٤\١٢\٢٠٢٤
چیڕۆک بۆ منداڵان.
عەلی حەمەڕەشید
لیا جانتاکەی کردەوە، هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانەی تێدابوو، تەنیا
پێنووسەکەی نەبێت کە زۆری بۆ گەڕا دیار نەبوو، ئیتر بە دایکی وت دایکە
گیان نازانی پێنووسەکەی من لە کوێدایە؟ دایکیشی بە پێکەنینەوە وتی جا کچی
ئازیزم پێنوسی خۆتە من نازانم لە کوێدایە،بۆی بگەڕێ تا
دەیدۆزیتەوە. دایکی ڕۆیشت.. لیا سەرجەم ئەو شتانەی کە لە ناو جانتاکەیدا
بوو دەریهێنان،پێنوسەکەی دیار نەبوو.ئیتر کەوتە بیرکردنەوە وتی باشە
ئەو پێنوسەی من دەبێ چی لێهاتبێت!لەم وتووێژەدا بوو لەگەڵ خۆی، لەپڕ
دەنگێکی ناسک هاتە بەرگوێی و وتی: لیا لیا دڵتەنگ مەبە، من لێردام.
ئەویش تەماشایەکی ئەملاولای خۆی کرد بینی لەسەر ڕەفەی پەرتوکخانەکە
لەبەر دەم گۆڤارێکی منداڵاندا وەستا بوو،ئەمیش چوو بۆ لای تا
بیهێنێت،بەڵام پێنوسەکە وتی من نایەم هەر بۆخۆم لێرەدا دەبم. لیا وتی
ئەی نازانی من پێویستیم بە تۆ هەیە دەمەوێت وێنەی جوانت پێ دروستبکەم. پێنوسەکە
وتی: من خۆ هەر بۆ وێنە کێشان دروستنەکراوم.
لیا وتی: ئەی بۆ چی تر؟
پێنووسەکە وتی: من ئامادەم هەموو ئەو زانیاریانەی کە تۆ دەیزانیت بینووسم.
لیا وتی: جا من زانیاریم لە کوێوە دەست دەکەوێت؟
پێنووسەکە بە پێکەنینەوە وتی: لە گۆڤار و پەرتوکەکانەوە.
لیا وتی : چۆن؟
پێنووسەکە وتی: تۆ کاتێک دەخوێنیتەوە زانیارییەکان وەردەگریت،چونکە
خوێندنەوە وەکو خۆراکی مێشک وایە.
لیا وتی: بەڵێ ڕاستە، ئەوە من هیچ ناخوێنمەوە بۆیە ناتوانم هیچ بەتۆ
بنووسم.
پێنووسەکە وتی: بەڵێ بەڵێ ڕاستە لە ئێستاوە دەست پێبکە لەم گۆڤارەی لای
منە دەست پێبکە.
لیا وتی: لەئێستاوە بڕیا دەدەم کە دەست بکەم بە خوێندنەوە.
پێنووسەکە وتی: من هاوڕێی وەک تۆم پێویستە تا منیش سەربەرز بم بە
زانیارییەکانی تۆ و بیانخەمە سەر کاغەز.
لیا گۆڤار و پێنووسەکەی هەڵدەگرێ لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێت و دەست
دەکات بە خوێندنەوە و پێنووسەکەی و تیانووسێکیش بەرانبەر خۆی دادەنێت.
دوای ماوەیەک بە گۆرانییەوە دەڵێت:
پێنووسەکەم لەگەڵمایە... هاوڕێیەکــی بە وەفایە
بۆ من هاوکــار و پێویستە... بۆیە لەلام خۆشەویستە.
پێنووسەکە وتی:
راستە هاوڕێی ئازیزی تۆم... جێی شانازیی و سەربەرزیی بۆم
کـــــام زانیاریی و وتەی جوانە... دەزانی جێی ســـەرنجدانە
بیڵێ تــــا بۆت بنووسم زوو... بیکە بە دیـــــــاریی بۆ هەموو.
ماڵپەڕی عەلی
حەمەڕەشید
|