په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٥

جینۆسایدی سایکۆلۆژیی و کلتووریی ئێزدییەکان.


کازیوە ساڵح        

- بەشی چوارەم -

کورد یەکەم نەتەوەیە کە کولتووری فرەخواوەندیی گۆڕیوە بۆ یەک خودایی.
لە کولتووری ئێزیدا پاکوخاوێنی و پۆشاکی سپی پۆشین گرنگییەکی زۆری هەیە.


ئێزیدی وشەیەکی ئاری یە واتای یەزدان ئەکات، لە هەزارەی سێهەمی پێش زایین بوونی هەبووە و یەکێک لە کۆنترین ئاینەکانی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی گەورەدا.


ئێزیدی چی یە؟


لە یەکێک لە لێکۆڵینەوە مێژوویەکاندا سەبارەت بە زمانی سۆمەری و کلدانی و ئاشووری لە سەر یەکێک لە لەوحەکانیان وشەی ئێزیدی بە پیتی مزماری و لە سەردەمی سۆمەریدا نووسراوە کە کۆنترین شارستانیەتی مرۆڤایەتیەیە.

ئەم تەختەیە لە لایەن دکتۆر خەلیل جوندیەوە (١٩٩٨) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی ' نحو حقیقة الدیانة الایزیدیة" بڵاوبووەتەوە ' ئێ زی دی 'بە زمانی ئاسۆری و کلدانی واتە ' ئەچینە جێی حەق' لە زمانی کوردیدا کە کەسێک ئەمرێت ئەڵێن گەڕاوەتەوە شوێنی حەقی خۆی، واتە ئەوەی ئەوترێت کلتوری مرۆڤی کۆن و پێش ئیسلامە. لە کلتوری ئێزیدا واتای ڕۆحی خێر و بێگەرد ئەگەیەنێت. ئەو کەسانەی لە سەر ڕێگەی راستن و بێگەردن . هەر لەم ڕوانگەیەوە لە کلتوری ئێزیدا پاک و خاوێنی و پۆشاکی سپی پۆشین گرنگیەکی زۆری هەیە و خۆیان لە سیکیسی دەرەوەی خێزان ئەپارێزن چوون باوەڕیان وایە ئەوان ئەبێت بێگەردی ڕۆح و جەستە و لایەنی ناوەکی و دەرەکی خۆیان بپارێزن..


چەمکی ئیزیدی لە سەرجەم زمانە کۆنەکاندا بە واتایەکی پیرۆز هاتووە، زۆربەی لێکۆڵەران کۆکن لە سەر ئەوەی ئێزد Ized ڕەگی پێهاتەی ئێزیدیەو لە زمانی سەنسکرێتیدا بە Yajata هاتووە ، واتە خوداوەند ، لە زمانی پەهلەویدا بە Yazd هاتووە واتە شایانی پەرستن. لە زمانی ئاڤێستادا بە Yazata هاتووە واتە خودا . لە زمانی ئاریدا کە زمانی کوردی پێک ئەهێنێت و زمانی ئێزیدی بووە بە Yazdani و Yazdan هاتووە کە واتای یەزدان ئەکات(Rashow،2001، Menzel،1938) نەک شەیتان . هەتا ئێرە و لە سەرجەم زمناەکاندا ئێزیدی پیرۆزترین واتای بەخشیوە و ئێزیدی واتە مرۆڤی یەزدانی یان خودا پەرەست. یەزدانیش وشەیەکی ئاریە نەک ئێرانی. ئاری یان ئارامیش زمانی یەکەمی کوردە.


کۆمەڵێ سەرچاوەی مێژووی لەوانە (1987 Guest، الجندی. ١٩٩٨) لە سەر ئەوە کۆکن کە ئایدیای تاک خودایی بۆ یەکەم جار لە لایەن ئێزدییەوە هاتوەتە ئاراوە و لە ئمپراتۆری میدیادا پەراکتیک کراوە و واتە ، کورد یەکەم نەتەوەیە کە کلتورە فرە خواوەندی گۆڕیوە بۆ تاک پەرستی و یەک خودایی . ئێزیدیەکان پێیان وایە خودا لە هەموو شتێکدا هەیە و ئەو بنەمای سەرجەم دروستکراوەکانی کەونە. ئەوان کاتێک ڕۆژ و مانگ و ڕۆناکی پیرۆز ئەکەن لە ڕوانگەیەوە کە بە ڕۆحی خودا پیرۆز کراوەو دروستکراوە. یەک خودا و حەوت فریشتەیان هەیە . ئەکرێت ئیسلام ئەمەیان لە ئێزیدی وەرگرتبێت ، چوون ئەوان بەر لە ئیسلام بوونیان هەبووە. هەروەها لە ناو ئێزدیەکاندا دوازدە گروپی ڕۆحانی هەیە. ئەم جۆرە گروپە ڕۆحانیانە لە ئاینەکانی بودی وئیسلام، مەسیحی و جولەکەشدا بوونی هەیە و لە دوایدا دێمەوە سەری. ئێزیدی پێک هاتووە لە شێخ و پیر و مورید. هۆزە سەرەکیەکانیان لە ئادانی ، شەمسانی، قاتانی و پیر پێک هاتووە . تەنها لە ناو خۆیاندا هاوسەرگیری ئەکەن نەک تەنها بە هۆی ئاینەکەیانەوە ، بەڵکو لە ڕووی کلتوریشەوە تەنانەت هەندێ لەو خێزانە ناوبراوانەش لە گەڵ هۆزێکی دی ئێزیدی هاوسەرگیری ناکەن، ئەمەش تەناه پەیوەندی هەیە بە شیوازی پراکتیزی باوەڕەکەیانەوە یان کلتوری ڕێبازەکەیان.

 
بە پێی لێکۆڵینەوەی لێکۆڵیاری ئەڵمانی لۆڤەری نابۆ و ساغکردنەوەی لە لایەن جوندییەوە ئاینی ئێزیدی لە هەزارەی سێهەمی پێش زایین بوونی هەبووە و یەکێک لە کۆنترین ئاینەکانی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی گەورەدا . هەر هەمان سەرچاوە جەخت لە سەر سێ گەورەترین خواوەند ئەکات لە ڕێبازی ئێزیددا، ئەوانیش خوداوندی ڕۆژ یان هەتاو ( لە زمانی کوردیدا هەردوو وشە بەکاردەهێنرێت) کە لە زمانی سۆمەریدا بە دینگرئۆتۆ لە زمانی بابلیدا بە شەماس هاتووە کە هەمان مانای هەیە . ئەم شەمسە لای ئێزدی ناوی ئانانا یان میترای خوداوەندی دایک یان دایکە گەورە. خوداەندی دووەهم " شێخ سن " بووە خوداوەندی مانگ لە زەمانی میسۆپۆتامیاشدا بوونی هەبووە و بە زمانی ئەوان پێێ وتراوە " ناتا" . بەڵام لای بابلیەکان "سین" خواوەندی پیتاندن بووە لای ژنان. سێهەم " شێخ ئادی" یە خوداوەندی باران و خێر و بەرەکەت. ئەم شێخ ئادی یە لای عەرەبکراوە بە شێخ هادی هەندی جار بەڵام وەکو پێشتر باسم کرد خۆی لە بنەمادا خەڵکی لوبنانە وناوی ' عدی' واتە ناوی عەرەبی هەبووە ئەگەر خۆشی عەرەب نەبووبێت. پێویستە ئەوەمان لا ڕوون بێت کە خواوەند مانای خودا ناگەیەنێت، چوون خودا God ئەکات کە یەزدانە ، خواوەندیش Goddess ئەکات کە مرۆڤ خۆی دروستی کردووە یان ناوی لێ ناوە بۆ نموونە خودای جوانی تا ئێستاش لە زمانی ڕۆژانە و شیعریدا بەکار ئەهێنرێت . ئەمەیان چواندنە بە هێزیەکی تایبەت و یان تایبەتمەندێکی جیاواز.


کەواتە ئێزیدی و واتای ئێزیدی فارسی و عەرەبی نییە، دابڕاوی ئیسلام نییە، هیچ پەیوەندیەکی بە ئاینی ئیسلامەوە نییە و ئاینی ئیسلام ئەو ئاینەیە بە درێژایی مێژوو ئێزیدی جینۆساید کردووە. هەر لە بەر ئەوەش پەیوەندی بە ئیسلامەوە معاویە و ئەمەویەکانەوە نییە ، کوشتنی حوسینیش جگە لە وەهمێکی ئیسلامی لە سەر زەوی راستی بوونی نییە. لەوەش زیاتر "پەیوەست بوون بە یەکتاپەرستی پرەنسیپێکە ئێزیدی سازشی لە سەر ناکات. لای ئەوان خودا یەک تاکەو هاوبەشێکی نییە. ئەو خودا و دروستکاری فریشتە و مرۆڤ و سروشت و هەموو بووەکانیەتی. بۆیە بانگی ئەکەن ' خا' یان {یەزدان} ‌کە ناوی خۆشییان لێ وەرگرتووە." (عبود، ٢٠٠٥). کەواتە خودای ئێزیدیەکان جیاواز نییە لە خودای سەرجەم مرۆڤەکانی سەر زەوی، ئەوانیش وەکو هەموو مرۆڤەکان بۆ نموونە بابلیەکان ، میسری کۆن خوداوەندیان دروست کردووە بۆ کێشە جیاوازەکانی ژیانی خۆیان ، شتێکی دەرەوەی کلتوری مرۆڤایەتی نەکردووە. کەواتە ئایە بۆچی تەنها ئێزیدی هەتا ئەمڕۆش پێیان ڕەوا نابینرێت وەکو مرۆڤەکانی سەردەمی خۆیان خاوەنی هەمان مێژوو بن؟ ئایە بۆچی ئێزیدی و مرۆڤ بە گشتی پێویستی بەوە هەبوو خواوەند دروست بکات؟

_________________________________
سەرچاوەکان:
Menze، Theodor l; Yazidi، Encylopedia of Islam، London IV، p- 1164 a، Leiden) 1913-1938) Used by Rashow، Khalil J. (2001)
Rashow، Khalil J. (2001) An Introduction into Yezidi Religion History، Göttingen Universit. Lecture to : The Centre of Asia and Africa Study in Kiel University (ZAAS ) at 27.6.2001
الجندی، خلیل (١٩٩٨) نحو معرفة حقیقة الدیانة الایزیدیة، رابوون، السوید.
عبود، زهیر کاظم (٢٠٠٥) عدی بن مسافر: مجدد الدیانە الدیانة الایزیدیة، موسسة الدراسات العربیة، بیروت، لبنان.

_________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/cinosaydis3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/cinosaydis2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/cinosaydis1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک