په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٥

جینۆسایدی سایکۆلۆژیی و کلتووریی ئێزدییەکان.


کازیوە ساڵح        

- بەشی دەیەم -

 

زەردەشتیەکان یەکەم کەسن لە مێژوودا کە تۆمەتی شەیتانپەرستیان خستوەتە پاڵ ئێزیدییەکان.


زەردەشتیەکان و ئێزیدیزم:


زەردەشت وەکو هەموو ڕێباز و ئاینەکانی پاش خۆی نەک پێش خۆی سەرەتا ئێزیدی بە کۆمەڵێکی دابڕاو ناحاڵی لە زەردەشتیەت ئاماژە پێداوە. بەڵام ئەمە دروست نییە، ئەگەر واز لە زنجیرەی مێژووش بهێنین، لەگەڵ ئەوەی ئیزیدی و زەردەشتی کۆمەڵێ کلتوری هاوبەشیان هەیە، هەردوو باوەڕییان بە زیندوبوونەوە کۆپیبوونەوەی' تناسخ' ی ڕۆح هەیە پاش مەرگ، واتە کەسێک کە ئەمڕیت ڕۆحی دەچێتە کەسێکەوە کە تازە لە دایک ئەبێت؛ هەردوو وەکو یەک خێر بۆ مردوو پیاوچاکانی زیندوو و مردووی خۆیان ئەکەن، لای هەردوو لا ڕۆژ/هەتاو پیرۆزە. بەڵام جیاواز لە ڕۆژ زەردەشتیەکان ئاگر لە پەرستگە و شوێنە پیرۆزەکانیاندا ئەکەنەوە بە ئاستێک زۆر جار وا لێکدراوەتەوە کە ئاگرپەرەست بن. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو تۆمەتەی زەردەشتیەکان داویانەتە پاڵ ئیزیدی گوایە زەردەشتی هەڵگەڕاوەن ڕاست نییە بەو بەڵگەی لە پاڕاناوەکانیاندا ناوی زۆر هیمای ئاینی و بە تایبەت ئەوانەی مێژوویان هاوتای مێژووی ئێزیدی بووە ئەهێنن، بەڵام هەرگیز ناوی زەردەشتیان نەهێناوە. لەگەڵ هەڵکشانی ئەوانەی نەیانئەویست ببن بە زەردەشتی و مەیلدارییان بە ڕووی پشتگیریکردندا لە ئێزیدی تاوانی شەیتانپەرەستیان ئەخرێتە پاڵ لە ڕێگەی ڕاڤەکردنێکی نازانستی و نا دادوەرەوە...


چەمکی دیڤا 'Diva-Deva' یان دئێڤە گرنگێکی بێ هاوتای لە سەرجەم ئاین و زەپۆشە کلتوری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆن و نوێدا هەبووە و هەیە. دیڤا لە سەرجەم ئاین و ڕێبازەکانی پێش زەردەشتدا بە پیرۆز سەیری کراوە و واتای خوداوەند'Goddess' بووە کە خودا ناگەیەنێت. لە زمانی سنسکریتیدا بەم شێوەیە نووسراوە देव، لای سۆمەری، ئێزیدی، بودیزم، و سەرجەم ئاینەکانی پێش زەردەشت، لای سەرجەم باوەڕ، ئاین و کلتورە نوییەکانی دوای زەردەشتیش هەموو بە خوداوەندی ڕۆحی بەرز، زیاتر ئەژی، بە تواناتر و بەختەوەرترە لە خەڵکی ئاسایی سەیریان کردووە  بۆ نموونە لای بودیزم devatā یان deity لە زمانی سینیدا 天人 لە زمانی مەنگۆلیدا тэнгэр، لە یابانی ten، کۆری cheon و ڤێتنامی thin و لای ئیتالی diva و divo و..تد. Jootla, 1991)،(Doane, 1997 Saghastra لای هەمووان خوداوەندی ڕۆحی بەرزی گەیاندووە.


لە سەدەی هەژدەوە دیڤا بە ژنی گۆرانبێژ ئەوترا کە توانای وتنی ئۆپێرای هەبێت، چونکە سەردەمانێک ئۆپێرا بە خوداوەندی میوزیک دائەنرا و ئەو کەسەشی توانای وتنی ئۆپێرا هەبوایە، وەکو خاوەن توانایەکی سەرو مرۆڤی سروشتی ڵیی ڕوانراوە. ئەمڕۆ بە هەموو هونەرمەندێکی مێینە کە خاوەنی داهێنان و تایبەتمەندێکی جیاواز بێت پێی ئەوترێت دیڤا، بۆ نموونە- دیڤا مادۆنا - بە ژن ئەوترێت چونکە خوداوەندەکانی سەردەمی دیڕین و خوداوەند دیڤا لە کلتوری زۆربەی گەلاندا ژنە. تەنانەت لەو بزووتنەوە ئاینییەی لە ساڵانی ١٩٧٠ کانەوە لە ڕۆژئاوا دروست بوو و پێی ئەوترێت The New Age movement ئاینێکی ڕۆحییە، لە ڕێگەی 'تأمل' بە قوڵی بیرکردنەوە هێزی ڕۆح باڵا ئەکەن. ئەوانیش چەمکی دیڤا پیرۆز سەیر دەکەن بۆ ئەو کەسانە بەکاریدەهێنن لە ڕووی ڕۆحی و تایبەتمەندی و تواناوە لە سەروو سروشتەوەن، بە هێزەکانی سەروو سروشت وێنا ئەکرێت.


لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری دواکەوتوانی زەردەشتیەت کورد بوون، بەڵام زەردەشت یەکەم گورزی کوشندە لە ئەو کوردانە ئەدات کە دوای ڕێبازەکەی ناکەون. لە سەردەمی کۆندا یەکەم کەس ئێزیدی بە 'دئیڤە یەسنا' واتە شەیتانپەرست تاوانبارکرد و چەمکی دیڤای بە Devil شەیتان وەرگێڕاوە زەردەشت بووە. زەردەشتیەکان یەکەم کەسن لە مێژوودا کە تۆمەتی شەیتانپەرستیان خستوەتە پاڵ ئێزیدیەکان و ئەو تاک و کۆمەڵانەی ناوچەکە کە دوای زەردەشت و ڕێبازەکەی نەکەوتن. ئەوانەی بە وەفا بوون بۆ ڕێباز و ئاین و کلتوری خۆیان ڕووبەڕووی سزا و تۆمەتی ناڕەوا بوونەتەوە. زەند ئاڤێستای زەردەشتی کە بە زمانی پەهلەوی نووسراوە 'شیدا' ی بەرانبەر دیڤا داناوە، پاشان بووە بە "شیدات" و "شیدان" . شیدان کۆی وشەی 'شیدا'یە. لە دوایشدا بە پێی گۆڕانکاری لە زمانەکەیاندا گۆڕیویانە بە'دئیڤە یەسنا' و " شەیدا یەزەکی" هەموویان واتە ئەهرێمەن یان شەیتانپەرست.( زەکی، ٢٠٠٠، الجندی، ١٩٩٨). هەر زەردەشتیەکان لە سەرەتاوە بە دێو وەریانگێراوە، وای مەزەندە ئەکەم، لەبەرئەوەی ئێرانییەکان کاتێک بە ئینگلیزی قسە ئەکەن پیتی ('V ڤ)بە 'و' 'W' ئەخوێنێتەوە بە پێچەوانەشەوە پیتی( 'W' و) بە ڤ ''V ئەخوێنێتەوە. لێرەوە دیڤا و بە دیوا و دێو خوێندوەتەوە، چونکە وشەکان لە بنەمادا لاتینین، ئەوەش دەربڕینی زمانەوانی ئێرانییەکان بووە لە ئێستاو و ڕابردوودا. لە زمانی کوردیدا دێو هێمایە بۆ هێزیەکی مەزن یان جەستەیەکی زۆر گەورە، بە سۆرانی ئەڵێین ئەڵێی دێوە ئەوەندە بەهێزە، یان ئەوەندە گەورەیە. دێو لە زمانی ئینگلیزیشدا هەر هەمان مانای وەکو زمانە کوردێکە ئەبەخشێت و پێێ ئەوترێت Monster، بە عەرەبیش دێو ئەکاتە وەحش لە هیچ کام لەم سێ زمانەدا واتای شەیتان نییە، تەنها زەردەشت دێوی بە شەیتان، جنۆکە و ئەهرێمەن ناوزەدکردووە. تا چەند ئەمە پەیوەندی بە ڕەچەڵەکی زمانی پەهلەوییە هەیە شارەزا نیم، بەڵام بە پێی فەلسەفەی زەردەشتی 'ئاهۆرامزدا -یەزدان' شەش سەرباز و جێگری هەبووە، لە ژێر ڕێبەری ئەواندا جیهان بەڕێوە ئەچێت و لە توخمەکانی ئاو، هەوا، ئاگر و خۆڵ گرەنتی پاراستنیان دراوە، هەروەها خوداووەندی شەڕیش کە ناوی ئەهریمەنە ئەویش سەرباز و جێگری هەیە و ناویان 'دی، دئو، دیوات' ئەمانە بەرپرسن لە یاساغکردنی چاکە و کاری خراپە. هەر ئەو ناوەشی لە ئێزیدی ناوە. ئەی. ڤی. ویڵیەم جاکسۆن پسپۆڕی بواری ئاین و پرۆفیسۆری زانکۆی برتش کۆڵمبیاو ئەڵێت 'زۆربەی ئاگرپەرەست و زەردەشتی و گەڵگرانی باوەڕی خورافی ئاینی ئێزدیان مەحکومکرد" (١٨٩٣، جاکسن، لا ١٠) دوا ویستگەی ئەم بڕیارە ئەوەبوو لای زەردەشتی ئاهورامزای دروستکەری ژیانە واتە خودایە لە ڕووی ‌هێماییەوە دوانەکەتوانی ئاینەکەی خۆی بە ئەهرێمەن و دروستکەری مەرگ، واتە هێزی شەڕ و گوناهن.


ئەکرێت وا مەزەەندە بکرێت کێشەی زەردەشت بەرانبەر بە ئێزیدی پەیوەندی بە چیرۆکی خەلیقەوە بووبێت. ئەم بۆچوونە دوو لایەنەیە، لە لایەک ئێزیدی باوەڕی بەوەی ئەوان نەوەی پێغمبەر 'ئیبراهیم خەلیل'ن و ڕەگەزی ڕەسەنی مرۆڤایەتین بەرانبەر بەوەی زەردەشتی خۆی دروستکەر و نووسەرەوەی رێبازەکەیە کێشەی نەوی و باڵای لە نێواندا دروستکردبن و گەشتبێت بە بن بەست. بەڵام وەکو ئەوەی ئیسلام باسی ئەکات گوایە ئەو ئیبلیسەی کوڕنووشی بۆ خودا نەبردووە تاووسی مەلەکی ئێزیدییە پێم وانییە بۆ زەردەشت ریالەستیک بووبێت چونکە ئەو کات ئەو لێکدانەوانە بوونی نەبووە و زەردەشت بەر لە ئیسلام بوونی هەبووە. لە لایەکی دی هەردوولایان باوەڕێیان بە زیندووبوونەوە هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا جیاواز بوون و ئیزدیش ئامادە نەبووە جیاوازییەکانی ئەوان پەسەند بکات و بچێتە سەر ڕێبازی زەردەشتی ئەکرێت بە قوڵبوونەوەی کێشەکان بژمێردرێت.

_________________________________
سەرچاوەکان:
Jackson, A. V. Williams( 1893) Persia Past and Present, Colombia College, New York City
Jootla, S.E. (1988) Inspiration from Enlightened Nuns. Kandy
The Arya Saghastra armaparyaya,ww.sanghatasutra.net/english_translation_final.pdf
رابوون، السويد نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية، (١٩٩٨) الجندي، خليل.
زەکی، محەمەد ئەمین (٢٠٠٠) خوڵاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەرگی یەکەم ١٩٣١، بەرگی دووەم ١٩٣٧.

_________________________________

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/cinosaydis9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/cinosaydis8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/cinosaydis7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/cinosaydis6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/cinosaydis5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/cinosaydis4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/cinosaydis3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/cinosaydis2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/cinosaydis1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک