەی پێکراوە باسی دەکات بۆ ئەمێتس زیندوو بکاتەوە. پێم وایە هەر ئەوەی تا چەند تایبتمەندی ژیری و لێهاتووی و هاوکاری لە بیرکردنەوە و بڕیارە سیاسیەکانی شا و رێکەوتنە دبلۆماتیەکانی لە گەڵ ئیمپراتۆری باوکی ومادەکاندا چی بووە یان نەبووە پشت گوێ خراوە ئەیسەلمێنێت کوردە. ئەو ژنە ئەگەر بە ڕاستی سەر بە هەرکام لە نەتەوەکانی دی بوایە ئێستا لە ئێلکساندرا ڕۆسۆی هاوسەری سوڵتان سولەیمانی عوسمانیەکان زیاتری لە سەر ئەنووسرا. تەنانەت ئەگەر ڕەچەڵەکی ئەمێتس باسیش نەکرایە و نەگەڕایەتەوە بۆ مادەکان، جێگەی باخچە هەڵواسراوەکان گریمانیەکی تری کورد بوونی ئەو ژنە و تەنانەت بۆچوونەکەی مامۆستا هەژاریش سەبارەت بە کوردبوونی خودی نبوخود نەسر ئەسلمێنێت، چوون پێچەوانەی هەموو نووسراوە کانی پێشوو ، پسپۆڕی بواری شوێنەوارناسی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ونووسەری کتێبی نهێنی باخچەهەڵواسراوەکانی بابل ، دکتۆر ستێفەنی دالی لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی The Mystery of the Hanging Garden of Babylon ئاماژە بۆ ئەوە ئەکات کە باخچە هەڵواسراوەکان پێجەوانەی بەشە مێژوو و شوێنەوارەکانی دی نەدۆزراوەتەوە ،چونکە زیاتر لە کوردستانەوە نزیکە و پێشتر شوێنی هەڵەی بۆ دەستنیشانکراوە لە پشکنینیدا. ئەو پێێ وایە شوێنی باخچە هەڵواسراوەکان بابل نیە، بەڵکو شاری نەینەواو و نزیکی موسڵ و تەنها ٣٥٠ شی سەد و پەنجا مایل لە کوردستانەوە دوورە .دالی لە رێگەی نووسراوێکی پارێزراو لە مۆزەخانەی بەریتانیدا دەگات بە دەرئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوەکانی . نووسینەکە کە بە پیتی مسماری نووسراوە باس لە کۆشکی مەلیک سەنحاریب ئاسۆریەکان ئەکات کە سەدەیەک پێش نبوخود نەسر ژیاوە ، ئەوە پیشان ئەدات کۆشکەکە لە نزیک نەینەوای پایتەختی ئاسوریەکان دروست کراوە و لەو کۆشکەدا باخجەیەکی ئێجگار سەرسوڕهێنەر هەبووە. ( Dalley,2013) واتە لە ڕووی جوگرافییشەوە گریمانەی کورد بوونی ئەمێتس یان ئەکرێت بۆچوونکەی شەرفنامە بسلمێنێت کە نبوخود نەسر لە بنەمادا کوردە. ئەمە و جگە لە مێژووی کورد لەشارستانیەتی قوپتیەکانو ڕەچەڵەکی نەفەرتیتی*.


لەگەڵ ئەوەی فارس ناڵێم ئێران چونکە ژمارە دانیشتوانی ئێران لە دەیان نەتەوە و ئتیکی جیاواز پێک هاتوون بە ژمارە ئێجگار کەمترە لە کورد، شارستانیەتی زمانەوانی و مێژووی ئەوانیش کەمتر و لاوازترە لە کورد ئەگەر کورد بیەوێت لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆی، ڕەچەڵەکی زمانەوانی خۆی بە باشی بگات. بەڵام عەرەب هێشتا ئەوانی بە گرنگتر و بەهادارتر بینیوەبە بێ ئەوەی سەرچاوە بەکاربهێنن بۆ ئارگیومێنتەکەیان هەمان خواست و مێژووی دروستکراوی فارسەکانیان دۆکۆمێنت کردووە و زۆر جار ئەوانیش فڵجەیەکی عەرەبیان لە تابلۆ مێژوویەکان داوە و گریمانەی ئەوەیان سەربارکردووە ئەگەر ئەو مێژووانە فارس نەبێت عەرەبییە. ئەمە بۆ ئەوان نە جێگەی گلەیی و ە کاریەکی ناسروشتیشە . ئەو کردارە ئامانجی هەموو کۆڵۆنیالێستەکانی سەر زەوی بووە. ناکڕیت داگیرکاریەک گەل و نیشتمانێک داگیر بکات و لە جینۆسایدی کلتوری و مێژووییەوە دەست پێ نەکات بە تایبەت نیازخوازبین مێژووی ڕاستەقینەی بۆ بنووسێتەوە و ئەو مێژووەش دەری بخات داگیرکراو خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەی و یەکێک لە یەکەمین شارستانیەتەکانی سەر زەوی و خاوەنی خوداوەندە سەرەتاییەکان و یەکەم ئاینی سەر زەوییە. وەها دانپیانانێک ئەو ئارگیومێنتە بەتاڵ ئەکاتەوە کە کورد قەرەجی هیند و عەرەب وفارسە یان تورکی شاخی و بەربەرییە، بەڵگەی داگیرکاری خۆشی ئەدات بە دەستەوە، کە شوناسی لە داگیرکارەوە ئەگۆڕێت بە بەرگریکار و ئەمەش لە کلتوری کۆڵۆنیاڵیزمدا جێگەی نەبووەتەوە. بۆیە ئەبوو ئێزیدی بکرێت بە شەیتان پەرست و مەلک تاوس بە شەیتان و کوردیش بە قەرەجی شاخی.


ئەمە جگە لە دەیان حکومەت و دەسەڵات وئیماراتی جیاواز هەندێکیان لە سەردەمی بابلی و سۆمەریدا بەشدار بوون بەر لە کاشیەکان وپاش ئەوانیش، هەندێک لە سەردەمی مەد و پاش ئیسلامیش بە دەیان ئیماراتی کوردی بوونیان هەبووە و دانپێدا نراون وبەهێز بوون. لە بەر ئەوەی خوێندنەوەی دروست بۆ ئەم دەیان دەسەلات و حکومەت و دەوڵەتە کوردییانە نەکراوە ، هەموو ڕاڤە و بیانوویەک بۆ هیچ بە دەستەوە بوونی کورد کراوە بە داگیرکاران و دوژمنانی کورد.. بەڵام با لە خۆمان بپرسین ئایە بە ڕاست ئەم شارستانیەتانە و ئەو هەموو حکومەت و ئیماراتانە بە دەستی دوژمنان لە ناوچوون؟ ئایە ئێمە لە سەرەتای مێژووە دوژمنمان هەبوو؟ ئەی هیچ ڕاڤە ولێکۆڵینەوەی زانستی جگە لە نمایشێکی مێژووی سەرپێێ خراونەتە ڕوو سەبارەت بە هۆکارە سەرەکیەکانی لە ناوچوون ئەم سارستانیەتانە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سوودی لێ ببینین؟ من کە کەسێکی مێژووناس نیم زمانەکانی ئاری و ئاسوری نازانم ناتوانم بڕیار لە سەر ئەو مەسەلەیە بدەم ، تەنانەت بۆ بەراوردیش لە گەڵ کارەساتەکانی ئەمڕۆ جگە لە متمانەکردن بەو چەند سەرچاوە کوردێیەبوونی هەیە و تەنها کورتەیەکی مێژوویانی نووسیوەتەوە بە بێ ڕاڤەکردن شتێکی دیکەم لە بەردەستدا نیە. بەڵام ئەتوانم لە بواری جینۆساید و کلتور و سایکۆلۆژیدا ڕاڤەی ئەمڕۆی کورد و ئێزیدی خۆی بۆ کارەساتەکە بخەمە ڕوو کە ئەتوانێت ببێت بە ئاوێنەی ڕابردووش و تا ڕادەیەک وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە بداتەوە.. کەواتە کورد و موسڵمان چۆن بەشادییان کردووە لە بەرهەم هێنانەوەی جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزیدی؟
_________________________________
تێبینی: لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە میانەی وتارێکمەوە لە کۆنگرەی ژنانی میسریدا باسم لەوە کردبوو کە نەفرتیتی بە ڕەگەز کوردە، بە پێی هەندێ سەرچاوە سەلماندبووم ، لە بەر ئەوەی لە ئێستادا نە ئەو سەرچاوانەم لایە و نە وتارەکەی خۆشم ماوە ، لەم وتارەدا خۆم لەو باسە ئەبوێرم.

_________________________________
سەرچاوەکان:

Dalley, Stephanie (2013) The Mystery of the Hanging Garden of Babylon: An Elusive World Wonder.
Traced Hardcover ،Oxford University Press.
(الجندي، خليل (١٩٩٨) نحو معرفة حقيقة ألديانسەة ألأيزيدية، رابوون، السويد).

_________________________________

بەشی چواردەم: www.emrro.com/cinosaydis14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/cinosaydis13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/cinosaydis12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/cinosaydis11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/cinosaydis10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/cinosaydis9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/cinosaydis8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/cinosaydis7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/cinosaydis6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/cinosaydis5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/cinosaydis4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/cinosaydis3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/cinosaydis2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/cinosaydis1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک