په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٦

جینۆسایدی سایکۆلۆژیی و کلتووریی ئێزدییەکان.


کازیوە ساڵح        

- بەشی هەژدەم -


دوالیزمی کورد: جینۆسایدی کلتووری ئێزدییەکان:


کلتوور یەکێکە لە گرنگترین سیماکانی مرۆڤایەتی وبەهێزترین کاریگەریش لە سەر مرۆڤ دائەنێت. تەنانەت ئاین بە کاریگەر هەژمارکراوە لە سەر گەورە و بچوکەکانی کۆمەڵ، هێشتا کلتوور کاریگەری لە سەر ئاین هەیە و زۆر ئاین بە لای کلتووردا لادراون. بەڵام لە ڕۆژهەلاتدا بە گشتی خوێندنەوەی کلتووری نەبووە بە دیاردەیەکی باو، جوونکە لە بنەمادا ڕۆژهەڵات کلتووری بە ئەکادیمی نەکردووە هەتا خوێندنەوە و وەرگێڕانی دروست بۆ کلتوور بکرێت. بە تایبەت کورد کە کولتورێکی تێکەڵە وهەمەچەشنەی هەیە و هەرگیز هەوڵی نەداوە خاوەنی کولتورێکی جیاواز بێت لە بکوژ و ناحەزانی لە کەسانی دی ناوچەکە زیاتر وزوتر ئەکەوێتە هەڵەی کولتوری گەورە و بە ڕوپۆشی ئاین ، هەندێ جار ڕەسانەیەتیش بەهانەی تێپەڕاندنی بۆ ئەدۆزێتەوە.


مرۆڤ بە ر لەوەی ببێت بە نووسەرم، بە کەسیەتێکی گشتی، بە مەلا و گقتاربێژ و قسەکەر ئەگەر فێری کلتوری خۆ لە جێگەی ئەوی تر دانان نەبوو واتە هەر لە سەرەتاوە لە ئەلفە بێ مۆراڵ نەگەشتووە، چونکە مۆراڵ لقە لە کلتوور نەک پێچەوانەکەی. خۆ لە جێگەی ئەوی تر دانان واتە بەر لەوەی حوکم بەسەر هەر کەس و مەسەلەیەکدا بدەیت، خۆت بخەیتە جێگەی ئەو ، لە بارودخ و دیدەگەی ئەوەوە لێ بنواڕیت ، دووەم هەر شتێک لە کەسیەک داوا ئەکەیت لە خیدا بیگۆڕیت لە سەرەتادا خۆت بشکنیت بۆ هەمان خاڵ. ئەو مرۆڤەی بەر لە ڕیکخستنی ماڵی پەلاماری ماڵی خەڵک ئەدات لە پەشمەکانی رایکردووە. مەلایەک بە هەموو تینی هاوارئەکات کە ئیزیدی شەیتان پەرەستن، شیاوی کوشتن بە پێی وتەکانی خودا. بەڵام دەست پێکی وتەکانی بە ڕستەیەکی زمانی ڕۆژانەی ئێزیدی دەست پێ ئەکات.


ئێزیدی کە سوێند ئەخۆن ئەڵێن ( وللە و باللە و تاللە ، هەر سێ ناڤیت اللە) ئەمە هەر سوێندەی ڕۆژانە لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان ( دڵنیا نیم لە ناوچەکانی دی) گوێمان لێ ئەبێت لە کلتور و قسەکردنی ڕۆژانەی موسڵماندا بە هەموو عەرەبیشەوە ئەڵێت وللە وە باللە وە تاللە کە هەر سێەکی ناوی خوایە، مەلا کە خۆی بەم شیوە سوێندی خوارد .ئەگەر ئەم سوێندە هەر نەنگی بێت بۆ ئێزیدی ئەوا بۆ سەرجەم گەلی موسڵمان و ناوچەکەش نەنگێکی گەورەترە، بۆ حوکمدەری ئیزیدیش پەڵەیەکی ڕەشە بە نەوچەوانیانەوە.

ئێزیدی لە زەپۆشە ئاینیەکاندا سەما بە دەوری ڕۆناکی و مەزارەکاندا ئەکەن ، ئەمەش لە لایەن زۆربەی ئاینەکانی جیهانەوە ئەنجامدراوە وەکو بودی و سیرلانکی و سینی و ..تد بە ئیسلامیشەوە.بەڵام ئەوەی ئێزیدی لای ڕۆژهەڵاتیەکان بە ئاگر پەرەستی تاوانبار کراوە. ئیسلام بە دەوری مەرقەد کاندا ، دەروێشەکان و زۆر جار کەسانی ئاسایش هەمان زەپۆش جێ بە جێ ئەکەن. جگە لەوەی لە نەورۆزدا کورد ئاگری کردوەتەوە و بە دەوریدا سەمایان کردووە. کورد هەتا دەیەک بەر لە ئێستاش بەرەو ڕووی ئاگری بابە گوڕ گوڕ وتویەتی:
باوە گوڕ گوڕ
هاتم بە گوڕ
هاتم بۆ کوڕ


داوای مناڵبوونی لیکردووە و لەوەش زیاتر داوای دەستنیشانکردنی ڕەگەزی لێکردوە، داوای کوڕی لێکردووە و خۆشی بە ئاگر پەرەست نەزانیوە، بە هۆی نەخوێندەواری و تێنەگەشتن لە سروشتی زەوی وهەبوونی نەوت لە ژێر زەویدا پێی وابووە ئەوە نورە، نوریش واتە یەزدان. واتە ئەو کلتورە کۆنەی ڕۆژ پەرەستی لە کولتوری کوریدیدا جەقی بەستووە لە کۆنەستی هەموواندایە بەڵام لە فۆمی دیدا . سەمای ئێزدییەکان لە سەر ئەو باوەڕە بووە کە هەموو نورێک میهرەبانی خوداوەند . بە تایبەت لە شەواندا کە پێیان وابووە دەرگای ئاسمان داخراوە و پاڕانەوەی کردنەوەی بە سەما سازدراوە. ئەم کلتورە لای ئیسلام لە مانگیراندا گەینراوە بە ئاستی زیادەڕووی تەپڵ لێدان و سرود وتن و سەمای دەروێشانە گوایە ئەو زەپۆش و سەماکردنە ڕووی مانگدەرئەخاتەوە. هەروەها لە زۆپۆشی دەوێشەکان و بۆنە ئاینیەکان وەکو مولودننامە. ئەگەر وەکو مرۆڤی دروست سەیری ئەو دوو ئەناڵەجێ هەردوو لایان بکەین، هەموو ئاین و مرۆڤێک دروست ئەوەی پەسەندە کە هەموو نورێک نوری خوادای بووە ، بەڵام هیچ هیچ مرۆڤێکی دروست ئەوەی پەسەند نیە داپۆشینی ڕووی مانگ کە کێشەی سروشتە بە سەما و تەپڵ لێدان چارەسەر بکرێت. کەواتە ئیسلامی کوردی چۆن یەک زەپۆشی بۆ ئێزیدی پێ هەو ناکرێت بەڵام خۆی جەندینی هاوشێوە ئەنجام ئەدات.

سەری ساڵی ئێزیدی یەکەم چوارشەمەی مانگی چوارە، لە ساڵی ٢٠١٣ شەوە ئەم ساڵی نوێی ئێزیدیە بووە بە پشووی فەرمی لە کوردستاند. بە پێی میتۆلۆجیای ئیزیدی لەو ڕۆژەدا تاووسی مەلیک لە دایک بووە . ئەوان پێیان وایە لە ڕۆژی لە دایک بوونیدا تاووسی مەلیک دێتە ناو گەلەکەی و خێروبەرەکەت بە سەریاندا ئەبارێنێت ( جوندی، ١٩٩٨، سەیری ئەم سەرچاوەیەش بکە خدر١٩٨٥.


کورد و موسڵمانی ڕۆژهەڵات بە گشتی لە ڕۆژی چوارشەماندا ئەچێتە سەر قەبر و مەزاری ئەوانەی خۆی پێیان ئەڵێین پیاو چاکان، بۆ داواکاری و خێرو بەرەکەتەی کە ئێزیدی تەنها لە یەک کارکتەری داوا ئەکات . موسڵمان لە هەزاران کارەکتەری خۆکرد هەمان داوای ئەوان و لە هەمان ڕۆژەکەی ئەواندا بەرزئەکاتەوە. بۆ کێ؟ کە ئەو کارەکتەر و مەزارانە هیچی خوداوەند نیە و خوداش پێویستی بە واسیتە و نێونداری نییە و بە پێێ بوچوونی موسڵمان و هەموو ئاینەکان خودا لە هەموو شوێنێکدا لە گەڵ مرۆڤدایە . بەڵام مرۆڤی موسڵمان ئەچیتە سەر قەبری کەسیەکی مردوو کە ئەکرێت ئەوی میوان لە کەسی مردوو مێژوویەکی پاکتری هەبێت بە پێی پرەنسیپەکانی ئاینی ئیسلام بۆ پاک بوون . ئێزیدیەکان لە ڕۆژانی چوارشەمە و هەینی مۆم و ڕۆناکی یان ئاگری پیرۆز لە ماڵ و مەزارەکانیاندا دائەگیرسێنن. موسڵمان لە ڕۆژی چوارشەماندا هەمان ڕۆناکی دەباتە مەزارەگەکان و لەو ڕۆژە دەروازەکانی کراوە ئەبێت بۆ خەڵک و لە ڕۆژی هەینیشدا سەردانی مزگەوت ئەکات بۆ خوا پەرستی و سەردانی سەر قەبران ئازیزانی ئاکات ، هەندێ کەس لە ڕۆژی چوارشەمانیشدا سەردانی مردووەکانی ئەکات و پێیان وایە لە ڕۆژانی پیرۆزدا مردووەکان ئەتوانن بیانبین .ئێزیدی بەم ڕۆژە ئەڵێت چوارشەمەی سوور و لەم ڕۆژەدا لە هەموو شت دوو ئەکەوننەوە و تەرخانی ئەکەن بۆ پاڕانەوە. لێرەوە کورد لە کلتوری میللیدا ئەڵێت:
چوارشەمانی سور، نە سەفەر ، نە بار ، بە بوکی تیا ئەکرێت سوار.


. نە سەفرە بکە، نە مال بگۆێزەوە و نە هاوسەرگیری تیا بکە. چوون ڕۆژی پاڕانەوەیە و کردنی هەر شتێکی دی جگە لە پاڕانەوە ئەگری ناپیرۆزی و خێر پێوە نەهاتنی ئەو کارە ئەکات. ئەمەش هەر کۆپیکردنی کلتووری ئێزیدیە، مەرجیش نیە ئەوان لەکوردی موسڵمانیان وەرگرتبێت، بەو بەڵگە، کوردی موسڵمان خۆیان لە بوونی ئەو کلتوورە بێ ئاگان..


مەلا محەمەدی كۆیی (١٨٧٦ - ١٩٤٣) ناسراو بەمەلای گەورە، زانا و ڕاڤەكاری قورئان و چاكساز و ڕەخنەگری سەردەمی خۆبووە. لە بارەی هاتووچووی ژنان بۆ سەر گۆڕی چاك و پیران دەڵێت:بە (عمووم)ی لە وڵاتی ئێمە چەند چاك و پیر هەن: (ئۆمەرمەندان، خاڵخاڵان، مامۆستا كەرەم، چاكی زایەری، مەلا مرادی، چنارۆك، حاجی ڕەسوول). ژنان بۆ ئاوس بوون دەچنە سەریان زیارەتیان دەكەن، گسك و جەرگوناو و درك و سەروپێیان بۆ دەكەنە خێر. بۆ (حاجی ڕەسووڵ) شەرتە ژنەكە لە دوور دابەزێت، بەبێ‌ دەرپێ‌ ڕوو لە (مەڕقەد) بكات و بە غار بچێ‌ و بڵێ‌: (حاجی ڕەسووڵ لە گوڕ هاتم، بۆ كوڕ هاتم). بەعزێكیان دەبێ‌ ژنەكە حەوتجار بەولا و بەولای قەبرەكە (سەفا)،بە لینگی رووت بازدا. ئینجا ئەگەر ئاوس بوو كوڕی بوو، دەڵێ‌: ئەو زاتە پێی كەرەم كردیمە، ئەگەر زێدە موسڵمان بێ‌ دەڵێ‌: "خوا بە تكای ئەو زاتە موبارەكە پێی بەخشیوین"( عەبدوڵا، ٢٠١٣) ئەگەر بۆ بەراورد بە دنیای ئەمڕۆ لە سلێمانیش سەردانێکی حاجی کاکە ئەحمەدی شێخ ومەزاری شێخ مەعروفی نودێ بکەیت ، ئەو کلتوری کویلەیەتی مرۆڤ مەلا مەحمەد لە چلەکاندا باسی کردووە هێشتای ئامادەیی بەهێزی هەیە لە نێو کۆمەڵگەی کوردی و موسڵماندا. تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا کە بە گوگڵکردنی زۆرترین سەرچاوەوە و زانیاریت لە سەر هەر بابەێک دەست ئەکەوێت،هێشتا خەڵک دەچێتە لای مەلای ساختە بۆ ئەوەی دەرمان بۆ نەخۆشیەکانی بنووسێت.


لە حەڤدە زنجیرەی ڕابردووەوە تا ئێستا بە ڕوونی دیارە ئەوەی هەتا ئێستا موسڵمان و کورد بە نەنگی و پەشمە بە سەر ئێزیدیدا سەپاندوویانە، خۆیان تێدا بەهرەدار و داهێنەرن. ئەگەر بۆ ساتێک لە دوالیزمی کردار و ویژدان لابدەن تێئەگەن ئەزانیت کولتوری ئیزیدیانە جینۆسایدکردووە و وەرگرتووە پاشان ئالوودە کردوە بە تووندوڕەوی و زیادەڕەوی..


بۆ موسڵمان ئەمە جێگەی تێرامان نیە، بەڵام بۆ کورد پێوسیتە یان هەست بەم دوالیزمەی خۆی بکات و ئاکار و گوتاری بکوژانی ئێزیدی و کورد بەرهەم نەهێنێتەوە، یان واز لەو بەشە میراتە بهێنێت کە لە رەسەنایتەی خۆییەوە بۆی ماوەتەوە و ئەو ڕەسەنایەتیش ئێزیدی و ئێزیدیزمە.
______________________________
سەرچاوەکان:
رابوون، (السويد نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية، ( ١٩٩٨) الجندي، خليل).
عەبدوڵا، حەیدەر (٢٠١٣) ، دەربارەی مەلای گەورە، ژمارە (٦)ی گۆڤاری (لەیلا قاسم - لەیلا زانا)ە ١-٦-٢٠١٣.

_________________________________

بەشی هەڤدەم: www.emrro.com/cinosaydis17.htm

بەشی شازدەم: www.emrro.com/cinosaydis16.htm

بەشی پازدەم: www.emrro.com/cinosaidis15.htm

بەشی چواردەم: www.emrro.com/cinosaydis14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/cinosaydis13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/cinosaydis12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/cinosaydis11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/cinosaydis10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/cinosaydis9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/cinosaydis8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/cinosaydis7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/cinosaydis6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/cinosaydis5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/cinosaydis4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/cinosaydis3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/cinosaydis2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/cinosaydis1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح


 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک