په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١٢

چیڕۆکی دارتاشەکە.

                                                                                                  

نووسینی: ئۆسنە سیرستاد                                                                                         وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: نەهرۆ

 

 

- به‌شی یه‌که‌م -

 

 

مەنسور بەرەو کتێبخانەکەی باوکی ڕادەکا، زەرفیکی بچوکی نامەی بەدەستەوەیە "سەد پۆست کارت" دەڵی پەکوو "دەیویست سەد پۆستکارتمان لێبدزێ" دەموچاوی ئارەقە دەرئەدا، بەشی دوایی رێگاکە بە ڕاکردن بڕی، باوکی لێپرسی" کێ؟" لە کاتێکدا ماشینی حیسابەکەی لەسەر مێزەکە دانا و ژمارەیەک لە دەفتەری ژمێریاری نووسی و دەیڕوانیە کوڕەکەی.


"دارتاشەکە".


سولتان بە سەرسورمانییه‌وە لێپرسی، "دارتاشەکە"، "تۆ دڵنیایت؟".


بە لەخۆباییبوونێکەوە وەک ئەوەی لەدەستی مافیایەکی ترسناک رزگاری کردبێ کوڕە ئەسمەرەکە بۆ باوکی دووپاتی دەکاتەوە، سەد پۆست کارت "کاتێ دەیویست بڕوا، شەرمن و شپرزە بوو، لەبەر ئەوەی دوا رۆژی بوو، بیرم نەکردەوە دەگاتە ئەو ڕادەیە، پرسیاری لێکردم ، ئەگەر کارێکی دیکە هەبێ بۆتانی ئەنجامدەم ، گوتی پیویستم بەکارە، گوتم دوایی وەڵامت لێدەگیڕمەوە، دوای هەموو شتێ ، رەفەکانی دانا، دوایی چاوم بەشتی کەوت لەگیرفانی بەروانکەکەی دا، لێم پرسی ئەوە چی یە؟ بەشپرزەییەوە گوتی چی؟ گوتم ئەوەی لەگیرفانت دایە، گوتی بۆ خۆم هێناومە، گوتم پیشانم بدە، پیشانی نەدام، منیش زەرفەکەم لەگیرفانی دەرهێنا، ئەوەتە لەبەردەمت دایە، بەتەمابوو سەد پۆستکارتمان لێبدزێ، بەڵام پلانەکەی سەری نەگرت، باش چاودێریم کرد".


مەنسور چیرۆکەکەی رازاندەوە، ئەگینا لەکاتێ دانیشتن دا وەک هەمیشە خەوی لێدەکەوت بەڵام کاتێ جەلال دین بەتەمای ڕویشتن بوو لەڕاستی دا عبدور ئەو کوڕەی کە دوکانەکە خاوێن دەکاتەوە، دارتاشەکەی گرت، عبدور دارتاشەکەی بینی کە پۆست کاتەکانی برد، پێی گوت ئەوەی لەگیرفانت دایە ناتەوێ پیشانی مەنسور بدەی، بەڵام جەلال دین بەردەوام بوو لەسەر ڕۆیشتن، ئەو کوڕەی دوکانەکە پاک دەکاتەوە هەژارە لە عەشیرەتی هەزازە لەرووی ئەتنیکی یەوە خوارترین پلەی کۆمەڵایەتیان هەیە لە کابول، زۆر کەمدووە "ئەوەی لەگیرفانت دایە پیشانی مەنسور بدە" کاتێ بانگی دارتاشەکەی کرد ئیدی لەو دەمە مەنسور کەوتە خۆی و پۆستکارتەکانی لەگیرفانی جەلال دین دەرهێنا، وا ئێستاش دەیەوی ئافەرین لەباوکی وەرگرێ، بەڵام سولتان بەهێمنی بەستەیەک کاغەز هەلئەداتەوەو دەڵێ" ئێستا لەکوێ یە؟".


"ناردمەوە بۆ ماڵەوە، پێم گوت بەئاسانی لێدەرباز نابێ".

*        *       *


سولتان بێدەنگ دەبێ، بیریدەکەوێتەوە کاتێ کە دارتاشەکە هات بۆ لای لەکتێبخانەکە، خەڵکی هەمان گوند ودراوسێ بوون، جەلال دین لەو رۆژانەوە تاوەکو ئێستا گۆرانی بەسەر نەهاتووە، وەک دارەدەست باریکە، دوو چاوی گەورەی ترسنوکی دەرپەریوی هەیە، لەوانەیە ئێستا لاوازترە لەچاوی جارانەوە، وێرای ئەوەی چل ساڵی تێنەپەراندووە بەڵام بڕبڕەی پشتی چەماوەتەوە، بنەماڵەی جەلال دین هەژارن بەڵام جێگای رێزن، باوکیشی دارتاش بوو بەڵام لەم ساڵانەی دوایی چاوی کز بووە چیتر ناتوانێ کار بکا.


سولتان خوشحاڵ بوو بەوەی ئیش بە جەلال دین راسپێرێ، لەبەر ئەوەی زیرەک بوو لە ئیشەکەی دا، سولتان پیویستی بەرەفی نوێ هەبوو، تائێستاش کتێبەکانی بەشێوەیەکی ئاسایی دانراون، دەکرێ راستەوخۆ لەسەرەوە بۆ خوارەوە دابنرێن ولەسەر بڕبڕەی پشتی کتێبەکان ناوەکانی بخوێنرێتەوە، کتێبەکانی لەسەر رەفی قەد دیوارەکان دانرابوون، هەندێ سنووقی سەربەخۆی کتێبیشی هەبوو، بەڵام ئێستا پیویستی بەرەفەیە تاوەکو بەشێوەیەکی دروست کتێبەکانی بخاتە روو، پیویستی بەرەفەی خوار هەیە تاوەکو بەتەواوی بەرگی کتێبەکانی بکەوێتە بەر چاوی تەماشاکەر وەک کتێبخانەکانی رۆژئاوای لێبێ، کرێی رۆژانە لەسەر پێنج دۆلاری ئەمریکی رێککەوتن، لەرۆژی دوایی جەلال دین گەڕایەوە، چەکوش وراستەوبسمارو هەندێ تەختەی پێ بوو ژووری پشتەوەی ئەمبار بوو، بوە شوێنی ئیشکردنی جەلال دین، بەدرێژایی رۆژ بسمار دەکوتێ، چوار دەوری رەف وپۆست کارتن، پۆست کارت سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی سولتانە، خۆی دەچێ بۆ پاکستان ولەوێ چاپی دەکا و دواتر بەقازانجێکی زۆر دەیفرۆشێتەوە، سولتان هەمیشە ئەو وێنانەی هەڵدەبژارد کە حەزی لێیەتی، بەبێ ئەوەی بیر لەپارەی وێنەگر یان وێنەکێشەکە بکاتەوە، هەر کە وێنەیەکی بینی یەکسەر ئەیبا بۆ پاکستان وسەرلەنوێ چاپی دەکاتەوە، هەندێ فۆتۆگراف بێ بەرانبەر وێنەی پێئەدەن، پۆست کارتەکان بەباشی دەفرۆشرێ، باشترین کڕیاری ئەو سەربازانەیە کە سەر بە هێزەکانی نیودەوڵەتی پاراستنی ئاشتی ین، سەربازەکان لەکاتێ سوڕانەوەیان بەناوی کابول دا سەردانی کتێبخانەکەی سولتان دەکەن بەمەبەستی کڕێنی پۆست کارت، کارتەکان بریتین لە وێنەی ئافرەتان کە بۆرکایان داپۆشیوە، مناڵان لەسەر زریپۆشەکانا یاری دەکەن، شاژنەکانی رۆژانی رابوردوو کە جلی ئاواڵەیان پۆشیوە، پەیکەرەکانی بودا لەبامیان پێش ئەوەی تالیبان بیانتەقێنێتەوە، ماینی بۆزکاشی، مناڵ لەجلوبەرگی نیشتمانی تەقلیدی دا، دیمەنی سروشتی وشک، کابول لە پێشان داو کابول لە پاشان دا، سولتان وریا بوو لە هەڵبژاردنی وێنە، سەربازەکان ناچنە دەرەوە ئەگەر بەستەیەک پۆست کارتیان نەکڕێبێ.


کرێی رۆژانەی جەلال دین دەکاتە بەهای تەواوی ١٥ پۆست کارت، لەژووری پشتەوە پۆست کارتەکان دانراون، سەدان کارت لە هەر وێنەیەک لەنیو جانتا یان لەدەرەوە دانراون، بەلاستیق پێچراون یان بەئاواڵەیی لە گۆرە دایە، لەنێو سنووقی کارتوون ولەسەر رەفەکان دانراون.


"دەڵێ سەد کارت" لەگەڵ بیرکردنەوە دا سولتان گوتی تۆ پێت وایە ئەمە یەکەم جارێ بێ؟
"نازانم گوتی دەمویست پارەکەی بدەم بەڵام بیرم چوو".
"بەڵێ لەوانەیە بیەوێ بڕوای پێ بکەین".
"دەبێ کەسێک داوای لێکردبێ بیدزێ" مەنسور دەیگوت " ئاوا بەو ڕادەیە زیرەک نیە جارێکی تر بیانفرۆشێتەوە، بەدڵنیاییەوە نەیدزیوە هەتا بەدیواردا هەڵیواسێ".


سولتان جنێو ئەدا، کاتەکەش زۆر نیە بایەی ئەم گرفتە بکا، لەماوەی دوو رۆژدا دەبێ سەفەر بکا بۆ ئێران، ماوەیەکە ئەوە بۆ یەکەم جارە ئاوا بەم شێوەیە ئیشی زۆر بێ وپیویستە بیکا بەڵام دەبێ پێش هەموو شتی لەگەڵ ئەم گرفتەیا مامەڵە بکا .هەرگیز کەس ناتوانێ دزی لە سولتان بکا و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچێ.


سولتان گوتی "چاوت لە کتێبخانەکە بێ، دەچم بۆ ماڵەوەیان، دەبێ لەم مەسەلەیە بپێچینەوە تا بنی نەخەکە دەر ئەکەین"رەسولی زاوای لەگەل خۆی دەباو دەڕۆن بۆ گوندی دیە خودایداد، رەسول بە باشی دارتاشەکە دەناسێ.


ئۆتۆمبێلەکە رێگای گوند دەبڕێ و دەچێتە ژوورەوە، تەپۆتۆز دوای خۆی جێدەهێڵێ، دەگەنە ئەو کۆڵانەی کە دەچێ بۆ ماڵی جەلال دین، سولتان بەرەسول دەڵێ"بزانە ،پیویست ناکا کەس ئاگاداری ئەم مەسەلەیە بێ، پیویست ناکا هەموو بنەماڵەکەی ریسوا بن".


دوکانی گوندەکە کەوتوتە گۆشەیەکەوە لەوێ کۆڵانەکە دەڕوا بۆ ماڵی جەلال دین لای دوکانەکە کۆمەڵی پیاو ڕاوەستاون لەنێویاندا فایز وەستاوە کە باوکی جەلال دینە، پێشوازییان لێدەکاو دەستی سولتان دەگوشێ و باوەشی پیا دەکا، بەخۆشنودییەوە پێیان دەڵێ "فەرموون پیاڵەی چا بخۆنەوە" وادیارە شتێک دەربارەی پۆست کارتەکان نازانێ، پیاوەکانی تریش حەز دەکەن سولتان بدوێنن، ئەم پیاوە لە ژیاندا لە هیچەوە تەگبیری خۆی کرد تاڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا.


سولتان گوتی ئێمە جگە لە چاوپێکەوتنی کوڕەکەت هیچی ترمان ناوێ، دەتوانی بیدۆزیەوە. پیاوە پیرەکە دەڕوا لەکاتێ گەڕانەوەی دا کوڕەکەی بەدواویەتی، جەلال دین بەترس ولەرزەوە تەماشای سولتان دەکا.
سولتان دەڵێ"ئێمە لەدوکان پیویستمان پێتە، دەتوانی بۆ ماوەیەک لەگەڵماندا بێ".
جەلال دینیش ئاماژەی رازیبوونی بۆ دەکا.
کاتێ کە دەڕۆن باوکەکە پێیان دەڵێ"جارێکی دی وەرنەوە بۆ چایخواردنەوە".


*        *       *


سولتان بەڕەقی دەڵێ"هۆی سەردانەکەمان دەزانی" کاتێ کە هەردووکیان لەخانەی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە دانیشتبوون ورەسولیش لێدەخوڕێ، ئێستاش لەرێگا دان بەرەو ماڵی مردزجانی پۆلیس کەبرای وەکیلە وەکیلیش زاوای سولتانە. "تەنیا دەمویست سەیری کارتەکان بکەم وبیانگەڕێنمەوە شوێنی خۆیان، دەمویست پیشانی مناڵەکانمی بدەم وێنەگەلێکی جوانن" دارتاشەکە خۆی لەگۆشەکە ناوەو شانەکانی دەلەرێنێتەوە، هەردوو دەستی خستووتە ناو یەک و لەنێو لاقی دایناوە، جار نە جارێکیش نینۆکی دەچەقێنێتە پەنجەکانی بەپەلە قسان دەکاو بەتوڕەییەوە دەڕوانێتە سولتان، سولتانیش لەسەر کوشینەکە دانیشتووەوبەهێمنی پرسیار بارانی دەکا.


"دەمەوێ ژمارەی ئەو کارتانە بزانم کە بردوتە".
"جگە لەو کارتانەی کە دیوتانە، هیچی ترم نەبردووە".
"بڕوات پێ ناکەم".
"ڕاستی یت پێ دەڵێم".
"ئەگەر دان بەوەدا نەنێت کە زۆرترت بردووە، پۆلیست لێ ئاگادار ئەکەمەوە".
دارتاشەکە پەلاماری دەستی سولتان ئەداو ماچ بارانی دەکا، سولتانیش دەستی دەکشێنێتەوە.
"واز لەم رەفتارە هیچە بێنە، خوت گێل مەکە".


"سوێند بەخواو بەشەرەفم، جگە لەوانە کارتی دیکەم نەبردووە، نەمخەرە زیندانەوە، تکات لێدەکەم، پارەکەیت ئەدەمێ، من پیاوێکی بەشەرەفم، بمبورە، بێ ئەقڵ بووم بمبورە، حەوت مناڵم هەیە، دووان لەکچەکانم بەدەستی ئیفلیجی مناڵانەوە دەناڵێنن، خێزانەکەم زگی هەیە، هیچمان نیە بیخوەین، مناڵەکانم بەدەست برسێتی یەوە دەناڵێنن، هاوسەرەکەم هەموو رۆژی دەگرێ لەبەر ئەوەی داهاتەکەم تێری هەموومان ناکا، لەسەر پەتاتەو سەوزی کوڵاو دەژین، تەنانەت پارەی برنجمان نیە، دایکم پاشماوەی نەخوشخانەو چێشتخانەکان دەهێنێتەوە، هەندێ جاریش چێشتخانەکان پاشماوەکانیان فرۆشتووە، لەم رۆژانەی دوایی تەنانەت نانمان نیە، هەروا من نانی پێنج مناڵی خۆشکەکەم ئەدەم لەبەر ئەوەی مێردەکەی بێکارە، منیش لەگەڵ باوک ودایکێکی پیروداپیرەم دەژێم".


سولتان دەڵی"ئەوە لای خۆت ماوەتەوە، دانی پیا بنێ کە زۆرت بردووە، بەم شێوەیە ناکەوێتە زیندانەوە".
بەڵام دەمەتەقەکە لە بازنەیەک دا دەسوڕێتەوە، دارتاشەکە هەژاری خۆی دەردەخا، سولتانیش دەیەوێ ئەو دان بەوەدا بنێت کە کارتی زۆری دزیوە هەروا دەیەوێ بزانێ فرۆشتویەتی بەکێ.


شاری کابول یان تێپەڕاند، جارێکی تر گەڕانەوە بۆ گوند، رەسول لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکەیە، رێگایەکە قوڕو چڵپاوە، خەڵکەکە بەپەلەیانە دەیانەوێ پێش رۆژئاوا بگەنە ماڵەوە، چەند سەگێکی بەرەڵلاش شەڕیان لەسەر ئێسک وپروسک، مناڵان بەپێ پەتی ڕادەکەن، ئافرەتێکیش خۆی پێچاوەتە بۆرکاوە هاوسەنگی خۆی لە پشتی پایسکلی مێردەکەی ڕاگرتووە، پیاوێکی پیریش عەرەبانەیەکی پرتقاڵ پاڵدەنێ، بەهوی باران بارینی ئەم رۆژانەی دوایی پێی قوڕاوی بووە، رێگا خۆڵینەکە بۆتە شادەماری میزوزبڵ و پاشماوەی ئاژەڵەکان، کە باران لەکۆڵانەکانەوە ڕاپێچیان دەکا بەرەو رێگایەکە، رەسول لەبەرانبەر دەرگایەک رادەوەستێ، سولتان پێ دەڵێ برۆ لەدەرگایەکەی بدە، مردزجان دێتە دەرەوەودوای سڵاوکردن داوایان لێئەکا بچنە ژوورەو.


کاتێ پیاوەکان بەقاڵدرمەکەیا سەرکەوتن، گوێبیستی خشەخشی هێمنی تەنورەی ئافرەتان دەبن، ئافرەتانی ماڵەکە خۆیان دەشارنەوە، هەندێکیان لەپشتی دەرگای نێوەکراوەکە ڕادەوستن، مناڵێکی بچوکیش بە تیلەی چاو لەدرزی دەرگایەکەوە دەڕوانێ، ئاخۆ بەم درەنگەشەوە ئەم میوانانە کێ بن، ئافرەتەکان جگە لەکەس وکار نابێ یەکێکی دی چاویان پێبکەوێ، مناڵە گەورەکان چای بۆ میوانەکان دەهێنن کە دایک وخۆشک لەموبەق ئامادەی کردووە.


مردزجان بە چوارمەشقی دانیشتووەو دەڵێ "باشە" جلی تونیکی تەقلیدی لەبەر دایە وشرواڵێکی لنگ بەرین لە پێ دایە، ئەو جلەی کەتالیبان خەڵکی ناچار ئەکرد لەبەریکەن، مردزجان حەزی لەم جل وبەرگەیە، باڵای کورت و قەڵەوە لەنیو جل وبەرگی بەرین هەست بە ئیسراحەت دەکا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئیشەکەیەوە دەبێ جلی لەبەرکا کە حەزی لێنیە ئەویش جلی کۆنی فەرمی پۆلیسی ئەفغانی یە، پێش هاتنی تالیبان لەنێو دوڵابەکەی هەڵیواسیبوو، ئەم جلە تاڕادەیەک تەسک بوو لەبەر خاوەنەکەی دا هەروا قورسیشە، وەک ئەوەی تەنیا تایبەت بێ بەزستان، لەپاشماوەی چنینی ناوخۆ بەرهەم هێنرا بوو، ئەم جلە لەسەر مۆدەی روسی دروست کراوە، زیاتر بۆ سیبریا دەشێ لەوەی بۆ کابول، لە رۆژانی بەهار کە پلەی گەرما دەگاتە ٨٥(فهرنایت) مردزجان لەرێگای چوونی بۆ ئیش ئارەقە دەردەدا.


سولتان بەپەلە هۆی سەردانەکەیان روون دەکاتەوە، مردزجانیش لێدەگەرێ هەر یەکەو بەنۆرەی خوی قسە بکا، وەک ئەوەی قسەکانیان بەراورد بکا، سولتان لەتەنیشتیەوە دانیشتووە، جەلال دینیش لەبەرانبەری دا، مردزجان بەهێمنی وتێگەیشتنەوە سەریان بۆ دەلەقێنێ، گوێ بۆ قسەکانیان رادێرێ، بۆ سولتان وجەلال دین چای دەهێنرێ، هەروا شیرینی توفی کە بەکەرە دروستکراوە لەبەردەمیان دادەنین، ئەوانیش خەریکی قسەکردنن.


مردزجان دەڵێ " لەبەرژەوەندی خۆت دایە وا باشترە ئەم کێشەیە یەکلابکەیتەوە، نەڕۆین بۆ پۆلیسی ڕاستەقینە".
جەلال دینیش دەڕوانێتە ئەرزەکە ودەستی خۆی دەگوشێ وقسەیەک دەدرکێنێ نەک بۆ سولتان بەڵکو بۆ مردزجان.
"لەوانەیە پێنج سەد کارتم بردبێ، هەمووی لەماڵەوەیە، دەستم پێوە نەداوە دەیانگەڕێنمەوە".
پۆلیسەکە دەڵێ "باشە، منیش لەباتی تۆ بوومایە دەستم پێوە نەدا".
بەڵام سولتان ئەمەی بەس نیە "من دڵنیام تۆ لەوە زیاترت بردووە، ئێستا پێمان بڵێ ! فرۆشتۆتە کێ؟".
مردزجان دەڵێ"لەبەرژەوەندیت دایە دان بەهەموو شتێک دا بنێ".
بەنیگایەکی ئاڵۆز تەماشای جەلال دین دەکاو دەڵی "ئەگەر کار بگاتە لێپرسینەوەی پۆلیس ئەوا وەکو ئێستا بەهێمنی لەگەڵتا نابین وچای وشیرینی پێشکەشت بکەین".
" بەڵام ئەمە ئەوپەڕی ڕاستی یە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە نەمفرۆشتۆتە کەس".


ئەم ڕستەیە دەڵێ ونیگای دەگوازێتەوە لە نێوان هەردووکیاندا .بەڵام سولتان پەیگیرەو قسەکانی دووبارە دەکاتەوە، کاتێ ئەوە هاتووە بچین بۆ ماڵەوە، ئەوەی لەکاتێ قەدەغەکردنی هاتووچوو بەرچاوبکەوێ دەیگرن، تەنانەت چەند کەسێک کوژران، لەبەر ئەوەی بەهۆی تێپەرینی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە سەربازەکان هەستیان بە مەترسی کرد، بەبێدەنگی سواری ئۆتۆمبیلەکە بوون، رەسول داوا لەدارتاشەکە دەکا راستی بڵی "ئەگەر نە جەلال دین ئەم کێشەیە گەورەوفراوان دەبێ".


کاتێ گەیشتنە ماڵی دارتاشەکە پێ دەڵێن بڕوا کارتەکان ئامادە بکاو بێهێنێ، بەپەلە دەگەرێتەوەو بەستەیەکی بچوکی کارتی پێیە لە نێوشاڵێک پێچراوە کەخاڵی زەردوپرتقاڵی پێوەیە، سولتان پێچراوەکە دەکاتەوە بەسەرسورماوییەوە سەیری وێنەکان دەکا، دوای ئەوەی گەرێندرایەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەویش ئەیخاتە سەر رەفەکان بەڵام سەرەتا دەبێ وەک بەڵگەیەکی دزی کەڵکی لێوەرگرێ، رەسول سولتان دەگەیەنێتە ماڵەوە، دارتاشەکەش بە سیمایەکی شەرمەزار لەو پێچە ڕاوەستاوە کە دەڕوانێتە ماڵەوەیان.


*        *       *


ئیقبال وئیمال کە هەردووکیان کوڕی سولتانن ٤٨٠ کارتیان لەسەر ڕایەخەکە راخستوە ودەیانژمێرن، سولتانیش دەیەوێ ژمارەی ئەو کارتانە بزانێ کە دارتاشەکە دزیویەتی، کارتەکان وێنەی جۆراوجۆرن، لە ژووری پشتەوە بەسەدانی لێدانراوە، ئەگەر بەتەواوەتی بەستەیەکی دیاریکراوی لێنەمێنی، زەحمەتە بزانرێ کەنەماوە، سولتان لەمێشکی خۆی لێکیئەداتەوەو هەڵیدەسەنگێنێ ئاخۆ دەرزەنێک لەبەستە کارتەکان نەماوە، لەوانەیە هەر بەشێکی بردووە، بۆ بەیانی دەبێ بەژمارەکان دا بچێتەوە.


بۆ رۆژی دوایی سەرلەبەیانی سەرلەنوێ دەست دەکەن بە ژماردن، لە پرێکا دارتاشەکە لەبەر دەرگا ڕاوەستاوە وپێش دەرگاکەی گرتووە، زیاتر لەجاران سەرشوڕە، لەناکاو بەرەو سولتان دەچێ وپێی ماچ دەکا، سولتانیش لە ئەرزەکە رایئەپسکێنێ وبە دەنگێکی هێواش پێ دەڵێ "پیاوەکە خۆت کۆ کەرەوە، ئەم پاڕانەوەیە دادت نادا".
دارتاشەکە دەڵێ "بمبورە، بمبورە، بۆت قەرەبوودەکەمەوە، بۆت قەرەبوودەکەمەوە، مناڵی برسی لە ماڵەکەم دایە".
"تائێستاش من لەسەر قسەی خومم، ئەوەی دوێنی پێم گوتی، پارەم لێت ناوێ بەڵکو دەمەوێ بزانم کارتەکانت بەکێ فرۆشتۆوە، ژمارەی کارتەکان چەندە کە بردوتە؟".
ئەمجارەیان فایز باوکە پیرەکەی جەلال دین ئامادەیە، ئەمیش دەیەوێ بچەمێتەوەو پێ سولتان ماچ بکا بەڵام پێش ئەوەی ئەم کارە بکا سولتان دەیگرێ، حەز بەبینینی کەسێک ناکا پێڵاوەکەی ماچ بکا نەخواسمە دراوسێیەکی پیر بێ.
"دەبێ ئەوە بزانێ کە بەدرێژایی شەو لێمداوە، زۆر شەرمەزارم، من وا پەروەردەم کرد کە ڕاستگۆوشەریف بێ...بەڵام ئەوەتە ئێستا کوڕەکەم دزە".
فایز لەکاتێکدا ئەم قسانەی کرد، دەیڕوانیە کوڕەکەی کە لەگۆشەی دوکانەکە کوڕماوە، دارتاشە چەماوەکە وەک مناڵێک دێتە پێش چاو کە دزی ودرۆی کرد بێ، دەیویست لەسەری خۆی بدا.
سولتان بەهێمنی فایز لەرووداوەکە ئاگاداردەکاتەوە کە جەلال دین کارتەکانی لەگەڵ خۆی بردۆتەوە بۆ ماڵەوە، ئێستا ئەوەی لێدەوێ کە ژمارەی کارتەکان چەندەو فرۆشتویەتی بە کێ.


فایز بەپاڕانەوە دەڵێ "تاقە رۆژێک مۆڵەتم بدەرێ وای لێئەکەم دان بەهەموو شتێک دابنێ، ئەگەر شتی تر هەبێ کە نەیگوتبێ " پێڵاوەکەی فایز کە لەسەر پێیەتی بە کۆن دێتە پێش چاو، گۆرەوی لە پێی دا نیە، پانتۆڵەکەی بە پەتێک بەناوقەدیەوە بەستراوە، قۆڵی چاکەتەکەی دەبریسکێتەوە، لەشێوەی کوڕەکەی دایە، تەنیا جیاوازییان ئەوەیە ئەم ئەسمەریکی تۆخترە، قەبارەی بچوکەو کوڕیەکەشی زیاترە، هەردووکیان لاوازو داماون، باوکەکە بەرانبەر سولتان وەستاوەوسولتانیش نازانێ چی لەسەری پیویستە بیکا، هەست بە شپرزەیی دەکا بەرانبەر ئەم پیاوە کە لە جێگای باوکیەتی، دواتر فایز دەجوڵێ، گوێرایەڵانە دەچێ بۆئەمباری کتێبەکان کە کوڕەکەی لەتەنیشتیەوە ڕاوەستاوە، لە چاوتروکانێکدا دەستی بەرزدەبێتەوەو هەر لەوێ لە نێو کتێبخانەکە دەست ئەکات بەلێدانی کوڕەکەی"هیچ وپووچی بێ قیمەت، تۆ پەڵەی شەرمەزاری یت بە نێوچاوانی بنەماڵەکەمانەوە، خۆزگە لەدایک نەبوویتایە، دۆڕاوێ فێڵباز".


باوکەکە لەکاتێکدا لەکوڕەکەی ئەدا دەگریا وبەئەژنۆ لە زگی کوڕەکەی ئەدا بەشەق لەناوگونی، بەهەردوودەست لەپشتی ئەدا، جەلال دینیش تەنیا ڕاوەستاوەو پشتی چەماندۆتەوە، بەهەردوو دەستی سینگی خۆی دەپارێزێ، کەچی باوکی چەماوەتەوە بەسەریا بەڵام لەپرێکا ڕادەکا بۆ دەرەوەی دوکانەکە، هەر کە سێ هەنگاوی درێژ دوورکەوتەوە، لەخوار قاڵدرمەکانەوە بەرەو شەقامەکە ئاوا بوو، کڵاوەکەی فایز کە لەپیستی بەرخ دروست کراوە کەوتە سەر زەوی، لەگەرمەی شەرا لێکەوت، هەڵیدەگرێ وسەر لەنوێ دەیکاتە سەری، ڕادەوستی وماڵئاوایی لەسولتان دەکاودەڕوا، لەمیانەی شووشەکانەوە سولتان سەیری دەکا کە چۆن لەنگە لەنگ بەرەو پایسکلە کۆنەکەی دەچێ، تەماشای راست وچەپی خۆی دەکا بەهێمنی رووەو گوند دەڕوا.


دوای ئەوەی کەتۆزی ئەم دیمەنە شپرزەیە نیشتەوە، سولتان دەستی کردەوە بە ژماردن، ئوقرەی لێبرا بوو "چل رۆژ لێرە ئیشی کرد، گریمان هەر رۆژەودوو سەد کارتی بردبێ ئەمە دەکاتە هەشت هەزار کارت، من دڵنیام بەلایەنی کەمەوە هەشت هەزار کارتی دزیوە" ئەمەی گوت دەیڕوانیە مەنسور، ئەویش شانی هەڵتەکاند، دیمەنیکی جەرگبڕە چاو لە دارتاشیکی هەژار بکەیت بەدەستی باوکییەوە لێدان دەخوا، مەنسور مەسەلەی پۆست کارتەکانی زۆر بەلاوە گرنگ نەبوو، بڕوای وا بوو دوای ئەوەی کارتەکانیان گەڕاندەوە ئەم بابەتە نەعلەتیە لەبیر بکرێ، بەپاڕانەوە بە باوکی گوت" جورئەتی تەواوی نیە کارتەکان بفرۆشێ،ئەم بابەتە لەبیر بکە "
" لەوانەیە لەسەر داخوازی یەکێک ئەمەی کردبێ، تۆ خاوەن دوکانەکان ئەناسیت کە دەستنیشانکراوان لە بەرژەوەندی ئێمەیا پۆست کارتمان بۆ بفرۆشن، هەندێ لەوانە ماوەیەکە هیچیان لێ نەکڕیوین، من پێم وایە بڕێکی باشیان لێکڕیوە، لەوانەیە بەنرخیکی هەرزان لەدارتاشەکە کڕێبێتیان، گێلە لەوانەیە بەرانبەر گۆرانیەک پێیان فرۆشتبێ، تۆبڕوات چۆنە؟"
مەنسور جارێکی دیکە شان هەڵدەتەکێنێ، باوکی خۆی دەناسێ، واز ناهێنێ تا وەکو بەدوای شتەکاندا نەڕوا بۆ کۆتایی . هەروا ئەوەش دەزانێ کە باوکی ئەم ئەرکە پێ دەسپێرێ، باوکی سەفەر دەکا بۆ ئێران و مانگێک لەوێ دەمێنێتەوە.


"پێت چۆنە ئەگەر خۆت و مردزجان هەندێ لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکە بکەن لەکاتێکدا کە من لێرە نابم ؟ هەقیقەتیش ئاشکرا دەبێ، کەس ناتوانێ دزیم لێبکا".


چاوی خستووتە سەر مەنسورودەڵێ"دەیتوانی هەموو بازرگانیەکەم تێک وپێک بدا" دەڵێ " بێنە پێش چاوی خۆت هەزاران پۆست کارتم لێبدزێ وبێفرۆشێ بە دوکان وکتێبخانەکانی کابول، ئەوانیش بەنرخێکی هەرزانتر لە نرخی ئێمە بیفرۆشن، لەباتی ئێمە خەڵک دەچێ بەلای ئەواندا، بەم شێوەیە سەربازە کڕیارەکانم لەدەست ئەدەم کە کارتم لێدەکڕن، هەروا هەموو کڕیارانی کتێبیش لە دەست ئەدەم ناوبانگیشم بە خراپە بڵاوئەبێتەوە کە بەنرخێک ئەفرۆشم گرانتر لەخەڵکی دیکە لەکۆتاییش دا ئیفلاس دەکەم".


مەنسور زۆر گوێ ناداتە پێشبینیە خراپەکانی باوکی، توڕەوهەڵچووە لەبەر ئەوەی دوای ڕۆیشتنی باوکی، ئەرکی دیکەی پێ ڕاسپێردراوە بێجگە لەوەی دەبێ هەموو کتێبەکان تۆمار بکا و دەبێ ئەو کتێبە تازانەش وەرگرێ کە خاوەن چاپخانەکان لەپاکستانەوە بۆیان دەنێرن، هەروا ئەو کارە روتینیانە جێ بە جێ بکا کە پیویستە لەسەر هەر کەسی خاوەن کتێبخانە بێ لە کابول، دەبێ ئۆتۆمبێلیش لێخوڕێ هەروا دەبێ کتێب فرۆشیەکەی خۆیشی بکاتەوە، ئەوا ئێستاش رۆڵی پشکێنەری پۆلیس پێ ڕاسپێردراوە.


دەستبەجێ دەڵێ "بایەخ بەفەرمانەکانت ئەدەم" جگە لەمە ناتوانی شتێ تر بڵێ.
"نەرم مەبە، سازش مەکە " ئەمە دوا قسەکانی سولتان بوو پێش ئەوەی ئەو ئێوارەیە بەفرۆکە بەرەو ئێران سەفەر بکا.


*        *       *


هەر کە باوکی ڕۆێشت، مەنسور هەموو شتەکانی لەبیر کرد، قۆناغی ئیمانداری دوورووی بەسەر چوو، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی مەزارشەریف، تەنیا هەفتەیەکی خایاند، نوێژ کردنی پێنج جارەی لەرۆژێکدا هیچی نەگۆری، ئەو ڕیشەی کە بەریداوەتەوە دەیخورێ، هەر کەس سەیری بکا وادێتە پێش چاوی کە پەریشانە، دیمەنی خۆی بەدڵ نەبوو بەتایبەتی کاتێ کە جلی( تونیکی) بەرینی تەقلیدی لەبەردا بوو.


"ئەگەر نەتوانم بیر لە بیرکردنەوەی رێگاپێدراو بکەمەوە، دەتوانم هەموو شتێ لەبیر کەم" لەگەڵ خۆی دا ئەمەی گوت، زوو وازی لە ئیمانداری هێنا، زیارەتەکەشی بەڕابواردن لە قەڵەم دا، دوای ڕۆێشتنی باوکی لەئێوارەی یەکەم دا، لە دوو هاورێیەوە دەعوەتنامەیەکی پێ گەیشت بۆ دەرەوەی ماڵ، بەڵێنێ پێدان کە لەگەڵیاندا بڕوا، بێ ئەوەی بزانێ ئەوان هەندێ ئەلکۆلی ئۆزبەکی وئەرمینیان لەبازاری رەش بەنرخێکی گران کڕیوە.


فرۆشیارە گەڕۆکەکە پێ گوتن "ئەمە باشترین خواردنەوەیە کە هەبێ" کوڕەکان لەبەرانبەر هەر بوتڵێک دا چل دۆلاری ئەمریکیان پێ دا، زۆربەی کڕیارەکانی لەو کوڕە گەنجانە بوون کە لە دەستی سانسۆری سەختی کەس و کار هەڵهاتبوون بۆ ئامێزی خواردنەوە تا مەستی ولەدەستدانی هاوسەنگی، مەنسور پێشتر تامی شەرابی نەکردووە، لە ئیسلام دا خواردنەوە مادەیەکی زۆرحەرامە، لەئێواریەکی زوو هاورێیەکانی مەنسور دەست ئەکەن بە خواردنەوە، کۆکتێل ئەکەن وبەردەوام ئەخۆنەوە، دوای ماوەیەکی کورت لەژووری هۆتێلەکە کە پەردەکانی داپۆشراون، لەترسی ماڵەوە بەکرێ گرتویانە، ئەرز لەژیر پێیان دەخولێتەوە، جارێ مەنسور نەچووەتە لایان، سەرەتا دەبێ براکانی بگەیەنێتە ماڵەوە، کاتێ مەنسور گەیشتە لای هاورێیەکانی بینی دادو بێداد دەکەن وهاواریانە دەیانەوێ بازبدەن بەسەر بالکونەکەیا، دوای ئەوەی مەنسور ئەم دیمەنە دەبینێ پەشیمان دەبێتەوەو گفت بەخۆی ئەدا کە نزیکی خواردنەوە نەکەوێ، ئەگەر خواردنەوە وا لە هەردوو هاورێیەکەی کردبێ، بێگومان ئەگەر ئەویش پەشیمان نەبێتەوە هەمان چارەنووسی تووش دەبێ.


*        *       *


لەماڵی جەلال دین کەس ناتوانێ بخەوێ، مناڵەکانی لەسەر ئەرزەکە ڕاکشاون، بەبێدەنگی دەگرین، لەهەموو کاتێکیان خراپتر بیست وچوار سەعاتی رابوردوو بوو، کاتێ کە دەبینن باپیرەیان لەباوکیان دەداوپێ دەڵێ دز، هەموو شمەکی ماڵەکە ژێرەوبان بووە، لەحەوشەدا باوکی جەلال دین لەبازنەیەکی بێکۆتایی دەسورێتەوە "چۆن دەبێ کوڕیکی وام هەبێ ،سەراپا بنەماڵەکەی شەرمەزار کردووە؟ دەستکەوتم چی بوە تا وام بەسەر بێ؟".


کوڕە گەورە بەدبەختەکەی لەسەر حەسیرێک دانیشتووە لەو ماڵەی کە لە ژوورێک پێکهاتووە، لەبەر برینی خوێناوی پشتی ناتوانێ لەسەر پشت ڕاکشێ، لەبەر ئەوەی باوکی بەگورزێکی ئەستور لێدابوو، دوای لێدانی کوڕەکە لەکتێبخانە هەردووکیان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، باوک بە پایسکل وکوڕیش بەپێ رێگای شارەکەی تێپەراند، جارێکی دی باوکەکە لە کوڕەکەی دا، کوڕەکەش هیچ بەرهەڵستکارییەکی نیشان نەدا، لێدان لە پشتی وجنێویش بەسەروگوێلاکیا، ئەندامانی خێزانیش بەترسەوە چاویان لێ یانە، ئافرەتەکان مناڵەکانیان دەردەکرد، بەڵام شوێنیکی تر نەبوو بۆێ بڕۆن، خانوەکەیان لە دەوری حەوشەیەکی کراوەدا دروست کراوە، دیوارێکی بەقەراغ جادەکەوەیە، بەدرێژایی دوو دیوارەکەی تر شوێنی دانیشتن هەیە، لە پشتەوەی چەند ژوورێک هەن پەنجەرەکانی بە مشەما گیراون دەکەونە بەرانبەر حەوشەکەوە، ژووریک بۆ دارتاشەکەوهاوسەرەکەی وحەوت مناڵەکەی، ژوورێکیش بۆ باوک ودایک وداپیرەی، ژوورێکی تر بۆ خۆشکەکەی ومێردەکەی وپێنج مناڵەکەیان، ژوورێکی دیکە بۆ مۆبەق وجێگای خواردن تیایدا تەنورێک لەهەناوی ئەرزەکە دروست کراوەوهەروا سۆپایەکی بریموس هەندێ رەفەی تیایە، مناڵەکانی دارتاشەکە لەسەر باوەڵێک دەخەون کە لە پەڕوی دڕاووپاشماوەی قوماش دروست کراوە تەنانەت هەندێ شوێنی بە کارتون و پارچە نایلون گیراوە، هەردوو کچە ئیفلیجەکەشی لەسەر لاقی لاریان عەکازەیان داناوە، لەکاتێ ڕۆیشتن لەبن هەنگڵیان دادەنێن، مناڵەکانی دیکەش ئەگزیمایان هەیە لەجۆری بەد، بەبەردەوامی زیپکەی خوێناوی دەخورێنن.


لە جەولەی دووەم دا هەردوو هاورێیەکەی سولتان شەیتان لەکەلەیان ئەدا، لەوسەری شاریشەوە مناڵەکانی دارتاش خەو دەیانباتەوە.


*        *       *
 

دوای سەفەرەکەی باوکی بەرۆژێک، بۆ بەیانیەکەی مەنسور لەخەو هەڵدەستێ، هەست بەسەربەستی دەکات، ئەوا ئێستا ئازادە، چاویلکە رەشەکانی دەخاتە سەر چاوی، ئەو چاویلکەی کە لە زیارەتەکەی بۆ مەزارشەریف کڕێ، بەئۆتۆمبێلەکەی شاری کابول تەی دەکا، بەتوندی شەست میل لەسەعاتێک دا لێخوڕی، بەقەراغ کەری بارکراووکۆمەڵی بزنی پیس وسواڵکەروسەربازی نیزامی ئەڵمانی تێپەرێ، کاتێ کە پەنجەی بۆ ئەڵمانەکان درێژ کرد، ئۆتۆمبێلەکەی کەوتە چاڵێکی سەر رێگاکەوە، بۆیە پرتەو بۆڵە دەکاوجنێو ئەدا، پیادەڕەوەکانیش لەپێش ئۆتۆمبێلەکەی باز ئەدەن، بەدوای خۆی دا گەڕەکەکانی کابول جێدەهێڵێ کە لە مۆزائێکی سەرسورهێنەرووێرانەی جەنگ وخانووی رووخاو پێکهاتوون، دەچێتە گەڕەکێکی تری هاوچەشن.


سولتان پێگوتبوو"دەبێ ئەنجامی کردەوەکانی خۆت قبوڵ بکەیت، بەم شێوەیە ئەخلاقت ڕاست دەبێتەوە" مەنسوریش بەگاڵتەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی سەری بائەدا، لەمەولا رەسول دەتوانێ جانتا هەڵگرێ ونامە وەرگرێ، لەمەولا مەنسور دەبێ بایەخ بەخۆی بدا تا وەکو باوکی دەگەڕێتەوە، جگە لە گەیاندنی براکانی بۆ سەر کار کاتێ بەیانیان هیچی تری نەکرد ئەویش هەتا زمانی لێندەن، ئەو کەسەی مەنسور لێبترسێ باوکیەتی، لەحزوری باوکیا جورئەتی نیە نارەزایەتی دەربرێ، ئەو تەنیا کەسێکە رێزی لێبگرێ و دانیپیابنێ، بەلایەنی کەمەوە ئەگەر ئامادە بێ.


ئاواتی مەنسور ناسینی ئافرەتانە، ئەم مەسەلەیەش لەکابول ئاسان نیە،زۆربەی خێزانەکان چاودێرێ کچەکانیان دەکەن وەک ئەوەی چاودێری گەنجینە بکەن، لەپرێکدا بیریکی خۆش بەمێشکیا دێ ئەویش ئەوەیە بچێتە خولیکی سەرەتایی ناوەختی فێر بوونی زمانی ئینگلیزی، زمانە ئینگیزیەکەی مەنسور باشە لەبەر ئەوەی لەپاکستان خوێندویەتی، بەهەڵەدا نەچوو بوو، هەر لەکۆتایی وانەی یەکەمدا چاوی کەوتە سەر کچێک کە لەوانیتر باشتر بوو، دەیەوێ بەوریاییەوە قسەی لەگەڵ بکا، جارێکیان کچەکە رێگای پێدا کە بیگەێەنێتە ماڵەوە، مەنسوریش داوای لێکرد سەردانی کتێبخانەکەیان بکا بەڵام هەرگیز نەهات، رۆژێکیان کچەکە چی دیکە ئامادە نەبوو لە پۆلی فیربوونی زمانی ئیگلیزی دا، مەنسوریش نەیتوانی پەیوەندی پێوەی بکا، هەستی کرد شتێکی لەدەست داوە، پێش هەموو شتێک زۆر بەداخەوە بوو کە چیتر نەهات لەکاتێکدا زۆر حەزی لێبوو زمانی ئینگلیزی فێر بێ.


بەپەلە کچە قوتابیەکەی زمانی ئینگلیزیی لەبیر کرد، لەژیانی مەنسوردا هیچ شتێکی راستەقینەو بەردەوام نیە، لەم بەهارە جارێکیان داوەتیان کردبوو بۆ ئاهەنگێگ لە دەرەوەی کابول، هەندێک لە ناسیاوانی ماڵیکیان بەکرێ گرتبوو، خاوەن ماڵەکەش لەباغچەی بەری ماڵەکە پاسەوانیان لێکردبوو.
لەرۆژی دوایی هاورێیەکی بە خرۆشەوە مەنسور ئاگادار دەکاتەوە.


"کوڵاژدمێکی ووشککراوەیان دەکێشا".
"کوتایان تا وەکو ببێتە ئاردێکی نەرم، لەگەڵ توتن دا تێکەڵیان کرد ئیدی مەزاجیان بەرزبوەوە بەڵام مەزاجێکی نەختی توڕە".
مەنسوریش بەسەرسورمانەوە گوێ لە قسەکەی رادەگرێ.


رۆژێکیان سولتان نامەیەک دەنێرێ و تیایدا دەڵێ، سبەینێ لەماڵەوە دەبم، مەنسوریش دەستبەجێ واز لە ژیانی ژەهراوی دێنێ، ئەو ئیشانەی باوکی داوای لێکردبوو هیچی جێ بە جێ نەکردووە، کتێبەکانی ریز نەکردووە ژووری پشتەوەی رێکنەخستووە، بەدەنگی داخوازیە نوێیەکانەوە نەچووە، هێشتا ئەو سنووقە کتێبانەی وەرنەگرتووە کەلە ئەمباری گواستنەوە کەڵەکە کراون، سەبارەت بە دارتاشەکەش خولەکێک بیری لێنەکردۆتەو لێکۆڵینەوە دەربارەی بکا.


شەریفەی دایکی دەستبەرداری شەر نابێ لە گەڵیدا "کوڕم چیت بەسەر هاتووە نەخۆشێ؟".
بەشانازییەوە دەڵێ " نە هیچم نیە".
بەڵام دایکی شەڕە دەنووکی لەگەڵ دەکا ئەویش پێ دەڵێ "دەمت داخە ئەڵێ ئاودەستە، بگەڕێرەوە بۆ پاکستان" مەنسور رووبەرووی هاوار دەکا " لەو کاتەی گەڕایتەوە ئێرە، هەموو شتێکت وێران کرد ".


شەریفە دەست ئەکاتە گریان "چۆن دەبێ مناڵەکانم وابن، چیم کردووە تاوەکو خۆشیان بەچارەی دایکیان نێ؟" شەریفە هاوار دەکاو دەقیژێنێ بەسەر مناڵەکانیا، لەتیفە دەست ئەکاتە گریان، بیبی غول کەدایکی سولتانە خۆی دەجوڵێنێ بەملاو بەلادا، سۆنیا کە ژنی دووەمی سولتانە کورپەکەی خۆی کە لەتیفەیە هێور دەکاتەوە، لەیلا کە نۆزدە سال تەمەنیەتی خۆشکی بچوکی سولتانە خەریکی جل شووشتنە، مەنسور بەتوندی دەرگای ژوورەکە پێوە ئەدا و ئەچێتە ئەو ژوورەی کە خۆی و یونسی مامی هاوبەشن تیایدا، یونس لەسەر جێگایەکەی پرخەی دێ، تووشی پەتای ئیلتهابی جگەر بووە، بەدرێژایی رۆژ لەسەر جێگایەو حەب قووت ئەدا، چاوەکانی ڕەنگی زەردیان لێنیشتووە، لەهەموو کاتێ زیاتر خەمناک وڕەنگ پەریوە.


کاتێ کە لە رۆژی دوایی سولتان دەگەڕێتەوە، مەنسور زۆر بێئۆقرە دەبێ، خۆی لەسەیرکردنی هەردوو چاوی تیژی باوکی دەپارێزێ، بەڵام بەهەر حاڵ پیویستی بەوە نیە زۆر بێئۆقرە بێ، لەبەر ئەوەی ئێستا سولتان بەتەواوی بایەخەوە سەرنجی سۆنیا ژنە بچکۆڵەکەی ئەدا، لەرۆژی دوایی کاتێ لە کتێبخانەکە بوون باوکی لێپرسی ئاخۆ چیکردووە سەبارەت بەو کارانەی پێ راسپێردرابوو، پێش ئەوەی مەنسور بپرژێتە سەر وەڵامدانەوە، باوکی دەستی کرد بە پێدانی فەرمانی نوێ.


سەفەرەکەی سولتان بۆ ئێران زۆر سەرکەوتووبوو، سەرلەنوێ پەیوەندیی کردبوو بە کۆنە بازرگاکانەوە، بەم زووانە کارتونی کتێبی فارسی بەدوای یەکدا دەگەنە کابول بەڵام ئەو شتەی کە بیری نەچوو بوو مەسەلەی دارتاشەکەیە.


سولتان بە دووچاوی زەق دەڕوانێتە کوڕەکەی "تائێستا هیچت نەدۆزیوەتەوە".


پیویستە لەسەرت هەر سبەینێ بچی پۆلیسی لێ ئاگادار بکەیتەوە، باوکی گوتی لە ماوەی رۆژێک دا دان بە هەموو شتێک دادەنێ، ئەوە مانگێک تێپەر بوو، لە پاکستان گەرامەوە، هێشتا نەخراوەتە زیندانەوە، بەهەرەشەوە دەڵێ " تۆ کوڕی من نییت" بەزمانیکی ناشرینی هەڕەشەئامێز دەڵێ "ئەوەی دزی لە من بکا، هەرگیز بەختەوەری بەخۆیەوە نابینێ".

*        *       *

__________________________________________

تێبینیی (١): ئەم چیرۆکەم لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، نووسەرەکەی رۆژنامەنووسێکی ناسراوی نەرویجییه‌، سێ مانگ لەتەک خێزانیکی ئەفغانی لە کابول ژیاوە، کە خاوەن کتێبخانەن، کتێبیکی لەسەر داناون بە نێوی ''کتێب فرۆشێک لە کابول''، بۆ زۆربەی زمانە زیندووه‌کانی جیهان وه‌رگێڕدراو، ئەم چیرۆکە یەکێکە لە بابەتەکانی کتێبەکە، کە تێکرای بەسەرهاتی راستەقینەی ئەو بنەماڵەیە دەگێڕێتەوە، هه‌ر له‌سه‌ر‌ ئه‌وه‌ش که‌ نووسەرەکە له‌ نێو ده‌قی نووسینه‌که‌یدا تا راده‌یه‌کی زۆر چۆته‌‌‌ نێو کونج و کەلێنی بنەماڵەکە و به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ باس له‌ ژیان و هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کا.. خاوەن ماڵەکە خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌‌ نەرویج و سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌کا. (وه‌رگێڕی کوردی).

تێبینیی (٢): له‌به‌رئه‌وه‌ی چیڕۆکه‌که‌ زۆر درێژ بوو.. به‌ باشمان زانی بیکه‌ینه‌ دوو به‌ش، به‌شی دووه‌می له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا بڵاوده‌کرێته‌وه‌. (ئه‌مڕۆ).

 

نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک