په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠٢٢

جینۆساید تاوانێکە ھەر بکەرانی نا، ئۆباڵێکە لە ئەستۆی ھەموو جیھانیان!


ئەرسەلان مەحمود    


١٤ی٤ ڕەشترین ڕۆژە لەدیرۆکی کوردو مرۆڤایەتیدا، ئەو ڕۆژەیە ێەدام و ڕژێمە فاشیستەکەی، ٣٤ ساڵ واتا ٤٠٨ مانگ لەمەوبەر (١٩٨٨) بەئامانجی پاکتاوی ڕەگەزی کوردو سڕینەوەی ناسنامە نیشتمانییەکەی، دەستیکرد بەئەنفالکردنی کوردو پرۆسە بەدناوەکەشی بە٨ قۆناغ لەبەرچاوی دونیا، بێشەرمانە جێبەجێکرد!!

ئەو ٨ ھەڵمەتە سەربازییە جاش و جەیش بەشداریپێکراوە دڕندانەیەی حکومەتی بەعسی عیراقی، ئاکامەکەی، وێڕای ڕاپێچکردن و دواتر زیندوو بەچاڵکردنی زیاتر لەسەد ھەزار ژن و منداڵ و مرۆڤی بێ تاوانی کورد، وێرانکردنی ھەزارەھا گوندو دەیان شارو شارۆچکەو تەرحیل و تەبعیس و کیماباران بوو بەبەرچاوی دەوڵەتانی دونیاوە!!

جیھانیان و نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتە فشەکەرە درۆزنە بەناو پارێزەرەکانی مافی مرۆڤ، ئەگەر لەویژدان و بەمۆڕاڵ کەڕو کوێرو لاڵ نەبوونایە، ئەوێڕۆژێ و ١٤/٤ ی ھەموو ساڵێ، کوردیان تەنھا نەدەکردو نەک ھەر وەک یادی ئەنفالکرانی میللەتێک بەڵکە وەک زیندو کردنەوەی ڕۆژی جیھانی جینۆساید لەیادگەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، بەشداری و چالاکی ھەمە جۆری دژبەریان دەکردو ئەنجام ئەدا!!

ئەنفال وەک واتاو چەمک، لەبنەڕەتدا ئایینییە، ناوی یەکێک لەسوورەتەکانی "قورئان"ـەو ئەگەر ھەڵە نەبم بەمانای "خەجاڵەتی" دێ، لێرەدا پرسیارێک ھەیە، ئەگەر جینۆسایدی گەلی ئەرمەن و جینۆسایدی کوردو جینۆسایدی ساڵی ٢٠١٤ بەراورد بکەی، راستیەکی سەیرت بۆ دەردەکەوێ، ئەنجامدەرانی ھەرسێک جینۆسایدەکە چ ئاینی و چ عەلمانی، ئاینێکی دیاریکراویان بەکارھێناوە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا ئامانج لەھەردو بەرەکەدا، ھەر بەکاربردن بووە لەپێناو ڕەوایەتی پێدان و بەیاسایی کردنی تاوانەکان یان ڕێکەوت و چی؟!

ئەوەی ڕونە، ھۆکاری ڕاپێچکردنی منداڵەکانەو ئامانجەکەی کورت و پوخت ڕیشە کێشکردنی شاھیدە بەسەر تاوانەکەوە، بەڵام بێگومان و بەدڵنیاییەوە پرسیارەکە وڵامێک ھەڵناگرێ ھەروا سادەو ئاسایی و سۆزەکی و سەرچیخ چوو، چونکە بەھەردو بارەکەدا، ئەگەرو گریمانەی زۆر ورد دێنە پێشەوەو پێویستیان بەڕونکردنەوەو ساغکردنەوەو جۆرە سەلماندنێک ھەیە، ئەرگۆمێنت ھەڵگرتوو نەک تاکڕەھەند.

ێەدام و ڕژێمە چەپەڵەکەی، دواجار لەسەر ستەمکاری کرانە دەرەوەی دەسەڵات و ھاوکێشە فەرمییە سیاسییەکان، دەرکردنی ئەمڕۆی(١٤\٤) حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە٣٤ ساڵە یادی یەکێک لەدڕبدانەترین ئەو ستەمکارییانە، (ئەنفال) لەلایەن ستەم لێکراوانەوە، لەسەر خراپی حکومڕانێتی و ھەبوونی بێدادی و ناھاوسەنگییەکە نکۆڵیھەڵنەگر، ئەمە پەیامێکە ئەو دەسەڵاتدارەی ناتوانێ یا نایەوێ لێی تێبگات، ھەم گەمژەو ھەم ستەمکاریشە.

داد، بەر لەوەی گێڕانەوەو دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی ستەم لێکراوان بێت، لەبری لێخۆش بوون و بەشداری پێکردنەوەی تاوانباران و ستەمکاران، سزادان و سڕینەوەی ستەمکاران و ئاسەواری ستەمکارییە، ھەر کاتێک حکومەتی ھەرێم لیستەکانی مووچەو مافی لەتاوانباران پاککردەوە، ھەر کاتێک تاوانبارانی ڕاپێچی بەردەم دادگە کردو سزایدان، ئەوکاتە بۆی ھەیە بەخەڵک بڵێت بەشێک نییە لەو ستەمکاریانەو دەتوانێ بەڕویەکی سورەوە داوای قەرەبوو لەبەغداو کۆمەڵگەی دەولی بکات، باقی تر درۆزنانەو ھەڵخڕێنەرانەو گاڵتە کردنە بەھەموو کوردو ھاونیشتمانیان.

نەفرەت لە ئەنجامدەرانی جینۆساید. درود بۆ قوربانیان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک