په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٢\٢٠١٢

چیڕۆکی دارتاشەکە.

 

                                                                                                 

نووسینی: ئۆسنە سیرستاد                                                                                         وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: نەهرۆ

 

- به‌شی دووه‌م (کۆتایی) -

 

 

بۆ سبەینێ دوای ئەوەی کە تاریکی ڕەوییەوە، دوو ژن لەگەڵ دوو مناڵدا لەدەرگای ماڵی سولتان خان ئەدەن لەیلاش بەتەمبەڵییەوە دەرگایان لێدەکاتەوە، دەمێک پێدەچێ تا بۆ لەیلا دەرئەکەوێ کە داپیرەو مامۆژنی دارتاشەکەن و دوو مناڵیان لەگەڵ خۆیاندا هیناوە.


دەڵێن "تکاتان لێ دەکەین بمانبورن، بمانبورن تکاتان لێدەکەین " خاتری خوا بمانبورن دەگرین، داپیرەکە تەمەنی نزیکەی نەوەد ساڵە، قەبارەی بچووکە، پەژموردەیە، دەم وچاوی لە چڕوچاوی مشک دەچێ، چەنەیەکی مووداری نوکنی هەیە ،داپیرەی دارتاشەکەیە لە باوکەوە، هەر ئەم بوو لە هەفتەکانی رابوردوودا دەیویست نەوەکەی راستیەکان بۆی بدرکێنێ.


"هیچمان نیە لەسەری بژین برسێتی بڕستی لێبریوین، بڕواننە ئەم دوو مناڵە، پارەی پۆست کارتەکان قەرەبوو دەکەینەوە ".


لەیلا داوای لێکردن بێنە ژوورەو داپیرە پیرەکە لە شێوەی مشک خۆی دەخاتە سەر پێی ئافرەتەکان، خێزانەکە لەدەنگی هات و هاوار بەخەبەر هاتن، چوونە ژوورەوە، ئەوانیش زۆر شپرزەبوون بەرانبەر بەم بەدبەختی یە کە وەک هەوای سارد خۆی کرد بە ژوورا، هەردوو ئافرەتەکە کوڕێکی دوو ساڵانەو کچێک لە ئیفلیجەکان لەگەڵ خۆیاندا هینا بوون، مناڵە ئیفلیجەکە زۆر بەزەحمەت لەسەر ئەرزەکە دائەنیشێ، لاقە ووشکبوەکەی تووشی ئیفلیجی هاتووە بەعەکازەکەیەوە هەڵواسراوە، بەهێمنی و ویقارەوە دانیشتوەو گوێ بۆ گفتوگۆی دەوروبەری هەلخستووە.


کاتێ پۆلیس بەسەر ماڵەوەیان دادا جەلال دین لە ماڵەوە نە بوو، بۆیە لەباتی ئەو باوک وبراکەیان برد، گوتیان بۆ رۆژی دوایی دێنەوە جەلال دین ئەبەن، بەدرێژایی شەو کەس خەوی لێنەکەوت، لەبەرەبەیان پێش ئەوەی پۆلیس بگەڕێتەوە، هەردوو ئافرەتە بەتەمەنەکە وەک نوێنەری هەموو ئەندامانی خێزان کەوتنە رێ بەمەبەستی وەدەستهینانی مەرحەمەت ولێبوردنی سولتان.


"ئەگەر شتێکی دزیوە، هەژاری خێزانەکەی پاڵیپێوە ناوە، بڕوانە مناڵەکانی وەکو چولەکە لاوازن، جل وبەرگی پیویستیان نیە، هیچیان نیە بیخۆن ".
لەگەڕەکی مایکرورایون دڵەکان رەحمەتیان لێدەباری، بەڵام سەردانەکەیان جگە لەبەزەیی ئەنجامێکی دیکەی نەبوو، کاتێ سولتان بڕیاری شتێک بدا، ئافرەتەکانی خێزانی خان ناتوانن هیچ کارێ بکەن بەتایبەتی ئەگەر مەسەلەکە پەیوەست بێ بە کتێبخانەکەوە.
ئافرەتەکان بە دوو ژنەکەیان گوت "حەزمان کرد یارمەتیتان بدەین، ئەوەی لەدەستمان بێ بیکەین بەڵام سولتان بڕیاردەرە".
"سولتانیش لە ماڵەوە نیە".


هەردوو ژنەکە دەست ئەکەنە گریان و هات و هاوار، دەزانن قسەکانیان ڕاستە بەڵام ناتوانن خۆیان بێ هیوا بکەن . لەیلا دێتە ژوورەوە قاپێک هێلکەورۆن ونانی تازەی پێ یە دەیداتە ژنەکان هەروا شیری کوڵاو بۆ مناڵەکان دەهێنی، کاتێ کە مەنسور دێتە ژوورەوە، هەردوو ژنەکە پڕی پێی ئەدەن ماچی بکەن، ئەویش بە تێهەڵدان دووریان دەخاتەوە، دەزانن کە ئەو کوڕە گەورەی باوکیەتی لە غیابی باوکی دا ئەو جڵەوی کۆنتروڵکردنی شتەکان لەدەست دەگرێ، بەڵام مەنسور بڕیاری دابوو ئەو کارە بکا کە باوکی داوای لێکردووە.


داپیرە بەگریانەوە هاوار دەکا " لەو رۆژەی سولتان دەستی بەسەر کەرەستەکانی جەلال دین دا گرتووە، چی دیکە ناتوانێ کار بکا، ئەوە چەند هەفتەیەکە هیچمان نەخواردووە، تامی شەکرمان بیرچووتەوە" ، " ئەو برنجەی کە دەیکڕین لەوانەیە بۆگەنی کردبێ، مناڵەکانی رۆژ لەدوای رۆژ لاواز دەبن، بڕوانە ئەم دوو مناڵە هەر پێست و ئێسکن، باوکی جەلال دین هەموو رۆژی لەکوڕەکەی ئەدا، رۆژی لەرۆژان هەرگیز بیرم نەکردوتەوە کە من دز پەروەردە دەکەم" داپیرە ئەمەی گوت، ئافرەتانی مایکرورایون بەڵێنیان پێئەدەن، ئەوەی لەدەستیان بێ بیکەن تاوەکو سولتان رازی بکەن، گەر چی پێشوەخت دەیانزانی هیچ شتێک سودی نیە.


لەکاتێکدا داپیرەو مامۆژن لەگەڵ هەردوو مناڵەکەیا رێگایان گرتە بەر بەرەو گوند، پۆلیس ئامادە بوو، جەلال دین یان قوڵبەست کرد، دوای نیوەرۆ مەنسوریان وەک شایەد بانگ کرد، لە تەنیشت دادوەرەوە لەسەر کورسی یەک دانیشت، لاقی خستە سەر یەک، حەوت پیاو گوێ لە لێپرسینەوەکە دەگرن ،کورسیەکان بەش ناکەن بۆیە دووانیان لەسەر کورسییەک دائەنیشن، دارتاشەکەش لەسەر ئەرزەکە دانیشتووە، کۆمەڵێکی تیکەڵ وپێکەڵن، هەندێ پۆلیس قاتی فەرمی قورسی زستانەیان لەبەرە کە ڕەنگی خوڵەمێشی یە هەندێکی تریان جل وبەرگی تەقلیدیان لەبەرە، ئەوانی تریش جلی سەوزی پۆلیسی جەنگیان لەبەرە، زۆر کێشە هەیە لەم ئوفیسە چارەسەر ناکرێ، بۆیە دزینی پۆست کارت مەسەلەیەکی ترسناکە، پۆلیسێک لەتەک دەرگاکە ڕاوەستاوە نازانی سەر بە ژوورەوەیە یاخود سەر بە دەرەوە.


گەورەی دادوەرەکان گوتی" پیویستە لەسەرت پێمان بڵێ کارتەکانت بەکێ فرۆشتوە، ئەگەر نە دەتنێرین بۆ زیندانی ناوەندی ".


ووشەی "زیندانی ناوەندی " ترس ولەرز بەژوورەکەیا بڵاو دەکاتەوە، زیندانی ناوەندی ئەو شوێنەیە کە تاوانبارە ڕاستەقینەکان لەخۆ دەگرێ، دارتاشەکە لەسەر ئەرزەکە خاو دەبێتەوە، وادێتە پێش چاو کە بێ هیوایە، دەستەکانی دەگوشی، ئەو دەستانەی کە ئیشی دارتاشیان پێدەکا، هەزاران قونچکەو شوێنی برینی پێوەیە، لەژێر ئەو تیشکە خۆرەی کە لە پەنجەرەکە دێتە ژوورەوە، دەکرێ بەروونی قونجکە و شوێن برینەکانی دەستی ببینرێ کەلەئاکامی بەکارهێنانی چەقۆومنشارودرێلەوە وایلێهاتووە، وەک بڵێت لە باتی دەم و چاو دەست نوێنەرایەتی یی دەکا، ئێستاش هەر حەوت پیاوەکە لە دەستەکانی ورد دەبنەوە، وەک ئەوەی کێشەکە پەیوەندی بەدەستیەوە هەبێ نەک بە خودی خۆیەوە، دوای ماوەیەک بردیان بۆ زیندانیکی بچوک، پانتایەکەی دە پێی چوار گۆشەیە بەشێوەیەک دروست کراوە کە ناتوانێ تیا بوەستێ، ئەوەی پێبکرێ چەماندنەوەیە یاخود دانیشتنە وخەوتنی بەگڵوڵە.


چارەنووسی جەلال دین ئێستا لە مشتی بنەماڵەی مەنسور دایە، ئەوان دەتوانن واز لە سکاڵاکەیان بهێنن یا خود وەکو خۆی بیهێڵنەوە، ئەگەر دەست لە سکاڵاکەیان هەڵنەگرن، ئەوە دەست بە دەست بە دامودەزگاکان دەڕوا، ئیدی درەنگە ئازادی بکەن، دواتر پۆلیس بڕیاری حوکمی لەسەر ئەدەن.
گەورەی دادوەرەکان دەڵێ "ئێمە دەتوانین ٧٢ سەعات لێرە بیهێڵینەوە، دواتر ئێوەش بڕیاری خۆتان یەکلایی کەنەوە ".
ئەو پێوایە جەلال دین دەبێ سزای خۆی وەرگرێ لەبەر ئەوەی هەژاری پاساو نیە بۆ دزی.


دادوەرەکە نێوبانگی چاکی هەیە، لەگەڵ مەنسوردا کەوتە گفتوگۆ، کاتێ کەمەنسور لێپرسی ئاکامی ئەم کارە بەکوێ دەگا " خەڵکی هەژار زۆرە ئەگەر بەهۆی تاوانەوە سزا نەدرێن ئەوا کۆمەڵگا بەگشتی هەڵدەوەشێتەوە، کاتێ کە سەرپێچی لەیاسا دەکرێ زۆر گرنگە ئێمە نموونە بدەین بەدەستەوە " مەنسور کاتێ کە دڵنیا بوو جەلال دین لەوانەیە بەهۆی دزینی پۆست کارتەکانەوە شەش ساڵ زیندانی بەر کەوێ، بیری لە مناڵەکانی دەکردەوە نیگای برسی یان جل وبەرگی دڕاویان هەروا بیر لە ژیانی تایبەتی خۆیشی دەکاتەوە کە چەند ئاسانە، دەتوانێ لە تاقە رۆژێکدا خەرجی مانگانەی خێزانی دارتاشەکە سەرف بکا.


دەستەیەک گوڵی دەستکرد نێوەی مێزەکەی داگیر کرد بوو، ئەو گوڵانەی کە زۆر لەمێژە چینێکی تۆزی لێنیشتووە، لەگەڵ ئەوەش دا درەخشانەوەیەک بەخشیبوە ژوورەکە، وادیارە پیاوانی پۆلیسی گوندی خودایداد ڕەنگیان خۆش دەوێ، دیوارەکان بە بۆیەی سەوزی قەرسیلی ڕەنگ کرابوون، گڵوبەکەیان سورە بگرە سورێکی تۆخە، بەقەد دیوارەکەوە وێنەی قارەمانی جەنگ مەسعودیان هەڵواسیبوو، لەهەموو دائیرە فەرمیەکانی دیکەی کابول ئەم وێنەیە هەڵواسراوە، گەورەی دادوەرەکان بە دووپاتکردنەوەوە گوتی "بیرت نەچێ، ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی تالیبان بوایە ،ئەوە دەستتیان دەبڕییەوە ".


"کەسانێک لەو تاوانەی تۆ کەمتریان کردبوو کەچی وایان لێکرد ".
دادوەرەکە باسی ئەو بێوەژنەی کرد کە مێردەکەی مرد بوو.


" زۆر هەژار بوو، کوڕە بچکۆڵانەکەی لە بەر بێ پیڵاوی قاچی زۆر سەرمای دەبێ، وەرزەکەش زستان دەبێ ناتوانێ لەدەرگا بچێتە دەرەوە، کوڕە گەورەکەشی مێرد منداڵ بوو، چوو جووتێ پێڵاوی بۆ برا بچکۆڵەکەی دزی کە بە بەڵگەی تاوانەکەوە گیرا، دەستی ڕاستیان بڕییەوە ،ئەمە زیادەڕەوییەکی زۆرە".


دادوەرەکە پێوابوو " دارتاشەکە سەلماندویەتی کە پیاوێکی خراپە چونکە چەند جار لەسەر یەک دزیی کردووە، ئەگەر بەمەبەست ناندانی مناڵەکانت دزی بکەیت ئەوە جارێک دزی ئەکەیت " بەپاساوهینانەوەگوتی.


دادوەرە گەورەکە لە سنوقی پشتەوەی خۆی ئەو شتانە پیشانی مەنسور دا کە دەستی بەسەراگیراوە وەک مەقلی و چەقۆی مۆبەق وچەقۆی باخەڵ وبۆکسی ئاسنین ودەمانچەوکەرەستەی کارەبایی ودەستەی کاغەزی یاری، قومار لە پێناوی پارە شەش مانگ زیندانی لەسەرە.


" دەستبەسەری ئەو کۆمەڵە کاغەزەی یاری گیراوە لەبەر ئەوەی یاریچی دۆڕاو پەلاماری یاریچیە براوەکە ئەدا چەقۆیەک لێئەدا، هەردووکیان دەیانخواردەوە، دۆڕاوەکە سزا درا لەبەرخواردنەوەو قومارو لێدان".
پێدەکەنن "یاریچیەکەی دی ئازاد کرا لەبەر ئەوەی ئێستا بەتەواوەتی لە پەل وپۆ کەوتوە ،ئەو سزایە بەسیەتی! ".
مەنسور پرسیار دەکا " سزای خواردنەوە چی یە ؟".
لەکاتێکدا دەیزانی خواردنەوە بەپێ شەریعەت تاوانیکی گەورەیە و سزای قورسی لەسەرە ،قورئانی پیرۆز وەسیەتی هەشتا جەڵدەی کردووە.


دادوەرە گەورەکە دەڵێ:
"ئەگەر لەگەڵت راستگۆ بم ،ئەوە زۆر جار چاو پۆشی لەم شتانە دەکەم، ئەگەر بۆنەی ژنهینان بێ، ئەوە پێیان دەڵێم ئەمرۆ وەک پشوودانە، بەڵام دەبێ بزانن هەموو شتێ بەمیانرەوی خۆشەو لەسنوری خێزان دا بێ ".
" ئەی دەربارەی رابواردن ".
"ئەگەر خێزاندار بن ئەوە رەجم دەکرێن و دەکوژرێن، ئەگەر سەڵتیش بن ئەوە سزاکەی سەد جەڵدەیە وپیویستە لەسەریان ببن بەهاوسەر، ئەگەر یەکێکیان خێزاندار بێ، بۆ نموونە پیاوەکە، ژنەکەش سەڵت بێ ،ئەوە پیویستە لەسەر پیاوەکە مارەی بکا وەک ژنی دووەم، بەڵام ئەگەر ژنەکە مێردی هەبێ و پیاوەکە سەڵت بێ، ئەوە ژنەکە دەکوژرێ و پیاوەکە جەڵدو زیندانی دەکرێ ".


دادوەرەکە گوتی:
" بەڵام هەندێ جار بەشێوازێکی تر بۆ ئەم مەسەلەیە ئەڕوانم، ئەگەر ژنەکە بێوەژن بێ پیویستی بە پارە بێ، لەم کاتە هەوڵئەدەم یارمەتیان بدەم و بیانخەمە سەر رێگای راست".
" تۆ دەربارەی خەڵکی ریسوا قسە دەکەی بەڵام سەبارەت بە خەڵکی ئاسایی چی ؟".
"جارێکیان دامان بەسەر ژن وپیاوێک دا لە ناو ئۆتۆمبێل بوون، لەو کاتە ئێمە، باشتر وایە بڵێم کەس و کارەکانیان ناچاریان کردن کە زەواج بکەن ".
دەڵێ " ئەوە رەفتاریکی بە بەزەییانە بوو، پێت وا نیە؟ دوای هەموو شتێ، ئێمە وەک جەماعەتی تالیبان نیین ".
دادوەرەکە گوتی " پیویستە لەسەرمان خۆمان نەدەین لەقەرەی ڕەجم کردنی ئەفغانی بەبەرد، ئەفغانیەکان ئەوەندە بەدبەختیان چێشووە تا خودا بڵێ بەس".


*        *       *


مەنسور لەبیرکردنەوەیەکی قووڵ دا، دائیرەی پۆلیس جێدەهێڵێ، دادوەرەکە ئەوپەری سێ رۆژی بۆ داناوە، تا هەنوکەش ئەو دەتوانی لە خەتابار خۆش بێ، بەڵام ئەگەر کات لەوە زیاتر تێپەر بکات ئیدی زۆر درەنگە، مەنسور مەزاجی رێگای پێنادا بگەڕێتەوە کتێبخانە، بۆیە دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە بۆ نان خواردن، بەکەمی شتی وا رووئەدا، خۆی دەخاتە سەر جێگاکە، لە خۆشبەختی هەمووان خواردن ئامادەیە.


دایکی دەڵێ "پێڵاوەکانت لەپێ داکەنە".
مەنسور لە وەڵام دا " ون بە لە بەر چاوم ".
بەدواییدا شەریفە " مەنسور دەبێ گوێرایەڵی دایکت بی ".
بەڵام مەنسور وەڵامی ناداتەوەو لە سەر ئەرزەکە ڕادەکشێ، رووەو سەرەوە قاچ لەسەر قاچ دائەنێ ونەعلەکانیشی لەپێ دان، دایکیشی دەم دادەخاو بێدەنگ ئەبێ . مەنسور دەڵێ "پیویستە لەسەرمان بڕیار بدەین چی بکەین لەگەڵ دارتاشەکەیا".


جگەرەیەکیش دادەگیرسێنێ، دایکیش دەست ئەکاتە گریان، مەنسور لە حزوری باوکی دا تائێستا جگەرەی دانەگیرساندوە، بەڵام هەر کە باوکی لە دەرەوەی ماڵ بێ ئیدی بەکەمالی ئیسراحەت جگەرە ئەکێشێ ودایکی بێزار ئەکاو لەکاتێ نانخواردن و لە پێش و پاشی دا، ژوورە بچکۆڵانەکەیان پر ئەکا لە دووکەڵ، ماوەیەکی زۆرە بیبی غولی داپیرە سکاڵایەتی لەدەست مەنسور سەبارەت بەو کەم رەوشتی یەی کە لە گەڵ دایکیا دەینوێنێ، بەڵام ئەمجارەیان حەزی جگەرە کێشان بەسەری دا زاڵ دەبێ بە پرتە پرت دەستی بۆ درێژ ئەکا "جگەرەیەکم نادەیتێ ؟" .


چەند خولەکێکی بێدەنگی تێپەرێ، ئاخۆ داپیرە دەستی کردووە بە جگەرە کێشان؟ لەیلا بە پەلە بانگی دەکا (دایە) جگەرەکەی لێدەفرێنێ، بەڵام مەنسور جگەرەیەکی دی پێ ئەداتەوە، لەیلا وەک ناڕەزاییەک ژوورەکەی جێهێشت، بیبی غولیش دائەنیشی وبە بەختەوەرییەوە جگەرە ئەکێشێ ئیدی بۆ پێش و پاش قۆڵی ناجوڵێنێ، جگەرەکەی دەستی بەرز ئەکاتەوەو بەقووڵی دووکەڵەکەی هەڵئەمژێ، بیبی غول بە پاساو هینانەوە دەڵێ "بەم شێوەیە دەتوانم خواردنم کەم بکەمەوە " دوای ئەوەی جگەرەکەی کێشا گوتی "بەرەڵلای کەن " . "سزای خۆی وەرگرت باوکی لێدا، شەرمەزار بوو، بەهەر حاڵ پۆست کارتەکانی گەڕاندەوە".


شەریفە پالپشتی قسەکانی بیبی غولی کردوو گوتی " مناڵەکانی بینیت، چۆن دەتوانن بژین، ئەگەر لە داهاتی باوکیان بێبەش بکرێن ؟".


دوای ئەوەی دایکی جگەرەکەی کوژاندەوە لەیلا گەڕایەوەو گوتی " لەوانەیە ببینە هۆی مردنی مناڵەکانی ". " ئەگەر نەخۆش بکەون چی، ناتوانن حەقدەستی پزیشک بدەن وبەهۆی ئێمەوە دەمرن، لەوانەیە بەهۆی برسێتی یەوە بمرن " هەروا گوتی " بەهەر حاڵ لەوانەیە دارتاشەکە لەزیندان بمرێ، زۆر کەس ناتوانێ شەش ساڵ لە زیندان بمێنێتەوە، زیندان پرە لە نەخۆشی سل و زۆر نەخۆشی دیکە ".


بیبی غول گوتی " بەزەییتان هەبێ ".
مەنسور تەلەفونی سولتان دەکا کە لە پاکستان دایە بەو مۆبیلەی کە تازە کڕیویەتی، پرسیار لە باوکی دەکا کە رێگای پێبدا دارتاشەکە بەرەڵلا بکا، بێدەنگی باڵی بەسەر ژوورەکە ئە کێشێ، هەمووان گوێیان لە دەمەتەقەکەیە.
گوێیان لەدەنگی سولتان دەبێ کە لە پاکستانەوە هاوار دەکا " دەیەوێ بازرگانیەکەم لە ناو دا، نرخەکانم بشکێنێ، کرێیەکی باشم پێدا، پیویستی بەوە نەبوو دزیم لێبکا، فێڵبازیکی لادەرە، خەتابارە، دەبێ راستیەکان بدرکێنێ، هەرگیزاوهەرگیز کەس لەدەستم رزگاری نابێ، بەتایبەتی کە هەوڵی دابێت بازرگانیەکەم تێک بدا ".


مەنسور لەم سەری خەتەوە هاوار دەکا " لەوانەیە بەشەش ساڵ زیندانی حوکمی بدەن، کاتێ لە زیندان ئازاد دەبێ، لەوانەیە مناڵەکانی بمرن ".
"ئەگەر بە شەست ساڵ زیندانی حوکم بدرێ گوێم لێنیە، پیویستە لەسەرێ ئازار بچێژێ تا ئەو کاتەی کە پێمان دەڵێ کارتەکانی بەکێ فرۆشتوە ".
" کاتێ کە تۆ تێرێ دەتوانیت ئەم قسانە بکەیت " مەنسور هاوار دەکا".
" من کاتێ بیر لە مناڵە لاوازەکانی ئەکەمەوە کە ئەم باوکیانە، گریانم دێ، لەوانەیە خێزانەکەی لە ناو بچێ ".


" چۆن جورئەت ئەکەیت بە پێچەوانەی باوکت قسان بکەیت " سولتان لەمۆبیلەکەوە هاوار دەکا، ئەوانەی ژوورەوەش دەنگی دەناسنەوە، دەزانن ئێستا توڕەیەو سەراپا لەشی دەلەرزێ " چ جۆرە کوڕێکیت تۆ " پیویستە لەسەرت گوێرایەڵی هەموو شتێک بی، هەموو شت، چیت بەسەر هاتووە ؟ بۆ وا بێ ئابروو دەرچووی لەگەڵ باوکت دا ؟".


دەموچاوی مەنسور ڕاگەیەنەری شەڕێکی ناوخۆیە کە پێوەی دەناڵێنێ، ئەو تائێستا جگە لە جێ بە جێ کردنی فەرمانەکانی باوکی شتێکی دیکەی نەکردووە، سەبارەت بەو شتانەی کە باوکی ئاگای لێیەتی، تا ئێستا بە ئاشکرا رووبەرووی باوکی نەبۆتەوە، جورئەتی ئەوەی نیە وا بە ئاسانی باوکی توڕە بکا.
دەڵێ "باشە " خەتەکە دادەخا، بێدەنگی باڵیدەکشێنێ بەسەریاندا، ئیدی مەنسور دەست ئەکاتە جنێودان.
شەریفە هەناسە هەڵدەکشێ " دڵی لە بەرد ڕەقترە " سۆنیاش بێدەنگ دەبێ.


*        *       *


بەردەوام بەیانیان وئێواران خێزانی دارتاشەکە دێن، هەندێ جار داپیرەکەی هەندێ جاریش دایکی یان مامۆژنی یان هاوسەرەکەی، هەمیشە مناڵێک یان دووانیان لەگەڵ دایە، هەموو جارێ هەمان وەڵام وەردەگرنەوە، کە سولتان بڕیاردەرە، کاتێ بگەرێتەوە ماڵەوە، هەموو کێشەیەک چارەسەر دەکرێ، بەڵام دەزانن ئەم قسەیە ڕاست نیە، سولتان بڕیاری مەحکوم کردنی داوە.


لەکۆتاییدا چی دیکە حەوسەڵەیان نامێنێ، دەرگایان لێ ناکەنەوەو بەبێدەنگی دادەنیشن، وا پیشان ئەدەن کە لە ماڵەوە نیین.


مەنسور دەڕواتە دائیرەی پۆلیس بە مەبەستی درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەیان، چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکیەتی، بەتەمایە دوای گەڕانەوەی رازیی بکا، بەڵام گەورەی دادوەرەکان ناتوانێ زیاتر لەوە چاوەڕوان بێ، ئەو ژوورەی کەپانتایەکەی دە پێیە، بۆ چەند رۆژێکی کەم زیندانی تیا دەهێلنەوە، جارێکی دی داوا لە دارتاشەکە ئەکەن دانیپیابنێ، ئاخۆ کارتی زۆرتری نەبردووە لەو ژمارەیەی کە پێشووتر ڕایگەیاندووە، هەروا ئاگاداریان بکاتەوە، فرۆشتویەتی بە کێ، بەڵام نکۆڵی دەکا، بۆیە هەردوو مەچەکی جەلال دین کەڵەبچە ئەکەن و لە خانوە قوڕینەکە دووری دەخەنەوە، دائیرەی لۆکاڵی پۆلیس ئۆتۆمبێلی تیا نیە، بۆیە ئەکەویتە ئەستۆی مەنسور کە دارتاشەکە بەرێ بۆ ویستگای ناوەندی پۆلیس لە کابول.


لەدەرەوەی ویستگایەکە باوکی دارتاشەکەو کوڕەکەی و داپیرەکەی ڕاوەستاون، کاتێ کە مەنسور دەگاتە لایان، بەدوودڵی لێنزیک دەبنەوە، مەنسور ڕقی لە ساتەکانی ئەم چاوپێکەوتنە دەبێتەوە، لە غیابی باوکی دا دەبێ وەک دادوەریکی دڵڕەق رەفتار بکا.


مەنسور خۆی لەنێوانیان رادەپسکێنێ و دەڵێ " من جگە لە ڕاسپاردەکانی باوکم شتی دیکەم نەکردووە، چاویلکە رەشەکەی لەسەر لووت دائەنێت ولە ناو ئوتۆمبێلەکەی دائەنیشێ، داپیرەو مناڵە بچکۆڵانەکە رووەو مال دەگەڕێنەوە، باوکیشی سواری پایسکلە سەقەتەکە دەبێ بە دوای ئۆتۆمبێلەکەدا دەڕوا، خۆی بەدەستەوە نادا، دەیەوێ خۆی بگەیەنێتە کوڕەکەی، ئەوانەی نێو ئۆتۆمبێلەکە پیاوە پیرەکە دەبینن کە چۆن بەسواری پایسکل پەیتا پەیتا لەبەر چاویان ون دەبێ.


لە جاران هێواشتر مەنسور لەئۆتۆمبێلەکەی دەخوڕێ، لەوانەیە چەند ساڵێک تێبپەرێ ئەوجا دارتاشەکە ئەم شەقامانە ببینێتەوە.


دەگەنە ویستگای ناوەندی پۆلیس، لەمیانەی دەسەڵاتی تالیبان دا، ئەم ساختمانە زیاتر جێگای ڕق و کینەی خەڵک بوو، وەزارەتی فەرمان بەچاکەو قەدەغەکردنی خراپە لێرە بوو کە ناسراو بوو بە وەزارەتی ڕەوشت، ناوەندیکی سەرەکی بوو بۆ پۆلیسی ئاینی، ئەوانەیان دەهینا بۆ ئێرە کە پیاوی ریش تاشراو بوون یان ریش و شرواڵەکانیان زۆر کورت بوون هەروا ئەو ئافرەتانەی کە لە گەڵ بێگانەیا دەردەچوون بۆ شەقامەکان یان خۆیان بە تەنیا دەردەچوون یاخود لەژێر بۆرکاوە خۆیان دەڕازاندەوە .هەموویان دەهێنران بۆ ئەم شوێنە، بەدرێژایی چەند هەفتەیەک سووکایەتیان پێدەکرا، پێش ئەوەی بیانێرن بۆ زیندانەکانی تر یان ئازاد بکرێن . کاتێ کە تالیبان ڕۆیشت دەرگاکان کرانەوەو زیندانیەکان ئازاد کران، کێبڵ و حیزران لەم شوێنانە بوون، وەک کەرەستەی ئەشکەنجە بەکار دەهێنران، پیاوەکان بەرووتی جەڵدەیان لێئەدرا بەڵام ئافرەتەکان بۆیان هەبوو لەکاتێ ئەشکەنجەدانا بە پەڕۆیەک جەستەیان داپۆشن، پێش تالیبان دەزگای هەواڵگری زاڵمی سۆڤیەتی لێرە بوون، دوای ئەوانیش هێزی پۆلیسی ئەنارشستی موجاهدین ساختمانەکەیان داگیر کرد، دارتاشەکە بەقاڵدرمە فراوانەکەیا سەردەکەوێ بۆ نهومی پێنجەم، دەیەوێ شان بە شانی مەنسور بروا، بەدڵ شکاوییەوە سەیری دەکا، وادەرئەکەوێ کە چاوەکانی زیاتر زەق و گەورە بوونە، لەمیانەی هەفتەی ڕابوردوودا کەگیراوە، چاوە پر بەزەییەکانی وەک ئەوەی بیانەوێ لەکاسە بێنە دەرەوە، بمبورە، بمبورە، بەدرێژایی ژیانم بێ بەرانبەر دەبمە خزمەتکارت، بمبورە.


بەڵام مەنسور بەردەوام رووەو پێشەوەی خۆی دەڕوانێ، پیویستە لەسەرێ پاشەکشە نەکا، سولتان فەرمانی داوە، ئەم ناتوانێ بەرهەڵستکاریی بکا، لەوانەیە لە میرات بێبەش بکرێ، لە ماڵ وەدەرنرێ، وای هەست دەکرد لە کن سولتان زیاتر براکەی تری رەواجی هەیە، ئیقبالی برای دەتوانی (محاسبە) فێر ببێ، بەڵێنی وەرگرتووە کە پایسکلی بۆ بکڕن، ئەگەر مەنسور بەرهەڵستکاریی بکا لەوانەیە سولتان هەموو پەیوەندییەکی بپچرێنێ، هەستی هەر چۆنێک بێ لە بەرانبەر دارتاشەکەیا بەڵام ناتوانێ سەرەڕۆیی بکا، چاوەروانی لێپرسینەوەو نووسینی کۆنووسن، بە پێ یاسا شکایەتلێکراو زیندانی دەکرێ تا ئەو کاتەی خەتاباری یان بێگوناهی ساغ دەبێتەوە، هەموو کەسێ دەتوانێ شکایەت لەیەکیکی تر بکاو بیخاتە زیندانەوە، مەنسور رووبەرووی لێکۆڵەرەوەکە کێشەکە باس دەکا، دارتاشەکەش لەسەر ئەرز دانیشتوەو، پەنجە گەورەکانی هەردوو پێی وا دێنە پێش چاو کە درێژو چەوتن، نینۆکەکانی رەش و ئەستورن، بەروانکەو جلوبەرگەکەشی دڕاون، پەیشتەماڵەکەی بەسەر پشتیا شۆڕ بوەتەوە، شرواڵە کۆنەکەشی بەسەر چۆکیا شۆڕ بوەتەوە.


لێکۆڵەرەوەکە کە لە پشت مێزەکەیەوە دانیشتووە بەوردی وبەخەتیکی جوان ئیفادەی هەردووکیان دەنووسێ، کاربۆنیش بەکار دەهێنێ تاوەکو کوپییەک لێدەربکا، پۆلیسەکە پێدەکەنێ ومەسەلەکەی بەسەیر دێتە پێش چاو.
" چی وای لێکردووی بە تەنگەوەی پۆست کارت بیت لە ئەفغانستان ".
پێش ئەوەی دارتاشەکە بتوانێ وەڵام بداتەوە، درێژە بەقسەکانی ئەدا " ئێستا پێم بڵێ بەکێ فرۆشتوتە، ئێمە هەموومان دەزانین نەتدزیوە تاوەکو بینێرێ بۆ خزمەکانت ".
دارتاشەکە بەدوودڵییەوە دەڵێ " تەنیا دووسەدم بردووە، ئەویش رەسول هەندێکی پێدام ".
مەنسور دەڵێ " تۆ درۆ ئەکەیت رەسول هیچ پۆست کارتێکی پێنەداوی ".
پۆلیسەکە دەڵێ " لەبیرت نەچێ کە لەم ژوورە بوارت پێدراوە ڕاستیەکان بڵێ ".


کاتێ کە پۆلیسەکە گوێ لە مەنسور ڕادەگرێ، کەی و لەکوێ و چۆن ئەم مەسەلەیە روویداوە دارتاشەکە دەکشێتەوەو پەنجەکانی دەتەقێنێ ووەک پشوودانێک هەناسە هەڵدەکێشێ، لە پشتەوەی لێکۆڵەرەوەکە، لەمیانەی شووشەی پەنجەرەکەوە بەرزاییەک بەروونی دیارە کە دڕوانێتە کابول، خانوی بچوک ئاوێزانی دامێنی چیاکە بووە، لەسەرەوەی چیاکە بۆ خوارەوە رێگای پێچاوپێچ دیارە، لەهەمان پەنجەرەوە دارتاشەکە دەتوانێ خەڵکی ببینێ کە وەک مێروولە بۆسەرەوەو بۆ خوارەوە هەنگاو هەڵدێنن، ماڵەکان لە کەرەستەی پاشماوە دروست کراون، ئەو کەرەستانەی لە کابول دەست دەکەوێ، کابولیک کە جەنگ کاوڵی کردووە، لە پارچەی ئاسن وتەختەوپلاستیک و کەڵپووچ تادەگاتە خەرمانی وێرانە لیرەولەوێ.


لەپرێکدا لێکۆڵەرەوەکە لە تەکی دائەنیشێ " دەزانم کە مناڵی برسیت هەیە، هەروا دەزانم کە تاوانبار نیت، منیش دوا شانسم پێداوێ وەریگرە، پێم بڵێ کارتەکانت فروشتۆتە کێ، ئەگەر پێم بڵێ ئەوە ئازادت دەکەم، ئەگەر نە ئەوە بۆ چەند ساڵێک زیندانیت دەکەم ".


مەنسور زۆر بایەخ بە بابەتەکە نادا، لەوانەیە سەدەمین کەڕەت بێ، ئەم پرسیارە لە دارتاشەکە دەکرێ و داوای لێدەکرێ دانیپیابنێ کارتەکانی فروشتۆتە کێ، لەوانەیە ڕاست بڵێ، لەوانەیە هیچی نەفروشتۆتە کەس، مەنسور سەیری سەعاتەکەی دەکاو باوێشک ئەدا.


لەناکاو ناوێک لەنیوان لێوانی جەلال دین دەترازێ، بەهێواشییەک کەزۆر بەزەحمەت بێتە بەر گوێ و دەڵێ.
مەنسور بەپرتاوی هەڵدەستێ.
ئەو ناوە کە جەلال دین ناوی برد، خاوەن کوشکێکە لەبازار، تیایدا رۆژنامەوفیلم و کارت وکارتی ئاهەنگی ئاینی و بۆنەی زەواج و دەسگیرانی و لەدایکبوون و پۆست کارتی دروشمدار دەربارەی ئەفغانستان دەفرۆشێ، ئەو پیاوە هەمیشە کارتەکانی لەکتێبخانەکەی سولتان دەکڕێ بەڵام ماوەیەکە هیچی لێناکڕێ.
مەنسور وەبیری هاتەوە کە ئەو پیاوە هەمیشە سکاڵای بوو سەبارەت بەنرخی کارتەکان.
وەک ئەوەی شتێک لەشوێنی خوی ترازا بێ، جەلال دین دەلەرزی و قسەی دەکرد.


" دوا نیوەڕوانێک، دەستم لەکار هەڵگرتبوو هات بۆ لام، قسەی لەگەڵ کردم، ئاخۆ پیویستم بە پارەیە، بێگومان پیویستم بە پارەیە، دوایی پرسیاری لێکردم، ئاخۆ دەتوانم هەندێ پۆست کارتی بۆ پەیدا بکەم، لە سەرەتادا رەتمکردەوە، بەڵام گەڕایەوەو باسی پارەی لە گەڵ کردم، ئەگەر بۆی بهێنم، بیرم لە ماڵ و مناڵەکانم کردەوە، مووچەی دارتاش بۆ بەخێوکردنی مناڵ دەرناهێنێ، بیرم لە هاوسەرەکەم کردەوە کە چۆن ددانەکانی دەڕزێ لە کاتێکدا هێشتا سی ساڵانە، بیرم کردەوە کە لە ماڵەوە چۆن بێبەزەیی بۆم ئەروانن، لەبەر ئەوەی ناتوانم بە پێ پیویست پارەیان بۆ بە دەست بێنم، بیرم کردەوە کە ناتوانم جل و پێڵاو بۆ مناڵەکانم بکڕم، ناتوانم حەقدەستی پزیشک دابین بکەم، بیرم لەو خواردنە خراپە کردەوە کە دەیخوەین، بەم شێوەیە خۆم دواند، ئەگەر هەندێ کارتی بۆ پەیدا بکەم لە کاتێکدا لە کتێبخانەکە ئیش دەکەم، ئەوە لەوانەیە هەندێ کێشەم بۆ چارەسەر بکرێ، سولتان ئاگای لێنابێ، پۆست کارتی زۆرە هەروا پارەشی زۆرە، دوایی هەندێ کارتم برد ".


پۆلیسەکە دەڵی " پیویستە لە سەرمان بچین بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەڵگەکاندا بگرین " هەڵدەستی و فەرمان بە دارتاشەکە ئەدا، مەنسورو پۆلیسیکی دیکە لەگەڵی دەڕۆن، ئۆتۆمبێلەکە دەڕۆا بەرەو بازاڕ بۆ ئەو کوشکەی کە پۆست کارت دەفرۆشێ، لەوی کوڕێکی بچکۆڵانە کار دەکات، لەپشت کونێکی بچوکەوە دانیشتووە.


پۆلیسەکە دەپرسێ " مەحمود لە کوێ یە" مەحمود چووە خواردن بخوا، پۆلیسەکە جلی مەدەنی لەبەر دایە، کارتشناسیەکەی نیشان کوڕەکە ئەداوخۆی پێدەناسێنێ و پێدەڵێ، دەمەوێ سەیری پۆست کارتەکان بکەم، کوڕەکە رێگای پێئەدا بڕواتە ناو کوشکەکەوە، لەشوێنیکی تەسک کە بە دیوار دەور دراوە، لەنیوان تەختەکان رەفە دانراون، مەنسور و پۆلیسەکە پۆست کارتی سەر رەفەکە دێننە خوارەوە، هەمان ئەو کارتانەیە کە سولتان چاپی کردوون، خستویەتیە نێو کیسەوە، ژمارەکانی لەوانەیە بگاتە چەندین هەزار، بەڵام ئاخۆ کامەیە، مەحمود بەشێوەیەکی یاسایی کڕیویەتی، کامەشی لە جەلال دین کڕیوە، ئەم مەسەلەیە زەحمەتە یەکلایی بکرێتەوە، کوڕەکەو پۆست کارتەکان دەبەن بۆ دائیرەی پۆلیس، لە چاوەڕوانی مەحمود دا پۆلیسێک لەتەک کوشکەکە جێدەهێڵن، بەڵام کوشکەکە دادەخرێ و مۆر لەسەر قوفڵەکانی دەدرێ، لەم رۆژەدا چی دیکە مەحمود ناتوانێ زیاتر کارتی سۆپاس بفرۆشێ هەروا لەبەر هەمان هۆ ناتوانێ وێنەی قارەمان و جەنگاوەران بفرۆشێ.


لەکۆتایی دا کاتێ کە مەحمود دەگاتە دائیرەی پۆلیس، هێشتا بۆن کەبابی لێدێ، سەر لەنوێ قسە لێدەرهێنان دەست پێدەکاتەوە .لەسەرەتا دا مەحمود نکۆڵی لەناسینی دارتاشەکە دەکا، ئیدیعای ئەوە دەکا کە هەمووشتێکی بەرێگای مەشروع لە سولتان و یونس و ئیقبال و مەنسور کڕیوە، دواتر تەکنیکی قسە کردن دەگۆڕێ و دەڵێ رۆژێکیان دارتاشەکە پەیوەندی پێوە کردم بەڵام هیچ شتێکم لێنەکڕی.


دەبێ خاوەن کوشکەکە شەوێک دەستبەسەر بمێنێتەوە، بەڵام مەنسور ئازادی دەکا.


لەڕێرەوەکەدا باوکی دارتاشەکەومامی وکوڕی خوشکەکەی و کوڕەکەی لەچاوەڕوانی دان، لێنزیک دەبنەوەو بەدوای دا دەڕۆن، هەست بە ترس و لەرزی دەکەن کاتێ کە بۆ دەرەوە هەنگاو هەڵدێنێ، چی دیکە لەتوانای دا نەبوو، جەلال دین دانیپیانا، ئەمەش دڵی سولتان خۆش دەکا، مەسەلەکە چارەسەر کرا، ئێستا دوای ئەوەی دڵنیا بوون کە جارێکی دی فرۆشراوە، ئیجرائاتی داوای جەزا دەست پێدەکاتەوە، قسەی قسەلێدەرهێنەری سەربازیەکەی بیرکەوتەوە " ئەمە دوا شانستە، ئەگەر دانیپیابنێ ئەوە رێگات پێئەدەم بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەت ".


مەنسور هەست بە نارەحەتی دەکا، بیر لە قسەکانی ئەم دواییەی سولتان دەکاتەوە، پێش ڕۆیشتنی " لە پێناوی ئەم بازرگانییەوە، ژیانم خستە مەترسییەوە، زیندانی کرام لێم درا، خۆم تووشی هیلاکەت کرد کە شتێک بۆ ئەفغانستان بکەم، دارتاشێکی هیچ و پووچ دەیەوێ ماندووبوونی هەموو ژیانم تێک بدا، دەبێ سزای خۆی وەرگرێ، مەنسور لێبوردنت نەبێ، نەرمی مەنوێنە ".


لەماڵێکی رووخاوی خۆڵێنی لە خودایداد، ئافرەتێک دانیشتووە، دەروانێتە هەوا، مناڵەکانی دەگرین لەبەر ئەوەی هیچی نیە بیانداتێ، چاوەروانی باپیرەیانە لەشار بگەڕێتەوە، لەوانەیە لەگەڵ خۆی شتێک بهێنێ، مناڵەکان بەرەو پیریی دەچن، کاتێ بە پایسکلەکەی لەدەروازەکە دێتە ژوورەوە، بەڵام بەدەستی بەتاڵ دێتە ژوورەوە، هەروا ماڵەکەشیان بەتاڵە، ڕادەوەستن وسیمای رەشی دەبینن، ئیدی دەست ئەکەنە گریان و خۆیانی پێ شۆڕدەکەنەوە وگوێڕادێرن " باوکمان لەکوێ یە ، کەی دەگەڕێتەوە لامان ؟ ".

__________________________________________

تێبینیی: ئەم چیرۆکەم لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە، نووسەرەکەی رۆژنامەنووسێکی ناسراوی نەرویجییه‌، سێ مانگ لەتەک خێزانیکی ئەفغانی لە کابول ژیاوە، کە خاوەن کتێبخانەن، کتێبیکی لەسەر داناون بە نێوی ''کتێب فرۆشێک لە کابول''، بۆ زۆربەی زمانە زیندووه‌کانی جیهان وه‌رگێڕدراو، ئەم چیرۆکە یەکێکە لە بابەتەکانی کتێبەکە، کە تێکرای بەسەرهاتی راستەقینەی ئەو بنەماڵەیە دەگێڕێتەوە، هه‌ر له‌سه‌ر‌ ئه‌وه‌ش که‌ نووسەرەکە له‌ نێو ده‌قی نووسینه‌که‌یدا تا راده‌یه‌کی زۆر چۆته‌‌‌ نێو کونج و کەلێنی بنەماڵەکە و به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ باس له‌ ژیان و هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کا.. خاوەن ماڵەکە خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌‌ نەرویج و سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌کا. (وه‌رگێڕی کوردی).

 

نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک