په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٢

چیڕۆکێکی کورت بۆ یەکەمین پەرتووکم ''بە ١٤ ڕێگادا''.


رێبین ئەحمەد خدر    

حەوت شیعر.

شەوێک لەپڕ لەناو ئازار و تلانەوە و دڵتەنگیی زۆردا، حەوت شیعرم بەسەریەکەوە نووسین، حەوت شیعری کورت کورت - ئەمە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ ە.


خۆم بە شیعرەکانی خۆم سەرسامبووم و ھەستمکرد شتێکی تازەم دۆزیوەتەوە، من پێشتر ئاڵۆز و ناسەقامگیربووم لەسەر شیعر و بەرلەوە نەمدەتوانی خۆم کۆبکەمەوە، ئەوانەی دەمنووسین نەیاندەتوانی چێژی زۆر بەخۆم بدەن، شتانێکیش بوون کە ھێشتا بابەتچنین بوون، بەڵام ئەم حەوت شیعرە کورت کورتانە شتانێکی تر بوون.


ھێشتا جگە لە "یەک" شیعر کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە گۆڤاری ئایندە بڵاومکردبووەوە ھیچ شتێکی ترم بڵاونەکردبووەوە، زۆیش شەرمم دەکرد، نووسینەکانی خۆم نیشانی ھەرکەسێک بدەم بۆ بڵاوکردنەوە، ڕاستییەکەی من خەیاڵم لەسەر بڵاوکردنەوەیان نەبوو، ئەوکات ھەر بیرم لەوە نەدەکردەوە بڵاوکردنەوە چۆنە و چۆنیش بڵاویان بکەمەوە، لە جیھانێکی تردابووم، لە ناو ئازار و خەمی خۆم، بەڵام لەو حەوت شیعرە و ئەو شیعرانەیش کە لەم ساڵەدا بەدوای ئەوان داھاتن حەزم بۆ ئەوەچوو کەسانی تر بیانخوێننەوە و بزانم ئەوان چۆن بۆ ئەو شیعرانە دەڕوانن. واشمکرد، حەزەکەم بەجێھێنا.

ئەوە کوڕە بچکۆلەی دوور لە حیکاتخوان دادەنیشت.


پێشووتر شیعری زۆرم خوێندبوونەوە، لە مناڵیشەوە پەرتووک ھەبوون بیانخوێنمەوە، بە تایبەت ڕۆمان - لە ماڵەکەماندا بەھۆی برایەکمەوە پەرتووک ھەبوون، ڕۆمانەکانی یەشار کەمال، چیرۆکەکانی نەسین و رۆمانەکانی حوسەین عارف و دیوانی شاعیرانیش. من بە مناڵیش بەر پەرتووک کەتبووم، بیرمە براکەم لەناو ھەموواندا دادەنیشت و ڕۆمانی دەخوێندنەوە، شەوانە ئەوەی دەکرد، دایکم زیاتر لە ھەمووان دەچووە ناو ڕووداوەکان و بە تاسەوەبوو بزانێت چی ڕوودەدات، ئەوانیتریش، بەڵام ئەوەی حەزی بەمە نەدەکرد و لە دەرەوەی بازنە دادەنیشت کەمتریش گوێی بۆ ئەمە ڕادەدێرا کوڕێک بوو، کوڕێکی بچکۆلە، ئەم کوڕەیش من بووم.


من بووم لە سەرەتادا، بەڵام دواتر گۆڕام - لە قۆناغێکدا کە گەورەتربووم و ھێشتا پەرتووک بە بەرچاومەوەبوون بەرەو پەرتووک ڕۆیشتم و خۆم دەستم بە خوێندنەوەیان کرد، چیرۆکی خوێندنەوەی یەکەم پەرتووک بۆخۆم - چیرۆکێکی تایبەتە و دوورو درێژیشە، با تێکەڵی باسی یەکەمین پەرتووکی چاپکراوی خۆمی نەکەم.
لە قۆناغی ھەرزەکارییدا دەستم کردبوو بە خوێندنەوەی دیوانی شاعیران، زۆر حەزم بە حاجی قادری کۆیی دەکرد، لەناو کلاسیکەکاندا من ھەر ئەوم بەیەکەم دادەنا و بەراوردیشم نەدەکرد بە ھیچیان، من ئەوم بۆخۆم ھەڵبژاردبوو - سەرەتای ڕامانیشم لە ھونەرەکانی شیعر ڕامانم بوو لە وێنە و ڕەوانبێژی شیعری "حاجی قادری کۆیی" پێموایە بە کاریگەری ئەو نووسینەی رەفیق حلمی یش لە پەرتووکی شیعر و ئەدەبیاتی کوردییدا کە لەبارەی حاجی و ناساندنییەوە نووسیبووی - نەتەوە و نیشتمانم لە دڵ چەقیبوون و ھەستمدەکرد پێویستە شاعیر وەک حاجی بولبوولی نیشتمانپەروەربێ.


دواتر دەستمکرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی پەشێو و شێرکۆ و رەفیق سابیر، شێرکۆ دنیایەکی تربوو، تایبەت لە " کازیوە" دا ئەم پەرتووکە بۆ من لەناو پەرتووکەکانی تردا تایبەت بوو و نوێ بوو، کازیوە شیعری بە شێوەیەکی تر نیشاندەدام، پێموایە ھەر کازیوەیش وایکرد من زیاتر ھۆگری خوێندنەوەی شێرکۆبم تاوەکو پەشێو، ھەرچەند بەردەوامیش پەشێوم دەخوێندەوە و زۆربەی شیعرەکانیشیم لەبەردەکردن، لەبەرکردن بەجۆرێک ئەوەندەی دەمخوێندنەوە و وایان لێدەھات لەبەربکرێن.


ڕەفیق سابیرم خوێندەوە و تێگەیشتم چەندە لەوان نزیکە دوو ئەوەندەیش دوور، شتێکم لە رەفیقدا بەدی دەکرد و خۆشدەویست نەمدەتوانی لەواندا بەدی بکەم و بیدۆزمەوە، لەتیفیش ھەمانشت، لەتیفم خۆشدەویست بەڵام دووبارە لەناو ئەوانیشدا ھەروەک چۆن بۆ کلاسیک یەکەمم بۆخۆم ھەڵبژاردبوو - لەوانیشدا شێرکۆبێکەس م ھەڵبژاردبوو.


شیعری پێش ئەوانیشم دەخوێندەوە، بەڵام ئارەزووم نەدەچووە سەر گۆران.
ھێشتاش شیعر و ئەدەبیاتی کوردی حلمی کاریگەری مابوو لەسەرم.

چوون بەرەو چیڕۆکەکە.


بەردەوام دەمخوێندەوە، شیعر، رۆمان، چیرۆک، شانۆنامە ( بەڵام شانۆنامە دواتر، چونکە لەسەرەتادا حەزم پێی نەدەکرد و وام ھەستدەکرد سەر بە ئەدەبیات نییە و لەگەڵ ژانرانی تردا جیاوازە).
شیعری نوێ م دەخوێندەوە : ھەشتاکان و دوای ڕاپەڕین.
گۆڤار و ڕۆژنامەکانم دەست دەخستن و ڕۆژ دوای ڕۆژ چاودێریم دەکردن و دەمخوێندنەوە.
وای لێھات بیانناسم، ئەمە ئاوا دەنووسێ، ئەمە ئاوا، ئەمە ئەو چیرۆکەی ھەیە، ئەمە ئەم شیعرە. ئیتر ئاوا.
من زیاتر حەزم بە خوێندنەوە دەکرد، ئیستایش ھەمانشت.


لە شەوێکی سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ یشدا دەسپێکبوو بۆ ئەوەی بنووسم و باوەڕێک بەدەستبێنم بۆ ئەوەی بێمە ناو دنیای ئەدەبیاتەوە، یان لە ئەدەبدا نیشتەجێ ببم.


یەکەم شیعریشم بەم شێوازە و دەرکەوتنە - شیعری "بووکە بە بارانە" بوو، لە کۆمەڵەی شیعری "بە ١٤ ڕێگادا "ھەیە.پێشووتریش ھەوڵمدابوو، تایبەت شیعری : "بەیانییەک" و "تەنھا یەک کەس" ئەو دووانەم لە ٢٠٠٦ دا نووسیبوون، بەڵام ھێشتا بەمجۆرە نەبوون.


ئەم پەرتووکە کە ئێستا چاپ و بڵاوبۆتەوە پەرتووکێکە لەسەر ئازار ھەڵچننراوە، ھەرچەند شێوەکان دەگۆڕێن و حیکایەتی شیعرەکان جیاکاری دەکەن لەنێوان شیعرەکاندا، بەڵام دووبارە ئەوەی لە ھەموویاندا درێژ دەبێتەوە ئەو ئازار و نائارامییەیە کە لە شەوی گۆڕان و چوون بەرەو دنیایەکی تر بە نووسینی حەوت شیعر لەسەریەک دەستی پێکرد.


کاتێ دووبارە پەرتووکەکە دەخوێنمەوە لە قسەی ئەو کەسانە تێدەگەم کە بەراست من زۆر نائومێد و ڕەشبین دەردەکەوم لە شیعرەکاندا، یان شیعرەکان ئاوا دەردەکەون، تێدەگەم و دەزانم تارادەیەکی زۆر وایە و بەڵام ھیچکات نائومێدیی و ڕەشبینیەک نا - بۆ نیشاندانی چەندێتی ڕەشبینی و نائومێدی، بەڵکو نائومێدییەک کە لەخۆی دەکۆڵێتەوە و بەخۆیدا ڕۆدەچێت بە شێوەی جیاواز جیاواز خۆی دەیبینێـتەوە و خۆی ون دەکات.


چیرۆکی کتیێبی "بە ١٤ ڕێگادا" لەنێوان ئەم خۆدۆزینەوە و خۆونکردنە دەستپێدەکات، ئەوەی چیڕۆکەکە دەگێڕێـتەوە ئێستا ئیتر شیعرەکانی نێو پەرتووکەکەن و پەرتووکەکە خۆیەتی نەوەک ئێمە و ئەم نووسینە!.

ھۆکاری پاڵنەر بۆ دروسکردنی پەرتووک .


ئێمە و ئەو نووسینە شتێکی تریش دەڵێین کە لە سەرەتاو تێبینی پێش شیعرەکانیش لە پەرتووکەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، ئەویش ئەوەیە:


پەرتووکی "بە ١٤ ڕێگادا " یان بەشێک لە شیعرەکان لەو پەرتووکەدا دەکرا و دەبوو زووتر بە چاپ بگەن، ئەوەیش بۆ ئەوە نا کە من حەزبکەم و ئەوەندە خواستی چاپکردنم ھەبێت و لێی بە پەلەبم، من زۆر ھێواش بەرەو پەرتووک چاپکردن دەڕۆیشتم، بەڵام شیعرەکان - بەشێک لە شیعرەکان پەرتووکیان دەویست و داوایان دەکرد، ئەمەیش بەھۆی ئەم ھۆکارە:


شیعرەکانی سەرەتا، کە بەشێکیان دەکەونە سەرەتای پەرتووکەکەیش وەک ( ڕێگاکان، لە ماڵەکەی خۆمدا، گالیسکەوان، چواردە + یەک..ھتد..) ئەمانە کە لە حاڵێکدا شێوازی تایبەتیان بۆخۆیان دروستکردبوو و بەیەکەوە ھاتبوون، وردە وردە تێکەڵ بە جۆرێکی تری شیعر دەبوون کە دوای ئەوانە دەمنووسین، لەو حاڵەیشدا پەرتووکم ھەر چۆنێ چاپکردایە دەبوو دوو شێوە یان زیاتر بەیەکەوە کۆبکەمەوە و ھێڵی ھاوەبەش کە دەبێت لە پەرتووکدا ھەبێت لەدەست دەردەچوو، ڕەنگە ئێستایش تارادەیەک لە پەرتووکەکە ئەم ھێڵە پچراوە ببینرێت.


ئەم ھۆکارە زیاتر لە ھەر شتێکی تر پاڵپشت بوو بۆ بە چاپگەیاندنی شیعرەکان و دروسکردنی پەرتووک بە ناوی "بە ١٤ ڕێگادا ".

ھەڵبژاردنی ناونیشان بۆ پەرتووکەکە.


ھەر ئەو ھۆکارەی کە باسمکرد لە سەرەوە و وتم کە دوو شێوە زیاتر لە پەرتووکێکدا یەک ھێڵی دەشکێنێ و کۆکردنەوەیان لە پەرتووکێکدا سەختتر دەکات، ھەر ئەو ھۆکارەیش وایکرد بە زەحمەتێکی زۆرەوە ناونیشان دیاری بکەم و ھەڵیبژێرم، بە ڕادەیەک لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی شیعرەکان تا گەیشتن بە لێواری چاپ، من ھەر خەریکبووم ناونیشانم دەگۆڕین و ھی ترم دەخستنە جێی - ژمارەیەکی زۆری ناونیشان. خۆم حەزم بەوەدەکرد ناونیشانەکە دەربڕی ئەو شیعرانەی سەرەتابن، بەوەیش زیاتر دەگەڕامەوە ناو ئەوان و لە دێڕ و ناواخنی ئەوان ناونیشانم دروستدەکرد بۆ ئەمە لەسەرەتادا زۆر پابەندبووم بە ناونیشانی ( جلشۆری دراوسێکەمان) جلشۆرێکی وا لە شیعری " گالیسکەوان" دا ھەبوو و زۆرم خۆشدەویست بەوەی بۆ یەکەمجار "یار" م خستبووە ناو جلشۆر لەبری ئەوەی لەناو باخ و شوێنەکانی تر نیشانی بدەم، جلشۆر لە شوێنی تری شیعرەکانی تریشدا دووپات دەبووەوە.


بۆ ناونیشان و کاری پەیوەند بە پەرتووکەکە لە دیزاین و ( ترس و دڵەڕاوکێیەکانی چاپکردنی یەکەم پەرتووک) "گۆران ڕەسوول" ی ھاوڕێ و سەرنووسەری گۆڤاری "٢٣" زۆر ھاوکارمبوو، بەڕادەیەک ئەویش لەو دڵەڕاوکێیانەی من تا کۆتاییھاتنی پەرتووکەکە بەشداری کرد، بەشدارییەکی دڵسۆزانە.


ناونیشانی زۆرم ھەڵبژاردن، دواتر بۆ ئەوەی ئەم ھێڵە کەمێک بھێنمەوە شوێن خۆیی و دەربڕی ھەردوو - یان ھەر سێ لای لە شیعرەکان بێ - لە ناو شیعری "چواردە + یەک" ئەم ناونیشانەم ھەڵینجا و دامنا، جلشۆرەکە لەدەستچوو.


بە چواردە ڕێگادا کەوتە سەر پەرتووک و تارادەیەکیش لەگەڵ بەشێک لە شیعرەکان بەھۆی زۆری رێگاوە لە شیعرەکان دەھاتەوە، ئەمەیش خۆ مەرجنییە، خاڵێکی زۆر زۆر بچووکی ھاوسەنگکردن و بەدەستھێنانەوەی ھێڵەکەبوو.

کۆتایی.


"بە ١٤ ڕێگادا " پەرتووکێکی بچکۆلەیە، بەڵام بەرھەمی ماندووبوون و شەونخونی زۆرە لەگەڵ شیعر، لەگەڵ گواستنەوەی شیعرەکان لەم دەفتەر بۆ ئەو دەفتەر، لەگەڵ دووبارە و دووبارە نووسینەوەی شیعرەکان بە قەڵەم و بە کۆمپیۆتەر، شیعرەکان ھەریەکە و چیرۆکی جیاجیا - یادەوەریی و پاڵنەر و بەرکەوتنی جیاجیان بە دنیا.
کۆتایی ھەر ئەوەیە.
ھەر ئەوەی جۆرێکی تر دەستپێبکەینەوە، دووبارە چیرۆکێکی تر بێتە کایەوە.


ساڵی ٢٠١٢، سێ مانگ دوای چاپبوونی پەرتووکەکە.

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک