١١\١١\٢٠١٤
جینۆسایدی سایکۆلۆژیی و
کلتووریی ئێزدییەکان.

کازیوە ساڵح
- بەشی یەکەم -
جینۆسایدی
سایکۆلۆژیی ئێزدییەکان لە لایەن کوردەوە.
- ژمارەیەک لە لێکۆڵەوەرە
ڕۆژهەڵاتیەکان ئەوەندە سۆز و ڕەگەزپەرستی زاڵبووە بە سەریاندا زۆر جار
مێژوویان بۆ مێژوو دروستکردووە و نووسیوەتەوە.
پێشەکی:
لە ماوەی ڕابردوودا بە ئاگام لەوەی بە هاوکاری چەند میدیایەکی کوردی
،هەندێ داعشی کوردی لە مینبەرەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە شەرعیەت
بە جینۆسایدی ئیزدیەکان ئەدەن و خەڵک هان ئەدەن دژیان لە ڕێگەی
عەرەباندن و فارساندیانەوە وەکو چۆن هەموو داگیرکەرانی کورد ئەم
کلتورەیان پەیڕەو کرد. لە کاتێکدا سەرجەم داعشی کوردی لە سایەی ئاڵای
عەرەب- فارسدا تێئەکۆشن و ئامانجی ئەوان لە کوردستاندا جێ بە جێ ئەکەن.
شەرم نیە مرۆڤ بێ ئیمان و بێ ئاین بێت ، بەڵام شەرمە ئایندارێکی ناڕاست
و دوالیزم بێت. بۆ میدیاوانێک شەرم نیە کە ئارەزووی بینینی خۆی بکات لە
شاشەی تەلەفزیون و ڕووبەرەکانی میدیاوە . بەڵام شەرمە میوانداری خەڵکێک
بکات لە سەر هەستەوەرترین پرس کە پرسی جینۆسایدی بەشێکە لە کۆمەڵگەکەی
و لە ڕووبەڕێکی بێ ئاگای وادا بژی نەتوانیت بە زمانێکی زانستیانە و
ڕووبەڕووی عەقڵی لە کارکەوتووی میوانەکەی ببێتەوە و ڕێگە نەدات
بەرنامەکەی ئەو و کەناڵەکەی ئەو ببێت بە بەرهەمهێنەری فۆرمێکی تر لە
جینۆسیاد کە جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوریە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە تەنانەت هەندێ لە ئێزدیەکان خۆشیان کە سەبارەت
بە بە ڕەچەڵک و زانیاری سەبارەت بە خۆیان لێیان پرسراوە بەم دواییە،
ئەوانیش متمانەیان خستوەتە سەر سەرچاوە عەرەبیەکان و زمان و نێتی
ئەوانەی سەدان ساڵە جینۆسایدیان ئەکەن و زانیاری هەڵەیان سەبارەت بە
خۆیان داوە بە میدیا عەرەبیەکان. لە کاتێکدا ئیزدیەکان خەڵکی خوێندەوار
و زمان زانیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، ڕاستی سەبارەت بە ئێزدی و
ئێزیدیزمیش تەنها بە زمانی بێگانە و بە تایبەت ئنگلیزی چنگ ئەکەوێت .
بۆ قسەکەر شەرم نەبوو بڵێت کە ئەو زانیاری نیە و بە کەسێکەوە
پەیوەستیان بکات کە زمانی بێگانە ئەزانێت و زانیاری هەیە ، بەڵام شەرمە
چینێکی چەوساوە بێ ئومێد بکەیت و جۆرە زانیاریەکبخەیتە ڕوو بە دڵی
داعشیەکانی کورد و عەرەب بێت.
ئامانج:
ئەم لێکۆڵینەوەیە بە نیازە وەڵامی هەردوو هاوکیشەی ناردروستی فکری
بداتەوە کە لەو چەند لایەنە لە سەر ئاماژەم پێکرد بەکارهێنراون . یەک
دەری دەخات کە ئێزیدی عەرەب و فارس و تورک نیە ، موسڵمان نیە و حسێن
کوژیش نیە ؛ دوو ئەیسەلمێنیت کە چەمکی ئێزیدی لە بنەمادا وشەیەکی ئاریە
و ژێر ڕکێڤ کەتووی هیچ ئاین و کلتوری فەرعی نیە ، بە ڕەچاوکردنی کلتوری
ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو کۆژانانەی کە پەراوێزخستنیانی باڵاکردوە.
زانیاریی کورد دەربارەی ئێزیدی:
لە ساڵی ٢٠٠٦دا بۆ یەکەم جار چیرۆکیێک هزری بردم بە لای ئێزیدی و
ڕەچەڵکی ئاینی کورد و وایکرد کۆمەڵێ زانیاری جیاوازی لە سەر کۆبکەمەوە،
جیاواز لەوەی لە کوردستان ئەمانزانی کە بە داخەوە هەمووی هەڵە بوو .
چیرۆکەکە ئەو بوو کەسێکم بە ڕیکەوت بینی ، یەکیک بوو لە مرۆڤە
دەگمەنەکانی دنیا کە پێیان ئەوترێت Genius - بلیمەت. لە تەمەنی ١٧
ساڵێدا زانکۆی تەواوکردبوو ، لە ٢٣ساڵیدا دکتۆرای تەواو کردبوو. ئاستی
دکتۆراکەی ئەوەندە بەرزە هەتا ئەو کاتەش کە ٨ هەشت ساڵ بە سەر تەواو
بوونی دکتۆراکەیدا تێ پەڕیبوو ، بڕیاری تەواوی لە سەر نەدرابوو چونکە
زانکۆکە لیژنەیەکی دەست نەئەکەوت لە ئاستی توانا و تێزەکەی ئەودا بێت.
ئەم کەسە زمانی ئاری و هیرۆغلیفی زۆر بە باشی فێر ببوو و شەش زمانی
دیکەی ئەزانی ، لە بەر ئەوەی زانیاریەکانی متمانەی خستبووە سەر ئەو
زانیاریانەی لەو زمانە دەگمەنانەدا هەیە بۆیە بڕیاردان لە سەر تێزەکەی
ببوو بە مەحاڵ. کە پرسیاری لێکردم خەڵکی کوێم ، لە وەڵامدا وەکو هەموو
ڕۆئاوایەکان نەخشەیەکی نەکێشا و بڵێت لە کۆیدان و دراوسێی کام وڵاتن.
بەڵکو لە گەڵ گوێ لێبوونی کوردستان بە خۆشی و سەرسامییەوە وتی ،" ئێوە
ڕەسەنن، ئێوە یەکێکن لە یەکەم مرۆڤ و یەکەم ئاینی سەر زەوی ، ئێوە
مرۆڤە جوانە هەتاو پەرستەکانن" دەستی برد بۆ گوێێ ڕاستی کە سێ ئەڵقەی
زۆر تایبەت دیزاینی کۆنی تێدا بوو، وتی، " سەیرەکە ، ئەو یەکێک لەو
ئەڵقانە بۆ ئێوەیە ، هێمای ئێوەیە ، یەکێکیشیان هێمای قوپتیەکانی میسر
و فەرعونیەکانە " دانەکەی دی ناوێکی پێ گوتم کە هەرگیز نەمبیستبوو بۆیە
ئێستا لە یادمدا نیە. ئەم کەسە خۆی هەتاو پەرەست بوو، ژمارەیەکی زۆری
هەتاو پەرست لە کەنەدا ئەژی کە کەنەدین و ژمارەیەکی زۆریشیان لە
بنەمادا خەڵکی ئەوروپان، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی بە ڕەچەڵک وەکو کورد
ئارین. هەتا ئەم ڕووداوە لە بەر ئەوەی زانیاریەکانی منیش سەبارەت بە
ئێزدی و ڕەچەڵەکی خۆمم تەنها لە کورد و عەرەبەوە وەرگرتبوو وامئەزانی
ئەوەین کە کورد و عەرەب باسی کردبوون، لە گەڵ یەک جیاوازی ، لەو
ساتەوەی زانیم هەڵەم ، پێم شەرم بوو نوێنەرایەتی میللەتی خۆم بە زانست
و خوێندەوارێکی خوار مام ناوەندییەوە بکەم. وەکو ئەو ڕابەرانەمان بە بێ
زانیاری دروست بڕیاری لە سەر چارەنووس و مێژووی چینیەکی چەوساوە و
مافخوراو ئەدات.
ئێزدیەکان لە گەڵ ئەوەی سەرەتای مێژووی ئاینی مرۆڤایەتین بەڵام کەمترین
لێکۆڵینەوە و زانیاری ڕاستەقینەیان بە زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان لە سەر
خراوەتە ڕوو. لە لایەک لە بەر ئەوەی نووسەران و لێکۆڵەوەرە
ڕۆژهەڵاتیەکان ژمارەیەکیان تیوری دژ یەک و دوالیزمیان خستوەتە ڕوو،
زۆربەش ئەوەندە سۆز و ڕەگەزپەرستی زاڵبووە بە سەریاندا زۆر جار
مێژوویان بۆ مێژوو دروستکردووە و نووسیوەتەوە ؛ نەتەوەیان بۆ نەتەوە
دروستکردووە تەنها لە پێناوی ئامانجێکی گشتی شۆڤینی نەک ڕووخستنی مێژوو
و جێهێشتنی ڕاستیەکان بۆ نەوەی پاش خۆیان. لە لایەکی دی ئێزدیەکان
ئەوەندە فشاری چەوساندنەوە و کەم بێ بەها سەیرکردنیان لە سەر بووە لە
هەموو لایەکەوە تەنانەت لە لایەن کورد خۆشییەوە هەمیشە لە هەوڵی
شاردنەوەی شوناسی ڕاستەقینە و خۆ لکاندنەوە بەو ئاین و دەسەڵات و
عەشیرەتانە وە بوون کە پێیان وابووە لە ژێر چەتریاندا جینۆساید و قڕ
ناکرێن. هۆکارێکی تر ئەوە بووە ئەم ئاینەش وەکو هەموو ئاینە
سەرەتاییەکانی دەما و دەم گوازراوەتەوە و نەبوونی دەقی نووسراوی ئەم
ئاینەیە ، وەکو هەموو ئاینەکانی دی وەرنەگێردراوەتە سەر زمانە
زانراوەکانی ئەم سەردەمە. بەڵام بێگانەکان لە دوورترین دوورگەی دنیا لە
کوردەوە ، بەو شێوەیە لە ڕەچەڵەکی کورد و ئێزدی تێگەشتبوو ، ئەوی کورد
خۆی و عەرەب و فارسی ناوچەکە چۆن لەم ئاینە تێگەشتوون کە بە یەکەمی
مرۆڤایەتی ئەچووینرێت؟
ماڵپهڕی کازیوه ساڵح
|