په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٥

جینۆسایدی سایکۆلۆژیی و کلتووریی ئێزدییەکان.


کازیوە ساڵح        

- بەشی هەفتەم -

پەیوەندی نێوان ''تاووسی مەلیک و عەشتار''.

لە متۆلۆجیادا ئێزیدیدا تاووس گرنگرتین هێمای ڕێباز و بوونیەتی.لە گەڵ هەموو نەهامەتی و توندتیژی و لەناوبردن و جینۆسایدانەی ئێزیدی ڕووبەڕووی بووەتەوە هێشتا سووربوون لە سەر ئەوەی پابەندی پراکتیزکردنی زەپۆشی تاوسەکەیان بن ، ئەمەش لە بۆشاییەوە سەری هەڵنداوە و پیەویستی بە لێکۆڵینەوە وتێڕوانین و ڕاڤەکردنی دروست هەیە. چونکە تاووسی مەلیک لای ئێزیدی ئاژەڵێک نیە بۆ جوانی یان پەرەستن ڕاگیرابێت وەکو دەیان نەژادی زیندووی سەر زەوی کە ئاژەلی جۆراوجۆر دەپەرەستن. تاووس تەنها پەیکەرێکی زیو یان تەنەکە نیە بۆ سەیرکردن، تاواندانە پاڵی گەمژانەی مرۆڤگەلێکی میگەلی کە قسە ئەکات لە پێناوی کوشتن یان لە پێناوی قسەدا، بە بێ بوونی ئامانجێکی ئەریتەتی.


نیازم لە باسکردنی شارستانیەتی سۆمەری و خوداوەندی دایک عەشتار و دوو شتە سەر سوڕەهێنەرەکانی جیهان باخچە هەڵواسراوەکانی بابل و دەروازەی عەشتار لە بەشی رابردوودا باسکردنە لە شوناسی کورد و تایبمەندی ئێزیدی لەو شارستانیەتانەدا.ئەم شارستانیەتە و شارستانیەتەکانی میسری کۆن و ماد و میزۆپۆتامیا لە ژێر شمشیری و عەرەب و ئاینەکەیدا و پاشان شمشیری عوسمانی و تورک ئاینەکەیاندا لە ناوچوون . ئەمڕۆ بکوژانی کاتێک باسی شارستانیەتی بابل ئەکەن بە شارستانیەتی عەرەبی و ئیسلامی و پاشان ڕۆژهەڵاتی ناوزەدی ئەکەن. جێخستنی عەقڵێکی شۆڤینی بۆ بەشە زیندوەکانی کەرتیکی مێژوو وئەتکردنی ئەو بەشە تەنها لەوێدا کۆتایی نایەت کە عەرەب و فارس و تورک دەبێت بە میراتگری ، بەڵکو لەوێشدا کە بەشێک لە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەم شارستانیەتە وەکو کورد هەتا ئەمڕۆش نکولی لە بوونیان ئەکرێت لەو مێژووەدا نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتدا بەڵکو ڕەفەی ئەکادیمیا دنیا بەتاڵە لەو ڕاستی یە.


کورد ماوەیەکی زۆر نیە ژمارەیەکی کەمی لێکۆڵەرەکانی گفتووگۆ نووسین لە سەر ڕەگەزی وکورد وەکو نەتەوەیەکی ئاری و بەشداریکردنی شارستانی وەکو ماد بەرهەم ئەهێنن. ژمارەیەکی ئەمانەش هێندە بە تاسەوە کورد و زمانەکەیان لکاندووە بە ئێران و هندۆ ئێرانی لە بری هیندۆ ئەوروپی ، پێت وابێت ئەستێرەی بەختی کورد لە ئاسمانی ئێراندا نەبێت ڕەش ئەچێتەوە. هەندێکیشیان هەژماری مێژووی کورد لە مادەکانەوە ئەژمێرن ، لە کاتێکدا دەولەت و سارشتانیەتی ماد پاش دۆزینەوەی کشتوکاڵ و شۆڕشی سەردەمی کشتوکاڵی بووە . کورد زۆر بەر لەو مێژووە ەنک تەنها دۆزەرەوەی کشتوکاڵ بووە ، لە سەردەمی ژنسالاری پشکی هەبووە لە شارستانیەتەکانی ئەو کاتەدا و لە سەردەمی خوداوەندەکاندا خوداوەندەکەی کورد، خوداوەندی خوداوەندەکان بووە ئەو خوداوەندەش تاوسی مەلیک بووە. بۆ نموونە دایکە خودای کورد کە وێنای عەشتار بووە ، وەکو پێشتر باسم کرد لە گەڵ بوونی عەشتاردا هەموو نەتەوەکانی ئەو کاتە وێنایەکی عەشتاریان بۆ خۆیان دروستکرد و بە پێێ کلتور و ناوی گونجاو لە گەڵ نەژادی خۆیاندا ناویان ناوە . کوردیش هەتا ئێستا پەیکەرئ ئەم دایکە خواوەندەی پاراستووە ، دایکە میدرا تەنانەت لە سەردەمی مادەکانیشدا پەرستراوە. چونکە خواوەندی رۆژ و رووناکی و میهرەبانی بووە . لای میسری کۆنیش کە بە ' ڕا' ( عەرەبەکان ئەم ' ڕا' یان گۆڕیوە بە راع ، بەڵام من بە دروستی نازانم ،چوون لە زمانی کۆنی میسریدا ڕا بووە) ناوی هاتووە بە هەمان مەبەست پەرستراوە. لەو سۆنگەی میدەکان و میزۆپۆتامیاش ڕۆژ پەرست بوون سەرجەم دایکە میترایان پەرستووە . بە هەردوو لا واتە کورد ومیسری کۆن ناوی ' مید واتە میدیای یان ماد لە گەڵ ' را ی میسرەکاندا لێکداوەو کردوویانە بە میدرا، پاشان بە هۆی ئاسانی لە سەر زمان هەندێک پێی ئەڵێت مێترا هەردوو پەیكەری میدرا و ئەناهیتا لە كرماشان تا ئێستا پارێزراوە. مێژووی ئەم ئاینەش ئێجگار کۆنترە لە هەموو سەرجەم ئاینەکانی ڕۆژهەڵات.


ڕێورەسمی میترا لە سەردەمی زەردەشتیەکاندا دەگۆڕێت، زەردەشت باوەڕێک ئەبێت ئێجگار دژ بە ئێزیدی ، هەر ئەویش ناویان ئەنێت شەیتان پەرست ، لە بەشێکی دیدا دێمەوە سەر ئەم بابەتە ، گرنگە لام بڵێم لە بەر ئەوەی میترا لە تاوس دابڕن، هاتن میترایان لە خوداوەندی کورد دابڕی وەکو خوداوەندی پارس زەردەشتیەکان ناساندیان و ڕێبازی (Mithraism)یان بۆ دا داهێناوە، ئاهەنگیان بە ناوی میهرەجان بۆ گێراوە و لەوێوە وشەی میهرەجانی عەرەبی و فارسی وەگیراوە. لە الملل و النحل ی شهرستانی ( ٥٤٨ -٤٧٩ ک) دا ئەم فارسە نا شارستانیە ئەڵێت ئێزیدیەکان هەموو ساڵێک لە شەوێکی تایبەتدا کە پێی ئەڵێن شەوی ڕەش ژن و پیاو تێکەڵ ئەبن و هەموو ڕوناکیەک ئەکوژێننەوە و ئەخونەوە و سەما ئەکەن و کاری ' فواحش' ئەکەن. درێژەی ئەداتێ گوایە تایفەی ئێزیدی یەهودی و مەسیچی و ئیسلامی هەڵگەڕاوەیان تێکەڵ بووە لە سەر ڕێگەی دەرچوون و لە خراپەکاریەکانیان بەردەوامن (شهرستانی، ١٩٩٣ ) جگە لەوەی چەساندنەوەی ئێزیدی لە سەر ئەو بنەمایە درێژەی کێشاوە کە هیچ کەسێک پەسەند ناکەن لە دایک وباوکێکی ئێزیدی نەبێت ببێت بە هەڵگری ئاینەکەیان و قەدەغەیە هیچ ئاین و کەسێەکی دییان تێکەڵ بێت لە هەردوو رووی ئاینی و کلتوری وەکو هاوسەرگیری، ئەمەش کە شێخی ئێرانیان دەیخاتە پاڵ کورد و ئێزیدی خەونی فارسی و عەرەبی بوون و لە سەردەمی خومەینیەوە لە ئێران و لە سەردەمی داعشدا لە ڕۆژهەڵات هاتوونەتە دی.هیچ کات ئەو وتراوە لە خەونی کوردی و ئێزیدا جێگەی نەبووتەوە و کورد بەردەوام غەمی ئازادی و خۆ پاراستن خەونی ژیانی لە باردبردووە. هەر ئەم شەوەی ئەم پیاوەی لای فارس و ئیسلامی بە 'عەلامە' ناسراوەو بە شەوی داوێن پیسی و دەرچوون ناوزەدی کردووە ، خۆیان واتە فارسەکان شەوی یەڵداشیان کردووە بە کلتوری خۆیان ، بەڵام فارسەکان لە بەر ئەوەی بە شەوی شووم سەیری ئەکەن ناوێرن بە تەنها دانیشن و ژن و پیاوەکان کۆ ئەبنەوە بە کۆمەڵ دائەنیشن بۆ شەوێک لە بنەمادا شەوی لە دایک بوونی خوداوەندی کورد میدرا- میترایە ،کە ڕۆژی لە دایک بوونی خۆر یان ڕۆژیشی گەیاندووە. لە گەڵ ئەوەی ئێرانیەکانیش ئاری و ڕۆژ پەرەست بوون دەبوو بە شیوەیەک باسی ئەم شەوە بکەن کە هی هەموو نەتەوە ڕۆژ پەرەستەکان بووبێت، نەک تەنانەت ئەوانەشیان کە بە ڕێبەری ئاینی و دەوڵەتی ناسراون بانێک و دوو هەوا بکەن بە ئامانج و بۆ کورد و ئێزیدی ناوی فاحیشەکردن بێت و بۆ خۆیان کلتور و نەرێت و نۆژنکردنەوەی مێژوویەک بگەیەنێت کە شانازییان پێوە کردووە. وشەی یەڵدا وشەیەکی لە بنەڕەتدا سۆمەرێ و واتە جەژنی لە دایک بوون. کە دیارە لە دایک بوونی میدرا لە دایکی بوونی عەشتار و ئەو خوداوەندانەی دیشی گەیاندووە کە نەژادەکانی لە دی لە سەر بنەمای بوونی کۆپێکی عەشتار بۆ خۆیانیان دروست کردووە. سومەریەکان و کوردیش ئەم شەوەیان بە ئومێدەوە سەیر نەکردووە، چونکە دوا شەوی پایز و یەکەم شەوی زستان بووە، ئەو وەرزەی گەیاندووە کە کشتوکاڵ ودەغڵ و دانی بە تەواوی تیا ئەمرێت، جگە لەوەی ئەوان ڕۆژ پەرست بوون ، ئیتر وەرزی ڕۆژگاری کورت و شەوگاری درێژ و تاریکی گەیاندووە. بەڵام فارسەکان هەندێکیان لەم کلتورە گۆڕیوە و بە شەوی شووم سەیری ئەکەن، ئەترسن لە روودانی شتی خراپ بۆیە لەم شەوەدا لە بە کۆمەڵ لە دەوری یەک کۆئەبنەوە و ئاگر ئەکەنەوە بۆ ئەوەی پاڵ بە شومی تاریکی ئەم شەوەو بنین و تد. کە لە بنەڕتدا ئەم ئاهەنگانە هەمووی بۆ جەژنی لە دایک بوونی دایکی تاووسی مەلیکە.

_________________________________
سەرچاوەکان:

Ulansey, David (1991). Origins of the Mithraic Mysteries. New York: Oxford UP.
Mackenzie, Donald ( 1915) Myths of Babylonia and Assyria, London, Gresham.

شهرستانی، ابی فتح محمد بن عبدالکریم بن ابی بکر احمد (١٩٩٣) الملل والنحل ، تحقیق امیر علی مهنا، علی حسن فاعود، دار المعرفە ، بیروت، لبنان.

_________________________________

بەشی شەشەم: www.emrro.com/cinosaydis6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/cinosaydis5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/cinosaydis4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/cinosaydis3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/cinosaydis2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/cinosaydis1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک